چاوپێكەوتن

فاتووش گونەی: شانازیی دەکەم کە ژنی پیاوێکی مەزنی وەکو یەڵماز گونەی بووم

مەودا میدیا - سلێمانی |


فاتووش گونەی: شانازیی دەکەم کە ژنی پیاوێکی مەزنی وەکو یەڵماز گونەی بووم
مەودا میدیا-

لە چەند رۆژی رابردوو، پایتەختی رۆشنبیری و داهێنان (سلێمانی)، لەمیانی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی ئەدەب، میوانێکی رۆحسووک و نازداری لەئامێز گرتبوو. دەرفەتەکەمان قۆستەوە و لە چوارچێوەی زنجیرە چاوپێکەوتنەکانم لەگەڵ خانمان، خاتوو فاتووش گونەی هاوسەری یەڵماز گونەی (نووسەر، سیناریست، دەرهێنەر و ئەکتەری کورد)مان دواند.

خاتوو فاتووش، لە تەمەنی لاوییەوە عاشقی کەسایەتی و کاریزما و هونەری یەڵماز دەبێت، پشت دەکاتە ژیانە شاهانەکەی ماڵە باوانی و دەبێتە هاوخەم، هاوئازار و هاوناوی گونەی.

بڕیارێکی بوێرانە و قورسە، لە سەردەمێکدا کە یەڵماز گونەی هەر خۆی لە رێگەی قەڵەم و هونەرەکەیەوە شۆڕشێکی گەورەی دژی تورکە کەمالیستەکان بەرپا کردبوو، تۆیش خوێندکارێکی ئامادەیی بە رەگەز تورک بیت؛ لەبەر خۆشەویستیی، سەرمایە و ئازادیی، بە ئازار و دەربەدەری بگۆڕیتەوە.

هەر لێرەوە سوپاسی تایبەتم بۆ مامۆستا لەتیف، کە وەک وەرگێڕی زمانی تورکی هاوکاریی کردین. 

سەرەتا فاتووش گونەی کێیە و کەی و لە کوێ لەدایک بوویت؟
ناوم فاتمە گونەیە، ناسراوم بە (فاتووش گونەی). باوکم ناوی (سلێمان گیل)ە. لە ساڵی 1952 لە شاری ئیستەنبوڵ لەدایک بووم.

بارى کۆمەڵایەتی و ئابووریی خانەوادەکەت لە چ ئاستێکدا بوو؟
من لە ماڵباتێکی بۆرژوازدا گەورە بووم، باوکم زۆر دەوڵەمەند بوو، خاوەنی کارگە بوو. منیش تاقانە بووم، لە نەوەی سوڵتان فاتیحم.

لە کوێ خوێندووتە و تا چ ئاستێک بەردەوام بوویت؟
لە خوێندنگەی راهیباتی ئەهلیی دەمخوێند، تا ئامادەییش هەر لەو خوێندنگەیە بووم، بەڵام بەهۆی ناسینی یەڵمازەوە؛ لە دوایین ساڵمدا وازم لە خوێندن هێنا لەو خوێندنگەیە.

چۆن یەڵمازت ناسی؟
هاوڕێیەکم مێردەکەی دەرهێنەری فیلم بوو، دەرهێنانی بۆ فیلمێکی یەڵماز دەکرد، جارێکیان وتی: "بابچین سەیری دەرهێنانی فیلمێک بکەین کە لە دەرەوەی ستۆدیۆ دەرهێنانی بۆ ئەنجام دەدرێت". چووم لەگەڵی. لەوێ خەریکی دەرهێنانی فیلمێک بوون ئەکتەرە سەرەکییەکەی پیاوێک بوو پێیان دەوت "پاشای ناشیرین"، ئەوسا ئەکتەرێکی تورک هەبووە ناوی لە خۆی ناوە "پاشای جوانی"، ئەمیش (یەڵماز گۆنەی) وتبووی با من "پاشای ناشیرین" بم. لەوێ بە هاوڕێکەمم وت: "بۆ ئەو ناوە؟" چونکە خۆی بە پێچەوانەوە بوو، زۆر قۆز بوو، کاریزمایەکی تایبەتی هەبوو. هەر لەوێ یەڵماز هاتە لامان و بەیەکەوە قاوەمان خواردەوە. یەڵماز پێی وتم: "من تۆ لە خەیاڵمدا دەناسم." کاتێک گەڕامەوە ماڵەوە، پۆستەرێکم لە ژووری خۆم هەڵواسی. باوکم بینی، وتی: "ئەمە کێیە؟" بۆم باس کرد، باوکم لەبەر ئەوەی خاوەن کارگە بوو، بۆرژواز بوو، وتی: " لاى خۆم لەو جۆرە پیاوانەم بە سەدان هەیە."

