چاوپێكەوتن

"لە ساڵی 1978 بۆ ئەنجومەنی نیشتمانیی عیراق ناومان پێشنیاز کرابوو، رەتمانکردەوە، نەوەک پێمان بڵێن بوونەتە پیاوی رژێم"

مەودا میدیا - سلێمانی |


"لە ساڵی 1978 بۆ ئەنجومەنی نیشتمانیی عیراق ناومان پێشنیاز کرابوو، رەتمانکردەوە، نەوەک پێمان بڵێن بوونەتە پیاوی رژێم"
مەودا میدیا-

خاتوو شەهلا، لە بنەماڵەیەکی ئایینی و نەتەوەیی شۆڕشگێڕ و بەناوبانگدا پەروەردە بووە. ژنانی بەهێز و دەستڕەنگین و هەڵکەوتوو، مۆرکی بنەماڵەکەیانە. بەهۆی پێگەی خێزانییەوە، هەر لە منداڵییەوە تێکەڵاوی خەباتی رێکخراوەیی و سیاسی دەبێت. دوای ئەوەی بەهۆی كێشەكانی ناوخۆییەوە لە خەباتی شاخەوە دەچنە هەندەران و لە سوید دەگیرسێنەوە، لەجیاتی کەنارگرتن و ساردبوونەوە، لەوێ بە گڕوتینێکی زیاترەوە دەکەوێتە کارکردن و چالاکیی رێکخراوەیی، بەتایبەتی لە بوارەکانی مافەکانی ژنان و خزمەتکردن بە پەناهەندەکانی تاراوگە.

خاتوو شەهلا لە کوێ و لە چ بنەماڵەیەکدا لەدایکبووە؟
شەهلا شێخ کەریم حەفید، دایکم ناوی سەلمەیە، کچی شێخ عەبدولکەریمی قادرکەرەمە، کچەزای شێخ حەسەنی قەرەچێوارە، تەنها دایکم نەوەی شێخ حەسەنە، ئەوانی تر کە جێگەیان گرتووەتەوە برازاین، چونکە باپیری کوڕی نەبووە.
لە سلێمانی لەدایکبووم، خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی و دواناوەندیم لە سلێمانی تەواو کردووە. 

ئەی سەبارەت بە زانکۆ چی، لە کوێ و چ بەشێکت خوێندووە؟
زانکۆم لە بەغدا تەواو کردووە، لە زانکۆی موستەنسریە، کۆلێژی زانستەکان بەشی فیزیا. لە سویدیش پەیمانگەی ئەندازیاریی بیناسازیم خوێندووە پاش ئەوەی جارێکی تر لەوێ دواناوەندیم خوێندەوە.

کاتێک زانکۆت تەواو کرد، هیچ کارێکت کرد؟
پێنج ساڵ لە کارگەی شەکر کارم کرد، سەرەتا وەک سکرتێری بەڕێوەبەری گشتی، کاک (مستەفا سلێمان) دامەزرام.

لە چ قۆناغێکی ژیانت تێکەڵاوی بیر و کاری سیاسی بوویت؟
لە سەرەتای گەنجیمەوە چوومە ریزی قوتابیانی کوردستان و لە بەغداش بەردەوام لەو رێکخراوەدا کارم کردووە.

کار و چالاکییەکانتان چی بوون لەو رێکخراوەدا؟
کارەکانمان لەو رێکخراوەدا؛ بەشداریی کۆبوونەوە و پەیداکردنی ئەندام و لایەنگر و پەیداکردنی زانیاری و بڵاوکردنەوەی لەسەر شۆڕش و کۆکردنەوەی هاوکاری و ئابوونە بۆ رێکخراوەکە و بەشداریی لە خۆپیشاندانەکان.

