چاوپێكەوتن

خاتوو نەجلا: دەسەڵاتی کوردی بەرانبەر بە مەسعود محەمەد زۆر کەمتەرخەمە

مەودا میدیا - سلێمانی |


خاتوو نەجلا: دەسەڵاتی کوردی بەرانبەر بە مەسعود محەمەد زۆر کەمتەرخەمە
 لە چاوپێکەوتنی ئەم جارەماندا، خاتوونێک دەدوێنین، کە سەرەڕای ئەوەی بەشداریی کایەی سیاسی و رێکخراوەیی نەکردووە، بەڵام هەر ئەوەندە بەسە کە بڵێن نەوەی سەید ئەحمەدی خانەقا و بووکی مەلای گەورەی کۆیە و هاوسەری سیاسەتمەتدار و نووسەر و رۆشنبیری گەورەی کورد؛ مەسعود محەمەدە. خاتوو نەجلا، پاش ئەوەی لە تەمەنێکی کەمدا هاوسەرگیری دەکات، ئیتر خواست و خەونە تایبەتەکانی دەکاتە قوربانیی خێزانەکەی و پێگەیاندنی منداڵەکانی.
 
نەجلا رەئوف كێیە؟
کچی شێخ رەئوف شێخ سەعیدی خانەقام، لە 1ی کانوونی دووەمی 1946 لە شاری هەولێر لەدایکبووم، لە خێزانێکی سیاسیی رۆشنبیر و تا رادەیەکیش دینیدا پەروەردە بووم. سێ خوشک و دوو برام هەیە و من لە هەموویان گەورەترم.
 
دایک و باوکت کەسایەتییان چۆن بوو و کامیان کاریگەریی زیاتر بوو لەسەرت؟
   باوکم پیاوێکی زۆر رۆشنبیر بوو، هەمیشە خەریکی خوێندنەوە و نووسین بوو، هەروەها پیاوێکی کۆمەڵایەتیش بوو. دایکیشم خوێندەوار و پێشکەوتوو بوو، هەتا سێی ناوەندیی خوێندبوو، کە ئەمە زۆر بوو بۆ ئەو کاتە، چونکە ئەو لەدایکبووی ساڵی 1915 بوو، بۆیە دەڵێم زۆر بوو بۆ ئەو کاتە ئەگەر بەراورد بکرێت بە ژنانی ئەوسای کۆمەڵگەی کوردەواری. خۆشم چونکە لەو خێزانەدا گەورە بووم و باوکیشم هانی دەدام بۆ خوێندنەوە؛ سەرەڕای ئەوەی تەمەنم کەم بوو، بەڵام کتێبەکانی جان پۆل سارتەر، نەجیب مەحفوز، تەها حسێن، ژیانی نەهرۆ و گاندی و نامەکانی کە نووسیبووی بۆ ئەندێرای کچی، ئەمانە هەمووی باوکم بۆی دەهێنام و منیش دەمخوێندنەوە.
 
وەک باسی دەکەیت هەر لە سەرەتای تەمەنتەوە کتێبەکانی گەورە نووسەرانی عەرەبت خوێندووەتەوە، ئەمە هیچ رەنگدانەوەی هەبوو لەسەر ئاستی خوێندنت؟
بەڵێ، زمانی عەرەبیم زۆر باش بوو، خۆم داڕشتنی عەرەبیم دەنووسی و مامۆستاکان بەکاریان دەهێنا بۆ پۆلەکانی تر لە قوتابخانەکەمان.
 
