کوردستانی

بکوژی ژنەکەی سلێمانی دەستگیرکرا

مەودا میدیا - سلێمانی |


بکوژی ژنەکەی سلێمانی دەستگیرکرا
مەودا میدیا-

بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی دەستگیرکردنی بکوژانی ئەو ژنەی راگەیاند کە تەرمەکەی لە گەڕەکی بەکرەجۆ فڕێدرا بوو، بەپێی وتەی تاوانباران ئەو ژنە لە کافتریایەک کاری کردووە.

لە راگەیەندراوێکدا ئاسایشی سلێمانی رایگەیاند "سەرلەبەیانی رۆژی دووشەممە 13ی کانونی یەکەمی 2021 زانیاریمان پێگەیشت لە بوونی تەرمی ژنێکی نەناسراو لەسەر رێگەی سەرەکی گەڕەکی بەکرەجۆ، دەستبەجێ تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی سلێمانی دەستیان کرد بە کاری لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون و لەماوەی کەمتر لە 48 کاتژمێر توانرا دوو تۆمەتبار دەستگیر بکرێن". 

ئەوەشخراوەتەڕوو "تۆمەتباران بە بەناوەکانی (خ ح ع ) و (د خ ق) لە ئەنجامی لێکۆڵینەوە دانیان نا بە تاوانەکەیاندا و پێناسی تاوان لێکراویان ئاشکرا کرد کە ناوی (د ت ع) لەدایکبووی ساڵی 2003". 

تۆمەتباران لە وتەکانیاندا ئەوەیان خستووەتەڕوو کە "پێشتر یەکتریان ناسیوە و تاوانلێکراو لای تاوانباری سەرەکی لە یەکێک لە کافتریاکانی شاری سلێمانی بە ناوی کافتریای (لاس فیکاس) لە شەقامی سالم کاری کردووە و شەوی تاوانەکە پێکەوە بوون لە ماڵی تۆمەتبار (د خ ق) و لە بەرەبەیاندا کێشە دەکەوێتە نێوانیان و لەئەنجامدا تۆمەتبار (خ ح ع) بە بەکارهێنانی چەک هەڵدەستێت بە کوشتنی تاوانلێکراو (د ت ع) پاشان بە ئوتۆمبیلەکەی تەرمەکەی دەگوازێتەوە بۆ ئەو شوێنەی کە تەرمەکەی تیدا دۆزرابوویەوە، پاشان هەوڵی خۆحەشاردانی داوە".

 ئاسایشی سلێمانی باسی لەوەشکردووە "تیمەکانی ئاسایشی سلێمانی سەرکەوتووانە توانیان تۆمەتباران دەستنیشان بکەن و دەستگیریان بکەن، دەستیش گیرابەسەر ئەو چەک و ئوتۆمبێلەی کە لەتاوانەکەدا بەکار هێنرا بوو، هەروەها لەئێستادا تۆمەتباران لەسەر بڕیاری دادوەر بەپێی مادەی (406 ) لە یاسای سزادان بەندکراون و لێکۆلینەوە بەردەوامە لەگەڵیان".

س،ر
Qaiwan
Qaiwan