کەست لەوانە بیرماوە کە بەیەکەوە لەو رێکخراوەدا کارتان دەکرد؟
ئەو کەسانەی لە سلێمانی لە قوتابیان بەیەکەوە کارمان دەکرد: پەخشان زەنگەنە، پەخشان حەفید، بەدریە رەسوڵ و چەند کەسێکی تر بووین.

هۆکار چی بوو لەو تەمەنە کەمەوە تێکەڵاوی خەباتی نەتەوەیی بوویت؟
بیری نەتەوەییم لە سەرەتای منداڵییەوە دەستیپێکردووە، یەکەم بەهۆی خێزانەکەمانەوە، دووەمیش لە سەرەتای بزووتنەوەی نەتەوایەتی؛ مام جەلال، ئەسعەد خەیلانی، زەکیە ئیسماعیل حەقی، بەهیە مەعروف، درەخشان حەفید، کاک شازاد کە ئەوسا تازە پێدەگەیشت، ئێمەش (مەهاباد شێخ لەتیف، پەری خان)  لەو منداڵتر بووین، لەگەڵیان دەچووین. ئەوان لە لادێکان دەگەڕان و بیری نەتەوەیی و شۆڕشیان بڵاودەکردەوە.
کاک شازاد سائیب عودێکی پێ بوو، ناوبەناو عودی دەژەنی بۆمان، لە گوندەکان خواردن و میواندارییان دەکردین.

ئەوکات مام جەلال کەسێکی چۆن بوو؟
مام جەلال کەسێکی زۆر سادە بوو، بایەخی بە ئێمەش دەدا، بیرمە جارێکیان قاپێکی هێنا و خواردنی تێ کرد و وتی "من لەگەڵ ئێوە بەیەکەوە نان دەخۆین، لەگەڵ منداڵان نان دەخۆم."

لە لادێکان چییان دەکرد؟
لە ماڵەکان دادەمەزران و کۆبوونەوەکان لە دەرەوە یان لە مزگەوت دەکرا، خەڵکی دێهاتەکان بە ژن و پیاوەوە کۆدەبوونەوە، ئەوانیش قسەیان بۆ دەکردن.

ئێوە بنەماڵەیەکی دیار و خاوەن دەسەڵات و زەویوزار بوون، رژێم بۆ ناچاری کردن بچنە ناو شۆڕش؟
لە ساڵی 1978 من و مەنسوری برام بۆ ئەندامی ئەنجومەنی نیشتمانیی عیراق (مجلس وگنی عراقی) ناومان پێشنیاز کرابوو، هەردووکمان رەتمانکردەوە، نەوەک پێمان بڵێن بوونەتە پیاوی رژێم و شۆڕش بە ناپاک سەیرمان بکات. بەو هۆیەوە بووینە جێی گومانی رژێم و بەدوامانەوە بوون، کاتێ مەنسوری برام ئاشکرا بوو، رۆیشت پەیوەندی بە هێزی پێشمەرگەوە کرد. ئیتر رژێم کاتی بۆ داناین وتیان "یان دەبێ مەنسور بگەڕێتەوە و خۆی تەسلیم بکاتەوە، یان دەبێ ئێوەش ئێرە جێبهێڵن." هەرچی هەمان بوو لە موڵک و ماڵ و ماڵیاتی باوکم هەمووی داگیر کرا، (288) دۆنم زەویمان لە دەباشان دەستی بەسەردا گیرا، واتا هەرچی هەمان بوو بەماڵەکەشمانەوە دەستیان بەسەردا گرت. ئیتر ئێمەش رۆیشتین و چووینە سیتەک، کوڕەکانیشمان هەموویان لە دەرەوە پێشمەرگە بوون. 

لە سیتەک لە چ شوێنێک دەمانەوە؟
لە ماڵی شێخ لەتیف بووین تاکو هێزی سەربازیی رژێم گەیشتە ئەو ناوە، سەرەتا ئێمەیان بردە ناو خوێندنگەیەک وتیان "لێرە خۆتان حەشار بدەن تاکو سەربازەکان دەڕۆن." دایکم هەستیاریی هەبوو، ئەو خوێندنگەیە لە تەنیشت تەویلەی ئاژەڵەکانەوە بوو، بۆنی زۆر ناخۆش بوو، دایکم هەر دەپشمی، رۆحمان لەناو دەستمان بوو کە گوێیان لێ نەبێت، باش بوو گوێیان لێ نەبوو.
مەلا قادر هەبوو (مەلای سیتەک) بوو، وتی "ئێرە جێبهێڵن بڕۆن، دەنا دەتانگرن، ئێمەش هیچ دەسەڵاتێکمان نییە."

ئەو کاتەی ئێوە لە سیتەک بوون، بارودۆخ چۆن بوو؟
ئەوکات ناکۆکی هەبوو لەنێوان سۆسیالیست و یەکێتی و پاسۆک، خەڵکی گوندەکە میوانداریی هەموویان دەکردن و خزمەتیان دەکردن و دەبوایە بیشیشارنەوە کە کام لا هاتوون، ئەگەر پرسیار بکرایە؛ دەیانووت نەمانبینیون.

هەر لەوێ مانەوە؟
نەخێر، ئەوێمان جێهێشت و بەرەو ناوزەنگ بۆ بارەگای سەرکردایەتی یەکێتی کەوتینە رێ. لەوێ دایکم و کوڕەکانمان سەرەتا لای کاک ئەرسەلان بوون، دواتر چادرێکیان وەرگرت و لەوێ دەژیان.
من لەگەڵ پۆڵای شێخ مارف دەستگیران بووم، زۆر جار نامەی بۆ دایکم دەنارد بچمە دەرەوە بۆ لای، دایکم نەیدەهێشت. کە لە ناوزەنگ یەکمان گرتەوە، پۆڵا بە دایکمی وت "پوورێ وا شەهلات بەدەستی خۆت هێنا." لەوێ هاوسەرگیریمان کرد. سەرەتا کاک نەوشیروان خوڵقی کردین بچینە لای ئەو، بەڵام چووین بۆ شێنێ و لەوێ دوو چادرمان هەبوو، یەکێکیان بۆ ژیان و ئەوی تریش وەک گەرماو بەکارمان دەهێنا. ئیتر لە شێنێ ماینەوە، زستان هات و خانوومان کرد. 

چەند منداڵتان هەیە؟
دوو کچم هەیە (نەشمیل و سۆما).

بارودۆخی سیاسیی ئەوێ چۆن بوو؟
لەو ماوەیەدا کۆنگرەی هاوبەشی پاسۆک و حسک بەسترا و یەکیان گرت. ئەندامەکانی پاسۆک ئەوانەی نەچوونە ناو حسک، بە گرووپ دەچوونە ناو یەکێتییەوە. هەشبوو وازیهێنا لە جموجووڵی سیاسی. ئیتر بارەگاکان کەسی تیادا نەما، مەنسور و پۆڵا وازیان هێنا. پاش ماوەیەکی کەم کاک فوئاد چەلەبی کە بەرپرسی هێزی بەرگریی سۆشیالیست بوو لە تاران، گەڕایەوە وتی "من دەچم بۆ بارەگا گەورەکە"، بەڵام نەیدەزانی ئەو بارەگایە پێش هەموو بارەگاکان چۆڵ کرابوو. پۆڵاش دوایی کە گەڕایەوە، زۆر غەمبار بوو، زۆر گریا. یەک رۆژ لامان بوو و رۆیشتین بۆ ناوزەنگ بۆ لای دایکم. دواتر کاک فوئادیش هات، هەموومان لای دایکم میوان بووین.

هیچ یاردەوەرییەکی ئەو کاتەت لەبیرە؟
بەڵێ، بیرەوەریی زۆر هەیە، هەم خۆش و هەم ناخۆش، یەکێ لە بیرەوەرییە خۆشەکان؛ کاک فوئاد ئاوی زۆر بەکاردەهێنا، دایکم ناچار پێی وت "کاک فوئاد ئەوەندە ئاو بەکارمەهێنە، کوڕەکان بەتەنەکە ئاو دەهێنن." هەموو شتێک کەم بوو.

تا کەی لەوێ مانەوە؟
دوای چەند رۆژێک ناوزەنگمان جێهێشت و بەرەو تاران بەڕێ کەوتین. ئەوسا ماڵی کاک عادل موراد و باوکی لە تاران بوون، رۆژانە بەیەکەوە دەبووین. ئەوسا کاک عادل موراد بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی سۆسیالیست بوو پێش یەکگرتنەوەکە.

لە تاران زۆر مانەوە؟
لە تاران سێ مانگ ماینەوە و بەرەو سوریا بەڕێکەوتین، لە سوریا نزیکەی شەش مانگ ماینەوە. دایکم لە ماڵی ئێوە (نەرمین عوسمان) بوو، دواتر ئێوە هاتن و منیشتان لە ئوتێلەوە بردە ماڵی خۆتان. ناسری برام زوو گەیشتبووە سوریا، لەسەر ئەو بنەمایەی خانوومان بۆ بگرێ، بەڵام بە پاسپۆرتی پۆڵا رۆیشتبوو کە تەزویر بوو، ئیتر لە سوریا گیرابوو، بۆیە نەیتوانیبوو خانوومان بۆ بگرێت. دوای هەوڵێکی زۆری شێخ دارۆ، توانی ئازادی بکات. 
تا خانوومان وەرگرت، کوڕەکان لە ئوتێل و ئێمەش لای ئێوە بووین، هەرچەندە لە سوریا هەستمان بە نامۆیی نەدەکرد، بەڵام بڕیارمان دا بڕۆین بۆ سوید.

پێش باسی سوید، دەمەوێت هەندێک باسی باوکت و نەنکتم بۆ بکەیت، ناوبانگی نەنکتم زۆر بیستووە...
هەردوو نەنکەکەم خاوەنی کەسایەتییەکی بەهێز بوون، کاریگەرییان لەسەر هەموومان هەبوو. دایکی باوکم (رەعنا خان)، کچی شێخ ئەحمەدی فایزە، شێخ ئەحمەد کوڕەزای شێخ ئەحمەدی گڵەزەردەیە کە بەیەکەم زانای فەلەکیی کورد دادەنرێت. باپیری باوکم کە بە شێخ ئەحمەدی فایز ناسراوە، ئەو نازناوەی بەهۆی کتێبێکی زۆر پڕ بایەخەوە بووە، ئێستا لە کتێبخانەی سیناتۆر لە بەشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە واشنتۆن دانراوە، کتێبەکەی ناوی (کنز اللسن) لە دوازدە هونەر پێکهاتووە بە شەش زمان. قازیی موسڵ بووە، زمانی (کوردی، عەرەبی، روسی، فەرەنسی، تورکی...) زانیوە و بەو زمانانە لەو کتێبەدا شیعرەکانی نووسیوە و هونەرێکی سەرسووڕهێنەری بەکار هێناوە. چاپی یەکەمی لە ئیستانبوڵ کراوە و لە مۆزەخانەی کولتووریی پاریس وێنەیەکی هەیە، هەروەها لە ئیستانبوڵیش هەیە.
رەعنا خان، لە قەفتانەکانە. سەرەتای ژیانی بەهۆی ئەوەی کچە قازی بووە؛ ژیانێکی زۆر شایستە ژیاوە، بەڵام دوای ئەوەی شوو بە باپیرم دەکات، ژیانی زۆر قورس دەبێت بەهۆی ژیانی سیاسیی شێخ مەحمودەوە.
دوای سلێمانی، بەهۆی باری سیاسییەوە دەچێتە لادێ و باپیریشم وای فێرکردوون هەموو کارێک بزانن بۆ رۆژی نەهامەتی و پێویستی. کە باپیرم کۆچی دوایی دەکات، باوکم تەمەنی هەشت ساڵ دەبێت، نەنکم دەبێت بە پاڵپشتێکی بەهێز بۆ باوکم. نەنکم کاری چنینی قوماشی (رانکوچۆغە و فەرش و نەقش) و هەروەها کشتوکاڵیش دەکات. ژنێکی دەستڕەنگین و کاسب بوو. ئۆتۆمبێلی خۆی هەبوو، لەنێوان کەرکوک و قادرکەرەم ئاشی هەبووە، باری ئابووریی خۆی زۆر باش کردووە. چەندین جار لە چەند شوێنێک باس لە توانا و لێهاتوویی کراوە. ژنێکی خوێندەواری زمانزان بوو؛ جگە لە کوردی، زمانی عەرەبی بە هەموو زاراوەکانی عیراقی دەزانی، هەروەها تورکی و ئەرمەنی و ئاشووری و کەمێک فەرەنسیش.
یەکێک لە کارە گەورەکانی؛ ئاوی لە قەیوانەوە بۆ گوندەکانی ئەو ناوچەیە راکێشاوە بەیەکسانی، کە چەند دێیەک لەوانە هیی باوکم بووە. ئەو سیستمی ئاودابەشکردنە بووەتە نموونەیەکی گرنگ کاتێ بەرنامەی نەوت بەرانبەر خۆراک هەبوو. رێکخراوی فاو لەو ناوچانە دەیەوێت ئاو دابەشبکات، پیرەمێردێک باسی پرۆژەکەی ئەوسای نەنکمیان بۆ دەکات، بە سەرسووڕمانەوە ئەوانیش جێبەجێی دەکەن. زانیاریی زۆری لەسەر پزیشکی رووەکی (گب الاعشاب) هەبووە، زۆر کەس دەهاتن بۆ وەرگرتنی زانیاری و رێنمایی، لەوانەی بیرمە: (کاوس قەفتان، دکتۆر عەلی عەسکەری) بۆ دەرمانسازیی رووەکی و زمان زانیارییان وەردەگرت. بۆ بژێوی سوودی لە هەموو ئەو کارانە وەرگرتبوو کە باوکی فێری کردبوو. لەگەڵ ئەوەی لە لادێ دەژیا، بەڵام ماڵەکەی وەک ماڵێکی ناوداری ئەوسای ئیستەنبوڵ وابوو.

لە بنەماڵەکەدا هەر نەنکت وابووە، یان ژنی دیکەی تریش هەبوون؟
ژنانی بنەماڵەکە زۆربەیان زۆر بەتوانا و لێهاتوو بوون، کاتێک شێخ مەحمود دووردەخرێتەوە بۆ هیندستان، ژنانی بنەماڵەکە (ئایشە خانی پووری دکتۆر کەمال خۆشناو، کە باوەژنی شێخ مەحمود و دایکی مامە سەید برایمە، نەنکم کە براژنی گەورەی شێخ مەحمودە، ئایشە خانی مارفی نەقیب کە خێزانی بوو و دایکی شێخ لەتیفە، بەهیە خانی عەتار کە ئەویش خێزانی شێخ مەحمود بوو)، ئەمانە موڵک و خشڵی خۆیان دەفرۆشن بۆ خزمەتی سوپا و دۆستەکانی شێخ مەحمود خەرجی دەکەن.

ئەی سەبارەت بە باوکت چی؟
باوکم، لە سەردەمی عومەر عەلی پارێزگاری ئەوسای سلێمانی زۆر ئازار دراوە، لەگەڵ شێخ جەلال زۆر جار سزای مادیی داون، زۆریان نەهامەتی چەشتووە بەدەستییەوە. بە شەوان دەیانبردن بۆ لێکۆڵینەوە، هەر ئەو کاتەش بوو خاتوو بەهیە مەعروفی گرت و لە ماڵی خۆی (عومەر عەلی) بەندی کرد. ئەمانە هەمووی بووبوونە هۆی هەستێکی قووڵی نەتەوایەتی و بوونی رق بەرانبەر دوژمن.

