گێتی

پاسه‌وانێكى مادۆرۆ شتى مه‌ترسیدارى ئاشكراكرد

مەودا میدیا - سلێمانی |


پاسه‌وانێكى مادۆرۆ شتى مه‌ترسیدارى ئاشكراكرد

مه‌ودا میدیا-

رۆژنامەی "نیویۆرک پۆست" لە راپۆرتێکی وورددا، پەردە لەسەر زانیاریی نوێ و شۆکەرهێنەر لادەدات سەبارەت بە پرۆسەی دەستگیرکردنی نیکۆلاس مادۆرۆ، سەرۆکی پێشووی ڤەنزوێلا. یەکێک لە پاسەوانەکانی مادۆرۆ کە لە هێرشەکە رزگاری بووە، باس لە بەکارهێنانی تەکنەلۆژیایەکی سەربازیی دەکات کە پێشتر هەرگیز نەیانبینیوە.

پاسەوانەکەی مادورۆ کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت، دەڵێت "ئێمە لە ئەرکی ئاسایی خۆماندا بووین، بەڵام لەناکاو و بەبێ هیچ هۆکارێکی دیار، تەواوی سیستەمی رادارەکانمان لەکارکەوتن و پەیوەندییەکانمان پچڕان، دوای تێپەڕبوونی چەند ساتێکی کەم، 8 هێلیکۆپتەری ئەمه‌ریکی دەرکەوتن و نزیکەی 160 سەربازی هێزی "دێڵتا" دابەزین".

باسى له‌وه‌شكردووه‌ "ئەوان وەک مرۆڤی ئاسایی نەدەهاتنە بەرچاو، چەکەکانیان شێوەیەکی غەریبی هەبوو و بە وردییەکی باوەڕپێنەکراو تەقەیان دەکرد، وەک ئەوەی هەر سەربازێک لە خولەکێکدا 300 گوللە بتەقێنێت، ئەوەی روویدا شەڕ نەبوو، چونکە ئێمە هیچ دەرفەتی بەرگریمان نەبوو، تەنها کۆمەڵکوژییەکی بێبەزەییانە بوو".

یەکێک لە ترسناکترین بەشەکەکانی گێڕانەوەی پاسەوانەکە، بەکارهێنانی چەکێکی نەبینراوە کە کاریگەریی جەستەیی سەختی هەبووە. ئەو دەڵێت "شتێکیان تەقاند کە وەک شەپۆلێکی دەنگیی زۆر بەهێز وابوو، هەموومان سەرمان گێژی خوارد و خوێن لە دەم و لوتمان هات، هێزی جوڵەمان نەما و تەنها کەوتینە سەر زەوی".

لەمبارەیەوە بەرپرسێکی پێشووی هەواڵگری ئەمه‌ریکا بۆ نیویۆرک پۆست پشتڕاستی کردووەتەوە کە واشنتن ساڵانێکە خاوەنی چەکی وزەی ئاراستەکراوە، کە دەتوانێت نیشانەکانی وەک (خوێنەربوون، ئیفلیجی کاتی، ئازاری توند و سووتانەوە) لە دوورەوە بۆ نەیارەکانی دروست بکات.

هێرشەکەی هێزی دێڵتای ئەمه‌ریکا لە 3ی ئەم مانگەدا ئەنجامدرا، کە تێیدا شەش شوێنی جیاواز لە کەرەکاسی پایتەخت کرانە ئامانج، لە ئەنجامدا نیکۆلاس مادۆرۆ و هاوسەرەکەی دەستگیرکران، بەپێی ئامارەکان، لەو ئۆپەراسیۆنەدا لانی‌کەم 100 کەس کوژراون، کە زۆربەیان پاسەوانە تایبەتەکانی مادۆرۆ و هێزە تایبەتەکانی کوبا بوون کە ئەرکی پاراستنی سەرۆکیان لە ئەستۆ بوو.

ع
Qaiwan
Qaiwan