عارف قوربانی

عارف قوربانی

ده‌بێت كوردستان كۆمه‌ڵكوژیی ئه‌رمه‌نه‌كان وه‌ك جینۆساید بناسێنێت

ئە‌مڕۆ یادی 106 ساڵه‌ی كۆمه‌ڵكوژیی ئە‌رمه‌نه‌كانه‌ له‌سه‌ر ده‌ستی توركه‌ لاوه‌كان و دوایین سوڵتانی عوسمانییه‌كان. ئێمه‌ی گه‌لی كورد به‌ دوو هۆكار په‌یوه‌ست ده‌بین به‌م بۆنه‌یه‌وه‌، یه‌كه‌میان له‌به‌رئە‌وه‌ی له‌ چركه‌ساتی روودانی ئە‌و كۆمه‌ڵكوژییه‌دا سه‌رباری ئە‌وه‌ی به‌شێك له‌ گوندنشین و خێڵه‌ كورده‌كان بوونه‌ته‌ فریادڕه‌س و په‌ناگه‌ی ئارامیی ژماره‌یه‌كی زۆری ئه‌رمه‌نییه‌كان و له‌ مردن رزگاریان كردوون، به‌ڵام مێژوو لاپه‌ڕه‌ ره‌شه‌كانیشی بۆ تۆماركردووین كه‌ هه‌ندێك له‌ ئاغا و ده‌ره‌به‌گ و سه‌رۆك خێڵه‌ كورده‌كانی باكووری كوردستان تێكه‌ڵ به‌و رووداوه‌ بوون، چی وه‌ك (سواره‌ی حه‌میدی) چه‌كداری وابه‌سته‌ به‌ سه‌ڵته‌نه‌تی عوسمانی و چی ئە‌وانه‌شیان له‌سه‌ر رێگه‌ی ئە‌و كاروانییانه‌ی ئە‌رمه‌نییه‌كان کە بۆ مه‌رگ راگوێزران، ئە‌مان وه‌ك چه‌ته‌ و راوڕووتكه‌ر ره‌فتاری دزێویان به‌رانبه‌ر قوربانییه‌كان ئه‌نجام داوه‌.
 
خاڵی دووه‌میش كه‌ ئێمه‌ به‌م رووداوه‌وه‌ ده‌به‌ستێته‌وه‌، ئه‌و چاره‌نووسه‌یه‌ كه‌ هه‌ردوو گه‌لی كورد و ئە‌رمه‌ن له‌ سه‌ده‌ی بیسته‌مدا وه‌ك دوو گه‌لی زووڵملێكراو كه‌وتووینه‌ته‌ به‌رده‌م كۆمه‌ڵكوژیی ده‌وڵه‌تیی نه‌ته‌وه‌ سه‌رده‌سته‌كانی ناوچه‌كه‌وه‌، هاو قوربانین. چی ئە‌و كۆمه‌ڵكوژییانه‌ی دوای كوشتوبڕی ئە‌رمه‌نه‌كان له‌سه‌رده‌ستی توركیای نوێ‌ له‌ دێرسم و ئارارات ئە‌نجام دراون، هه‌روه‌ها ئە‌و كۆمه‌ڵكوژیانه‌ی له‌ عێراق وه‌ك پرۆسه‌یه‌كی به‌رده‌وام رووبه‌ڕووی گه‌لی كورد كراوه‌ته‌وه‌. بۆیه‌ هاوقوربانی بوونیشمان ئێمه‌ ده‌به‌ستێته‌وه‌ به‌و كۆمه‌ڵكوژییانه‌ی دیکەی مرۆڤایه‌تییه‌وه ‌و پێویسته‌ هاوهه‌ڵوێست و هاوسۆزیان بین.
 