ئێستا با بێینە سەر باسی سوید، کەی گەیشتنە سوید ؟
لە 13ی شوباتی 1982 گەیشتینە سوید، دوای سێ مانگ خوێندنی زمان، لە ئۆپسالا گیرساینەوە. 
دوای چەند ساڵێک لە پەیمانگەی ئەندازیاریی بیناسازیی دەرچووم، چەندین کاری جۆراوجۆرم دەکرد، لە هەمووشیان زیاتر کاری وەرگێڕان. 

لە سوید تیکەڵاوی کار و چالاکیی سیاسی و رێکخراوەیی بوویتەوە؟
لە ساڵی 1988 دەستمکردەوە بە کاری سیاسی و فیکری. ژنانی گەڕەک داوایان لێکردم بچمە ناو ریزەکانی رێکخراوی ئینتەناشناڵی ژنان، دوای چوار مانگ بەهۆی زۆریی چالاکییەکانمەوە، بووم بە ئەندامی ئیدارەی گشتیی رێکخراوەکە و جێگری سەرۆک کە لە چەند رێکخراوێک پێک هاتبوو، وەک: ژنانی ئینتەرناشناڵ، یونیفێم، ومەن لۆبی، هەروەها ژنانی سەر بە حزبەکان، ژنانی رێکخراوە ناحکومییەکانیش تۆڕێکیان هەبوو کە ئەندام بوون لە (لۆبی ژنانی سویدی) بەناوی (IKF). لە (ئینتەرناشناڵ کفینو فۆربوندیت) ئەندام بووم، دواتر بووم بە نوێنەریان لە لیژنەی راوێژکاریی وەزارەتی ناوخۆ بۆ کاروباری کۆمەڵایەتی و یەکسانی. 
سێ مانگ جارێک کۆبوونەوەمان هەبوو، لەو پرسانەی کە لەو کۆبوونەوانەدا دەهاتنە پێشەوە؛ گۆڕینی یاسا و رێنماییەکان بوو بۆ بەرژەوەندی ژنە پەناهەندەکانی ناو سوید. وەک راوێژکار لەوێ دوو کەسیان هەڵبژارد، ژنێک و پیاوێک، ژنەکە من بووم کە هەڵبژێردرام. کارەکە بۆ بڕیاردان بوو لەسەر ئەو پرۆژانەی کە یەکێتیی ئەوروپا دەیدا بە سوید بۆ پرسی یەکسانی و چارەسەری کێشە کۆمەڵایەتییەکان. (14) ساڵ لەو کارەدا مامەوە. دوایی هەڵبژێردرام بە سەرۆکی رێکخراوی نەتەوە جیاوازەکانی ناو سوید کە (48) رێکخراو بوون. یەکەم جار بوو دوای (15) ساڵ ژنێک ببێت بە سەرۆک و ئەو بەرپرسیارێتییە وەربگرێت. دوای منیش جارێکی تر دیسانەوە پیاو ئەو پۆستەی وەرگرتەوە. 
لەو شوێنە ئاشنا بووم بە کاری رێکخراوەیی، هەر چوار پارچەی کوردستان ئەندامیان هەبوو لە (EV)، لەسەر پێشنیاز ئەوان یەکەم جار چووم بۆ (KNK). سەرەتا وەک چاودێر، دواتر لە کۆنگرە هەڵبژێردرام بۆ پرسی کۆمسیۆنی ژنانی کەنەکە، دواتریش بۆ ئەندامی کۆنسا.

