خەڵەف   غەفور

خەڵەف غەفور

پەكەكە لە شێوەی قولەی قافدا

دەمێك بوو بزووتنەوەی نەتەوەیی- رزگاریخوازیی كورد لە باكووری كوردستان سوزەی بڕابوو، چەند دەیەیەك بێدەنگییەكی سەیر باكووری كوردستانی تەنی بوو، كۆتایی دەیەی حەفتاكان، عەبدوڵڵا ئۆجەلان و هەڤاڵەكانی ئەو بێدەنگییەیان شكاند؛ شاخ و شار لە سەرەتای هەشتاكانی سەدەی بیست پڕبوونەوە لە سرودی ئازادیخوازیی.

پارتی كرێكارانی كوردستان "پەكەكە" بووە دەنگی ئازادیخوازیی، چما ئەوە سەرەتایەكی نرخدار نەبوو؟

هەر زوو، حكومەتی توركان كەوتنەخۆ، ئەوان چاوەڕوانی دەركەوتنەوەی بزووتنەوەی ئازادیخوازیی كورد "بەفۆرمێكی دژە باو" نەبوون، بۆ ئەوان هەژەندێكی نەرێنی- سیاسی و چەكداریی بوو، ئێ خۆ نابێت ئەمە قبوڵ بكەن، بەڵام لەناوبردنیشی ئاسان نەبوو.

پارتی گەلی كۆماری "جەهەپە" دەنگی كەمیكرد و زۆربەی حكومەتەكان هاوپەیمانێتین، بەڵام هێشتا لەدەستی ئەوانە، تا دەنگی شەڕ بڵندتر بێ، دۆستانی سوپا زاڵتر دەبن، بەڵام تازە ئیتر پەكەكە دەركەوتووە.. كوانووی بەرگری جۆش دەخواتەوە.

باڵای پەكەكە گەشەی كرد، سوپای توركان، چونكە دۆڵگربوون بەدوای پەكەكەشدا هەر لە دۆڵان دەگەڕان، كەچی گەریلا لە لوتكەی شاخەكانەوە قەرەوڵیان لێگرتبوون.

توركیای خاوەن دۆستی زۆر لە هەموو لاكانەوە لە هەوڵی كپكردنەوەی دەنگی ئازادیخوازیی پەكەكە بوو، بەڵام نەدكرا و نەدبوو، پەكەكە و گەل ئاوێتەی یەكتربوون، تەنانەت ساتەوەختی گەلەكۆمەكێی سەر عەبدوڵڵا ئۆجەلان و لە زیندان ئاخنینی، شۆڕش لە هەموو كات زیاتر بڵیسەی سەند، ئیتر دوا دەرفەتی لەناوچوونی پەكەكەش چروك دەرچوو.

ئۆپەراسیۆنی یەك..
ئۆپەراسیۆنی دوو..
سێ و چوار..
سەدان و هەزار ئۆپەراسیۆن كران و كەچی بێ ئاكام توركی داگیركەر.

نۆرەی رەجەب تەیب ئەردۆغان هات، هەژدە ساڵە هەموو رێگەكانی گرتەبەر، مێژووی شكستەكانی تورك دووبارەبوونەوە، لە شاخ سوپا تێكدەشكێ، دەستگیركراوەكانی پەكەكە و هەدەپە ورەیان بەرزتر دەبێ، تەمەنی ئەردۆغان وا خەریكە كۆتایی دێت و باڵای شۆڕشی كوردیش هەر بەرزتر دەبێ..

یەكەم بانگ و ئامانج هەر دەوترێتەوە: شۆڕشی كورد لە توركیا سەردەكەوێ..

Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan