چاوپێكەوتن
قادری حاجی عهلی: وهک سیاسیهکی سهربهخۆ ئهژیم
مەودا میدیا - سلێمانی |
مهودا میدیا-
لەگفتوگۆیەكی رۆژنامەوانیدا كە چەند رۆژنامەنوسێك لەگەڵی سازیانكردووە، "قادری حاجی عەلی" سیاسەتمەدارو كەسایەتی دیاری گۆڕەپانی سیاسی هەرێمی كوردستان، ڕۆشنایی دەخاتە سەر دوایین پێشهاتە سیاسیەكانی هەرێمو نیگەرانیو نائومێدی خەڵك لەحزبەكان بەگشتی، ئەو دەڵێت "بەڕای من ئەم قۆناغەی ئێستا تیایدا دەژین نسكۆیەكی سیاسیو ئیداریو ئەخلاقیشە".
لەگفتوگۆیەكی رۆژنامەوانیدا كە چەند رۆژنامەنوسێك لەگەڵی سازیانكردووە، "قادری حاجی عەلی" سیاسەتمەدارو كەسایەتی دیاری گۆڕەپانی سیاسی هەرێمی كوردستان، ڕۆشنایی دەخاتە سەر دوایین پێشهاتە سیاسیەكانی هەرێمو نیگەرانیو نائومێدی خەڵك لەحزبەكان بەگشتی، ئەو دەڵێت "بەڕای من ئەم قۆناغەی ئێستا تیایدا دەژین نسكۆیەكی سیاسیو ئیداریو ئەخلاقیشە".
باسەرەتا بە پرسیارە دەست پێبكەین، ناونیشانی ئێستای سیاسی ئێوە چییە؟
قادری حاجی عەلی: من لەمڕۆدا وەك سیاسییەكی سەربەخۆ دەژیمو سەر بە هیچ ئۆرگانێكی حیزبی نیم. گەرچی زۆربەی ژیانی خۆم لە خەباتو كاری سیاسییدا بەسەر بردووە، بەڵام هەرگیز سیاسەتكردن بۆ من نەبۆتە پیشە، بەڵكو كەرەسیەك بووە بۆ ئەوەی لەڕێگایەوە ژیانی گەلەكەمانی پێخۆشو باش بكەم. هەروەكو چۆن لەگەڵ هاوڕێكانمدا كاتێك لەشاخ خەباتی چەكداریمان دەكرد، لەپێناو چەند پرنسیپێكدا تێدەكۆشاینو ئەوەندەی بیرمان لە شەهید بوون دەكردەوە هێندە بیرمان نەدەكردەوە ڕۆژێك لە ڕۆژان ببین بە سەرۆكی حكومەتو سەرۆكی پەرلەمانو وەزیر، ئاوهاش كە بزوتنەوەی گۆڕانمان دامەزراند بیرمان لەدەستكەوتی شەخسیو بەرژەوەندی خێزانی نەدەكردەوە. ئێستاش ئەوەی بەردەوامی بە ژیانی من لە سیاسەتدا دەدات ڕاستگۆیبوونە بەرامبەر بەو ئایدیاو پرنسیپانەی كە كاتی خۆی بزوتنەوەی گۆڕانمان لەپێناویدا دامەزراند.
ئەم قۆناغە كە هەندێك بە قۆناغی تاریكو نائومێدكەر ناوی دەبات، ئێوە ناوی دەنێن چی؟
قادری حاجی عەلی: لەمێژوی نزیكی ڕاپەڕینو شۆڕشەكانی كورددا شكستی كاتیو سەركەوتنی كاتیش تۆمار كراوە. كاتێك لە 1975 دا شۆڕش بڵاوەی پێكرا، هەندێك بە ئاشبەتاڵ، هەندێكی تر بە نسكۆ لەقەڵەمیان دەدا. ئەم دۆخەش سەرەنجام تێكشكانو بێئومێدییەكی گەورەی لەناو كۆمەڵگای ئێمەدا دروستكرد. چونكە هەم شكستێكی سیاسیو هەم شكستێكی چەكداری بوو. لەساڵی 1988یشدا پاش پرۆسەی ئەنفال، جارێكی تر رووبەڕوی كارەساتێكی مرۆییو سیاسی گەورەتر بوینەوە، كە هەندێ كەس بەئاشبەتاڵی چەكداری ناویان ناوە، بەڵام چونكە ئیرادە هەبوو، هێزی بەرگریو شۆڕش لە هەردوو جارەكەدا هەستایەوەو ئەم ئەزمونەی دروستكرد كە ئێستا لەبەردەستماندایە. لەدوای فەشەلی حوكمڕانی یەكێتیو پارتیو نائومێدبوونی هاونیشتمانیان لەم دوو دەسەڵاتە، كۆمەڵگای ئێمە هێزی بەرگری نوێی دروستكرد كە لە ڕووە سیاسیەكەیەوە لە بزوتنەوەی گۆڕاندا بەرجەستە بوو. بێگومان لەم قۆناغەشدا پاشەكشێی سیاسی گۆڕان نائومێدیەكی گەورەی دروستكردوە، بەڵام بڕوای تەواوەتیمان بەوەیە كە ئەمەش دوا قۆناغی مێژووی خەباتو بەرگری كۆمەڵگای ئێمە نابێت بۆ ئازادیو دادپەروەری. بەڕای من ئەم قۆناغەی ئێستا تیایدا دەژین نسكۆیەكی سیاسیو ئیداریو ئەخلاقیشە. لە باشترین حاڵەتدا دەتوانیین بڵێین پاشەكشێیەكی تەواوە لە دیموكراسی، گومان خستنە بۆ سەر خەباتی پەرلەمانی بۆ دامەزراندنی سیستمێكی دیموكراسی، وە سەركێشانێكە بۆ ناو قۆناغی سیستمێكی بنەماڵەیی سوڵتانی. ئەوەی هەستی پێدەكرێت دیاردەی نەمانی جیاوازییە لە گوتاری سیاسی حیزبەكاندا. لاوازبوونی بڕواو متمانەی خەڵكە بە هەڵبژاردنو دەرەنجامەكانی. جێگاگرتنەوەی بەرژەوەندییە گشتییەكانە بەدەستكەوتی شەخسیو پۆستو پایە بۆ خێزانە سیاسییەكانو منداڵو خزمو كەسو كاریان، وە بێئەرزشكردنی گرنگترین دەزگای سیستمی دیموكراسییە كە پەرلەمانە لەڕوی چۆنایەتی و چەندایەتیو هەیبەتو توانایەوە. وێرانكردنی ئینتیمای هاوڵاتیانە بۆ نیشتیمانەكەیان. ڕۆچونی ڤایرۆسی گەندەڵیە بۆ هەناوی هەموو دامەزراوەكان لەسەرەوە بۆ خوارەوە. زۆر شتی تریش. بەڵام لەگەڵ هەموو ئەم نەهامەتیانەدا هەست دەكەم خەڵك وەك شكستەكانی پێشوو ئیرادەی هەستانەوەی هەیە. بایكۆتو سزادانی حزبەكان لەهەڵبژاردندا ئەم ڕاستیە دەردەخەن كە ئەمڕۆ بە بایكۆتی دەنگ، سبەینێش بەیاسا یان بەهەر ئامرازێكی تری مەدەنی سزایان دەدەن.
