راپۆرت

لێدوانی یەکێتی و پارتی لەبارەی شەهیدبوونی پێنج پێشمەرگەکەوە

مەودا میدیا - سلێمانی |


لێدوانی یەکێتی و پارتی لەبارەی شەهیدبوونی پێنج پێشمەرگەکەوە
مەودا میدیا- سازگار ئەحمەد

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ شەممە 5ی حوزەیرانی 2021 لە ئەنجامی دانانی کەمینێکی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە دەڤەری ئامێدی پێنج پێشمەرگە شەهیدبوون و چەند پێشمەرگەیەی دیکەش برینداربوون، هەروەها هێرشەکانی سوپای تورکیاش بۆسەر هەرێمی کوردستان بەردەوامی هەیە و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستانیش هاوڕان لەسەرئەوەی کە ئەرکی حکومەتی عیراقە رێگری لە تورکیا بکات و سنوور نەبەزێنێت.

حاجی مەسیفی، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەبارەی ئاڵۆزییەکانی ئەمڕۆی نێوان پەکەکە و هێزی پێشمەرگەی کوردستان و هێرشە بەردەوامەکانی تورکیا بۆسەر خاکی هەرێمی کوردستان بە مەودا میدیای راگەیاند "ئەو رووداوەی کە ئەمڕۆ لەنێوان هیزی پێشمەرگە و پەکەکە روویدا رووداوێکی ناخۆش بوو، چونکە دەبێت ئێمە بەردەوام ئەوەمان لە یادبێت نابێت کورد بەرانبەر کورد چەک لە یەکتری هەڵبگرێت، دەتوانرێت کێشەکان بە دیالۆگ چارەسەر بکرێت".

"هاتنی هێزی تورکیا بۆ خاکی هەرێمی کوردستان بە بیانوی هەبوونی پەکەکەیە، بەڵام خۆ لە لیبیا، سوریا و ئازەرباینجان پەکەکەی لێنەبو، بۆیە دەتوانین بڵێین ئەو حکومەتەی ئاکپارتی و حکومەتی تورکیا نییەتی فراوانخوازی هەیە لەسەر حسابی ئەوانی دیکە"، مەسیفی وای وت.

لەسەر هەمان پرس ئاری هەرسین، ئەندامی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ مەودا میدیا وتی "هەرێمی کوردستان بەشێکە لە عیراق، ئەمەش واتای ئەوەیە ئەوەی کە دەسەڵاتی سەرەکی هەیە دەوڵەتی عیراقە دەتوانێت تانە لە دەوڵەتی تورکیا بدات کە سەروەری عیراق دەشكێنێت، هەروەها پەکەکەش سەروەری عیراقی شکاندووە".

ئەو ئەندامەی سەرکردایەتی پارتی ئاماژەی بەوەشکرد "حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئێستادا لە دۆخێکی ئابووری خراپدایە و ڤایرۆسی کۆرۆناش بوونی هەیە، بۆیە قورسە حکومەتی هەرێم بتوانێت کاربکات بەرانبەر بە هێزێکی ناتۆی بەهێزی وەک تورکیا، بۆیە ئەوەی کاری پێدەکرێت حکومەتی عیراقە رێگری بکات لەو هێرشانەی تورکیا و پەکەکە دەیکەنە سەر خاکی هەرێمی کوردستان".

حاجی مەسیفی ئەوەشی خستەڕوو "ئەرکی حکومەتی عیراقییە لە رێگەی وەزارەتی ناوخۆ و سەرۆک کۆمار و سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران هەوڵبدات بۆ وەستاندنی تورکیا لە سنوور بەزاندنی خاکی عیراق، هەروەها دەبێت حکومەتی هەرێمی کوردستانیش هەوڵبدات و هاوکاری حکومەتی عیراق بێت، دەشبێت پەکەکە هەوڵبدات هەوکار بێت نەک ئاڵۆزی دروستبکات".

سەبارەت بە بێدەنگی حکومەتی عیراق هەرسین وتی "دیارە حکومەتی عیراق هەرێمی کوردستان بە بەشێک لە عیراق دانانێت، بۆیە بێدەنگە و کاردانەوەی نییە".

هاوکات بەختیار شاوەیس، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بە مەودا میدیای راگەیاند "هیچ پرسێک لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بوونی نییە لەبارەی هێرشەکانی تورکیا بۆسەر خاکی هەرێمی کوردستان".

س.س

Qaiwan
Qaiwan

زۆرترین خوێندنەوە

بیروڕا



News

خاک و هۆکارەکانی پیسبوونی

لەلایەن نەرمین عوسمان


News

ئاماژەکانی ئەدای ژینگەیی

لەلایەن نەرمین عوسمان