دوو ساڵ له‌مه‌وبه‌ر له‌ بۆنه‌ی 104 ساڵه‌ی جینۆسایدی ئه‌رمه‌نییه‌كاندا ئێمه‌ چه‌ند هاوڕێیه‌ك له‌ هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ بانگهێشتی یادكردنه‌وه‌ی تاوانه‌كه‌ كراین، كه‌ چووینه‌ یه‌ریڤان ژماره‌یه‌كی زۆری خوێندكاری كورد كه‌ له‌وێ‌ ده‌رفه‌تی خوێندنیان ده‌سته‌به‌ركردووه‌ له‌گه‌ڵمان به‌شداری مه‌راسیمه‌كه‌ بوون و بووین به‌ گرووپێكی فراوان. كاتێك چووینه‌ نێو ئاپۆرای مه‌راسیمه‌كه‌وه ‌و ئاڵای كوردستان به‌رزكرایه‌وه‌، سه‌رنجێكی زۆری میدیایی كه‌وته‌ سه‌ر وه‌فده‌كه‌مان، سه‌رپه‌رشتیارانی یاده‌كه ‌و په‌رله‌مانتاران و به‌رپرسانی ئیداریی وڵاته‌كه‌ به‌پیرمانه‌وه‌ هاتن و زۆر خۆشحاڵیان له‌وه‌ ده‌ربڕی كه‌ كوردستانیش به‌شداری بۆنه‌كه‌یانی كردووه‌. خستمانیانه‌ نێو ریزی وڵاته‌كانه‌وه ‌و به‌ فه‌رمی له‌گه‌ڵ سه‌فیر و نوێنه‌ری وڵاته‌كان تاجه‌گوڵینه‌ی كوردستان له‌سه‌ر مۆنیۆمێنتی قوربانییه‌كان دانرا.
 
دواتر چه‌ندین دیداریان له‌گه‌ڵ په‌رله‌مان و سه‌نته‌ره‌كانی توێژینه‌وه‌ی جینۆساید و ناوه‌نده‌ گرنگه‌كانی وڵاته‌كه‌ بۆ رێكخستین، ئە‌وه‌ی مه‌به‌ستمه‌ لێره‌دا و په‌یوه‌ست به‌م باسه‌ بیگێڕمه‌وه‌ دیدارمان بوو له‌ په‌رله‌مان، له‌وێ‌ براده‌رانمان ده‌رفه‌تی ئە‌وه‌یان دایه‌ من هه‌ندێ‌ قسه‌ بكه‌م. زۆرم وت، به‌ڵام پوخته‌كه‌ی ئه‌مه‌بوو كه‌ پێم وتن قسه‌یه‌كی باو هه‌یه‌ له‌نێو كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌ كه‌ ده‌وترێت (ته‌نیا كه‌سی سووتاو هه‌ست به‌ ژانی سووتان ده‌كات) ئێمه‌ له‌به‌رئه‌وه‌ی چه‌ندین جار كه‌وتووینه‌ته‌ به‌رده‌م پرۆسه‌ی كۆمه‌ڵكوژییه‌وه‌، بۆیه‌ زیاتر له‌ خه‌ڵكی دیکە هه‌ست به‌ ئازاره‌كانتان ده‌كه‌ین، له‌به‌رئه‌وه‌ی كه‌ هاوئازاریشین پێویسته‌ هاوهه‌ڵوێستیش بین به‌رانبه‌ر به‌ كۆی ئە‌و كۆمه‌ڵكوژییانه‌ی له‌ مێژووی مرۆڤایه‌تیدا روویانداوه‌، ده‌بێت پشتی یه‌كبگرین له ‌كاركردن بۆ ناساندنی ئەم تاوانانه‌ و سنووردانان له ‌به‌رده‌م سته‌مكاره‌كان، بۆ ئه‌وه‌ی تاوانه‌كان چه‌ندباره‌ نه‌بنه‌وه‌. بۆیه‌ داواتان لێده‌كه‌ین بۆ مێژوو شه‌ره‌فی ئە‌وه‌ بۆ وڵاته‌كه‌تان تۆمار بكه‌ن له ‌په‌رله‌مانی ئه‌رمینیا ببن به‌ یه‌كه‌م وڵات تاوانی جینۆسایدی گه‌لی كوردستان بناسێنن. ده‌شزانم ئێستا ئێوه‌ پێمان ده‌ڵێن ئە‌ی هه‌ڵوێستی فه‌رمیی هه‌رێمه‌كه‌ی ئێوه‌ چییه‌ به‌رانبه‌ر به‌ جینۆسایدی ئه‌رمه‌نه‌كان؟ به‌ڵام ئێمه‌ له‌به‌رئه‌وه‌ی هێشتا له‌ چوارچێوه‌ی عیراقداین و ناتوانین هه‌ندێ‌ بڕیار بده‌ین كه‌ هه‌ڵوێستی عیراق له ‌باره‌یانه‌وه‌ روون نه‌بێت. گفتوگۆی زۆر كرا و ئە‌وانیش هه‌مان ئه‌و داوایه‌یان له‌ هه‌رێمی كوردستان هه‌بوو كه‌ پێویسته‌ وه‌ك گه‌لێكی چه‌ندجار جینۆسایدكراو، دان به‌ جینۆسایدی گه‌لانی دیکەدا بنێت بۆ ئه‌وه‌ی ده‌رگە بۆ خۆی بكاته‌وه‌ تاوەکو تاوانه‌كانی دژ به‌ گه‌لی كوردستانیش له‌ جیهان بناسرێن. 
 