بەبەشداری بەشێك لەهێزە سیاسیەكان لە حكومەتدا، ئایندەی حوكمڕانی لەكوردستاندا چۆن دەبینیت؟
قادری حاجی عەلی: ئاساییە لەوڵاتێكی دیموكراسیدا بەتواناو بەركەوتەیی دەنگی خۆت وەبەجێگیركردنی بەرنامەكەت یان بەشێكی بەرنامەكەت لەحكومەتدا بەشداری بكەیت. بەتایبەت كە بەرنامەی حكومەتی نوێ لەگەڵ پرنسیپی حزبەكەتو دروشمەكانی بەرنامەی هەڵبژاردنەكەتدا بگونجێ وە هەموو حزبێك كە دەچێتە پرۆسەی هەڵبژاردنەوە بەنیازی ئەوەیە كە دەسەڵاتی هەبێتو پرۆژەكەی یان بەشێكی جێبەجێ بكات، دەنا دەبێتە ئۆپۆزسێۆن. ئەمە لەكاتێكدا ئاساییەو دروستە كە پرۆسەی هەڵبژاردن دوور لە ساختەكاری بەڕێوە بچێتو سەرەنجامی هەڵبژاردنەكە لای هەموان پەسەند بكرێت. ئەوەی ئاسایی نییە لەكوردستاندا هەڵبژاردن جێگەی تەواوی گومان بێتو سەرلەبەری پرۆسەكە بەساختەكاریو خۆسەپاندن بەهێز بزانیتو پاشان لەبەر دەستكەوتو پلەو پۆست ڕازی كردنی نوخبەیەك لەكادری هەلپەرستو بێ ئیش گومان لەسەر ناڕەوایی پرۆسەكە هەڵبگریتو ببیتە شەریكی ئەو حزبانەی كەدەنگەكانیان خواردویتو هەزارو یەك ڕەخنەت لێیان هەبووە. ئەوە نائاساییە بانگەشەی دامەزراندنی سیستمی دیموكراسی پەرلەمانی بكەیت، كەچی دەنگ بۆ سیستمێكی سەرۆكایەتی بدەیت. بانگەشەی بەدامەزراوەیی كردنی دەوڵەت بكەیت، بەڵام لەناو ماڵەكەی خۆتدا بەهایەك بۆ دامەزراوەكانت نەهێڵیتەوەو لەدەرەوەی ئەوان بازنەی بڕیاری سیاسی دروست بكەیت. ئەوە نائاساییە كە ئەزمونێكی زۆر تاڵو تفتت لەكابینەی پێشودا لەگەڵ هەمان حزبدا هەبێتو بەناشرینترین شێوە لەحكومەتو پەرلەمان وەدەری نابیت، بەڵام خاوەن ماڵێتیان قبوڵ بكەیت. ڕێكخەرە گشتیەكەت بە تۆمەتی تیرۆر تا ئێستا لەدادگا داوا كراو بێت، تۆش بچیتەوە سەر هەمان دامو دەزگای ئەو حكومەتە. خەڵكەكەی خۆت سزای قورست بداتو دەنگت نەداتێ، بەڵام یەك كەس تەحەمولی ئەم شكستە نەكاتو دەست لەكار نەكێشێتەوە، بەپێچەوانەوە دەنگە ڕەخنەییە ڕاستەقینەكانو ناڕازیەكانی خۆت سزا بدەیت. ئەوە نائاساییە كە سوور بزانیت موجامەلەو پێدانی پۆست زیاد لەقەبارەو ئیستیحقاقی خۆت جۆرێكە لە بەرتیلی سیاسی بۆ پێ خزاندن، بەڵام بچیتە ژێر باری داواكاریە قەبەكانی دەسەڵاتەوە.
گۆڕان لە كوێی ئەم هاوكێشانەی ئێستادایە، قسەتان لەسەر شوناسی سیاسیو وەزیفەی مێژوویی چیە؟
قادری حاجی عەلی گۆڕان ئێستا بەشێكە لەو دەسەڵاتە، ئەوەی گۆڕان لەپێناویدا دامەزراو خەڵكێكی زۆریش قوربانی بۆدا چاككردنی بارودۆخی سیاسیو ئابوریو كۆمەڵایەتی بوو، نەك پلەو پۆستو ئیمتیاز دۆزینەوە، ئێمە ئەم بزوتنەوەیەمان دروست نەكردوە بۆ ئەوەی چەواشەی خەڵك بكات، بەڵكو بۆ ئەوە بوو ڕاستگۆیانە خەڵك لەگەڵ سیاسەت ئاشت بكاتەوە، ببێتە زمان حاڵی زوڵم لێكراوەكانی هەرێمی كوردستان. ئەمەی ئێستا ڕوو دەدات پشتكردنە لەدەنگدەرانی گۆڕانو خەڵكی ئەم هەرێمە، لەوەی كە گۆڕان هەوڵێك بێت بۆ گۆڕانكاری ڕیشەیی ئێستا ڕێگرە لە گۆڕانكاریەكان.