وەک ئاشکرایە بنەماڵەکەتان خاوەنی تەکیەی خانەقا بوون، لەسەر چ تەریقەتێک بوون و چەند کاریگەریی لەسەرتان هەبوو؟
تەریقەتی (ملتزم) بوون، زۆرێک لەوانەی لەسەر ئەو تەریقەتەیان نووسیوە و توێژینەوەیان لەسەر کردوون و دکتۆرایان لەسەر وەرگرتووە، ئاماژە بەوە دەدەن کە پەیڕەوانی ئەو تەریقەتە، پابەند بوون بە رێنماییەکانی تەریقەتی نەقشبەندی و شێخی ساختە نەبوون و باوەڕدار بوون، واتا شێخی راستیی بوون، هەر بۆیە ئێمەیش پابەندین بە رێنماییەکانی ئایینی ئیسلامی راستەقینە.
مەلای گەورە زۆر جار وتوویەتی دوو جۆر شێخ هەن؛ شێخەکان (دەجال) و شێخە راستییەکان. ئێمە لە شێخە راستییەکان بووین.
 
وەک بزانیت زیکر و تەهلیلەیان هەبووە؟
نەخێر، زیکر و تەهلیلەیان نەبووە، بەڵکوو قوتابخانەیەکی ئایینیی بوون.
 
یەکترناسینی بنەماڵەکەتان لەگەڵ بنەماڵەی مەلا گەورەی کۆیە بەهۆی هاوسەرگیرییەکەی ئێوەوە بوو، یاخود پێشتریش تێکەڵاوییان هەبووە؟
نەخێر، یەکترناسینی ئەو دوو بنەماڵەیە زۆر کۆنترە، ئەو کاتەی مەلای گەورە نوێنەر بووە لە ئەنجومەنی دامەزراندنی دەوڵەتی عیراق لە بەغدا، کە گەڕاوەتەوە بۆ کوردستان، هەمیشە لای خاڵی باوکم (سەید ئەحمەدی خانەقا) دادەبەزیوە، چ لە کۆیە و چ لە کەرکوک.
 
چۆن مەسعود محەمەدت ناسی؟
لە کۆتایی پەنجاکان و سەرەتای شەستەکاندا، مەسعود محەمەد و مام جەلال تاڵەبانی وەکوو دوو ئەستێرەی درەوشاوە دەرکەوتن لە دنیای سیاسەتدا، بەڵام بە بیروبۆچوونی جیاواز. مام جەلال زیاتر بە لای بیری چەپدا دایدەشکاند، بەڵام مەسعود محەمەد رای وابوو کە بیری چەپ و شیوعیەت هیچ شتێک بۆ گەلانی ژێردەستە ناکات و زۆر رەخنەی لە رێبازی ستالین دەگرت، هەر بۆیە گەنگەشەی توند و شەڕەقسە دەستی پێ کرد لەنێوان ئەم دوو کەڵەڕۆشنبیرەدا، بەتایبەتی لە رۆژنامەی خەبات و (الحریة). هەروەها مەسعود محەمەد زۆر بڕوای بەو شۆڕشە چەکدارییە نەبوو کە لەو کاتەدا هەڵگیرسابوو، ئەو زیاتر باوەڕی بە خەباتی سیاسی و رۆشبیری و خۆئامادەکردن بوو.
من لەو کاتەدا کچێکی گەنج بووم، زۆر ئارەزووم لە خوێندنەوە بوو، وەک وتم زمانی عەرەبیم زۆر بە باشی دەزانی. لە سەردانێکیدا بۆ لای باوکم، باوکم باسی ئاستی رۆشبیریی من بۆ مەسعود محەمەد دەکات و دەڵێت "عەرەبییەکی باش دەزانێت، هەر خۆی بە ئازایەتی خۆی فێربووە." مەسعود محەمەدیش دەڵێت "ئەم جارە کە هاتمەوە لە بەغدا، دەمەوێت بیبینم."
رۆژێکی هاوینی ساڵی 1961 بوو، باوکم بانگی کردم وتی: "وەرە میوانێکمان هەیە دەیەوێت بتبینێت و قسەت لەگەڵ بکات." هەروەها وتی: "میوانەکەمان نووسەر و رۆشنبیرە، دەرچووی کۆلێجی یاسایە (ئەوکات پێیان دەوت کۆلێجی حقوق)، هەر پرسیارێکت هەیە لە رووی ئەدەب و زمانەوە دەتوانیت لێی بکەیت." منیش ئەوکات خەریکی خوێندنەوەی کتێبێکی جوبران خەلیل جوبران بووم، کتێبەکەم هەڵگرت و چووم بۆ لای. ئەو پرسیاری زۆری لێ کردم دەربارەی ئەو کتێبانەی کە دەمخوێندنەوە و چۆن لێیان تێ دەگەم. منیش بیرم دێت پرسیاری واتای رستەیەکم لێ کرد لە کتێبەکەی نەجیب مەحفوز، کە واتاکەیم نەدەزانی، رستەکە ئەمە بوو "تنطقون أحقاءکم". ئەویش پێی وتم واتاکەی "پشتتان دەبەستنەوە"یە. هەر لەم چاوپێکەوتنەوە دیاربوو کە ئەو منی بە دڵ بوو، داوای منی کردبوو لە باوکم و پاش چەند رۆژێک دایکم پێی وتم کە ئەو پیاوێکی زۆر باشە و من و باوکت حەز دەکەین شووی پێ بکەیت، بەڵام مەرجیان بۆ دانا کە دەبێت من بەردەوام بم لە خوێندن.
 
واتا هێشتا لاو بوویت کە شووت کرد، ئەو هاوسەرگیرییە نەبووە کۆسپ لەبەردەم خوێندنت؟
تەمەنم 15 ساڵ بوو کە شووم کرد، مەسعود محەمەد ئەوکات تەمەنی 42 ساڵ بوو، واتا 27 ساڵ لە من گەورەتربوو.
لە ساڵی 1961 هاوسەرگیریمان کرد و من گوێزرامەوە و چوومە کۆیە. لەوێ لەگەڵ (سورەیا خان)ی خوشکی کە مامۆستا بوو، دەچووم بۆ قوتابخانە و لە پۆلی سێی ناوەندی دەستم کردەوە بە خوێندن، بەڵام هەستم کرد ژنانی ماڵە خەزورانم (ژنە کۆییە رەسەنەکان) هیچ پێیان خۆش نەبوو کە من وەکوو بووکێکی ئەوان بچم بۆ قوتابخانە و بەردەوام بم لە خوێندن، هەر بۆیە وازم لە خوێندن هێنا، بەڵام لە ماڵەوە بەردەوام بووم لە خوێندەوە.
 
تا کەی لە کۆیە مانەوە؟
تا ساڵی 1963 لە کۆیە ماینەوە، پاشان بەهۆی تێکچوونی بارودۆخی کوردەوە رامان کرد بۆ پشدەر. ئەو کاتە منداڵیکی تەمەن شەش مانگم هەبوو. لەوێ ماینەوە تا ساڵی 1964 کە کودەتاکەی عەبدولسەلام عارف کرا و نەتەوەپەرستەکان لە بەغدا هاتنە سەر حوکم. ئیتر گەڕاینەوە بۆ کۆیە. هەر لەم سەروبەندەدا بوو کە گفتوگۆ لەنێوان بزووتنەوەی کورد بە سەرۆکایەتی مەلا مستەفای بارزان و رژێمی ئەوکاتی عیراق دەستی پێ کرد، لایەنی کوردی داوای وەزارەتێکیان کرد لە عیراق کە وەزارەتی (أعمار الشمال) بوو، مەسعود محەمەد کرا بە وەزیری ئەو وەزارەتە و چووە بەغدا.
 
تۆش لەگەڵی چوویتە بەغدا؟
نەخێر، من لە کۆیە مامەوە، بەڵام هەر ساڵێک تێپەڕیبوو بەسەر وەرگرتنی پۆستی وەزارەت کە وازی هێنا، لەبەر ئەوەی تێگەیشتبوو کە هیچ شتێک بۆ کورد ناکەن؛ دانانی کوردێکێش وەکوو وەزیر هەر ناوە و هیچی تر. ئیتر گەڕایەوە بۆ کۆیە و مووچەکەشی وەرنەدەگرت هەرچەندە خێزانێکی زۆرمان لە ئەستۆ بوو وەکوو خۆمان و خێزانی ماڵی باوکی و ئەوانەی کە لەگەڵیان دەژیان.
 
تا کەی بەو شێوەیە مانەوە؟
ساڵی 1965 بوو کە جارێکی تر بارودۆخی کورد لەگەڵ عیراق تێکچووەوە و هەردوو خوشکەکەی مەسعودیش (سورەیا و ئیقلیم) کوردایەتیان دەکرد، پێیان وتن گومانیان لەسەرە کە کاری سیاسی دەکەن و دەبێت ئاگادار بن. ئیتر بەو هۆیەوە ماڵمان گواستەوە بۆ بەغدا.
 
لە بەغدا ئاستی بژێویتان باش بوو؟
هیچ سەرچاوەیەکی بژێویمان نەبوو ئەوە نەبێت کە لە کۆیەوە بۆمان دەهات، ژیانێکی زۆر دژوارمان بەڕێ دەکرد.
 
ژیان و کەشی ئەوکاتی خێزانەکەتان و چۆن بوو لە بەغدا؟
کە لە بەغدا بووین، دایکی دوو کوڕ و کچێک بووم، هەمیشە ماڵمان پڕبوو لە خەڵکی رۆشنبیر و نووسەر و خوێندکارانی زانکۆ و ئەوانەی کە بۆ خوێندنی باڵا دەهاتنە بەغدا، مەسعودیش هەرگیز لێیان بێزار نەدەبوو. یەکێک لەو خوێندکارانەی ئەوسای بەغدا، دوو کتێبی نووسی لەسەر ژیان و نووسینەکانی، خۆیشی زیاتر لە 20 کتێبی نووسیوە لەسەر ئەدەب و مێژوو و سیاسەتی کوردایەتی، ئەمە جگە لە سەدان دەستنووس و وتار. منیش لەو ژینگە رۆشنبیرییەدا دەژیام و زۆریش حەزم لە خوێندنەوە بوو؛ تا رادەیەکی باش خەریک بووبووم پێیانەوە، بەڵام بەداخەوە کە نەمتوانی خوێندن تەواو بکەم. ئەوە زۆر ناخۆش بوو بۆ من، بەڵام لە کۆتاییدا بەهۆی ئەوەی مەسعود پیاوێکی هێندە میهرەبان و رۆشنبیر بوو، بە ئاسانی راهاتم لەگەڵ ژیانمدا.
 
کاتێک مەسعود محەمەد کۆچی دوایی کرد، ئێوە چیتان لەو سەرمایە زۆرەی دەستنووس و نووسین و کتێبەکانی کرد؟
مەسعود محەمەد لە ساڵی 2002 لە تەمەنی 83 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد. هیچی لەدوای خۆی بەجێ نەهێشت جگە لە گەنجینەیەکی گەورە لە کتێب و نووسینی ئەدەبی و سیاسی و مێژوویی کە مایەی شانازیە بۆ خۆم و منداڵەکانمان.
نووسین و کتێبەکانی زۆرن، زۆربەی بە زمانی کوردی و عەرەبی نووسیوە. هەموویمان پێشکەش بە زانکۆی کۆیە کرد جگە لە دەستنووسەکانی کە لای خۆمانە و هەندێک جار داوای دەکەن بۆ خوێندنەوە، بەڵام بەداخەوە نایگێڕنەوە بۆمان.
 
