خەڵەف   غەفور

خەڵەف غەفور

دوای ئەو پێشبینییەی سەرۆك ئەردۆغان بكەون، با هەمووتان براوەبن

1
مانگی حوزەیرانی ساڵی 2018 رەجەب تەیب ئەردۆغان بووە سەرۆك كۆماری توركیا، بەڵام بە سیستمێكی جیاواز كە سیستمی سەرۆكایەتی بوو دوای ئەوەی لە ساڵی 2017 لە رێگەی هەمواركردنەوەی دەستوورەوە سیستمی پەرلەمانی بۆ سەرۆكایەتی گۆڕی. یەكەم ئەزموونی سیستمی سەرۆكایەتی بۆ ئەردۆغان و توركیاش نوێ بوو، بەتایبەت بە دەنگی زۆرینەی رەها گۆڕانكارییەكە رووی نەدا، بەڵكو زۆرینەی راستەقینە دژی وەستانەوە.

2
رۆژی 23ی حوزەیرانی ساڵی 2019 هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی توركیا كرا، راستە ئەردۆغان شارەوانی 40 پارێزگای لە كۆی 81 پارێزگا بردەوە، بەڵام بەرانبەر پارتی گەلی كۆماری- جەهەپە لە هەردوو گەورە شارەوانیی ئیستانبوڵ و ئەنقەرە دۆڕا، ئەردۆغان دۆڕانی بن عەلی یڵدرمی بەربژێری پارتی داد و گەشەپێدانی رەتكردەوە، ئەكرەم ئیمام ئۆغڵو بە جیاوازییەكی كەم كە 13 هەزار دەنگ بوو پێش بەربژێرەكەی ئەكەپە، كەوتبوو. دەرئەنجام هەڵبژاردن دووبارەكرایەوە، بەڵام لە دووبارەكردنەوەیدا جەهەپە بە جیاوازی 775000 دەنگ پێش ئەكەپە كەوتەوە.

3
خراپبوونی بارودۆخی ئابووریی توركیا، ناسەقامگیریی پەیوەندییەكانی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی- مەهەپە لەگەڵ ئەكەپە، بەرزبوونەوەی رێژەی دەنگەكانی پارتەكانی ئۆپۆزیسیۆن بەرانبەر دەنگەكانی ئەكەپە بەپێی راپرسییە باوەڕپێكراوەكان، رەخنەی زۆر لەسەر خراپبوونی رەوشی دیموكراسی لە توركیا، نزیكبوونەوەی زیاتری هەدەپە و جەهەپە لەیەكتر، هەروەها دروستبوونی دوو پارتی نوێی وەكو پارتی دیموكراسی و پێشكەوتنی عەلی باباجان و پارتی ئاییندەی ئەحمەد داوا ئۆغڵو، هۆكارن بۆ بانگەشە و داواكردنی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختەی سەرۆك كۆماری توركیا.

4
رەجەب تەیب ئەردۆغان تائێستا ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە رەتدەكاتەوە، هۆكاری زۆری بۆ ئەوەیە هەیە؛ داكشانی ئابووری، بەرزبوونەوەی رێژەی بێكاری، كەمبوونەوەی رێژەی دەنگەكانی، لەدەستدانی چەندین گەورە شارەوانی لە هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی توركیا كە بۆ ئەردۆغان هەژانێكی نەرێنی بوو بەتایبەت شارەوانییەكانی ئیستانبوڵ و ئەنقەرە. هەروەها مەرجی زۆری دەوڵەت باخچەلی، سەرۆكی مەهەپە سەبارەت بە توندكردنەوەی سزاكانی سەر هەدەپە تا دەگاتە داخستنی، ئەردۆغانی تووشی دڵەڕاوكێی زیاتر كردووە و دەزانێت سەركەوتنی لە هەڵبژاردنی پێشوەختە ئاسان نییە، بگرە ئەگەری دۆڕانی زیاترە.

5
"ئەوەی ئیستانبوڵ بباتەوە، توركیاش دەباتەوە"، ئەمە قسەی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری توركیایە. ئەو لە ئیستانبوڵ لە دوو گێمی هەڵبژاردن بەرانبەر جەهەپە دۆڕاندنی، لەوە ناخۆشتر ئەوە بوو عەلی یڵدرمی بەربژێری سەرۆكی شارەوانیی ئیستانبوڵ پێشتر سەرۆكی وەزیران و سەرۆكی پەرلەمانی توركیاش بوو.
ئەردۆغان لە بەدیهاتنی ئەو قسەیەی خۆی دەترسێ، ئێستا ئەردۆغانی جاران نەماوە، ئەو خۆی بە سوڵتان دەزانێ، سوڵتان دۆڕان قبوڵ ناكات، دەبێت هەمیشە براوە بێت.

6
لای ئەردۆغان و پارتەكانی ئۆپۆزیسیۆنیش هێشتا ركابەری پۆستی سەرۆك كۆماری توركیا دیار نییە، ئەگەر پرۆژەیەكی گەورە نەبێت لەنێوان پارتەكانی ئۆپۆزیسیۆن، كە مەبەستم خستنەڕووی یەك بەربژێری بەهێزە، ئەوا دۆڕانی ئەردۆغان ئەستەمە.
پێنج پارت دەتوانن لەسەر بەربژێرێكی هاوبەش رێكبكەون ئەوانیش "جەهەپە، هەدەپە، ئی پارتی، پارتی دیموكراسی و پێشكەوتن و پارتی ئاییندەن"، ئەو پارتانە زۆر جیاوازن، بەڵام یەك خاڵی هاوبەشی بەهێزیشیان هەیە؛ هەموویان ئازار كوشتەی دەستی ئەردۆغانن و ئامانجیشیان دوورخستنەوەیەتی لە دەسەڵات.
ناوی زۆر كەس دێت و دەچێ، لە هەموویان بەهێزتر ئەكرەم ئیمام ئۆغڵو، سەرۆكی شارەوانیی ئیستانبوڵە. خراپ نییە ئەگەر دوای قسەكەی ئەردۆغان بكەون "ئەوەی ئیستانبوڵ بباتەوە، توركیاش دەباتەوە"، نزیكە ئەوە ببێتە راستی، تەنها پرۆژە و كاركردنی هاوبەشی دەوێت.

خ.غ

Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan