رێبوار   كه‌ریم وه‌لی

رێبوار كه‌ریم وه‌لی

كێ مه‌رجه‌عه‌؟

راستییه‌كه‌ی جوابی ئه‌و پرسیاره‌ دوو لایه‌نی هه‌یه‌: یه‌كیان مه‌رجه‌عیه‌تی سیاسی و ئه‌وی دیكه‌یان مه‌رجه‌عیه‌تی نه‌ته‌وه‌ییه‌. به‌ درێژایی مێژووی كوردستان له‌ ململانێ و شه‌ڕی چه‌كداری له‌گه‌ڵ رژێمه‌كانی ده‌وروبه‌ر و ته‌نانه‌ت زلهێزه‌كانی وه‌كو ئینگلیزیش، قه‌ت مه‌رجه‌عییه‌تێكی سیاسی و نه‌ته‌وه‌یی ئه‌وتۆ دروست نه‌بووه‌ كه‌ بتوانێ له‌ ململانێی ناوخۆییدا، قسه‌ی كۆتایی بكات، چونكه‌ هه‌میشه‌ مه‌رجه‌عه‌كان خۆیان ته‌ره‌فێكی به‌هێزی ململانێی سیاسی بوونه‌ و هه‌وڵیانداوه‌ نه‌یاره‌كانیان یان ئه‌وانه‌ی وه‌كو ئه‌وان بیر ناكه‌نه‌وه‌  ته‌سفییه‌ بكه‌ن. بەواتایەکی دیکە نەتەوە سیاسەتی پێکراوە.
*
هه‌میشه‌ لاقێكی سیاسه‌ت له‌ ناوخۆدا له‌نگ بووه‌، هه‌ر بۆیه‌شه‌ له‌ هه‌موو مامه‌ڵه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ داگیركه‌راندا، سه‌ركردایه‌تیی بزووتنه‌وه‌ی چه‌كداری و سیاسی، له‌ هه‌نگاوی یه‌كه‌مدا داوای گرنتی كردنی پێگه‌ی سیاسی و حوكمڕانیی خۆیان كردووه‌. كه‌سانێك ئه‌گه‌ر ویستبیان له‌ ده‌ره‌وه‌ی ویست و ئیراده‌ی ئه‌وان رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ داگیركه‌راندا بكه‌ن، به‌ جاش و خائین وێنا كراون.
*
له‌ دنیای ئه‌مڕۆدا، جگه‌ له‌ مه‌رجه‌عییه‌تی ئایینی و مه‌زهه‌بی، مه‌رجه‌عییه‌تی سیاسی و نه‌ته‌وه‌یی و كۆكردنه‌وه‌ی له‌ یه‌ك تاكه‌ كه‌سدا باوی نه‌ماوه‌، چونكه‌ عاقیبه‌ته‌كه‌ی دیاره‌؛ ئه‌و كه‌سه‌ بیه‌وێ یان نه‌یه‌وێ هه‌ر به‌ره‌و تاكڕه‌وی ده‌ڕوات و قه‌تیش ناتوانێ به‌ یه‌كچاو سه‌یری هه‌موو كۆمه‌ڵگە بكات. بۆیه‌ مه‌رجه‌عی پایه‌داری هه‌موو میلله‌تێكی ئازاد و دیموكرات بریتییه‌ له‌و دامه‌زراوانه‌ی كه‌ به‌ ده‌نگدانی راسته‌وخۆی خه‌ڵك هه‌ڵده‌بژێردرێن. مه‌رجه‌عی هه‌ره‌ باڵای هه‌موو وڵاتان ده‌ستوور و ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌رییه‌ كه‌ بچینه‌ی قانونه‌كانی وڵات و جێبه‌جێبوونیان زامن ده‌كه‌ن.
*
پڕوپاگه‌نده‌ و پێداگری له‌سه‌ر درووستكردنی مه‌رجه‌عییه‌ت له‌ ده‌ره‌وه‌ی دامه‌زراوه‌كان و ته‌سلیمكردنی هه‌موو بڕیاره‌ چاره‌نووسسازه‌كان به‌ یه‌ك كه‌س، له‌ هیچ شوێنێكی دنیا سه‌ركه‌وتوو نه‌بووه‌، یه‌كسانی و عه‌داله‌تی به‌رهه‌م نه‌هێناوه‌. (ئەوانەی ئەو پێداگرییە دەکەن، دەیانەوێ خۆیان لەپشت مەرجەعیەتێکدا حەشار بدەن و بیکەن بە قەڵغانی ھەموو چەوتییەکانیان)، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ هه‌میشه‌ كوتله‌یه‌كی گه‌وره‌ی ناڕازیی به‌رهه‌م هێناوه‌ و ئه‌وانیش یان هه‌وڵی رووخاندنی مه‌رجه‌عیان داوه‌، یانیش مه‌رجه‌عێكی دیكه‌یان بۆخۆیان دروستكردووه‌.
*
زروفی كوردستان وا ده‌خوازێت كه‌ به‌ زووترین كات بیر له‌ نووسینه‌وه‌ی ده‌ستوورێكی هاوچه‌رخ بكرێته‌وه‌، یان ئه‌وه‌تا هه‌وڵه‌كانی رابردوو بۆ نووسینه‌وه‌ی ده‌ستوور زیندووبكرێنه‌وه‌. ده‌ستوورێك كه‌ ببێ به‌ مه‌رجەعی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ی هه‌موو ئه‌رك و مافه‌كان و، دیاریكردنی هه‌موو چوارچێوه‌كان. ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری له‌ژێر هه‌یمه‌نه‌ی حزبه‌كان ده‌ربهێندرێت و دادگایه‌كی ده‌ستووریی دوور له‌ ده‌ستێوه‌ردانی حزبه‌كان دروست بكرێت. هێز و ده‌سه‌ڵات بۆ ئه‌و دامه‌زراوانه‌ بگه‌ڕێندرێنه‌وه‌ كه‌ به‌ قانونه‌ به‌ركاره‌كانی په‌رله‌مان دروستكراون و ئیجماعی سیاسییان له‌سه‌ره‌.

خ.غ

وتارەکانی تری نووسەر

Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan