کوردستانی
بافڵ تاڵەبانی: هەر بڕیارێک درابێت لەپێناو چاکسازی و بەرژەوەندی گشتیدا بووە
مەودا میدیا - سلێمانی |

مەودا میدیا-
هاوسەرۆكی یەكێتی نیشتیمانیی کوردستان رایدەگەیەنێت، گۆڕانکارییەکان بەردەوام دەبن و دەمانەوێت ژینگەیەکی لەبار و ئارام بۆ خەڵکەکەمان دەستەبەربکەین و دووپاتیشیکردەوە، چیتر دەستەگەری و کارکردن لە پێناو بەرژەوەندی شەخسی قبوڵ ناکەین.
ئەمڕۆ پێنجشەممە پێنجی ئابی 2021 بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەبارەی گۆڕانکارییەکانی نێو یەکێتی رایگەیاند، هەر بڕیارێک درابێت لەپێناو چاکسازی و بەرژەوەندیی گشتیدا بووە و خەڵکی خۆشەویستی سنووری سلێمانی و هەرێمی کوردستان سوودمەندی یەکەم دەبن.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد" گۆڕانکارییەکان بەردەوام دەبن و دەمانەوێت ژینگەیەکی لەبار و ئارام بۆ خەڵکەکەمان دەستەبەربکەین و خزمەتگوزاری زیاتر پێشکەشبکەین وهیچ کەسێک لەسەروو یاساوە نەبێت و هەمووان هەست بە ئارامی و سەلامەتی بکەن و پاراستنی بەرژەوەندییە نەتەوەیی و نیشتمانییەکان بە ئەرکی خۆمان دەزانین و دابینکردنی ژیانێکی شایستە بۆ هاوڵاتییان کاری لەپێشینەمان دەبێت".
ئەو وتانەی بافڵ تاڵەبانی ئەمڕۆ لە میانەی كۆبوونەوەیدا بوو بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی لەگەڵ ژمارەیەک سەرۆك عەشیرەت و کەسایەتی کۆمەڵایەتی.
هاوکات بافڵ تاڵەبانی روو لە سەرۆك عەشیرەت و كەسایەتییەكان ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد "وەک چۆن لە رابردوودا هاوکار و پشتیوانی یەکێتی بوون، داواتان لێدەکەین ئێستاش بەھەمان رۆحییەتەوە لەگەڵمان بن و پێکەوە هەنگاو بەرەو سەرکەوتن بنێین، دڵنیاییشی دایە ئامادەبووان کە چیتر دەستەگەری و کارکردن لەپێناو بەرژەوەندی شەخسی قبوڵ ناکەین و لێدان لە سەروەری یاسا و سیخوڕیکردن بەسەر کەسایەتییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان و خەڵکەوە بنبڕدەکەین و هیچ کەسێکیش نابوورین و رادەستی دادگای دەکەین".
هاوسەرۆكی یەكێتیی بەگرنگییەوە رۆڵی سەرۆک عەشیرەت و کەسایەتییە کۆمەڵاتییەکانی لە کۆمەڵگای کوردەواری بەرزنرخاند و رایگەیاند، یەکێتی بە رێزێکی زۆرەوە لە مێژووی خەبات و قوربانیدانی عەشیرەتەکانی کوردستان دەڕوانێت و ئەوان داینەمۆی شۆڕش و پێشەنگی گیانفیدایی بوون لە پێناو کوردستان و یەکێتییەکەی مام. ئێمە ئەو مێژووە درەوشاوەیەی ئێوە لە بیرناکەین و یەکێتی حیزبی ئێوەیە.
لای خۆیانەوە سەرۆک عەشیرەت و کەسایەتییە کۆمەڵایەتییەکان رایانگەیاند، ئێمە لە رابردوودا پشتیوانی یەکێتی و سەرۆک مام جەلال بووین، لە داهاتووشدا هەروا دەبین و داواکارین یەکێتی بە هەمان رۆحییەتی مام-ەوە بەردەوام بێت لە خەبات و لەناو خەڵکدا بێت، پشتیوانتان دەبین بۆ چاکسازی و هەمووان پێکەوە بە ئاراستەی ژیانێکی ئارام هەنگاو دەنێین و بەها باڵاکانی کوردەواری دەپارێزین.
ر. ر
بیروڕا



