چاوپێكەوتن
خاتوو گێلاس: باوکم، بە هۆنراوەکانی شۆڕشێکی گەورەی رۆشنگەری راگەیاندووە
مەودا میدیا - سلێمانی |
مەودا میدیا-
مایەی تێڕامان و سەرسووڕمانە؛ هەمان کتێبی ئاسمانی، هەمان پەیامبەر، هەمان مەزهەب و پێشەوا، هەمان رێسا و بەرنامە، بەڵام دوو بیرکردنەوە و تێڕوانینی تەواو جیاواز و دژ بەیەک بۆ ژیان و ئازادی و مافەکانی مرۆڤ، بەتایبەتی مافەکانی ژنان! یەکێکیان دژی هاتنەدەرەوە و خوێندن و پیادەکردنی سادەترین مافی ژیانە بۆ ژنان، ئەوی تریشیان خۆی دەستی کچەکەی دەگرێت و دەیباتە خوێندنگەی کوڕان و ناوبازاڕ و بە هەمان چاو سەیری هەردوو رەگەز دەکات... لە چاوپێکەوتنی ئەم جارەدا، خاتوو گێلاسی کچی شاعیری پێشکەوتنخوازی کورد (موفتی پێنجوێنی) دەدوێنین، کە بەهۆی دژایەتی بێگانەپەرستی و نەخوێندەواری و نەریتی کۆن و نامۆ بە کۆمەڵگەکەمان، خێزانەکەیان باجی زۆریان داوە و بوونەتە جێی تانەوتەشەری کەسانى دواکەوتوو و هزر تاریک.
خاتوو گێلاس کێیە، کەی و لە کوێ لەدایکبووە؟
گێلاس عەبدوڵڵا کەریم، باوکم ناسراوە بە موفتی پێنجوێنی، لە 1ی تەمووزی 1949 لە پێنجوێن لە گەڕەکی هەزار کانی لەدایکبووم. حەوت کچ و دوو کوڕ بووین، من بچووکترین منداڵی خێزانەکەم.
موفتی پێنجوێنی بەوە بەناوبانگ بووە کە زۆر هانی خوێندن و فێربوونی داوە بەتایبەتی بۆ کچان، سەبارەت بە تۆ ئەمە چۆن بوو؟
لە تەمەنی حەوت ساڵییەوە چوومەتە قوتابخانەی سەرەتایی کچان، ئەو کاتە دایکم نەخۆش بوو، بەڵام بەهۆی گاریگەریی باوکم کە زۆر هانی خوێندنی کچانی دەدا و ئێمەی پێ گۆش کردبوو، لە کاتێکدا زۆربەی کچانی گەڕەک کە هاوتەمەنی من بوون خەریکی یاریی موورموورێن بوون لە کۆڵان، من گەڕام پێناسی کەسێتی و وێنەی خۆمم دۆزییەوە و هەر خۆم چووم بۆ قوتابخانە خۆم تۆمار کرد، چونکە دایکم لە جێگەدا بوو بەهۆی نەخۆشییەوە، باوکیشم لە ژیاندا نەمابوو.
کە باوکت کۆچی دوایی کرد تۆ تەمەنت چەند بوو؟
باوکم لە 15ی حوزەیرانی 1952 کۆچی دوایی کردووە، ئەوکات من تەمەنم سێ ساڵان بووە، لە پرسەکەیدا دایکم و ژنان قوڕیان پێواوە و لە خۆیان داوە، من وامزانیوە خەنەیە و وتوومە منیش خەنەم دەوێت بیدەم لە دەستم، ئیتر ژنان چوون بە دایکمیان وتووە کە گێلاس داوای قوڕ دەکات وادەزانێت خەنەیە، دایکم پێی وتوون بۆی لێ بدەن. ئیتر هەردوو دەستمیان گرتووەتە قوڕ لەجیاتی خەنە.
هەرچەندە تۆ زۆر منداڵ بوویت کە باوکت کۆچی دوایی کردووە، بەڵام هەست دەکەیت ئەو هاندان و گرنگیدانەی باوکت بە خوێندن کاریگەریی هەبووبێت لەسەرتان؟
بەڵێ، هەر لە پۆلی سێی سەرەتاییەوە بەتەواوی فێری خوێندنەوە بووم و رۆژانی پێنجشەممان کە (تحیة العلم) دەکرا، هەموو جارێک منیان دەردەهێنا و ئەم هۆنراوەیەی باوکم دەخوێندەوە:
مەکتەب ژیانی میللەتە
باخی حەیات و وسڵەتە
بۆ ئەهلی دنیا جەنەتە
باخێکە مەکتەب پڕسەمەر
شوعلەی ئەچێ بۆ دەشتودەر... تاد.
ژیان و گوزەرانی خێزانەکەتان چۆن بوو؟
ژیان و گوزەرانمان زۆر خراپ بوو، بەهۆی ئەوەی کە خێزانێکی زۆر بووین و تاکە بەخێوکەریشمان هەر باوکم بووە. باوکم لە ماڵەوە بە دەست جگەرەی دروست کردووە، تووتنی زۆری دەهێنا لە ماڵەوە وشکی دەکرد، ئینجا دەیکوتا و دەیبێژایەوە و دەیکردە ناو قامیشە جگەرەوە، ژمارەیەکی زۆری بەیەکەوە دەبەست بە قایشێک، ئینجا تووتنەکەی تێ دەکردن و دەیکوتانەوە، کە تەواو دەبوو سەری جگەرەکانی دەگرت و دەیکردن بە دەسکی بچووک بۆ فرۆشتن. دایکیشم هەر لە ماڵەوە سابوونی دروست دەکرد؛ بەز و دووگ و خوێ و خۆڵەمێشی تێکەڵ دەکرد و لە مەنجەڵی گەورەدا دەیکوڵاند و دوایی دەیکردە تەنەکەی گەورەوە، کە وشک دەبووەوە، دەیبڕی وەکوو قاڵبی بچووک و دەینارد بۆ بازاڕ بۆ فرۆشتن، کەفەکەشی دەگرت بۆ جوانیی دەموچاو و پێست بەکاریان دەهێنا، پێیان دەوت سابوونی سەرکەف.
ژیانی منداڵیت چۆن بوو لە کاتێکدا نەدار بوون و دایکت نەخۆش بوو و باوکیشت نەمابوو؟
ژیانی منداڵیم لە ماڵەوە زۆر قورس و ناخۆش بوو. بەهۆی نەخۆشییەوە دایکم نەک ئیشی سابوون دروستکردن، بەڵکوو نەیدەتوانی ئیشی ناوماڵیش بکات. ئەرکێکی زۆر و بەرپرسیارێتی کە لە ئاستی ئەو تەمەنەی ئەوکاتی من نەبوو، کەوتە سەرشانم. هەندێک لە خوشک و براکانم رۆیشتنە ماڵی خۆیان و هەر من و لیمۆی خوشکم و دوو برام ماینەوە. کامیلی برام، ئەوکات لە کەرکوک لە ئامادەیی پیشەسازی دەخوێند، لیمۆش لە بەغدا بوو بۆ خوێندنی پەرستاری. عەبدولکەریم کە برای گەورەم بوو، ئەویش ژنی هێنا و منداڵێکیان (عەتا) بوو. ئیتر دایکم لە پۆلی سێی سەرەتایی منی لە قوتابخانە دەرهێنا و عەتای پێ بەخێو دەکردم، چونکە دایکی عەتا شیری کەم بوو، دەبوایە من ماڵ بە ماڵی پێنجوێن بگەڕێم بۆ ئەو دایکانەی کە منداڵی شیرەخۆرەیان هەبوو، عەتام بە باوەش ببردایە بۆ ئەوەی شیری دایکی بۆ پەیدا بکەم، تەنانەت لە ماڵیشەوە هەر خۆم بەخێوم دەکرد. بەم هۆیەوە دوو ساڵ وازم لە خوێندن هێنا، بەڵام کە دەمبینی هاوڕێکانم لە قوتابخانەن و دەخوێنن، ئیتر هۆشم بەخۆمدا هێنایەوە و گەڕامەوە بۆ خوێندن، هەتا پۆلی شەشی سەرەتایی لە پێنجوێن بووم.
لەو کاتەدا کامیل و لیمۆی خوشکم خوێندنیان تەواو کرد، هەردووکیان لە سلێمانی دامەزران، ئێمەش ماڵمان هێنایە سلێمانی و من پۆلی شەشم لە سلێمانی تەواو کرد لە قوتابخانەی خانزادی سەرەتایی. بۆ خوێندنی ناوەندیش چوومە ئامادەیی سلێمانی کچان کە ئەوکات ناوەندی و ئامادەیی بوو بەیەکەوە. بەڕێوەبەرەکەمان مامۆستا (نەسرین مەزهەر) بوو، مامۆستا (کامیل بەسیر) وانەی عەرەبی پێ دەوتین، مامۆستاکانی ترمان ئەمانە بوون: مامۆستا فروخ (عەرەب بوو)، مامۆستا شەوقیە، مامۆستا نەزیرە، مامۆستا رووناکی عەبدوڵڵا زوهدی وانەی ئینگلیزی پێ دەوتین، مامۆستا ئەنجومی عەبدوڵڵا زوهدیش وەرزشی پێ دەوتین.
