کوردستانی

لەم مانگەوە مووچەی پلە باڵاکان کەم دەکرێتەوە

مەودا میدیا - سلێمانی |


لەم مانگەوە مووچەی پلە باڵاکان کەم دەکرێتەوە
مەودا میدیا-

بەڕێوەبەری ئامار لە خانەنشینی ھەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت لەم مانگەوە مووچەی خانەنشینی پلە باڵاکان بە ھەموارکراوی دابەش دەکرێت، ئاماژە بەوەشدەکات دوو ملیار دینار بۆ خەزینەی حکومەت دەگەڕێتەوە.

سەباح موخلیس، بەڕێوەبەری ئامار لە خانەنشینی ھەرێمی کوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاندووە "چاکسازیکردن و پێداچوونەوە بە دۆسییەی خانەنشینی پلە باڵاکان، تەنها پەرلەمانتاران ماون، ئەوانیش ئەم ھەفتەیە تەواو دەبن، کە 420 پەرلەمانتار دەبن، بەمەش کۆتایی بە چاکسازی لە خانەنشینی پلە باڵاکان دێت، دواتر ھەنگاوی دیکەی بەدواوە دێت، ئەوانیش خانەنشینی مەدەنی دەبێت".

ئاماژەی بەوەشکردووە "ئەوانەی پلە باڵان لەم مانگەوە مووچەیان بە ھەموارکراوی وەردەگرن بەپێی لیستی نوێ، چونکە یاسای چاکسازی چۆنی داناوە، ئێمە بەو شێوەیە ھەموارمان کردووەتەوە".

باسی لەوەشکرد "بەرزترین مووچە بۆ ئەندام پەرلەمان 50% دەبێت و کەمترینیشی 25% دەبێت و ئەوانەی وەزیر و پلە باڵان دەگاتە 50% و پلە تایبەت کە وەکو بەرێوبەری گشتی 60%ی مووچە وەردەگرن و دادوەرەکان70%ی مووچە وەردەگرن".

بەڕێوەبەری ئامار لە خانەنشینی ھەرێمی کوردستان وتی "بە چاکسازیکردن لە مووچەی پلە باڵاکان، نزیکەی دوو ملیار دینار بۆ خەزینەی حکومەتی ھەرێمی کوردستان دەگەڕێتەوە".

س.س
Qaiwan
Qaiwan