هیچ پێزانینێک هەبوو بۆ هەوڵ و ماندووبوونەکانت؟
دوو خەڵاتی گرنگم لە سوید وەرگرتووە، خەڵاتێکیان بۆ یەکسانیی جێندەری، لە وەزارەتی (داد)ەوە بوو، لە بەرانبەر پێشکەشکردنی پرۆژەیاسای (ژنان و کچانی، ناسویدی لە بەرانبەر یاساکانی سوید وەک سویدییەکان یەکسان بن)، کە بوو بە یاسا و یاساکانی سوید لەو بارەیەوە گۆڕدران.
خەڵاتی دووەم، بەهۆی پرۆژەیەک بوو کە ئەم پرۆژەیە خانەنشین و گەنجان بیانی لە رووی بژێوی هەژارتر بوون لەچاو هەمان توێژی سویدییەکان، بۆ نموونە؛ جاران ئەگەر گەنجێکی بیانی لەسەر سۆسیال بوایە و کاری هاوینەی بکردایە، ئەوا ئەو بڕە پارەیەی وەریدەگرت لە کارەکەی، لە سۆسیال لێیان دەبڕی. داوامان کرد کە ئەو بڕە پارەیە نەبڕن. هەروەها هاوکار بووین بۆ تێکەڵکردنی گەنجەکان بۆ ناو کۆمەڵگەی سویدی لە رێگەی چەند پرۆژەیەکی چالاکیی وەک وەرزش و بڕە پارەی پێویستمان بۆ دابینکرا لە رێگەی شارەوانییەوە.

لەو کاتەی خانەنشینەکان دەهاتنە خاچی سوور و لەوێ چێشتیان بۆ پەنابەران لێدەنا، بەبێ بەرانبەر ئەو کارەیان دەکرد، ئەوەندە باری ئابوورییان خراپ بوو، بلیتی هاتوچۆیان بۆ نەدەکڕدرا. ئیتر بۆ کڕینی بلیتی هاتوچۆی ناوشار، بوو بە بڕیار بۆیان دابین دەکرا. هەروەها بەشداریکردنیشیان لە چالاکییە کۆمەڵایەتییەکان لەلایەن شارەوانییەوە بۆیان دابین دەکرا.

هیچ چالاکییەکتان هەبوو کە تایبەت بێت بە کورد؟
بەڵێ، یەکێک لە پرسە گرنگەکان کە کارم لەسەر دەکرد لەگەڵ هاوکارەکانم؛ لە ساڵانی نەوەدەکان ژنانی پەنابەری کورد زۆربەیان بەشێوەیەکی ساختە هاتبوون، وەک ژنی برا و ژنی مام و کەسانی نزیک. ئەوەش کێشەیەکی گەورەی خێزانی و دەروونیی دروستکردبوو کاتێک وەک پەناهەندە وەرگیرابوون. لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی پەناهەندەکان گفتوگۆمان کرد و پێم راگەیاندن کە ئەمانە کاتێک هاتوون، قاچاغچییەکان ئەمانەیان فێرکردوون بۆ ئەوەی وەربگیرێن، ئەوانیش شارەزا نەبوون و بەقسەیان کردوون.
بۆ ئەم مەبەستە کارمەندێکیان لامان دامەزراند. وردە وردە کەیسەکان بەهۆی بڵاوکردنەوەی رێنماییەکان لە شوێنی خوێندنیان و ماڵەکانیان، کەوتنە دۆزینەوەی رێگەچارە بۆیان، نزیکەی پێنج هەزار پەنابەر کێشەکانیان چارەسەر کرا. 
ئەم کارانە بوونە هۆی ئەوەی جارێک وەزیری پەنابەران هات بۆ رێکخراوەکەمان وتی "شەهلا و پۆڵا وەک پردێک وابوون لەنێوان ئێمە و پەنابەران." 
رێگەچارەی زۆرمان دەدۆزییەوە کە هەموویان پێویست بوون بۆ حکومەتی سویدی و چارەسەرکردنی کێشەکانی پەنابەران.
بەرنامەیەکی تریشمان داڕشتبوو و جێبەجێکرا، ئەویش ئاشناکردنی هەردوو کولتووری کوردی و سویدی بوو بەیەکتری بۆ پەناهەندەکان. 