کاتێک هاتنە سلێمانی هیچ گۆڕانکارییەک بەسەر ژیانتدا هات؟
لە سلێمانیش بە هەمان شێوەی پێنجوێن ماڵمان هەمیشە پڕ بوو لە پێنجوێنی، کە دەهاتن بۆ سلێمانی بۆ ئیش یان بۆ لای پزیشک، ئیتر من لەبەر سەماوەر دادەنیشتم بە دەستێک چام تێ دەکرد و بە دەستەکەی ترم کتێبەکەم هەڵگرتبوو. ئەمە جگە لەوەی دایکم دوو کچی عەبدولکەریمی برام (ژیان و رازاو)، کە تەمەنیان ساڵ و نیو و سێ ساڵ بوو هێنایە سلێمانی و بە منی بەخێو دەکردن، هەروەها کوڕی خوشکێکیشی (بێستون) کە باوکی نەمابوو، هێنابووە ماڵی ئێمە، هەر بۆیە من ئەرکم زۆر بەسەرەوە بوو و ژیانم زۆر قورس بوو، بەڵام گیانێکم بە لیمۆی خوشکم بوو کە زۆر یارمەتی دەدام، هەمیشە خشڵ و جلوبەرگی بۆ دەکڕیم و هانی دەدام کە بخوێنم.
وەک باسی دەکەیت زیاتر لە لیمۆی خوشکت نزیک بوویت، ئەو کەسێکی چۆن بوو؟
لیمۆ کچێکی ناسک و نازدار و زۆر جوان بوو، لەدوای شەشی سەرەتایی چوو بۆ بەغدا بۆ خوێندن لە پەیمانگەی پەرستاری. لیمۆ، هەستی کوردایەتی زۆر بەهێز بوو، کاری سیاسی دەکرد و پێشمەرگەی ناوشار بوو. هەموو رۆژێک هەندێک دەرمان، لەفاف، دەرزی، سرنج و هەرچی بەردەست بکەوتایە دەهێنایە ماڵەوە و دایدەنا هەتا زۆر دەبوون، ئینجا دەیپێچانەوە و دەیانبرد یان دەیانناردن بۆ پێشمەرگە. لیمۆ کە دەچوو بۆ کۆبوونەوەی حزبی یان بۆ چارەسەری پێشمەرگە بۆ ماڵان، منی لەگەڵ خۆی دەبرد. لەبیرمە جارێکیان پێشمەرگەیەکی بریندار ناوی رزگار بوو، لە ژێرزەمینی ماڵێکدا بوو، لیمۆ چووە خوارەوە بۆ لای بۆ پێدانی چارەسەر و تیمار کردن. یەکێکی تریشم لەبیرە ناوی دارا بوو.
لیمۆ زۆر مرۆڤدۆست بوو، کە دەچوو بۆ مامانی، ئەگەر بیزانیایە ماڵەکە دەستکورتن، هەرگیز پارەی لێ وەرنەدەگرتن. بەداخەوە، زۆر بەگەنجی بەهۆی نەخۆشیی شەکرەوە کۆچی دوایی کرد. لە کاتی ناشتنی تەرمەکەی لە ساڵی 2000، فەرمانگەی تەندروستی سلێمانی مەراسیمێکی گەورەیان بۆ ساز دا.
تۆ کە ئەو هەموو ئەرکەت لەسەر شان بوو، لە خوێندندا ئاستت چۆن بوو؟
لە پۆلی سێی ناوەندی دەرنەچووم و ساڵێک مامەوە، بۆ ساڵی دووەم کە دەرچووم، زۆر حەزم لە مامۆستایی بوو، بەڵام ئەو ساڵە خانەی پێگەیاندنی مامۆستایان داخرابوو، بۆیە چوومە خوێندنگەی هونەری ماڵداری کە پێیان دەوت "الفنون البیتیة". لەو خوێندنگەیە هەفتانە سێ وانەمان دەخوێند لە بارەی چێشتلێنان، سێ وانەش دەربارەی چنین و دروومان، ئەمە جگە لە وانەکانی تر. هەتا پۆلی شەش بەردەوام بووم، بەڵام لە پۆلی شەش نەخۆش کەوتم و تووشی هەوکردنی لووت و جیوب بووم و لێی کردم بە شەقیقە، بە جۆرێک لێی پیس کردم کە نەمدەتوانی سەر دابنەوێنم سەیری کتێب بکەم، لەبەر ئەوە ساڵێک مۆڵەتم وەرگرت.
کەى هاوسەرگیرت کرد؟
دایکم زۆر حەزی دەکرد شوو بکەم، هەر لەو ساڵەی کە مۆڵەت بووم، دامی بە شوو بە ئامۆزایەکی خۆی (عوسمان) کە لە بەغدا فەرمانبەر بوو. ئیتر من بە چاوی پڕ لە گریانەوە درام بە شوو و ناردیانم بۆ بەغدا. لە بەغداش ماڵەکەمان بووبوو بە ئوتێل بۆ هەموو ئەو خزم و ناسیاوانەی کە رێیان دەکەوتە بەغدا، هەرچەندە ئێمە خۆمان لە نهۆمی سەرەوەی ماڵێکی عەرەب لە گەڕەکی ریاز کرێچی بووین.
تا کەی لە بەغدا مانەوە؟
لە بەغدا دوو کوڕم (ئاراس و هەڤاڵ) بوو. من هەرگیز بە ژیانی بەغدا رانەهاتم و هەمیشە هەستم بە غەریبی دەکرد، هەر بۆیە گەڕاینەوە بۆ سلێمانی و لە ماڵی لیمۆی خوشکم نیشتەجێ بووین و ماینەوە هەتا ساڵی 1981 لە گەڕەکی بەختیاری خانوومان کرد. پاشان منداڵی سێیەمم بوو، ناوماننا (فێنک) و دواتر گۆڕیمان بۆ (تارا). دوای ئەوەی منداڵی سێیەمم کەمێک گەورە بوو، ئیتر بیرم کردەوە کە کاتی ئەوەیە ئیش بکەم. لە رێگەی لیمۆی خوشکمەوە لە نەخۆشخانەی شیرەکە دامەزرام لە بنکەى خۆپارێزی، بەشی ژمێریاری. هەر لە کاتی ئیشکردنمدا کچێکی تریشم (تەرزە) بوو، بەڵام وازم نەهێنا لە دەوام و لە ماڵەوە منداڵەکانی تر بەخێویان دەکرد بۆم.
ئیشوکارتان چی بوو لەو نەخۆشخانەیە؟
12 ساڵ لەو شوێنە دەوامم کرد، زۆرم حەزم لە ئیشەکەم بوو کە جگە لە ئیشی ژمێریاری، ئیشی چاودێریی ژنی سکپڕیشمان دەکرد. لەو شوێنە بەرنامەیەکی تۆکمە هەبوو بۆ ئەم مەبەستە، رۆژانە بەپێی بەرنامەیەکی دیاریکراو ژنانی سکپڕ دەهاتن لە هۆڵی گەورە کۆ دەکرانەوە و رێنمایی تەندروستیی تایبەت بە کاتی سکپڕییان دەدرایە، دواتر نیوەڕوان ژەمێک خواردن ئامادە دەکرا بۆیان کە دەبوایە هەموو جۆرە کانزا و ڤیتامین و پرۆتین و هەرچی پێویست بوو بۆ دایکەکە و بۆ کۆرپەکە وەریانبگرتایە، ئەمە جگە لە شیری وشک کە دەیاندرایە. ئەم سەنتەرە ئەوەندەی شیر دابەش دەکرد، هەر بۆیە ناوی لێ نرابوو نەخۆشخانەی شیرەکە. دواتر بنکەی تەندروستیی ئیبراهیم پاشای لێ جیا کرایەوە و من کرام بە بەڕێوەبەری ئەو بنکە تازەیە.
ساڵی 1991 سکم هەبوو بە منداڵی پێنجەمم، ئیتر خۆم گواستەوە بۆ بنکەی تەندروستیی بەختیاری و لە کۆڕەوەکەدا کوڕێکم (هەندرێن) بوو. ئەمە قسەیەکی شاعیری گەورە شێرکۆ بێکەسی بیر هێنامەوە کە دەیوت لە کۆڕەوەکەدا هەر منداڵی ناو سکی دایکی تەڕ نەبوو بەهۆی باران و لێزمەوە.
هاوسەرەکەت کاری چی دەکرد و باری داراییتان چۆن بوو؟
خۆم و هاوسەرەکەم هەردووکمان کاری میریمان دەکرد و مووچەخۆر بووین، باری داراییمان زۆر باش بوو. هەروەها هاوسەرەکەم ئیشی کڕین و فرۆشتنی زەویوزاریشی دەکرد، خزم و کەسوکار پارەیان دەدایە ئیشی پێوە بکات و ئەویش قازانجی دەدانێ.
تا کەی بەو شێوەیە مانەوە؟
هەتا ساڵی 1996، بەڵام بەهۆی شەڕی نەگریسی ناوخۆوە بەتەواوەتی ئیفلاسمان کرد بوو. پێش ئیفلاسبوونمان ماڵمان لە بەختیاری بوو، خێزانێکی نموونەییمان هەبوو، هاوسەرەکەم زۆر رۆشنبیر و پێشکەوتنخواز بوو، ئەو کاتە باوی جلی کورت و مینیجۆب بوو زۆر جار کە جلێکی کورتم لەبەر دەکرد و لێم دەپرسی ئاخۆ جلەکەم زۆر کورت نییە، ئەو لە وەڵامدا دەیوت "ئەگەر هەتە بڕۆ لەوەش کورتتر لەبەر بکە". منیش و هاوسەرەکەشم رامان وا بوو کە دەبێت منداڵ هەر لە منداڵییەوە هان بدرێت کە باوەڕی بە خۆی هەبێت و کەسایەتی خۆی دابڕێژێت، هەر بۆیە منداڵەکانمان دەنارد بۆ خولی موزیک و مەلە و بۆ پاسکیلسواری. خۆشیان لە خوێندندا زۆر سەرکەوتوو و زیرەک بوون.
