کوردستانی

لەبارەی کڕینی گۆشتەوە هۆشداریی دەدرێت بە هاوڵاتییان

مەودا میدیا - سلێمانی |


لەبارەی کڕینی گۆشتەوە هۆشداریی دەدرێت بە هاوڵاتییان
مەودا میدیا- سازگار ئەحمەد

بەرزبوونەوەی پلەی گەرما کاریگەری لەسەر گۆشتی سوور هەیە بەڕێوەبەری کوشتارگەی نوێی سلێمانیش رێنمایی هاوڵاتییان دەکات، بۆ ئەوەی لەم وەرزەدا گۆشتێکی تەندروست بکڕن و زیان بە تەندروستییان نەگات.

د. شاڵاو عارف، بەڕێوەبەری کوشتارگەی نوێی سلێمانی بە مەودا میدیای راگەیاند "لەم وەرزی هاوینەدا پلەی گەرمی بەرزبووەتەوە بە بەرزبوونەوەی پلەی گەرما لەنێوان 5 بۆ 60دا چەندین جۆر بەکتریای زیانبەخش لە گۆشتدا گەشە دەکەن کە ئەم بەکتریایانە ژەهریش دروست دەکەن، بۆیە دەبێت هاوڵاتییان ئاگاداری ئەو گۆشتە بن کە دەیکڕن".

ئاماژەی بەوەشکرد "گرنگترین خاڵ ئەوەیە هاوڵاتییان پەنا نەبەنە بەر کڕینی گۆشتی سەرشەقامەکان، چونکە چەندین بە کتریا گەشە دەکەن بەهۆی بەرزی پلەی گەرماوە کە زیان بە تەندروستیی جەستە دەگەیەنێت، ئەو نەخۆشییانەش، تای خوێن بەربوون و حەمەی مەڵتا و گرانەتا و چەندین جۆر نەخۆشی دیکە، هەروەها هەندێک نەخۆشی دیکە هەیە پەیوەندی بە سوڕی خوێنی ئاژەڵەکەوە هەیە کە لەم وەزەدا کێشەی تەندروستی دروستدەکات".

باسی لەوەشکرد "ئەو هاوڵاتییانەی لە ماڵی خۆیاندا کوشتار دەکەن پێویستە لە شوێنی فێنک و پاکدا بێت، هەروەها گۆشتەکە بەشێوەکەی خێرا چاک بکەن بیخەنە بەفرگرەوە بۆ ماوەی شەش کاتژمێر دواتر بخورێت، هەروەها گرنگە کاتێک هاوڵاتییان گۆشت دەکڕن بزانن لە چ شوێنێک دەیکڕن و لەکۆتایی بازاڕکردنیشدا کۆتا جار گۆشت بکڕێت".

سەبارەت بە زیانی توانەوەی گۆشت و دووبارە بەستنەوەی لە بەفرگردا د. شاڵاو وتی "هەر گۆشتێک بەستی لە دۆخی تازەیی دەردەچێت، هەروەها بە توانەوەی گۆشت و دووبارە بەستنەوەی بەها خۆراکییەکەی لەدەستدەدات و ئەگەری تێکچوونی دەبێت، چونکە لەناو ریشاڵی ماسولکەیەکاندا پرۆتیناوێک هەیە لەکاتی توانەوەی گۆشتەکە دێتە دەرەوە، ئەمەش وادەکات گۆشتەکە ببێتە ریشاڵێکی ماندووکەر لەسەر کۆئەندامی هەرس و پرۆتیناوەکەش ببێتە میکرۆب".

س.س
Qaiwan
Qaiwan