ئە‌گه‌ر ته‌ماشا بكه‌ین ئە‌و وڵاتانه‌ی تاوانی جینۆسایدیان ئە‌نجام داوه‌، ئە‌گه‌ر كۆمه‌ڵگه ‌و ده‌سه‌ڵات قۆناغی سته‌مكارییان تێپه‌ڕاندبێت، ئاماده‌ی داوای لێبووردن و چوونه‌ژێرباری به‌رپرسیاریێتی قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی قوربانیانیان له‌ ئه‌ستۆ گرتووه‌، دیارترین نموونه‌ وڵاتی ئە‌ڵمانیایه‌ كه‌ تاوەکو ئێستاش ساڵانه‌ قه‌ره‌بوو ده‌داته‌ ئیسرائیل له‌پای ئه‌و تاوانانه‌ی هیتله‌ر به‌رانبه‌ر به‌ جووەکان‌ ئه‌نجامی داوه‌ و ئە‌ڵمانیا به‌هیچ شێوه‌یه‌ك دیپلۆماسییه‌تی وڵاته‌كه‌ی به‌كارنه‌بردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی رێگربێت له‌وه‌ی وڵاتانی جیهان هۆڵۆكۆست وه‌ك جینۆساید بناسێنن، دژی هیچ وڵاتێكیش هه‌ڵوێستی وه‌رنه‌گرتووه‌ كه‌ هاوسۆزی گه‌لی جوو‌ن.
 
له‌ به‌رانبه‌ردا ئە‌و وڵاتانه‌ی كه‌ هێشتا له‌نێو قۆناغی تاوانكارییه‌كه‌دا ده‌ژین، نكۆڵی له‌ تاوانه‌كه‌ ده‌كه‌ن و دژی هه‌ر وڵاتێكن دان به‌و تاوانه‌دا بنێت، بۆ ئه‌مه‌شیان توركیا نموونه‌ی هه‌ر‌ە به‌رجه‌سته‌یه‌ كه‌ نه‌ك هه‌ر ناچێته‌ژێر باری به‌رپرسیارێتیی هه‌ڵگرتنی تاوانی كۆمه‌ڵكوژیی ئه‌رمه‌نییه‌كان، به‌ڵكو هێشتا له‌ قۆناغی نكۆڵیلێكردن دایه‌ و دژی هه‌ر وڵاتێكه‌ تاوانی دژی ئه‌رمه‌نییه‌كان وه‌ك جینۆساید بناسێنێت. ئه‌مه‌ بۆ هه‌ردوو وڵاتی ئە‌ڵمانیا و توركیا له‌ ساده‌ترین پێناسه‌دا ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئە‌ڵمانیا په‌ندی له‌و رووداوه‌ وه‌رگرتووه‌ و نایه‌وێت دووباره‌ ببێته‌وه‌، توركیاش له ‌هه‌ناوی كۆمه‌ڵگه ‌و ده‌وڵه‌تەكه‌شدا هه‌مان رووحی تاوانكاریی ئاماده‌یی هه‌یه‌ و هه‌میشه‌ ئاماده‌یه‌ بۆ دووباره‌كردنه‌وه‌ی. ئەمه‌ بۆ عیراق و ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌ سه‌رده‌سته‌كانی دیکەی ناوچه‌كه‌ش هه‌ر راسته‌. كه‌ ئاماده‌ی تێپه‌ڕاندنی ئە‌و قۆناغه‌ نه‌بن كه‌واتە ئاماده‌ن بۆ ئه‌نجامدانه‌وه‌ی تاوانه‌كان.
 
