کوردستانی

کچێک بە تۆمەتی هەڵخەڵەتاندنی زەڕەنگەرێک دەستگیردەکرێت

مەودا میدیا - سلێمانی |


کچێک بە تۆمەتی هەڵخەڵەتاندنی زەڕەنگەرێک دەستگیردەکرێت
مەودا میدیا-

بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی راپەڕین دەستگیرکردنی کچێکی راگەیاند بە تۆمەتی ئەوەی زەڕەنگەرێکی هەڵخەڵەتاندووە و پشتنێکی ساختەی بە نوێنەری زەڕەنگەرێک داوە وتویەتی پشتوێنەکە زێڕە.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە "دوای ئەوەی لە رێکەوتی 13/1/1021 هاوڵاتییەک کە کاری نوێنەری فرۆشتنی ئاڵتون بووە لە سنووری ئیدارەی سۆران وە دانیشتووی ئیدارەی سۆرانە، سکاڵای تۆمار کرد و بە پۆلیسی رایگەیاند کە لەسەر داوای کچێک لە شاری رانیە لە رێگەی کڕین و فرۆشتنی ئۆنلاین پشتێنێکی زێڕی بە بڕی 26 مسقاڵ و عەیار 21ی لە سنووری ئیدارەی سۆران بۆ کچەکە هێناوەتە شاری رانیە، وە دوای ئەوەی کچەکە داوای لە نوێنەرەکە کردووە کە پشتێنە زێڕەکە لە نزیک نۆرینگەکانی شاری رانیە لە شوێنێکی جیا تاقی بکاتەوە، لەو کاتەدا کچەکە پشتێنێکی ساختەی هاوشێوەی پشتێنە زێڕەکەی لابووە و هەر ئەوکات نوێنەرەکەی هەڵخەڵەتاندووە و پشتێنە ساختەکەی لەجیاتی پشتێنە زێڕەکە داوە بە نوێنەری زەڕەنگەرەکە و پشتێنە زێڕەکەشی لای خۆی گل داوەتەوە و پێی وتووە لەکڕینی پشتێنەکە پەشیمان بووەتەوە".

ئاماژە بەوەشکراوە "دوای ئەوەی نوێنەری فرۆشتنی زێڕەکە دەیەوێت بەڕێکەوێتەوە بۆ سنووری ئیدارەی سۆران، دوای ماوەیەکی کەم هەست دەکات کچەکە هەڵی خەڵەتاندووە بەوەی کە پشتێنەیەکی ساختەی پێداوە و پشتێنە زێڕەکەی لای خۆی گل داوەتەوە، دەست بەجێ پۆلیسی لێ ئاگادار کردووەتەوە و سکاڵای تۆمار کرد، نوێنەرەکە ئەوەشی رایگەیاند کە کچەکە ناناسێت و هیچ زانیاریەکی لەسەر نییە تەنها لەسەر داوای کچەکە لە رێگەی کڕین و فرۆشتنی ئۆنلاین پشتێنە زێڕەکەی بۆ هێناوەتە شاری رانیە بۆئەوەی پێی بفرۆشێت".

باس لەوەشکراوە "لەدوای وەرگرتنی بڕیاری دادوەر و بەدواداچوون دوای زیاتر لە حەوت مانگ بەسەر کێشەکەدا، لەلایەن هێزەکانمان لە بنکەی پۆلیسی رزگاری و بە هاوکاری بنکەی پۆلیسی رانیە بەسوود وەرگرتن لە زانیاری ورد و بەدواداچوون لەسەر دۆزینەوەی ناسنامەی کچەکە، لە رێکەوتی 2 /8/ 2021 کچەکە دەستگیرکرا".

پۆلیسی راپەڕین ئەوەشی خستووەتەڕوو "کچەکە ناوی (م،ف،ع) تەمەنی 34 ساڵە و دانیشتووی شاری ڕانیەیە، دوای لێکۆڵینەوە لەگەڵیدا، لە پۆلیس و دادگا دانی ناوە بە تاوانەکەی کە نوێنەری زەڕنگەرەکەی هەڵخەڵتاندوە و بەمەبەست داوای پشتێنەیەکی زێڕی کردووە و پێشوەخت دانەیەکی ساختەی لەسەر هەمان شێوە لای خۆی ئامادە کردبوو، کچەکە هەر بە وتەی خۆی دوای پازدە رۆژ بەسەر تاوانی هەڵخەڵەتاندنەکە پشتێنە زێڕەکەی بە کەمتر لە بەهای خۆی فرۆشتووە بە زەڕەنگەرێکی شاری رانیە، ئێستا کچەکە بەپێی مادەی 456 لە یاسای سزادانی عیراقی راگیراوە و لێکۆڵینەوە لەگەڵیدا بەردەوامە".

س،س
Qaiwan
Qaiwan