ئەو ئیفلاسبوونە کاریگەریی چی بوو لەسەر ژیانتان؟
کاریگەریی زۆر بوو، کار گەیشتە ئەوەی بەهۆی قەزردارییەوە ژیانیشمان کەوتە مەترسییەوە. هەر لە کاتی شەڕی ناوخۆ کە هەموو شت گۆڕا و ئێمەش بووین بە ژێر باری قەرزێکی زۆرەوە، بەو هۆیەوە خانووەکەمان خستە رەهنی دە هەزار دۆلار کە ئەمەش بۆ ئەو کاتە پارەیەکی ئێجگار زۆر بوو، چونکە سەد دۆلار دەیکردە دە هەزار دیناری سویسری، هەروەها هەرچی کەلوپەلی ناوماڵمان هەبوو فرۆشتمان هەتا تەباخ و سەلاجە و قاپوقاچاخیش. کەسوکارەکەی خۆم هەمیشە پێیان دەوتم منداڵەکانت بهێنەرەوە لە هەولێر و موسڵ با نەخوێنن، بەڵام من هەر بەرگەی ناخۆشییەکانم گرت و نەمهێشت منداڵەکان واز لە خوێندن بهێنن. هاوسەرەکەم بەهۆی ئەو فشارە زۆرەی کە لەسەرمان بوو، هێزی لەبەر بڕا، نەخۆش کەوت و هەموو گیانی دەلەرزی.
لەو کاتی تەنگانەیەدا کێ زۆر هاوکاریی دەکردن؟
زۆرێک لە کەسوکارەکانم زۆر باش بوون، زۆر جار پارەیان بۆ دەناردم بۆ خوێندنی منداڵەکانم. رابیعەی خوشکم مانگی سەد دۆلاری بۆ دەناردم بۆ خەرجیی زانکۆی منداڵەکان، بەڵام دواتر ئەویش نەیتوانی بۆمان بنێرێت.
ئەو رووداوانە تا چەند کاریگەرییان لەسەر تۆ هەبوو؟
ئەو کارەسات و رووداوە ناخۆشانە وا کاریان لە من کردبوو کە نەمدەزانی کێم و چیم، هەر بیرم نەمابوو کە کچی ئەو پیاوە گەورەیەم. ئێستا چەند ساڵێکە هاتوومەتەوە سەرخۆم و دەتوانم قسە بکەم و هۆنراوەکانی باوکم لەبەر بکەم، هەرچەندە بەتەنیا هەر لە ئێمە نەقەومابوو، بەڵکوو کێشەکە گشتگیر بوو، تەنانەت زۆر کەس لەو کاتەدا خۆیان کوشت.
وتت منداڵەکانت بەردەوام بوون لە خوێندن، ئێستا ئەوان بە چییەوە سەرقاڵن؟
منداڵەکانم خوێندنی باشیان تەواو کردووە، کەسانی بەسوودن بۆ کۆمەڵگەکەیان و رۆحی پاکی موفتی شادە پێیان.
ئاراس: پزیشکی جومگە و ئێسکە.
هەڤاڵ: پزیشکی بێهۆشکەر و چاودێریی چڕە.
فێنک: پزیشکی دەروونییە.
ئەم سێ منداڵەم، هەریەکە لە بوارەکەی خۆیاندا لە سوید بڕوانامەی دکتۆرایان بەدەست هێناوە.
تەرزە: ئەندازیاری تەلارسازییە و لە کەنەدا ماستەری وەرگرتووە.
هەندرێن: ئەندازیاری تەلارسازییە و لە ئەڵمانیا ماستەری وەرگرتووە.
ئێستا با بێینە سەر باسی موفتی پێنجوێنی، سەرەتا نازناوی (موفتی) لەلایەن کێوە بە باوکت بەخشراوە؟
لەلایەن مەلای گەورەی بیارەوە پێی دراوە.