ناكۆكیە جەوهەریەكان لەگۆڕاندا چین، دەكرا بزوتنەوەك بەم دۆخەی ئێستا نەگەیشتایە؟
قادری حاجی عەلی: بەگشتی ناكۆكی لەسەر جۆری ئیدارەدانو دیاری كردنی سیاسەتی بزووتنەوەكەو ناڕوونی لەجۆری دروستكردنی بڕیارداندا لە بزووتنەوەكەدا. كەموكوڕی لەدەستوری ناوخۆی بزوتنەوەكەیە. وازنەهێنان لەتەكەتولو سەركردن بەیەكدا، سیاسەت كردن بۆ سیاسەت نەك بۆ گۆڕانكاری، دروستكردنی هەندێ كەسی بێ ئیرادەو ڕیاكەر لەدەوری سەركردەكان. كاتی دامەزراندنی كۆمپانیای وشەو پاشان بزوتنەوەی گۆڕان ڕەنگە هەندێك جیاوازی لاوەكی لەبۆچونمان هەبوبێت لەگەڵ خوا لێخۆشبوو كاك نەوشیرواندا، بەڵام دوو مەسەلەی زۆر گرنگ هەبوو كە هەموومان لەسەری كۆك بووین هەمیشە بەڕێزی دووپاتی دەكردەوە كە خەباتی بۆ بكەین: یەكەمیان دژایەتی گەندەڵی لەكوردستاندا، دووەمیان ڕێگە نەدان بەبنەماڵەو بەخێزان بوونی سیستمو سیاسەت بەگشتی لەكوردستاندا، زۆر بەداخەوە كەئێستا لەهەموو حزبێك زیاتر ئەم دیاردانە بەگۆڕانەوە دیارە. ئەمەش ناكۆكی جەوهەریمانە لەگەڵ گۆڕانی ئێستا. لەكۆتایشدا ڕێككەوتنی ژێربە ژێری دەستەیەكی بزوتنەوەی گۆڕانو پارتی بۆ تێپەڕاندنی ئەو یاساو بڕیارانەی لەبەرژەوەندی دەسەڵاتدارانە بۆ زیاتر خۆسەپاندن، نەك بۆ دژایەتی گەندەڵیو دروستكردنی حكومەتی هاوڵاتیان، جگە لەوەی دەستكەوتی ئابوری نوخبەیەكی بەرژەوەندی خوازی ناو گۆڕانە بۆ بەرجەستەكردنی پایەكانی تەوریسی سیاسی. ئەمە هەموی دوور لەئیرادەو بڕیاری جڤاتەكانی گشتیو نیشتیمانیو هەتا خانەی ڕاپەڕاندنیش كراوە.
كێشەی موچە بۆچی چارەسەر ناكرێت، لەكاتێكدا ئومێدێكی گەورە لەسەر ئەوە هەڵچنرا بوو دوای ناردنی پارە لە بەغداوە كۆتایی بەم كێشەیە بێت؟
قادری حاجی عەلی: وا چاوەڕوان دەكرا كە ئەو پارەیەی لە بودجەی عێراق تەرخانكرابوو بۆ هەرێمی كوردستان كێشەی موچە چارەسەر بكات، دیارە بە هیمەتی زۆری پەرلەمانتارانی كورد لە بەغدا توانرا كە ئەو بەشە بودجەیە لەیاسای بەدجەی ئەمساڵی عێراقدا جێگیر بكرێت لەبەرامبەر ڕادەست كردنی نەوتدا، كەلە ڕاستیدا حكومەتی عێراق تەنها داوای 250 هەزار بەرمیل نەوتی لە ڕۆژێكدا كردوە، لەكاتێكدا ئەوان لە ئێمە باشتر ئەزانن كە بەرهەم هێنان لەكوردستاندا بەئاشكراو دزیەكانەوە زۆر لەوە زیاترە. لەسەرەتای ساڵەوە بەغداد باپەند بوونی خۆی بەناردنی بەشە بودجەی كوردستان جێبەجێ كردوە، بەڵام لێرە حكومەت نەدەتوانێ موچە خوراوەكان قەرە بوو بكاتەوە، نەچارەنوسی پاشەكەوتەكانیش دیاری دەكات، بەڵكو ئەو پارەیەی كە دێت وەك خۆیان دەڵێن دەدرێتەوە بەقەرزی كۆمپانیاو وڵاتەكان. بە بۆچونی