کوردستانی

دەقی رێککەوتنی نێوان یەکێتی و گۆڕان ئاشکراکرا

مەودا میدیا - سلێمانی |


دەقی رێککەوتنی نێوان یەکێتی و گۆڕان ئاشکراکرا
مەودا میدیا-

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان بە ئامادەبوونی کەسی یەکەمییان، واژۆیان لەسەر رێککەوتنی پێکهێنانی هاوپەیمانیی کوردستانی کرد.

دوێنێ یەکشەممە 20ی حوزەیرانی 2021 یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە ئامادەبوونی لاهور شێخ جەنگی، بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆکان و بزووتنەوەی گۆڕان بە ئامادەبوونی عومەر سەید عەلی، رێکخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان بە بەشداری ژمارەیەک لە ئەندامانی هەردوولا، کۆبوونەوە و رێککەوتنی پێکهێنانی هاوپەیمانیی کوردستانییان بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق واژۆکرد.

دەقی رێككەوتنی نێوان یەكێتی و گۆڕان: 
 
یاداشتی هاوپەیمانی نێوان یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان

لە هەر شوێنێک کورد یەکڕیز و یەکگرتوو بێت سەرکەوتنی زامن کردووە و رەزامەندی گەلەکەشی بەدەستهێناوە، بۆ ئەو مەبەستە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان پاش چەندین کۆبوونەوە گەیشتنە ئەم رێککەوتنەی خوارەوە:

 ماددەی یەکەم: هاوپەیمانیی کوردستان
 
1- بەمەبەستی بەشداریکردن له هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق 2021 یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان رێککەوتن لەسەر پێکهێنانی هاوپەیمانێتییەک بەناوی هاوپەیمانیی کوردستان.

2- هەردوولا لە هەموو عیراق کاندیدەکانیان لەژێر ناوی هاوپەیمانیی کوردستان پێشکەش دەکەن.

 ماددەی دووەم: سەرۆکی هاوپەیمانی
 
بەڕێز لاهور شێخ جەنگی، سەرۆکی هاوپەیمانێتییەکە دەبێت و ئەم دەسەڵاتانەی دەبێت:

1- نوێنەرایەتیی هاوپەیمانێتییەکە دەکات لەبەردەم کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عیراق.

2- سەرپەرشتی رێکارەکانی خۆتۆمارکردن و پێشکەشکردنی داواکاری و لیستی کاندیدەکان دەکات بۆ کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان.

3- سەرپەرشتی کەمپەینی هەڵبژاردن بە هەماهەنگی لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان.

4- نوێنەرایەتیکردنی هاوپەیمانێتییەکە لە کۆڕ و کۆبوونەوە جەماوەرییەکان، بانگەشەی هەڵبژاردن، هۆکارەکانی راگەیاندن، کۆڕ و سیمینار و مێزگرد و.. هتد دەکات.

ماددەی سێیەم: نوێنەری رێگەپێدراو

نوێنەری رێگەپێدراوی ئەم هاوپەیمانێتییە بەڕێز دەرباز محەمەد دەبێت، هەڵدەستێت بە رێکخستنی پەیوەندی هاوپەیمانێتییەکە لەگەڵ کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عیراق.

ماددەی چوارەم: ئەرک و مافی لایەنە بەشداربووەکان
 
1- ئەم هاوپەیمانێتییە خۆ ویستانەیە و بە رەزامەندی هەردوو لایەن پێکهێنراوە بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق 2021 وە بەردەوام دەبێت تا هەڵبژاردنی داهاتوو.

2- بە رەزامەندی هەردوولا بڕیار دەدرێت لە بەشداریکردنی هەر لایەن و حزبێکی دیکە لەم هاوپەیمانێتییە.

3- هەردوولا سەرپشکن لە پێشکەشکردنی کاندیدی کاریگەر و بەهێز بۆ بازنەکانی هەڵبژاردن.