هەچەندە تۆ منداڵ بوویت کە باوکت کۆچی دوایی کردووە، بەڵام بە تێڕوانینی تۆ باوکت کەسێکی چۆن بووە؟
بەڵێ، باوکم لە قۆناغێکی زۆر گرنگدا دەرکەوتووە، لە نیوەی یەکەمی سەدەی بیستەمدا، بانگەوازی خوێندن و زانست و نیشتمانپەروەریی کردووە، بە هۆنراوەکانی شۆڕشێکی گەورەی رۆشنگەریی راگەیاندووە، بانگەوازی خوێندن و سەربەخۆیی کردووە. دژایەتی چەوساندنەوەی دەرەبەگ و ئاغا و شێخایەتی و هەندێک مەلای کاڵفامی کردووە، زۆر هەوڵی داوە بۆ دەستەبەرکردنی مافی چەوساوە و مافی ژنان. هەروەها کەسێکی دژەباو و دژەنەریتی کۆن بووە، زۆر لەگەڵ ماف و ئازادیی ژن بووە، هەمیشە هانی خوێندنی کچانی داوە. هەروەها باوکم زۆر کوردپەروەر و نیشتمانپەروەر بووە، زۆر بەرگری لە زمانی کوردی کردووە لە کاتێکدا کە بەهۆی زاڵبوونی دینەوە زمانی عەرەبی زیاتر بەکار هاتووە. باوکم هەمیشە ئەو پرسیارە ئاڕاستەی نووسەر و کاربەدەستان دەکات و دەڵێت: بۆچی زمانی عەرەبی و تورکی و فارسیتان لا پەسەندە و زمانی کوردیتان پشتگوێ خستووە؟ ئەمە جگە لەوەی کە باوکم زۆر دژی نادادپەروەری بووە، ئەمەش هەمیشە لە هۆنراوەکانیدا رەنگیداوەتەوە، هەروەکوو لەم کۆپلەیەدا دەردەکەوێت:
خۆزگە ئەمزانی عەدالەت ڕەنگ و ڕوخساری چییە
بەرگە، خۆراکە وە یان دارودرەخت و سەوزییە
سێوە، هەنجیرە وە یا دارێکە ڕەنگی وەک بییە
شێرە یان گورگە وە یا بازە وە یاخود تووتییە
من ئەبێ لێی بێخەبەر بم یان لە ئەسڵا هەر نییە
لێرەدا دەمەوێت هەندێک لەسەر ئەوە بوەستین کە باوکت کەسێکی نوێخواز بووە و زۆر گرنگیی بە خوێندنی کچان داوە لەکاتێکدا ئەمە دژی بیرکردنەوە و نەریتی ئەو سەردەمە بووە... دەپرسم هەوڵەکانی باوکت لەو رووەوە چی بوون و کاردانەوەی خەڵکەکەش چۆن بوو لەو بارەیەوە؟
نموونە زۆرن، بەڵام لە هەموویان گرنگتر بەچڕیی هەوڵی داوە بۆ کردنەوەی خوێندنگەیەک لە پێنجوێن و ناوچەکانی دەوروبەری، چونکە ئەوسا خوێندن تەنیا لە حوجرە بووە لای مەلا. بە هۆنراوە ئەو داوایەی گەیاندووەتە بەرپرسانی ئەو سەردەمە.
لە یەکێک لە هۆنراوەکانیدا دەڵێت:
لە ڕێی مەکتەب سەرم دانێم ڕەوایە
لەبۆ دەردی دڵم خاکی شیفایە
ئەگەرچی چەند کەسێک لێی ناڕەزایە
لەلای من کۆشکی پڕ شەوق و چرایە
هەر کە هەوڵەکانی سەر دەگرێت و یەکەم قوتابخانە دەکرێتەوە، هەرچەندە قوتابخانەی کوڕان دەبێت، بەڵام باوکم وەکوو رچەشکێنێک کچەکەی خۆی (رابیعە) ناردووەتە ئەو قوتابخانەیە و تاکە کچ بووە لە نێوان کوڕەکان. ئەمەش وای کرد لە چەندین لاوە لۆمە بکرێت. بۆ نموونە؛ مەلا قادری ئارمەردە لە چەند دێڕە هۆنراوەیەکدا کە مەبەستی ئەو هەڵوێستەی موفتی پێنجوێنییە، دەڵێت:
داخی بەجەرگم ئاخرزەمانە
نیشانەی چاکی ڕوو لە نەمانە...
وەکوو بیستوومە لای ئێوە کچان
ئەچن بۆ مەکتەب بە ئابڕووتکان
زۆری نەماوە کە قەهری یەزدان
ئاگر بارێنێ لەجیاتیی باران
موفتی پێنجوێنیش لە وەڵامدا دەڵێت:
عالەم بە سنعەت چوون بۆ ئاسمان
تازە تۆ ئەگریت بۆ ئاخرزەمان؟
فەرمووتە کچان بۆ مەکتەب نەچن
کەی خوا فەرموویە خوێندەوار نەبن؟
ئەوانیش وەک تۆ ئادەمیزادن
شەریکی پیاون، حوڕڕ و ئازادن
ژنی وڵاتان بوون بە کاربەدەس
تۆش ئەمر ئەکەی بخرێنە قەفەس
نووسین بەکوردی تا کەی کوفرە لات
بۆچ لات ناخۆشە زبانی وڵات
جگە لەوەی رابیعەی خوشکمی خستووتە بەر خوێندن، دوای نیوەڕوانیش لەگەڵ خۆی بردوویەتی بۆ دوکان و بازاڕ بۆ ئیش و یارمەتیدانی خۆی، ئەمەش دەبێتە هۆی ناڕەزایی خەڵکی دواکەوتوو و ئەوانەی کە دژی خوێندن و چوونەدەرەوەی کچانن لە ماڵ، بەڵام باوکم گوێ نادات بە تیروتوانجی خەڵک و بە پێچەوانەوە بە هۆنراوە وەڵامیان دەداتەوە، هەروەکوو لەم هۆنراوەیەیدا دیارە کە لە ساڵی 1946 وتوویەتی:
کچێکم هەیە لە پۆلی سێیە
خوشکی هەنار و لیمۆ و بەهێیە
هەتا نیوەڕۆ خوێندەوارمە
لەپاش نیوەڕۆ کاسبکارمە...