من خەلەلەكە ئا لێرەدایە، هەرگیز نە ئێمەی خەڵكی هەرێم نە حزبەكانیش نە بەغدادیش نازانیین ئەم هەموو قەرزە چییە كە دەبێت تا چەندین ساڵی تریش گیرۆدەی دانەوەی بەین، لێتان ناشارمەوە وە پێشتریش لەچاوپێكەوتنێكدا پار ساڵ گوتومە گومانی تەواوم هەیە كە ئەو قەرزانەی باس دەكرێت كەگوایە لەو وڵاتو كۆمپانیایاو بانكانە كراوە، نەك هەر ناشەفافو ناڕونەو دوور لەهەموو چاودێریەكی پەرلەمان كراوە، بەڵكو ئەمڕۆش هیچ بەرهەمێكی دیار نییە كە بۆ خزمەتی هاووڵاتیانی كوردستان بەكار برابێت، تەنها خۆیانو خوا دەزانێ كە چونەتە حسابی كێو لەچ كەناڵێكی تاریكدا وونكراوە، ئێستا ئێمە وەك هاونیشتیمانیانی ئەم هەرێمە دەبێت ئەو قەرزە بدەینەوە، لەبەر ئەوە هەتا ئەم قەرزە نادیارە تەواو نەبێتو پڕنەكرێتەوە نەپارەی هەرێمو نە هی عێراقیش ناچێتە خزمەتی هاوڵاتیانەوە. جگە لەوەی 250 هەزار بەرمیلەكەش نانێرن، جگە لەناشەفافی هەموو داهاتەكانی تریش، جگە لەهەموو مەسرەفە قورسەكانی لێپرسراوانو دەزگاكان، جگە لە تەخشانو پەخشان كردن بۆ حزبو میدیا زەبەلاحو دامەزراوەكانی تری، جگە لە مەسرەفی حیمایەو میوانو سەفەر كەمانگانە ملیۆنەها دۆلار دەخەمڵێنرێت. كەواتە چۆن موچەو خزمەتگوزاری دابین دەكرێت ؟!!
كێشەكانی نێوان هەرێمو بەغداد بۆچی وەك نەخۆشیەكی درێژخایەنی لێهاتوەو چارەسەر ناكرێت؟
قادری حاجی عەلی: كێشەكانی هەرێمو بەغداد زۆرن كەبێ چارەسەر ماونەتەوە، بەڵام گرنگترینیان ساغكردنەوەی كێشەی ناوچە دابڕێنراوەكانە، بەتایبەتی كەركوك، ئاشكرایە كەسیاسەتی حكومەتەكانی عێراق پێش پرۆسەی ئازادی ساسەتێكی نەتەوە پەرستانە بووە ، ئەوەی پێیان كرا كردیان بۆ گۆٍینی دیمۆگرافی كەكوك، بەڵام دوای 2004 بارودۆخێكی وا هاتە پێش كەدەكرا لەهەندێ قۆناغدا چارەسەر بكرێت یان تا ڕادەیەكی باش ناكۆكیەكان كەم بكرێتەوە، وەك لەكاتی نوسینەوەی دەستورو دامەزراندنەوەی حكومەتی عێراق كە كورد باڵادەست بوو خاوەن پشتیوانیەكی نێونەتەوەیی گەورە بوو، یان لەكاتی دەركردنی داعشو كەوتنە دەستی ئەو ناوچانە بۆ ژێر كۆنترۆڵی پێشمەرگە. لەحاڵەتی یەكەمدا بەشێوە دبلۆماسیەكەی دەتوانرا لەڕێگا یاساییەكەیەوە فشار بكرێت كە بەمادەی 140 لەدەستوردا دیاری كرابوو. لەحاڵەتی دووەمیشدا بە بوونی سیاسەتێكی تەندروستی هەرێم لەو ناوچانە كە وابكات نەك تەنها كورد بەرگری لەدەسكەوتنەكانی بكات، بەڵكو عەرەبو توركمانو كلدانیو ئاشوری هەموو پێكهاتە ناڕازیەكانی تر بەموڵكی خۆیان بزانیایەو بەرگریان لێبكردایە، نەك تەنها موڵكی پارتیو یەكێتی بێت. بەڵام لەهەموو حاڵەتەكاندا ناكۆكی نێوان هەردوو