عارف قوربانی
کورد چۆن پۆستی سەرۆک کۆمار وەربگرێت؟
ئه‌گه‌ر چاوێك به مێژووی عيراقدا بگێڕین شانبه‌شانی ئه‌و چه‌وساندنه‌وه و پێشێلكردنانهی هه‌ر له دروستبوونی ده‌وڵه‌تی عيراقهوه به‌رانبه‌ر به هاوڵاتیانی كورد ئه‌نجام دراون، له دروستبوونی یه‌كه‌م بناغه‌ی ئه‌م ده‌وڵه‌ته‌شه‌وه تاوەکو ئێستا هیچ كابینه‌یه‌كی حكومه‌تی عيراق نه‌بووه كه كورد تێیدا به‌شدار نه‌بووبێت. ته‌نانه‌ت له ساڵی 1920 تا ساڵی 1925، ماوه‌ی ئه‌و پێنج ساڵه‌یش كه هێشتا باشووری كوردستان به‌شێوه‌ی فه‌رمی به‌شێك نه‌بووه له عيراق، له‌و پێنج ساڵه‌دا شه‌ش حكومه‌ت پێكهێندراون، له هه‌ر شه‌ش كابینه وزارییهكهدا كورد تیایدا به‌شداربووه و له ساڵی 1923 كوردێكیش (جه‌عفه‌ر عه‌سكه‌ری) بووه به سه‌رۆك وه‌زیران.
له‌و كاته‌یشه‌وه كه كۆمه‌ڵه‌ی گه‌لان چاره‌نووسی ویلایه‌تی موسڵ به‌و جۆره یه‌كلاده‌كاته‌وه ببه‌سترێته‌وه به عيراقهوه، واتا له ساڵی 1925وه به‌رده‌وام كاره‌كته‌ری كورد له‌ناو جومگه‌كانی ده‌سه‌ڵاتی عيراقیدا به‌شداریكردووه، هه‌موو حكومه‌ته‌كان ئه‌گه‌ر چه‌ند كوردێك پۆستی وه‌زیریان پێنه‌درابێت ئه‌وه به‌لانی كه‌مه‌وه كوردێك هه‌ر كراوه به وه‌زیر. له چاره‌كی كۆتایی سه‌ده‌ی بیسته‌میشدا كه ره‌شترین رۆژگاره‌كانی كورده له عيراق، كورد جێگری سه‌رۆك كۆماری هه‌بووه، جێگری سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌بووه و چه‌ندین وه‌زیری كورد له به‌غدا بوون. ته‌نانه‌ت له‌و كاتانه‌ی پرۆسه‌ی ئه‌نفال به‌سه‌ر كورددا سه‌پێندرا و به گازی كیمیایی له هه‌ڵه‌بجه درا، نزیكه‌ی 10 وه‌زیری كورد هه‌بوون. هه‌ردوو ته‌های كورد (ته‌ها جهزاروی و ته‌ها محێدین) جێگری سه‌رۆككۆمار و جێگری سه‌رۆكوه‌زیران بوون. له دوای كه‌وتنی سه‌دامیشه‌وه تاوەکو ئێستا كورد له هه‌ر حه‌وت كابینه یه‌ك له‌دوای یه‌كه‌كانی حوكمی شیعه‌دا به‌شداربووە.