ئێستاش بەردەوامی لەو چالاکییانە؟
ئێستاش لە (KNK) کار دەکەم و لەوێ بەرپرسی کۆمسیۆنی ژینگەم و هاوسەرۆکی (KNK)م، هەروەها بەرپرسی بەشی کوردی فەیلیم لە (KNK).
بۆ زانیاریت؛ هەموو نەتەوەکان لەناو (KNK) کاریگەرییان هەیە لەسەر کاری دیپلۆماسیی ئەو رێکخراوە.

وتت بەرپرسی بەشی کوردی فەیلیم لەو رێکخراوە، هەمووشمان دەزانین کوردانی فەیلی چەند تاوانی گەورەیان بەرانبەر کراوە، ئێوە لەوبارەیەوە چیتان بۆ فەیلییەکان کردووە؟
تائێستا سێ کۆنفرانسمان لە یەکێتیی ئەوروپا بۆ کوردی فەیلی کردووە، بەلایەنی کەمەوە (48) دەوڵەت بەشدار بوون لەگەڵ لایەنەکانی عیراقی ئەوانەی پەیوەندیدارن بە کێشەکانیانەوە. ئەنجامەکانیشمان ناردووە بۆ وڵاتانی ئەوروپا و بەردەوامین لە ناساندنی کەیسی کوردی فەیلی بە جیهان بەگشتی و ئەوروپا بەتایبەتی. بەهۆی ئەو ناساندنانە، ئێستا خەڵک هەن دکتۆرا دەکەن لەسەر ئەو تاوانەی دەرهەقیان کراوە.
دەبوایە 28ی تەمووزی ئەمساڵیش کۆنفرانسێکمان بەیەکەوە لەگەڵ حکومەتی عیراقی بکردایە، لەگەڵ ئەو لایەنانەی پەیوەندییان هەیە بە کەیسی کوردی فەیلییەوە، بەڵام بەهۆی کۆرۆناوە نەکرا.

ئایا موڵک و زەوییەکانتان وەرگرتووەتەوە؟
نەخێر، زۆربەیان داگیرکراون و تائێستاش زۆربەی دۆسییەکان لە دادگایە و وەرمان نەگرتوونەتەوە، زۆر کەم نەبێ ئەوانی تر ماون.

شێخ جەعفەری پارێزگاری سلێمانی لە سەردەمی سەدام، خاڵتە، پەیوەندیتان چۆنە؟
راستە شێخ جەعفەر خاڵمە و رێزی دایکمی زۆر لابوو، بەڵام بەهۆی پێگەکەی و جموجووڵی سیاسیی ئێمەوە، پەیوەندیمان نەبووە و تائێستاش هیچ پەیوەندییەکمان نییە. ئەو برایانە هەموو خوشکەکانیان لە میرات بێبەش کردووە، هەرچەند پوورەکانم هەوڵ دەدەن، بەڵام تائێستا بێسوود بووە.

*ئەم چاوپێكەوتنە بەڕێز (نەرمین عوسمان) لە چوارچێوەی پرۆژەی نووسینەوەی مێژووی بەشداریی ژنی كورد لە بوارە جیاوازەكاندا سازیكردووە.

خ.غ

Qaiwan
Qaiwan

زۆرترین خوێندنەوە

بیروڕا


News

کورد چاو لە عەرەب و ئەفغان بکات

لەلایەن بەهێز حسێن


News

ئیتر براکان دەستی یەکتر ناگرن

لەلایەن سۆزان حەمەتاتە



News

رێنوسی تابلۆی ئۆتۆمبێلەكانی هاتوچۆی هەرێم هەڵەن

لەلایەن ئه‌رسه‌لان په‌رۆش