حزبە فەرمانڕەواكەی كوردستان لەسەر نفوزو دەسەڵاتو نەوت لەكەركوكو ناوچەكانی تر نەك تەنها پێگەی هەرێمیان لاوازو بێبەها كرد بەڵكو دانیشتوانی ئتنیو ئاینی جیاوازی ئەو ناوچانەشیان لەسیاسەتی ئەم دوو حزبە نائومێد كرد، كە وەك سیاسەتی كورد تەماشایان دەكرد. ڕاستیەك هەیە دەمەوێت زۆر بە ڕاشكاوانە بیڵێم كێشەی كەركوك دوای پرۆسەی ئازادی ئەوەندەی كێشەی نێوان پێكهاتە سیاسیەكانی كورد خۆیەتی، هێندە كێشەی هەرێمو پێكهاتە نەتەوەییو ئاینیەكان نییە، هێندە كێشەی ململانێی پارتیو یەكێتیە بۆ بەتاڵان بردنی سامانو داهات هێندە كێشەی سیاسی هەرێمو بەغداد نییە، دڵنیام گەر ڕۆژێك پارتیو یەكێتی بەیەكگرتوییو یەك دەنگی داوای چارەسەری كێشەكەیان بكردایە، زۆر باش دەیانتوانی لەگەڵ بەغدادا یەكلای بكەنەوە، تا ئێستا كەلەڕوی سەربازیەوە لەدەستیشمان داوە شەڕ لەسەر دەسكەوتێكی ئایندەیی وەهمیو خەیاڵی دەكەن، لەكاتێكدا هەموو جومگەكانی ئەو ناوچانە بەدەست بەغدادایە كەچی شەڕ لەسەر دانانی پارێزگارە كە خوا دەزانێت ئەگەر داشبنرێت لەم بارو دۆخەدا دەتوانێ پارێزگاری شارەكە بێت یان نا. بێ دوو دڵی دەڵێم كێشەی ئەو ناوچانە دەرەنجامی نەبوونی مۆدێلێكی سیاسیو ئابوریو كلتوری ئەم دوو حزبە بوو بۆ بنیادنانی پێكەوە ژیانێكی دادپەروەرانە لەنێوان پێكهاتە نەتەوەییو ئاینەكان لەگەڵ یەكتر، كە هیچ پێكهاتەیەك هەست بەخۆكەمبینی چەوسانەوەو غوبن نەكات. بۆیە كێشەی نەگەڕانەوەی كەركوكو ئەو ناوچانە بەرهەمی ئەم شكستە سیاسیو ئیداریو سەربازیەیە كەلەپاش ریفراندۆم قوڵتر بۆتەوە، نەك تەنها كێشەی ڕگەزپەرستیو تایفی، بێگومان هەر ئەم ئیفلیجیو شكستە سیاسیەو ئیداریەی یەكێتیو پارتی بوون كەوایكرد وڵاتانی دراوسێ زیاتر بێنە ناو كێشەی كەركوكەوە وە ببن بە هۆكارێكی تێكدانو چارەسەر نەكردن.
چ ئومێدێك دەبینن لەو نائومێدیەی ئێستا باڵی كێشاوە بەسەر بارودۆخی هەرێمدا؟
قادری حاجی عەلی: ڕاستە نائومێدیەك باڵی كێشاوە بەسەر بارودۆخی هەرێمدا، خەڵكی متمانەیان بە هەڵبژاردن، پەرلەمان، حكومەت، دادگاكان، حزبەكان.....هتد، زۆر لاواز بوە، وا هەشت مانگ تێپەڕی كەچی لەبەر ململانێی حزبیو تەكەتولاتی ناو حزبەكان خۆشیان لەسەر دابەشكردنی پۆستو ئیمتیازات ئەم حكومەتە دانامەزرێت. ئەگەر لە 28 ساڵی ڕابردوشدا دەسكەوتێك لەڕوی سیاسیەوە بەدیهاتبێت وەچەند هەنگاوێك بەرەو دیموكراسیەت نرابێت، بەڵام ئێستا نەك تەنها مەترسی لەدەستدانی ئەو دەستكەوتانە هەیە، بەڵكو مەترسی پایەداركردنی مۆدێلێكی نوێ بەدەسەڵاتگەرایی بنەماڵەییو خێزانی لەئارادایە كە لە نوسینەوەی دەستور