کوردستانی
سلێمانی؛ دانیشتوانی گوندێک رێگەنادەن پێوەری زیرەکی کارەبایان بۆ ببەسترێت
مەودا میدیا - سلێمانی |

مەودا میدیا-
بەڕێوەبەرایەتیی كارەبای سلێمانی رایگەیاند، دانیشتوانی گوندی بێستانسور رێگرن لەوەی پێوەری زیرەكی کارەبایان بۆ ببەسترێت، هەر بۆیە پێدانی كارەبا بەو گوندە كە پێشتر 24 كاتژمێر بووە ئێستادا کراوە بە 18 كاتژمێر.
ئەمڕۆ شەممە حەوتی ئابی 2021 لە روونكردنەوەیەكدا بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی كارەبای سلێمانی رایگەیاندووە "پرۆژەی ئاوی گوندی بێستانسور كە ئاوی بەشێك لە قەزای شارەزوور و ناحیەی عەربەت دابین دەكات، ماوەی چەند ساڵێكە كارەبای بەردەوامیان هەیە، بەڵام كاتێك ستافی بەستنی پێوەری زیرەكی كارەبا چوونەتە سنورەكە، دانیشتووانی گوندی (بێستانسور) رێگریان كردووە لە بەستنی پێوەری زیرەك، بۆئەوەی بەئارەزوی خۆیان بەبێ (پێوەر) كارەبا بەكاربهێنن".
ئاماژە بۆ ئەوەشکراوە، لە ئێستادا بەرنامەی كارەباكەیان كراوە بە 18 كاتژمێر، شەش كاتژمێر كەمكراوەتەوە، لە كاتێكدا لە ناوشاری سلێمانی 12 بۆ 13 كاتژمێر كارەبا هەیە، ئەو بەرنامەیەش لەسەر داوای (فەرمانگەی ئاوی) سنورەكە دانراوە، هەرچەندە كاریگەری لەسەر دابەشكردنی ئاو لە سنورەكە نابێت، ئەوە دانیشتوانی گوندەكەن، رێگرن لە دابەشكردنی ئاو".
لە رونکردنەوەکەدا ئەوەشخراوەتەڕوو "تا ئیدارەی سنوورەكە ئەو كێشەیە چارەسەر دەكەن و پێوەری زیرەک بۆ گوندە دەبەسرێت، بەرنامەی كارەباكەیان بەو شێوەیە دەبێت".
ر. ر
ر. ر
بیروڕا



