گێتی

هەدەپە داوای چارەسەركردنی كێشەكانی نێوانیان لە ئەردۆغان دەكات

مەودا میدیا - سلێمانی |


هەدەپە داوای چارەسەركردنی كێشەكانی نێوانیان لە ئەردۆغان دەكات
مەودا میدیا-

سەركردەیەكی پارتی دیموكراتی گەلان- هەدەپە دەڵێت "دەرفەتی چارەسەركردنی كێشەكانیان لەگەڵ پارتی داد و گەشەپێدان- ئەكەپە هەیە ئەگەر رەجەب تەیب ئەردۆغان رێگەی ئاشتی هەڵبژێرێت".

ئیرۆل كاتریچی ئۆغڵو، جێگری سەرۆكی پارتی دیموكراتی گەلان- هەدەپە وتی "ئەگەر رەجەب تەیب ئەردۆغان هەنگاوێكی ئەرێنی بە ئاراستەی پارتەكەمان بنێت، ئەوا پارتی دیموكراتی گەلان ئاشتەوایی لەگەڵ ئەكەپەدا دەكات".

كاتریچی ئەوەشی وتووە "بیستمان جۆو بایدن بە ئەردۆغانی وتووە ئەگەر هەنگاو بەرەو دیموكراتیەت بنێت، ئەوا ئێمە پشتیوانی دەبین"، ئەمە ئاماژەیە بۆ ئەوەی ئاشتەوایی لەگەڵ هەدەپە و كوردەكاندا بكات.

لەبارەی ئەگەری دەستپێكردنەوەی دانووستانەكانی ئاشتەوایی نێوان كورد و حكومەتی توركیا كە لە ساڵی 2015 كۆتاییهاتووە، جێگری سەرۆكی پارتی دیموكراتی گەلان ئاماژەی بەوەكردووە "لە هەر ساتێكدا ئەوە ئەگەری روودانی هەیە، ئەمە پرسێك نییە رێگەی چارەسەركردنی نەبێت".

كاتریچی روونیشیكردووەتەوە "ئەگەر ئەردۆغان بیر لە هەنگاونانی جدی بۆ چارەسەر بكاتەوە، ئەوا ئێمە قسەی لەسەر دەكەین. بڕوامان وایە ئەوە رێگە راستەكەیە، لەبەرئەوەی كێشەی كورد بەتەنها كێشەی كورد نییە، بەڵكو كێشەی تەواوكاریی پرۆسەی دیموكراسی و كێشەیەكی ئابووریشە. ئەگەر توركیا كێشەی كورد چارەسەر بكات، ئەوا كێشە ئابوورییەكانیشی چارەسەر دەبێت".

 لەلایەكی دیكەوە فیلی ساتچلیك، ئەندامی سەركردایەتیی پارتی دیموكراتی گەلان وەڵامی وتەكانی جێگری سەرۆكی پارتەكەی دایەوە و رایگەیاند "ئەو لێدوانانە سوودی بۆ پارتی دیموكراتی گەلان نییە، سیستمی كۆشك نابێتە دیموكراسی".

پارتی دیموکراتی گەلان "هەدەپە" سێیەمین گەورە فراکسیۆنی پەرلەمانی تورکیایە، لەدوایین هەڵبژاردنی پەرلەماندا کە لەساڵی 2018 بەڕێوەچوو، 11.7٪ی دەنگەکانی بردەوە و لە کۆی 600 کورسی پەرلەمان 67 کورسی بەدەستهێنا، هەفتەی رابردوو داواکاری گشتیی تورکیا دۆسیەی داخستنی هەدەپەی رادەستی دادگای دەستووری ئەو وڵاتە کرد، لەئێستادا لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکە دەکات.

خ.غ
Qaiwan
Qaiwan

زۆرترین خوێندنەوە

بیروڕا



News

خاک و هۆکارەکانی پیسبوونی

لەلایەن نەرمین عوسمان


News

ئاماژەکانی ئەدای ژینگەیی

لەلایەن نەرمین عوسمان