کوردستانی

گرانبوونی نرخی بەنزین کڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێلی خاوکردووەتەوە

مەودا میدیا - سلێمانی |


گرانبوونی نرخی بەنزین کڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێلی خاوکردووەتەوە
مەودا میدیا-

لە ئێستادا نرخی بەنزین بەردەوام لە هەڵکشاندایە و ئەوەش کاریگەری لەسەر خاوبوونەوەی کڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێل دروستکردووە، یەکێک لە خاوەن پێشانگاکانی ئۆتۆمبێل لە شاری سلێمانی رایگەیاند، گرانبوونی نرخی بەنزین بازاڕی کڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێلی خاوکردووەتەوە.

شاخەوان فەتاح، خاونی یەکێک لە پێشانگاکانی کڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێل لە شاری سلێمانی سەبارەت بە کارییگەرییەکانی بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین لەسەر بازاڕی کڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێل بە مەودا میدیای راگەیاند "گرانبوونی نرخی بەنزین کاریگەری راستەوخۆی کردووەتەسەر بازاڕی کڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێل و بەجۆرێک بازاڕی کڕین و فرۆشتن بەشیوەیەکی بەرچاو خاوبووەتەوە".

ئەوەشی روونکردەوە "بەشێک لە خەڵکی ئەوانەی لە پێشووتردا ئۆتۆمبێلی شەش بستۆن و هەشت بستۆنیان پێبووە ئۆتۆمبێلەکانیان دەفرۆشن و ئەو ئۆتۆمبێلانە دەکڕن کە بەنزین کەمتربەکاردەهێنن".

سەبارەت بەو بڕیارەی لە ماوەی رابردوودا لەسەر ئۆتۆمبێلە بێسەرەتاکان دەرچوو رایگەیاند "ئەو بڕیارە لە بەرژەوەندی هەموو ئەو خاوەن پێشانگایانەیە کە ئۆتۆمبێلی رەقەم (تۆمارکرا) یان سفر کیلۆمەتریان هەیە و دەیفرۆشن، چونکە ئەوە وادەکات خەڵکی دووربکەونەوە لە کڕینی ئۆتۆمبێلە بێ سەرەتاکان و رووبکەنە کڕینی ئۆتۆمبێلە رەقەمەکان".

ر. ر
Qaiwan
Qaiwan