كه‌واتە پێویسته‌ كورد چی بكات بۆ ئە‌وه‌ی جینۆساید نه‌كرێته‌وه‌؟ چاره‌سه‌ر و سنووردانان له ‌به‌رده‌م سته‌می ده‌وڵه‌ته‌ داگیركه‌ره‌كانی ته‌نیا ئە‌وه‌یه‌ كه‌ كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی سنوور و له‌مپه‌ر له ‌به‌رده‌میان دابنێت. ئه‌مه‌ش ته‌نیا له‌و رێگه‌یه‌وه‌ به‌دی دێت كه‌ جیهان كۆمه‌ڵكوژییه‌كانی كوردستان وه‌ك جینۆساید بناسێنێت. پرسیاره‌كه‌ لێره‌دایه‌ كه‌ كوردستان ئاماده‌نه‌بێت كۆمه‌ڵكوژیی وڵاتانی دیکە وه‌ك جینۆساید بناسێنێت، ئه‌ی چۆن چاوه‌ڕێی ئه‌وه‌ ده‌كات وڵاتانی دیکە ئە‌وه‌ بۆ كورد بكه‌ن؟ ئه‌گه‌ر هه‌رێمی كوردستان له‌ ترسی توركیا نه‌توانێ‌ تاوانی كۆمه‌ڵكوژیی ئه‌رمه‌نه‌كان بناسێنێت، ده‌بێت چاوه‌ڕوانی هه‌مان هه‌ڵوێستی وڵاتانیش بێت كه‌ له‌به‌ر توركیا و عه‌ره‌ب ئاماده‌ نه‌بن دان به‌ كۆمه‌ڵكوژیی كورددا بنێن. ئه‌گه‌ر كوردستان ئاماده‌ نه‌بێت له‌ ترسی كاردانه‌وه‌ی ئێران و ئیسلام و جیهانی عه‌ره‌بی هۆڵۆكۆست بناسێنێت، ده‌بێت چاوه‌ڕوانی هه‌مان هه‌ڵوێستی وڵاتانی جیهانیش بێت له‌به‌ر ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌ دان به‌ كۆمه‌ڵكوژیی كورددا نه‌نێن.
 
كه‌واتە كلیلی كردنه‌وه‌ی ده‌رگەی نێوده‌وڵه‌تی بۆ ناساندنی جینۆسایدی گه‌لی كورد له‌ ده‌ستی خۆمانه‌. بۆیه‌ هیوادارم په‌رله‌مانی كوردستان ئازایه‌تی ئه‌وه‌ بنوێنێت کە ئه‌م باسه‌ ببەنە‌ نێو په‌رله‌مانه‌وه‌، له‌وێ‌ گفتوگۆی له‌باره‌وه‌ بكرێت و ئازایه‌تیی ئه‌وه‌یان تێدابێت له‌به‌ر پاراستنی خه‌ڵكی كوردستان بۆ ده‌سته‌به‌ركردنی پشتیوانیی نێوده‌وڵه‌تی له ‌گه‌لی كورد، ئەوەش بۆ به‌ فه‌رمی ناسینی ئه‌و تاوانانه‌ی به‌رانبه‌ر به‌ خه‌ڵكی كوردستان ئه‌نجام دراون و بۆ دروستكردن و ده‌سته‌به‌ركردنی دڵنیایی كه‌ جارێکی دیکە میللـه‌ته‌كه‌مان رووبه‌ڕووی جینۆساید نابێته‌وه‌. له‌ په‌رله‌مانی كوردستانه‌وه‌ تاوانه‌كانی كۆمه‌ڵكوژیی ئە‌رمه‌نییه‌كان و هۆڵۆكۆست و كۆمه‌ڵكوژییه‌كانی دیکەی جیهان وه‌ك تاوانی جینۆساید بناسێنن.

خ.غ

Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan