کوردستانی

هۆشداری لە هاتنی قەیرانێکی سەخت دەدرێت

مەودا میدیا - سلێمانی |


هۆشداری لە هاتنی قەیرانێکی سەخت دەدرێت
مەودا میدیا- رێبین بازیانی

چەند رۆژێکە لە شاری سلێمانی کێشەی کەمی غازی ماڵان بۆ هاوڵاتییان دروستبووە، سەرۆکی لیژنەی پیشەسازی و وزە لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی-ش دەڵێت "بەهۆی دابەزینی پلەکانی گەرما و هاتنی سەرماوە خواست لەسەر بەکارهێنانی غاز لە لای هاوڵاتییان زیادیکردووە، ئەگەر کێشەکە چارەسەر نەکرێت رووبەڕووی قەیرانێکی سەختی غاز دبینەوە".

ئەمڕۆ پێنجشەممە 15ی کانوونی یەکەمی 2021 کەریم عەلی، سەرۆکی لیژنەی پیشەسازی و وزە لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بە مەودا میدیای راگەیاند "بەهۆی دابەزینی پلەکانی گەرما و هاتنی سەرماوە خواست لەسەر بەکارهێنانی غاز لەلای هاوڵاتییان زیادیکردووە و ئەو بڕەی پێشتر دابینکراوە ئێستا بەشناکات، گەر دۆخەکە وا بڕوات قەیرانی گەورەتری غاز لە شاری سلێمانی بەڕێوەیە".

ئەوەشی روونکردەوە "پشکی غاز بۆ شاری سلێمانی هەزار تۆنە، 700 تۆنی بەسەر هاوڵاتییاندا دابەشدەکرێت و 300 تۆنیشی دەدرێت بە بازرگانان و دەفرۆشرێتەوە، بەڵام لە ئێستادا بازرگانان ئەو بڕە غازە لە ناوخۆی سلێمانی نافرۆشنەوە بەڵکو هەناردەی دەرەوەی دەکەن ئەمەش بووەتە هۆی کەمبوونەوەی غاز لە شاری سلێمانی و سەرهەڵدانی قەیرانی غاز".

وتیشی "ئەگەر بێت و کێشەکە چارەسەر نەکرێت و کەشوهەوا ساردتر ببێت بێگومان خواست لەسەر بەکارهێنانی غاز بەرزدەبێتەوە و ئەوەش قەیرانێکی سەختی غاز لە پارێزگاکەدا دروست دەکات و نرخی غازی بازرگانی بەرزدەبێتە و پێویستە هەرچی زووە وەزارەتی سامانە سروشتییەکان بێتە سەرخەت و کێشەکە چارەسەر بکات".

ر. ب


Qaiwan
Qaiwan