یەكلا بكرێتەوە. هەر چاودێرێكی سیاسی ڕخنەگر تەماشای مێژووی پەرلەمان بكات ئەو ڕاستیە دەبینێت كە خول بەخول پەرلەمانی هەرێم بەرەو لاوازكردنو لەدەستدانی هەیبەتی دەبرێت، لەكاتێكدا پەرلەمان دڵی زیندوی سیستمی دیموكراسیە. سەیرە لەخولی یەكەمی پەرلەماندا كەسانی زۆری خاوەن پسپۆری یاساییو ئابوریو هەتا سیاسی دەسەڵاتدار لەسەرۆك حزبەكانو مەكتەب سیاسیەكانی تێدا بوو، بەڵام ئێستا لەگەڵ هەموو ڕێزێكم بۆ ژمارەیەك لەپەرلەمانتاران، لە ئێستادا دەزگای پەرلەمان بوە بە جێگەی دۆزینەوەی هەلی كار بۆ بێئیشەكانی حزب كاتێك ئەمە دەڵێم ئەو ڕاستیەش دەزانم كەهەندێكی كەمیان شارەزایی باشیان هەیەو جێگەی سوودو ڕێزن بۆ هەرێم..... زۆر شتی تر هەیە كە جێگەی بەراورد كردن نەماوە. بەڵام لەهەموو ئەم كەمو كوڕیانەدا لەدەرەوەی ئەم دەزگاو حزبانەدا، هەست بە ئیرادەیەكی بەهێز بۆ خەمخواردن لەچارەنوسی ئەم هەرێمە. بایكۆتكردنی سەروو لە 50% ی خەڵكو دەنگ نەدانیان بەو حزبانە دوو دیاردەی پۆزەتیڤی لێدەخوێنرێتەوە، یەكەم: بەبێ جیاوازی لەنێوان حزبەكانی دەسەڵاتو ئۆپۆزسێۆندا خەڵك بەدەنگنەدانیان سزای هەموو حزبەكانیان دا، پێیان ووتن كە لەئێوە ناڕازینو حوكمی ئەم وڵاتەتان پێ ناكرێت، دووەم: ئەوانەشی كە بایكۆتیان كرد سەرەڕای ئەوەی كە دەنگیان نەدا بەحزبەكانی خۆیان دەنگیشیان بۆ حزبەكانی تر نەبوو، واتا تەواو بێزارو نائومێدن لەهەموو سیاسەتو سەركردەكانی هەموو حزبەكان. ئێمە خۆمان بە بەشێك لەم كۆمەڵگەیە و ئەو بارودۆخە دەزانین، ئیرادەی ئەوەمان ماوە كۆمەڵگاكەمان هەرشتێكی پێویست بێت بۆ گۆڕانكاری و باشكردن بە دڵنیاییەوە ئەوە دەكەین . كۆی ئەمانە نیشانەی ئەوەن كە وشیاری دەنگدەر بەرەو سەرەوە چوەو چیتر دەنگی خۆی ناداتەوە بەحزبێك كە نوێنەرایەتی نەكاتو لەگەڵ پرنسیپو دروشمەكانی خۆشیدا ڕاستگۆ نەبێت.، چیتر دروشمی بریقەدارو كوردایەتی موزەیەفو قڕۆشتنەوەی خەباتی شۆڕشگێڕیوقودسیەتی هیچ كەسو بنەماڵەیەك نابێت دەنگدەر بگەمژێنێتو هەڵخڵەتێنێ.
بۆ من جێگەی ئومێدو دڵخۆشیە كە ئیرادەیەكی پۆزەتیڤ ماوە، یاخی بوون لەپێناو حەق ماوە، وشیاریەكی ڕەخنەگرانە لەبرەودایە كەدەكرێت ئەمڕۆ بێت یان سبەی ئەو خەڵكە ئەڵتەرناتیڤێكی باشتر بدۆزێتەوەو متمانەی پێبكات . خۆشبەختانە هەم ویژدانی زیندوو لەناو هەموو چینو توێژەكانو هەتا لەناو حزبو ڕێكخراوەكانیشدا ماوە، هەروەها ڕۆشنبیری وشیارو بەتواناو دڵسۆز ماوە كە دەتوانن كاریگەریەكی باشیان لەسەر زهنیەتی خەڵك هەبێتو ببنە بەشێكی گرنگ لەمانەوەی ڕوحی بەرگریو گۆڕانكاریدا.
سهرچاوه: ئاوێنه
سهرچاوه: ئاوێنه