کوردستانی

"کامێراکانی هاتوچۆ دەدرێنە کەرتی تایبەت"

مەودا میدیا - سلێمانی |


"کامێراکانی هاتوچۆ دەدرێنە کەرتی تایبەت"
مەودا میدیا-

ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستان ئاشکرای دەکات کە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەیەوێت کامێراکانی هاتوچۆ بداتە کەرتی تایبەت، ئاماژە بەوەشدەکات پێدانی کامێرای چاودێری بە کەرتی تایبەت کارێکی دروست نییە.

عەلی حەمە ساڵح، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردووەتەوە و رایگەیاندووە "بەپێی بەدواداچوونێکی سەرەتا کامێرای ھاتوچۆی پارێزگای سلێمانی و دواتر ھەموو کوردستان دەدرێتە کەرتی تایبەت". 

نووسیویەتی "ئایا حکومەت ناتوانێت کامێرای ھاتوچۆ لە شەقامەکان جێگیربکات و ئیدارەی بدات؟، ئایا ئەو پارانەی لە ڕابردودا تەرخانکران بۆ کڕینی کامێرا چی بەسەرھات؟، فەلسفەی کامێرای ھاتوچۆ بۆ کەمکردنەوەی تیژڕەویە بەسزادان، نەک دۆزینەوەی قازانج بۆ کۆمپانیایەک".

باسی لەوەشکردووە "لە رابردوودا چەندین خزمەتگوزاری کە ئەرکی حکومەت بوو، درایە کەرتی تایبەت، خاڵی سنووری و عەریزە نووسین و کۆکردنەوەی کرێی تابلۆی بازرگانی و خاشاک .. ھتد!، ئێستا بەرەو ئەوە دەچێت سزای  سەرپێچیش بدرێتە کەرتی تایبەت".

عەلی حەمە ساڵح لە کۆتایی نووسینەکەیدا دەڵێت "ئێمە لەگەڵ پشتیوانیکردنی کەرتی تایبەتی بە وەبەرھێنانی راستەقینە، نەک پێدانی خزمەتگوزاریی گشتی بۆ دەوڵەمەندکردنی چەند کۆمپانیایەکی سیاسی".

س.س
Qaiwan
Qaiwan