قەزای ئەم کچەم لە کەسێ کەوێ
بێکەڵک و بێخێر ئەخوا و ئەخەوێ....
ئێوە و خواتان کچی کاسبکار
بۆ باشتر نییە لە پیاوی بێکار
خاتوو رابیعە تا چەندێک وەک تاقە کچێک لەو خوێندنگەیە بوو؟
ماوەیەک زۆر بەتەنیا بوو، بەڵام پاش ماوەیەک کاک عیزەتی مەئموری تەل و بەرق کە فەرمانبەر بووە و بە ئەرک هاتووەتە پێنجوێن، کچەکەی خۆی (ژیان) دەنێرێتە هەمان خوێندنگە و لەگەڵ رابیعە وەکو دوو کچ لە خوێندنگەی کوڕان دەخوێنن، ئەمە لە ساڵانی چلەکانی سەدەی رابردوو بووە.
وەکو باس دەکرێت، زۆرێک لە هۆنراوەکانی باوکت چەند جارێک فەوتاون و نەماون، دەتوانیت پێمان بڵێیت چۆن و بۆچی ئەمە رووی داوە؟
زۆر بەداخەوە، دوو جار هەموو دەستنووس و هۆنراوەکانی باوکم بەتەواوەتی تیاچوون، جارێکیان ساڵی (1946 - 1947) کە باوکم لەگەڵ مامۆستا قانعی شاعیر چوون بۆ ئێران بۆ شاری مهاباد بۆ لای قازی محەمەد، لەو کاتەدا زەمینلەرزە گەورەکە لە پێنجوێنی داوە و دوکانەکەی باوکم رووخاوە بەسەر هەموو نووسین و هۆنراوەکانیدا و هیچی بۆ دەرنەچووە. جاری دووەمیش لە ساڵی 1961 بوو، بەهۆی شۆڕشی کوردەوە و هاتنی پێشمەرگە بۆ ناو پێنجوێن بۆ چالاکیی چەکداری، حکومەتی عیراق لە بەرانبەردا سوپایەکی گەورەی بە سەرۆکایەتی (زەعیم سدیق) ناردە پێنجوێن، بەڵام خەڵکی پێنجوێن هەموو رامان کردبوو بۆ لادێکانی سەر سنوور لە ئێران، کە سوپاکەی زەعیم سدیق گەیشتنە پێنجوێن، بینییان چۆڵ کراوە، پرسیاریان کردبوو کە بۆچی ئەم شارە وا چۆڵە، دیارە ئەمانە هەموویان لەگەڵ (موخەڕیبینن)، ئیتر فەرمانی دابوو بە سوپاکەی کە پێنجوێن بسووتێنن، هەموو بازاڕەکەیان سووتاند و دوکانەکەی باوکیشم سووتا و دیسانەوە هەرچی نووسین و هۆنراوەکانی هەبوو بوون بە ژێر داروپەردووی دوکانە رووخاوەکەوە. زۆربەی هۆنراوەکانی باوکم بەهۆی پیرەمێردی شاعیر و قانعی شاعیرەوە پارێزراون، چونکە باوکم هەمیشە هۆنراوەکانی ناردووە بۆ پیرەمێرد بۆ بڵاوکردنەوەیان لە رۆژنامەکانی (ژین و ژیان)دا، ئەگەر ماوەیەک باوکم هۆنراوەی نەناردایە بۆ پیرەمێرد بۆ بڵاوکردنەوە، پیرەمێرد دەکەوتە گلەیی و توانج لێی و پێی دەوت دیارە بوویت بە ژێر بەفری پێنجوێنەوە، بۆیە دەنگت نییە.
دەبێت ئەو راستییەش بڵێم، کە ئومێد ئاشنا و بورهان قانعیش دەوریان هەبووە لە کۆکردنەوەی زۆرێک لە هۆنراوەکانی باوکم، هەرچەندە خۆشم زۆر گەڕاوم بەدوای هۆنراوە و نووسینەکانیدا، هەتا ماوەیەک رۆژانە دەچووم بۆ بنکەی ژین بۆ ئەوەی بە ناو گۆڤار و رۆژنامە کۆنەکاندا بگەڕێم بۆ هۆنراوەکانی، بەڵکوو بیاندۆزمەوە، بەڵام هەر یەک هۆنراوەم بۆ دۆزرایەوە لە رۆژنامەی (کوردستان).