4- هەردوو لایەنی هاوپەیمانی پابەند دەبن بە جێبەجێکردنی یەک شێوازی بانگەشەی هەڵبژاردن.

5- هاوپەیمانێتییەکە پابەندە بە هەموو رێکار و رێنماییەکانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عیراق.

6- لەپاش پەسەندکردنی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردن، هەردوولا پابەند دەبن لە چوارچێوەی هاوپەیمانی کوردستان پێکەوە دەبن لە هەر بڕیار و بۆچوونێک سەبارەت بە هەر پێشنیار و پێشهاتێک.

ماددەی پێنجەم: ئامانجەکان
 
1- کاردەکەین لە پێناو بەدەستهێنانی مافە دەستوورییەکانی هاوڵاتییانی هەرێمی کوردستان و چارەسەرکردنی پرسی گەڕانەوەی ناوچە دابڕێندراوەکان بۆ هەرێمی کوردستان.

2- هەوڵدان بۆ چارەسەرکردنی سەرجەم کێشە هەڵپەسێردراوەکانی هەرێم و حکومەتی فیدڕاڵ لەسەر بنەمای شەراکەت و تەوافوق و تەوازن.

3- چارەسەری یەکجاری کێشەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بەجۆرێک پێویستە بودجە و پشکی هەرێمی کوردستان لە ململانێ سیاسییەکان جیابکرێتەوە.

4- بەهێزکردنی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان و هەوڵدان بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکانی نێوان هەرێم و بەغدا بە ئاراستەی بەهێزکردنی پێگەی هەرێمی کوردستان.

ماددەی شەشەم: بازنەکانی هەڵبژاردن

1- پارێزگای سلێمانی: جگە لە بازنەی (3) هەڵەبجە و سەیدسادق و پێنجوێن کە بزووتنەوەی گۆڕان کاندیدی نابێت، لە بازنەکانی تر (1،2،4،5) هەریەکە و کاندیدێکی دەبێت.

2- کەرکوک: بزووتنەوەی گۆڕان کاندیدی دەبێت.

3- هەولێر: بزووتنەوەی گۆڕان لە بازنەی رۆژهەڵات و بازنەی کۆیە و خەبات کاندیدی دەبێت.

4- یەکێتی لە پارێزگای (سلێمانی، دهۆک، هەولێر، کەرکوک، نەینەوا، سەلاحەدین، دیالە، بەغدا) کاندیدی دەبێت.

ماددەی حەوتەم: کەمپەینی هەڵبژاردن
 
1- هەردوو لایەن بەهەماهەنگی کەمپەین بۆ کاندیدەکان دەکەن.

2- میدیای هەردوولا لە خزمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنی کاندیدەکانی هەردوولا دەبێت.

3- کاروباری لۆجستی و رێوشوێنەکانی هەڵبژاردن بۆ هەموو کاندیدەکان وەک یەک دەبێت.

ماددەی هەشتەم: شێوازی هەماهەنگی
 
1- لیژنەیەکی هاوبەش لە هەردوولا بۆ رایکردنی کاروبارەکان پێکدەهێنرێت بەمشێویە:

ا- هەماهەنگکاری پەیوەندییەکان

ب- هەڵبژاردن

ج- راگەیاندن
د- رێکخست و پەیجوری

ه- کارگێڕی و دارایی

٢- ئەم لیژنە هاوبەشە کۆبوونەوەی دەوری و کۆبوونەوەی تایبەت بە هەر کارو بارێک دەکات بە سەرپەرشتی سەرۆکی هاوپەیمانیی کوردستان

پ.ح
Qaiwan
Qaiwan

زۆرترین خوێندنەوە

بیروڕا


News

پیسبوون بە دەنگ (ژاوەژاو)

لەلایەن نەرمین عوسمان



News

هەڵوەستەیەک لە هەڵوێستی ژنێک

لەلایەن هاودین مەحمود


News

ژنی کورد لەنێوان 8ی مارسی دوێنێ و ئەمڕۆدا

لەلایەن دێرین جەمال