هیچ کاتێک تێکەڵاوی کاری سیاسی بوویت؟
هەرگیز کاری سیاسیم نەکردووە، بەڵام بەهۆی سورەیا خانی خوشکی مەسعود محەمەد، کە زۆر تێکەڵی سیاسەت بوو، منیش زۆر لەگەڵ ئەو ژنانەی کە سیاسەتیان دەکرد تێکەڵ بووم، وەکوو: درەخشان جەلال، خاتوو بەهیە مەعروف، خاتوو ئەنجوم زوهدی و ژیان عیزەت. هەرچەندە لەگەڵ درەخشان جەلال زۆر لە کۆنەوە تێکەڵ بووین بەهۆی ئەوەی کە حەپسە خانی نەقیب پوری بوو و زۆر هاتوچۆی ماڵی سەید ئەحمەدیان دەکرد، بەڵام ئەوەی کە من بەشداری سیاسەتم نەدەکرد، هەرگیز رێگر نەبوو لەو تێکەڵاوییەمان.
 
هیچ نووسینێکت هەیە؟
لەدواى قۆناغی خوێندنی ناوەندییەوە هیچ نووسینێکم نییە، چونکە بووم بە خێزانی نووسەرێکی قەڵەم بەبڕشت، وامدەزانی هەرچی بینووسم کەمە لەچاو نووسینەکانی ئەودا.
 
ئێستا لەگەڵ خوێندنەوە چۆنیت؟
ئێستایش هەرچییەک بەردەستم بکەوێت دەیخوێنمەوە.
 
چ جۆرە کتێبێک زۆر دەخوێنیتەوە؟
سەردەمی گەنجێتی زیاتر رۆمان و چیرۆکم دەخوێندەوە، بەڵام ئێستا زیاتر بیرەوەریی دەخوێنمەوە، بەتایبەتی لەسەر مهاتما گاندی زۆر شت دەخوێنمەوە و زۆریش پێی سەرسامم.
 
چەند منداڵتان هەیە و بە چییەوە سەرقاڵن؟
سێ منداڵمان هەیە، دوو کوڕ و کچێک:
دەوەن؛ خوێندنی تەواو نەکرد، ئێستا لە هەولێر دەژی.
محەمەد؛ دبلۆمی هەیە لە بواری یاسا، ئەویش لە هەولێر دەژی.
بنار؛ کۆلێجی ئاداب، بەشی زمانی فەرەنسی تەواو کرد و ئێستا لە ئەمەریکا دەژی.
هیچ یەکێک لە منداڵەکانت بەهرەی نووسینیان هەیە؟
بەڵێ، محەمەدی کوڕم دەنووسێ و چەندین کتێبی هەیە، ئەوەی ئێستا لەبیرم بێت: (وڵاتی بێ پایتەخت، نەتەوەکانی هیکتۆر، المدن ولعبة الاجیال...)، هەروەها هەندێک کتێبیشی وەرگێڕاوە لە زمانی ئینگلیزی بۆ سەر زمانی کوردی و عەرەبی.
 
لە کۆتاییدا پەیامت چییە؟
لە کۆتاییدا دەمەوێت ئەوە بڵێم کە هەڵوێستی دەسەڵاتی کوردیی بەرانبەر بە مەسعود محەمەد زۆر کەمتەرخەمە لە رووی مادییەوە، بەڵام لە رووی مەعنەوییەوە ئێمە زۆر دڵخۆشین بە بوونی ئەو پیاوە مەزنە لە خێزانەکەماندا و بەو هەموو خزمەتەی کە بە خاک و نەتەوەکەی کردووە.

*ئەم چاوپێكەوتنە بەڕێز (نەرمین عوسمان) لە چوارچێوەی پرۆژەی نووسینەوەی مێژووی بەشداریی ژنی كورد لە بوارە جیاوازەكاندا سازیكردووە.

خ. غ
Qaiwan
Qaiwan

زۆرترین خوێندنەوە

بیروڕا


News

جەلەوە و مسک الخیتام

لەلایەن عیماد ئەحمەد


News

وڵاتانی ناوچەكە كامیان هەڵدەبژێرن؟

لەلایەن ئه‌رسه‌لان په‌رۆش


News

کوشتنی ژنێک و راچڵەکینی کۆمەڵگەیەک

لەلایەن میهرەبان حسێن


News

کورد چاو لە عەرەب و ئەفغان بکات

لەلایەن بەهێز حسێن