وەک بیستوومە هەندێک خەڵکی پێنجوێن بەهۆی بۆچوونەکانی باوکتەوە ئازاری زۆریان داون؟
بەڵێ وابووە، تەنانەت منداڵانیان لێ هان داوین قسەمان پێ بڵێن، بەڵام باوکم بە خوشک و براکانمی وتووە نابێت گوێ بدەنە ئەو کەللەپوتانە.
ئەوان باوکمیان وەک کافر لەقەڵەم داوە، چونکە دژی نەریتە خراپ و دواکەوتووەکان بووە، داوای نوێخوازی کردووە و زانیویەتی میللەتەکەی گیرۆدەی نەزانین و نەخوێندەوارین.
هەندێک لە مەلا و موسوڵمانی دواکەوتووی ئەو سەردەمەی پێنجوێن و دەوروبەری، وەک تانە و بێڕێزیکردن پێیان وتووە "بابی"، مەبەستیشیان لە بابی، دینی بەهاییەکان بووە، کە لە کوردستان وایان پێ وتراوە. هەرکەسێک لەسەر دینی ئیسلام نەبوایە، ئەم نازناوەیان لێ دەنا. هەروەها پێیان وتووە: مەلا کافر، مەلا ئاگرپەرست یان مەلا بابی. باوکم لەسەر ئەو ناووناتۆرەیە بە هۆنراوە وەڵامی داونەتەوە:
(موفتی) مەبە عاجز لە کەسێک پێت ئەڵێ بابی
چونکە کەرە خۆی و نەتەوە و دایک و بابی
زاهید کە بە خوێنی جگەری خەڵقە ژیانی
من کافر و بێ دینم، ئەو قوتبە جەنابی
هەر سەبارەت بە باوکم، دەمەوێت ئەوەش بڵێم کە دەستودڵی زۆر فراوان بووە، هەمیشە پێی خۆش بووە نانێکی هەبێت لەگەڵ خەڵک بیخوات. خۆمان باری ئابووریمان خراپ بووە، بەڵام لە زستاندا داری ناردووە بۆ خوێندنگەکە بۆ ئەوەی منداڵەکان لە سەرما بپارێزێت. هەروەها ژنێکی بەتەمەنی هەژاری هێنابووەوە ماڵی خۆمان، تاکوو مرد لای خۆمان ژیا... یارمەتی زۆر کەسی دەدا.
پێشتر وتت دایکت زۆر نەخۆش بووە، ئەمە وای لە باوکت نەکردووە بیر لە هێنانی ژنی تر بکاتەوە؟
نەخێر، سەرەڕای ئەوەی تەندروستیی دایکم زۆر خراپ بوو و تووشی رۆماتیزمەیەکی سەخت بووبوو، دەتوانم بڵێم پەککەوتە بوو، تەنانەت نەیدەتوانی ئیشوکاری ناوماڵیش بکات. خەڵک بە باوکمیان وتووە "مەلا عەبدوڵڵا بۆ ژنێکی تر ناهێنیت؟" ئەویش لە وەڵامدا پێی وتوون: "رەعنا گوڵێک بووە کە هێناومە، ئێستا نەخۆشە من بچم ژنی بەسەردا بهێنم! چۆن شتی وا دەکەم!"
تا چەند کاریگەریی باوکتان لەسەر ماوە؟
راستیت پێ بڵیم؛ ئێمە (کچەکان) لەبەر ئەوەی بیرمان لە بەرژەوەندیی دارایی نەکردووەتەوە، زیاتر لە کوڕەکان کاریگەریی باوکمان لەسەرە، هەر هیچ نەبێت لە پەروەردەی مناڵەکانمان و جێبەجێکردنی وەسیەتەکەی باوکمدا، کە چ بە قسە بۆ ماڵومنداڵی خۆی و چ بە هۆنراوەش بە گشتی، وتوویەتی: "خوێندن دەرمانی هەموو دەردێکە".
لە کۆتاییدا دواقسەت چییە؟
لە کۆتاییدا دەڵێم ئەو هەموو ناخۆشییەم بینی لە ژیاندا، بەڵام لەوانە هەمووی ناخۆشتر ئەوەیە کە جێنزرگەکەی موفتی لە پێنجوێن بەرەو لەناوچوون دەچێت، ئومێدەوارم لایەنێک بەرپرسیاریەتی هەڵبگرێت لە پاراستن و چاککردنی و پەیکەرێکی موفتی تیا دابنرێت، هەروەها هەندێک لە هۆنراوە پێشکەوتنخوازەکانی تێدا نیشان بدرێت و خەڵکی سەردانی بکەن. هەروەها ماڵەکەی دروست بکرێتەوە و بکرێتە شوێنێکی رۆشنبیری و مۆزەخانە... ئاخر خۆ موفتی کەم نییە؛ هەڵکەوتوویەکی دەوروزەمانی خۆی بووە.