چاوپێكەوتن

جەمال کۆچەر: پێکهێنانی حکومەتی نوێی عیراق ئاسان نییە و نازانین بەشە بودجەی کورد بۆ ساڵی 2022 چی لێدێت

مەودا میدیا - سلێمانی |


جەمال کۆچەر:  پێکهێنانی حکومەتی نوێی عیراق ئاسان نییە و نازانین بەشە بودجەی کورد بۆ ساڵی 2022 چی لێدێت
مەودا میدیا- سازگار ئەحمەد

ماوەی مانگێک زیاتر دەبێت هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بەڕێوەچووە و تائێستا کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عیراق ئەنجامی کۆتایی رانەگەیاندووە و بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوودا ئەنجامەکە رابگەیەنێت، جەمال کۆچەر، کاندیدی سەرکەوتووی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق و ئەندامی پێشووی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەران لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتی لەگەڵ مەودا میدیادا ئاماژەی بەوەکرد پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی عیراق پێویستی بە سێ قۆناغ هەیە، ئەوەشی خستەڕوو نازانرێت ناردنی 200 ملیار دینارەکە لە ساڵی داهاتوو بەردەوام دەبێت یان نا.

دواین پێشهاتەکان بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێی عیراق چییە؟
جەمال کۆچەر: لەو بڕوایەدام دوای راگەیاندنی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، ئەنجامەکە لەلایەن دەستەی دادوەرییەوە زوو پەسند بکرێت و ئەنجومەنی نوێنەرانیش دانیشتن ئەنجام بدات، بەڵام پێکهێنانی حکومەتی نوێ عیراق ئاسان نییە.

بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێی عیراق چەند کاتی دەوێت؟
جەمال کۆچەر: دەبێت جیاوازی بکەین لەنێوان دانیشتنی پەرلەمان و پێکهێنانی حکومەت، ئێمە لە سێ قۆناغ تێدەپەڕین یەکەم پەسندکردنی ئەنجامی هەڵبژاردنە لەلایەن دەستی دادوەرییەوە و بانگهێشتکردنی پەرلەمانتاران بۆ هۆڵی کۆبوونەوە، دواتر قۆناغی دووەم ئەوەیە سەرۆک کۆمار سەرۆکی پەرلەمان هەڵدەبژێرێت، پاشان قۆناغی سێیەم هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمارە، دواتر سەرۆک کۆمار داوا لەو لایەنە دەکات کە خاوەنی زۆرترین کورسی پەرلەمانە بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێ، تێپەڕبوون بەم سێ قۆناغەدا ئاسان نییە، چونکە ناکۆکی لەنێوان لایەنەکان هەیە بۆ پۆستەکان، سووننە زۆر کێشەی نییە بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمان، بەڵام کورد لەبارەی پۆستی سەرۆک کۆمارەوە کێشەی هەیە و شیعەش کێشەی سەرۆک وەزیرانی هەیە.

خولەکانی رابردووی پەرلەمان چییان بۆ ناوچە کێشە لەسەرەکانی هەرێمی کوردستان کردووە؟
جەمال کۆچەر: لە ساڵی 2006وە تاوەکو ئێستا هیچ کام لە خولەکانی پەرلەمان هیچیان بۆ ناوچە کێشە لەسەرەکان نەکردووە، چونکە کورد یەک دەنگ نەبوو بە تایبەت کە کەرکوک بەدەست دوو دەسەڵاتی کوردەوە بوون بەهۆی ناکۆکیانەوە نەیان توانیوە هیچ جوڵەیەک بە مادەی 140 بکەن، بۆیە ئەمجارە پێویستە لایەنەکان باشتر کار لەسەر ئەمە بکەن و لەجیاتی ئەوە شەڕی پۆست بکەن هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکان بدەن.

گرنگە ئەمجارە کورد کە چووە بەغدا چی بکات؟
جەمال کۆچەر: گرنگە ئەمجارە کورد کە چووە بەغدا شەڕ بۆ سێ شت بکات، ئەویش ناوچە جێناکۆکەکان و مادەی 140 و مافی دارایی کورد لە بەغدا و دیاریکردنی پێگەی کوردە.

بەشە بودجەی کورد بۆ ساڵی 2022 چی لێدێت؟
جەمال کۆچەر: نازانین بەشە بودجەی کورد بۆ ساڵی 2022 چی لێدێت، چونکە ئەو 200 ملیارەی کە بەغدا بۆ هەرێمی کوردستانی دەنێرێت پەیوەندیی بە بودجەوە نییە، بەڵکو رێککەوتنێکە لەنێوان هەردوو لادا، چونکە بودجە مانگانە بەپێی فرۆشتنی نەوت لەلایەن کۆمپانیای سۆمەوە گۆڕانکاری تیادا روودەدات.

ئایا ناردنی 200 ملیارەکەی بەغدا بۆ هەرێم لە ساڵی نوێ بەردەوام دەبێت؟
جەمال کۆچەر: ئەگەر رێککەوتنی هەرێم و بەغدا بۆ ناردنی 200 ملیارەکە بۆ ساڵێک بێت ئەوا کۆتایی ئەمساڵ ئەو رێککەوتنە کۆتایی دێت، بەڵام ئەگەر کاتەکەی دیاری نەکرابێت و باس لەوە کرابێت تا ئەم حکومەتە هەبێت ئەو پارەیەش دەنێردرێت ئەوا ناردنی ئەو پارەیە بەردەوام، هەروەها ئەگەر ئەم پارەیە لەلایەن حکومەتی عیراقەوە وەک پشتگیری بێت بۆ فەرمانبەرانی هەرێم ئەوا بەردەوام دەبێت تا بودجەی داهاتوو، چونکە دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەر بەپێی یاسا لە حکومەتی عیراق بودجە هەبێت یان نا بەردەوام دەبێت. 

س،ر
Qaiwan
Qaiwan

زۆرترین خوێندنەوە

بیروڕا



News

خاک و هۆکارەکانی پیسبوونی

لەلایەن نەرمین عوسمان


News

ئاماژەکانی ئەدای ژینگەیی

لەلایەن نەرمین عوسمان