کوردستانی

"ئه‌و پاره‌یه‌ی بۆ پردی توه‌قوت ته‌رخانكراوه‌ هێشتا نه‌خراوه‌ته‌ سه‌ر ژماره‌ی بانكی پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌"

مەودا میدیا - سلێمانی |


"ئه‌و پاره‌یه‌ی بۆ پردی توه‌قوت ته‌رخانكراوه‌ هێشتا نه‌خراوه‌ته‌ سه‌ر ژماره‌ی بانكی پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌"
مه‌ودا میدیا- دانا حاميد

جێگری پارێزگاری هه‌ڵه‌بجه‌ ده‌ڵێت دوای ئه‌وه‌ی له‌ كابینه‌ی هه‌شته‌می حكومه‌تی هه‌رێمدا بڕی 8 هه‌زار دۆلار ته‌رخانكرا بۆ دروستكردنی پردی توه‌قوت، تا ئێستا ئه‌و پاره‌یه‌ نه‌خراوه‌ته‌ سه‌ر ژماره‌ی بانكی پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌.

كاوه‌ عه‌لی كه‌ریم، جێگری پارێزگاری هه‌ڵه‌بجه‌ بۆ كاروباری هونه‌ری به‌ مه‌ودا میدیای راگه‌یاند "له‌ كابینه‌ی هه‌شته‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بڕی 8 هه‌زار دۆلار ته‌رخانكرا بۆ دروستكردنی پردی توه‌قوت له‌ سنوری پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌، دوای پێكهێنانی كابینه‌ی نوێ‌ پێداچوونه‌وه‌ به‌ پرۆژه‌كاندا كرا و داوای ژماره‌ی بانكیمان لێكرا بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ی بخرێته‌ سه‌ر".

جێگری پارێزگاری هه‌ڵه‌بجه‌ وتی "رۆژی 26ی كانونی دووه‌می 2020 جارێكی تر نووسراومان ئاراسته‌ی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی حكومه‌تی هه‌رێم كردوه‌ و سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران ره‌زامه‌ندی له‌سه‌ر داوه‌".

كاوه‌ عه‌لی كه‌ریم، وتیشی " تا ئێستاش بودجه‌ی پرۆژه‌كه‌ نه‌خراوه‌ته‌ سه‌ر ژماره‌ی بانكی تایبه‌ت به‌و پرۆژه‌یه‌، هه‌ركاتێك بودجه‌كه‌ له‌ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانه‌وه‌ گواسترایه‌وه‌ بۆ ژماره‌ بانكییه‌كه‌ی پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌، قۆناغی دوای ئه‌وه‌ پرۆسه‌ی راگه‌یاندنی ته‌نده‌رین ده‌بێت بۆ ئه‌نجامدانی پرۆژه‌كه‌".

دروستكردنی پردی توه‌قوت ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر رووباری سیروان و به‌ جێبه‌جێكردنی راسته‌وخۆ پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌ ده‌به‌ستێته‌وه‌ به‌ناوچه‌ی گه‌رمیانه‌وه‌ و پرۆژه‌یه‌كی ستراتیجی ده‌بێت بۆ سنووره‌كه‌.
Qaiwan
Qaiwan