ده‌مه‌وێ ئه‌وه بڵێم كه ته‌نها بوونی كورد له پۆسته‌كانی به‌غدا به‌س نییه بۆ ئه‌وه‌ی كورد پێی وابێت به‌شداره له حوكمڕانيی عيراق، یا به مانایه‌كی دیکە ته‌نیا بوونی كورد له‌و پێگه و پۆستانه‌ی به‌غدا یه‌كسان نییه به دڵنیایی بوون له‌وه‌ی به‌غدا مافه‌كانی كورد ده‌سته‌به‌ر ده‌كات یا لانی كه‌م كۆتایی به سته‌م و زوڵمه‌كانی سه‌ر كوردستان ده‌هێنێت. مێژوو ئه‌وه‌ی بۆ سه‌لماندووین به‌درێژایی ئه‌و ماوه دوور و درێژه كه كورد به‌شداری ده‌سه‌ڵاتیش بووه، به‌ڵام زۆرترین سته‌مكاری به‌رانبه‌ر به كورد ئه‌نجام دراون. ئه‌مه نه‌ك ته‌نیا بۆ ئه‌و هه‌لومه‌رج و سه‌رده‌مانه‌ی سه‌رده‌می مه‌لیك تا رووخانی سه‌دام نییه، به‌ڵكو بۆ ئه‌م 18 ساڵه‌ی حوكمی شیعه‌كانیش هه‌ر راسته. بۆیه گرنگه كورد بزانێت چۆن به‌شداری ده‌كات، وه كێ ده‌كات به نوێنه‌ری كوردستان له‌و پۆست و پێگه حوكمڕانیيانهی بۆ كورد ده‌ستنیشانكراون. له‌وانه‌ش گرنگتر ئه‌وه‌یه جۆری مامه‌ڵه‌ی هه‌رێمی کوردستان چۆن ده‌بێت له‌گه‌ڵ ئه‌و گرووپه‌ی ده‌چنه به‌غدا به په‌رله‌مانتار و ئه‌و كارهكتهرانهشهوه پۆسته‌كانی پشكی كورد وه‌رده‌گرن، چونكه ئه‌گه‌ر باشترین كاره‌كته‌ریش بنێردرێن و باشترین پۆسته‌كانی به‌غداش پڕ بكه‌نه‌وه، ئه‌گه‌ر له هه‌رێمی كوردستانه‌وه پشتیوانیی نه‌كرێن و هه‌ماهه‌نگی له‌نێوانیان نه‌بێت، ناتوانن هیچ پێشكه‌ش به كورد بكه‌ن.
ئێستا دوای ئه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردن ئه‌نجام دراوه، دوای ئه‌وه‌ی له‌لایه‌ن كۆميسیۆنهوه ئه‌نجامه‌كان راگه‌یێندراون، ماوه‌ی چه‌ند رۆژێكی دیكه ئه‌و واده یاساییه‌ش كۆتایی دێت كه بۆ تانه‌دان له ئه‌نجامه‌كان و وه‌ڵامی تانه‌كان دیاریكراون، دوای ئه‌وه‌ش ئه‌نجامه‌كان ده‌خرێنه به‌رده‌ستی دادگەی فیدراڵی بۆ په‌سندكردنیان. واتا كه‌متر له مانگێكی دیكه ده‌ست به‌و رێكارانه ده‌كرێت كه بۆ كۆبوونه‌وه‌ی په‌رله‌مان و دیاریكردنی سه‌رۆككۆمار و پێكهێنانی حكومه‌ت پێویستن. ئه‌وه‌ی جێی تێڕامانه ئه‌وه‌یه له‌نێو هێز و لایه‌نه سیاسییه‌كانی كوردستان، ته‌نانه‌ت له‌نێو میدیا و گفتوگۆی نوخبه‌ی سیاسی و رۆشنبیرانی كوردیشدا هه‌موو سه‌رنجه‌كان خراونه‌ته سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ی شیعه‌كان له‌نێو خۆیاندا رێكده‌كه‌ون بۆ دیاریكردنی بەربژێری سه‌رۆك وه‌زیران و چاویان له‌وه‌یه له‌گه‌ڵ كه‌سی ده‌ستنیشانكراو بكه‌ونه گفتوگۆوه بۆ وه‌رگرتنی پۆست و پشكه‌كانی كورد. كه هه‌ق وابوو كوردیش له‌نێو ماڵی خۆی سه‌رقاڵی تاوتوێكردنی ئه‌وه بێت چۆن به‌شداری ده‌كات و چاوی له كام پۆست و جومگه‌ی ده‌سه‌ڵاتدارێتیی عيراقه، تا بتوانێت دڵنیایی ئه‌وه‌ی هه‌بێت دۆخی هه‌رێم له‌گه‌ڵ به‌غدا له ئێستا باشتر بێت.
دوای كه‌وتنی سه‌دام ئه‌و دابه‌شكارییه‌ی له‌نێوان پێكهاته‌كان كرا وه‌ك به‌ركه‌وته‌ی ده‌سه‌ڵات بۆ هه‌ریه‌ك له پێكهاته‌كانی (كورد و شیعه و سونه) به‌وه‌ی كورد سه‌رۆك كۆماری بدرێتێ و سوننه سه‌رۆكی په‌رله‌مان و شیعه سه‌رۆكوه‌زیران، له بنه‌ڕه‌تدا ئه‌مه وه‌ك جۆرێك له دڵنیایی بوو بۆ هه‌ر یه‌كه‌یان كه له ترۆپكی حوكمڕانیی وڵات‌دا به‌شدارن و به هاوبه‌شی عيراق به‌ڕێوه‌به‌رن، به‌ڵام به‌شێوه‌یه‌كی ناهاوسه‌نگ ده‌سه‌ڵاته‌كان به‌شی هه‌ره زۆری خرایه ده‌ستی سه‌رۆك وه‌زیران، واتە: ده‌سه‌ڵات كه‌وته ده‌ستی شیعه. گه‌رچی ئه‌و دابه‌شكارییه نه به یاسایی كرا و نه له ده‌ستوور باسكراوه، به‌ڵام وه‌ك عورفێك تاوەکو ئێستا په‌یڕه‌وده‌كرێت.
ئه‌وه‌ی لێره‌دا مه‌به‌ستمه باسی بكه‌م پشكی كورده له‌و دابه‌شكارییه، واتا پۆستی سه‌رۆك كۆمار. هه‌رچه‌نده تا ئه‌ندازه‌یه‌ك پۆستێكه ته‌شریفاتییه ئه‌وه‌نده‌ی په‌یوه‌ندی به كاروباری رۆژانه‌ی به‌ڕێوه‌بردنی حوكمڕانییه‌وه هه‌بێت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر رێگه بدرێت موماره‌سه‌ی ئه‌و ده‌سه‌ڵاتانه‌ی بكات كه له ده‌ستووردا بۆی دیاریكراوه، ده‌توانێت رۆڵی زیاتری هه‌بێت له‌وه‌ی تاوەکو ئێستا گێڕاوێتی، به‌ڵام شیعه بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن ستراتیج و ئامانجی ته‌شه‌یوع له عيراقدا بچه‌سپێنن، رێگه ناده‌ن پۆستی سه‌رۆك كۆمار رۆڵێكی ئه‌وتۆ بگێڕێت، ده‌ریشكه‌وت شیعه‌كان له نووسینه‌وه‌ی ده‌ستووردا له كورد و سوننه وریاتر بوونه بۆ داهاتووی پێگه‌یان له حوكمڕانی، چی به‌وه‌ی زۆرترین ده‌سه‌ڵاته‌كانیان وابه‌سته كردووه به سه‌رۆكوه‌زیرانه‌وه، هه‌روه‌ها له هه‌ردوو خولی یه‌كه‌می سه‌رۆكایه‌یتی كۆماریشدا كه ده‌یانزانی كاریزمایه‌كی وه‌ك مام جه‌لال ئه‌و پۆسته وه‌رده‌گرێت، بۆ ئه‌وه‌ی نه‌هێڵن توانای جێبه‌جێكردنی ئه‌جێنداكانی خۆی هه‌بێت له به‌رژه‌وه‌ندیی كوردستان، له‌لایه‌ك دوو جێگریان بۆ دیاریكرد و له‌لایه‌كی دیكه‌شه‌وه بۆ پرس و بابه‌ته چاره‌نووسسازه‌كان ده‌سه‌ڵات درابووه هه‌ردوو جێگره‌كه‌یشی كه مافی ڤیتۆیان هه‌بێت له ره‌تكردنه‌وه‌ی بڕیاردا. ته‌نانه‌ت بۆ دوای مام جه‌لالیش به‌هۆی ئه‌وه‌ی كه داعش سه‌ری هه‌ڵدابوو، به‌شی زۆری جوگرافیای سوننه كه‌وتبووه ده‌ستی داعش، كوردیش ده‌ستی گه‌یشتبووه سه‌ر به‌شی زۆری جوگرافیاكه‌ی، له‌وكاته‌شدا بۆ ئه‌وه‌ی سه‌رۆككۆمار سوود له لاوازیی ده‌سه‌ڵاتی عيراق وه‌رنه‌گرێت بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی كوردستان، سێ كه‌سایه‌تیی به‌هێزی وه‌ك نووری مالیكی، ئه‌یاد عه‌للاوی و ئوسامه نوجێفی كرانه جێگری سه‌رۆك كۆمار، به‌ڵام له به‌رانبه‌ردا به بیانووی چاكساییهوه نه كورد و نه سونه‌یان له جێگری سه‌رۆك وه‌زیران نه‌هێشت، بۆ ئه‌وه‌ی عه‌بادی به ته‌نیا حوكم بكات، به‌ڵام له خولی دواتردا كه د. بەرهەم ساڵح، بووه سه‌رۆك كۆمار، هیچ جێگرێك بۆ سه‌رۆك كۆمار دانه‌نرا، ئه‌مه هیچ په‌یوه‌ندی به‌وه‌وه نه‌بوو كه سیاسه‌تی شیعه به‌رانبه‌ر به كورد گۆڕابێت و لێبگه‌ڕێن كورد بتوانێ له پۆستی سه‌رۆك كۆماری رۆڵی زیاتر بگێڕێت، به‌ڵكو په‌یوه‌ندی به‌وه‌وه هه‌بوو كورد لەنێو ماڵی خۆی یه‌ك هه‌ڵوێست نه‌بوون له دیاریكردنی سه‌رۆك کۆمار، ئه‌و ململانێیه‌ی له‌نێوان پارتی و یه‌كێتی و له‌نێوان هه‌ولێر و به‌غدا هه‌بوو، به‌س بوو بۆ ئه‌وه‌ی سه‌رۆك كۆمار نه‌توانێت هیچ رۆڵێكی هه‌بێت. ئه‌گه‌ر كورد پێكه‌وه سه‌رۆك كۆماریان دیاری بكردایا، به‌دڵنیاییه‌وه شیعه كه‌سێكی وه‌ك نووری مالیكی یان عه‌بادی ده‌كرده جێگری سه‌رۆك كۆمار تاوەکو رێگری له‌وه بكات كورد بتوانێت موماره‌سه‌ی ده‌سه‌ڵاته ده‌ستوورییه‌كانی سه‌رۆك كۆماریی بكات.
مه‌به‌ستمه ئه‌وه بڵێم پۆستی سه‌رۆك كۆمار سه‌رباری ئه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتێكی كه‌میشی پێدراوه، به‌ڵام شیعه ناهێڵێت كورد ئه‌و پۆسته تهشریفاتییهش وه‌ك ئه‌وه‌ی له ده‌ستوردا هاتووه به‌ڕێوه‌به‌رێت. پرسیار ئه‌وه‌یه ئه‌ی كه‌واتا كورد ئه‌و پۆسته‌ی بۆ چییه؟ یاخود چۆن ده‌توانێ وابكات ئه‌و پۆسته به مه‌رجی ئه‌وه وه‌ربگرێت كه بتوانێ كار بكات. با گریمانه‌ی ئه‌وه بكه‌ین ئه‌گه‌ر ئه‌و پۆسته لای سوننه‌كان بێت چی له هاوكێشه‌كان و هاوسه‌نگیی هێز ده‌گۆڕێت؟ ئه‌گه‌ر سیاسه‌تی شیعه له بێڕۆڵكردنی سه‌رۆك كۆمار له‌وه‌ش خراپتربێت كه به‌رانبه‌ر به كورد كردوویانه، به‌ڵام لانی كه‌م به‌هۆی ئه‌وه‌ی چه‌ند وڵاتێكی عه‌ره‌بیی سوننی و به‌شی زۆری جیهانی ئیسلامی له پشتی سوننه‌كانن، له رێی بایهخپێدانیانهوه به سه‌رۆك كۆمار واده‌كه‌ن ئه‌و سیما شیعییه‌ی به‌سه‌ر عيراقدا بڕاوه، لابدرێت که شیعه و ئێران زۆر مه‌به‌ستیانه ناسنامه‌ی عيراق به‌ره‌و وڵاتێكی شیعی به‌رن. هه‌روه‌ها ئه‌گه‌ر پۆستی سه‌رۆك كۆمار لای سوننه‌كان بێت، ده‌بێته ئامرازێك بۆ به‌هێزكردنه‌وه‌ی پێگه‌ی سوننه. به‌مه‌ش ناكۆكیی نێوان سوننه و شیعه قووڵتر ده‌بێته‌وه و به‌هۆیه‌وه كورد رۆڵی زیاتری ده‌بێت.
ئه‌وه‌ی لێره‌دا روونه ئه‌وه‌یه كه نه ئێران و نه شیعه به‌وه رازی نابن پۆستی سه‌رۆك كۆمار بدرێته سوننه، رازیش نابن كورد ده‌ستبه‌رداری پۆستی سه‌رۆك كۆماری بێت و سه‌رۆكی په‌رله‌مان وه‌ربگرێت. شیعه ده‌یه‌وێ ئه‌و پۆسته هه‌ر لای كورد بمێنێته‌وه به رووكه‌شی و نه‌توانێت هیچ ده‌سه‌ڵاتێكی كرداری هه‌بێت له به‌شداریكردنی به‌ڕێوه‌بردنی وڵات، بۆ ئه‌وه‌ی نه‌كه‌وێته ده‌ستی سوننه‌كان و پێگه‌یان بههێزنهبێتهوه به‌رانبه‌ر به شیعه. پرسیار ئه‌وه‌یه كورد له به‌رانبه‌ر چی ئه‌م شه‌ڕه بۆ شیعه ده‌كات؟ ئایا چی ده‌ستكه‌وتووه له‌وه‌ی ببێته هۆكاری ئه‌وه‌ی سوننه به‌لاوازی بمێنێته‌وه و گۆڕه‌پانه‌كه بۆ سیاسەتی ته‌شه‌یوع كراوه‌بێت؟
كاتی ئه‌وه هاتووه كورد به دیدێكی واقیعی و بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی خه‌ڵكی كوردستان چاو به‌و هاوكێشه‌یه‌دا بخشێنێته‌وه. ئه‌گه‌ر هه‌ر بڕیاره موراعاتی دۆستایه‌تیی ئێران بكات و ناچاری ئه‌وه‌یه له‌به‌ر دڵی شیعه‌كان نه‌هێڵێت سوننه‌كان به‌هێزه‌وه بێنه‌وه گۆڕه‌پانه‌كه، خۆ ده‌بێت كورد له‌م هاوكێشه‌یه‌دا شتێكی دەستکەوێت، بۆیه ئه‌م باسه ده‌وروژێنم به‌و هیوایه‌ی هێزه كوردییه‌كان خوێندنه‌وه‌یه‌كی وردی بۆ بكه‌ن، لانی كه‌م بتوانن كۆمه‌ڵێك مه‌رج به‌سه‌ر شیعه‌كاندا بسه‌پێنن كه ئه‌گه‌ر كورد هه‌ر مه‌حكوم بێت به‌وه‌ی سه‌رۆك كۆمار وه‌رگرێت، ده‌بێت سه‌رۆككۆمارێكی به ده‌سه‌ڵات وه‌ربگرێت. رێگه بدرێت بتوانێت موماره‌سه‌ی ئه‌و ده‌سه‌ڵاتانه‌ی بكات كه ده‌ستوور بۆی دیاریكردووە.
بۆ ئه‌وه‌ی كورد بتوانێت ئه‌م مه‌رجه به‌سه‌ر لایه‌نی شیعی‌دا به‌سه‌پێنێت، بێگومان ده‌بێت له‌ناوماڵی كوردستان یه‌ك هه‌ڵوێست بن، به‌تایبه‌تی پارتی و یه‌كێتی. بڕیاری ئه‌وەش بدرێت سبه‌ینێ هه‌ر كاره‌كته‌رێكیان نارده به‌غدا هه‌ردوو حزبه‌كه پشتیوانی لێبكه‌ن، مافی ئه‌وه‌ی بدرێتێ نوێنه‌رایه‌تیی گه‌لی كوردستان بكات له به‌غدا. ئه‌گه‌ر ئه‌مه بكه‌ن ئه‌گه‌ری زۆر هه‌یه جۆری به‌شداریی كورد له حوكمڕانی له عيراق بچێته قۆناغێكی دیكه‌وه كه جۆرێك له دڵنیایی ده‌سته‌به‌ر بكات به‌شێك له خواست و مافه‌كانی كورد به‌دی بهێندرێن. ئه‌گه‌ر ئه‌وه نه‌كات، به دڵنیاییه‌وه هه‌ریه‌ك له‌و پۆستانه‌ی وه‌ك پشكی كورد وه‌ریان ده‌گرن و هه‌ركه‌سێكیان بۆ دیاری بكرێت، پێگه و رۆڵیان به‌و جۆره ده‌بێت جگه له ئیمتیاز و مووچه بۆ خۆیان، هیچی بۆ خه‌ڵكی كوردستان لێناچننهوه.
خ.غ