کوردستانی

ھەواڵێکی ناخۆش لە بەغداوە لەبارەی 200 ملیار دینارەکەوە

مەودا میدیا - سلێمانی |


ھەواڵێکی ناخۆش لە بەغداوە لەبارەی 200 ملیار دینارەکەوە
مەودا میدیا- سازگار ئەحمەد

ئەندامێکی  پێشووی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق رایدەگەیەنێت ناتوانن بڵێین ناردنی 200 ملیارەکەی بەغدا لە ساڵی تازە بۆ هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت، ئاماژەی بەوەشکرد هۆکاری سەرەکی دواکەوتنی پێکهێنانی حکومەتی نوێی عیراق ناکۆکییەکانی ناو ماڵی شیعەیە.

جەمال کۆچەر، ئەندامی پێشووی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق و کاندیدی سەرکەوتووی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان بۆ خولی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەران سەبارەت بە ناردنی 200 ملیارەکەی بەغدا بۆ هەرێم لە ساڵی نوێدا بە مەودا میدیای راگەیاند "نازانین رێککەوتن لەنێوان هەرێم و بەغدا لەسەر ئەو بڕە پارەیە چۆن کراوە، چونکە ئەو پارەیە نە بابەتی بودجەیە تاوەکو بڵێین خەرجکردنی بەردەوام دەبێت، بۆیە ناتوانین بڵێین ناردنی ئەو پارەیە بەردەوام دەبێت یان نا".

ئاماژەی بەوەشکرد "دەبێت حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام داوای ئەو 200 ملیارە لە بەغدا بکات، چونکە ئەوە تەواوکەری بەشی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمە کە بەشێکە لە بودجەی بەکارخستن، هیچ پەیوەندییەکی بە پەسەندکردن و پەسەندنەکردنی بودجەوە نییە".

جەمال کۆچەر سەبارەت بە پێکهێنانی حکومەتی نوێی عیراق وتی "هۆکاری سەرەکی دواکەوتنی پێکهێنانی حکومەتی نوێی عیراق ناکۆکییەکانی ناو ماڵی شیعەیە، چونکە کێشەی گەورە ئەوەیە هەردوولا چەکدارن ئەگەر رازی نەبن لەسەر میکانزمێک شەڕ دروست دەبێت".

وتیشی "دادگای فیدڕاڵی ناتوانێت بەپەلە بڕیار لەسەر دۆسیەی تانەکانی هەڵبژاردن بدات، هەروەها ئەگەر 22ی ئەم مانگە دادگای فیدڕاڵی بڕیار نەدات ئەوا ئەو لایەنانەی سەرکەوتوون فشاری دەکەن بۆئەوەی بڕیاری یەکلاکەرەوە بدرێت".

شایەنی باسە لە رۆژی 10ی تشرینی یەکەمی 2021 هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بەڕێوەچوو، بەڵام تائێستا ئەنجامەکانی هەڵبژاردن ناکۆکییان لەسەرە و دادگای فیدڕاڵیش بڕیاری یەکلاکەرەوەی بۆ نادرێت، ئەمەش پێکهێنانی حکومەتی نوێی عیراق دوادەخات.

س،ر
Qaiwan
Qaiwan