یەڵماز گونەی

دواتر کەی یەکتریتان بینییەوە و چۆن داوای هاوسەرگیریی لێ کردیت؟
لەو کاتەی یەڵماز لە خزمەتی سەربازیی بوو، بە پشووی یەک مانگی هاتبووەوە، خەریکی ئەو فیلمە بوو کە باسم کرد. ساڵێکی تەواو کردبوو و ساڵێکی مابوو، چونکە خزمەتی سەربازی لە تورکیا دوو ساڵە. پێش ئەوەی بڕواتەوە، هاوڕێکەم وتی: "یەڵماز دەیەوێت بتبینێت." ئیتر یەڵمازم بینی و بە ئۆتۆمبێل چووین بۆ شوێنێکی سەوزایی زۆر جوان، لەوێ زۆر قسەمان کرد. یەڵماز بۆی باس کردم کە ماڵباتی ئەوان هەژارن، زۆر هەوڵی داوە و ماندوو بووە تا گەیشتووەتە ئەو ئاستەی ئێستەی. هەروەها وتی: "زۆر لە خەیاڵمدا هەبووە خێزانێکم هەبێت وەک تۆ بێت." ئەوکات شووکردن و خێزان دروستکردن لە بیرکردنەوەمدا نەبوو، دەمویست خوێندنی ئامادەیی تەواو بکەم و بچم بۆ کۆلێج. بە یەڵمازم وت: "ئەوە چییە، تۆ هەر کچێکی جوان ببینیت داوای هاوسەرگیری لێ دەکەیت؟" وتی: "لە وڵاتی ئێمە کوڕ و کچێک یەک دەبینن پێویست بە قسە ناکات و بەبێ قسەکردن ئاشقی یەک دەبن." وتیشی: "من سەربازیم تەواو نەکردووە، یەک ساڵم ماوە، کە رۆیشتمەوە بۆ ئەوەی زیاتر بمناسی، نامەت بۆ دەنێرم، بەس پێش رۆیشتن دەستگیرانم بە." پێم وت: "باوکم پیاوێکی تووڕەیە و رەفتاری رەق و توندە، نایەوێت شوو بە ئەکتەر بکەم." یەڵماز وتی: "سەیر بکە! رۆژێک دێت ئەوان ناوم دەبیستن و خۆشیان دەوێم." 

ئیتر گەڕایەوە بۆ سەربازی، لەوێوە نامەبارانی کردم، لەو نامانەدا جگە لە هەستی جوان، باسی خەسڵەت و خێزان و بیرکردنەوەکانی خۆی بۆ دەنووسیم. دوای ئەو نامە زۆرانە، کاری تێ کردم و هەستی بزوواندم بەلای خۆیدا.

چ کاتێک خانەوادەکەت بەم پەیوەندییەیان زانی؟
جارێکی تر مۆڵەتی وەرگرتەوە و بانگهێشتی کردم بەیەکەوە چووین بۆ سینەما، ئەو رۆژە نەچووم بۆ خوێندنگەکە، ماڵەوەمان زانییان و زۆر تووڕە بوون. کە یەڵماز ئەمەی زانی، دوو کەسی نارد بۆ ماڵی باوکم بۆ خوازبێنی کردنم. باوکم بەو دوو پیاوەی وتبوو: "یەڵماز کوڕێکی چاکە و هونەرمەندە، بەڵام کچی ئێمە منداڵە و خوێندنی تەواو نەکردووە." یەڵماز وتبووی: "قسەی خێزانەکەی بەلامەوە گرنگ نییە، لە خۆی بپرسن." دواتر ئەڵقەیەکی بۆ ناردم و نەمدەوێرا لە دەستی بکەم، وەک ملوانکە لە ملم کردبوو. ئیتر جارێکی تر گەڕایەوە بۆ سەربازی و بە نامە ئاگامان لەیەک بوو. 

هاوسەرگیریتان بەشێوەیەکی ئاسایی بوو یان دایک و باوکت بوونە رێگر؟
دوای تەواوکردنی خزمەتی سەربازی، گەڕایەوە بۆ ئیستەنبوڵ و منیش بووبووم بە هەژدە ساڵ. دایک و باوکم زانییان لە یەڵماز جیانابمەوە، بڕیاریان دا بمنێرن بۆ سویسرا بۆ خوێندن. پاسپۆرتیان بۆ ئامادە کردم، کە نزیک رۆیشتن بووەوە، لە ماڵەوە دەرچووم و ماڵی باوکم جێهێشت و چووم بۆ ماڵی یەڵماز. ئەوکات دایکی لە ئیستەنبوڵ بوو، یەڵماز نەیدەزانی هەڵدێم لە ماڵی باوکم و دەچمە لای، پێم وت: "دەمەوێت هاوسەرگیری بکەین، وا بەپێی خۆم هاتووم، خۆ پەشیمان نیت؟" وتی: "ئەمە خەونە گەورەکەی منە"، بەڵام خەمگین دیار بوو، چونکە بێ رەزامەندی ماڵی باوکم بووە. وتی: "با بەیەکەوە بچین بۆ لایان"، بەڵام من وتم: "نامەوێت بچین بۆ لایان." 

ئیتر ئەو شەوە یەڵماز چوو بۆ ئوتێل و من لای دایکی مامەوە. بۆ رۆژی دواتر چووین بۆ مارەبڕین و بە فەرمی بووین بە ژن و مێردی یەکتری. هەر ئەو کاتانەیش زیاتر شارەزای دایکی و ماڵباتی بووم. 

هاوسەرگیرییەکەتان لەسەر دابونەریتی کوردەواریی کرد یان بە شێوەی تورکی و ماڵباتی خۆتان؟
خۆم ئارەزووم بوو ئاهەنگێکی لە شێوەی ئاهەنگی گوندەکانی کوردستانم بۆ ساز بکات (وەک ئەوەی لە فیلمەکانی یەڵمازدا بینیبووم)، بەڵام ئەو وتی: "ئێستا مانگی حوزەیرانە و خەڵکی گوند خەریکی چنینەوەی لۆکەن، کەس نایپرژێتە سەر ئاهەنگ." هەر لە ئیستەنبوڵ ئاهەنگێکی بچووکمان ئەنجام دا بۆ دۆست و ناسیاوەکانمان. 

کە دایک و باوکت ئەمەیان زانی، کاردانەوەیان چی بوو؟
دوای ئەوە باوکم زۆر زویر بووبوو، وتبووی ئیتر من کچێکم نییە بەناوی فاتووش، بەڵام دایکم بەنهێنی دەهات سەری لێ دەداین. دوایی دایکم داوای لە باوکم کرد کە تازە شتەکە بووە بە واقیع و باشترە قبووڵی بکات. ئیتر دوای هەوڵێکی زۆر؛ لە جەژندا لەگەڵ یەڵماز چووین بۆ لایان و یەڵماز دەستی باوکم و دایکمی ماچ کرد، هەرچەندە تەمەنیان لەیەکەوە زۆر نزیک بوو، چونکە یەڵماز (15) ساڵ لە من گەورەتر بوو.

ئەو جیاوازیی تەمەنە نەبوو بە کێشە بۆتان؟
نەخێر، هەرچەندە ئەگەر لە سەرەتاوە بمزانیایە پێدەچوو بیرم لەوە بکردایەتەوە کە وەک خوشک و برا بووینایە، بەڵام ئەو جیاوازییە دیار نەبوو، دواتریش هەرگیز نەبووە کێشە، ژیانی پڕ کردبووم لە خۆشەویستی.

کەی منداڵتان بوو؟
دوای ساڵ و نیوێک کوڕێکمان بوو.

ئەوکات کە یەڵمازت ناسی، کەسێکی چۆن بوو؟
ئەوسا یەڵماز پیاوێک بوو بە بیروباوەڕ کۆمۆنیست بوو، داکۆکیکەر بوو لە مافی نەتەوەی کورد و خەڵکی مافخوراو. هەروەها دژی زایۆنیزم بوو.

یەڵماز گونەی
ئەو خەسڵەتانە تا چەند کاریگەرییان لەسەر رێڕەوی ژیانی هەبوو؟
زۆر، بۆ نموونە؛ هەندێک لەوانەی دژی زایۆنیزم بوون، نێردراوێکی ئیسرائیلیان کوشتبوو، لای یەڵماز خۆیان شاردبووەوە (ئەو ساڵانە بوو کە بزووتنەوەی کۆمۆنیستی لە هەموو دنیادا پەرەی سەندبوو، بزووتنەوەی خوێندکاران و لاوانی چالاکوانی کۆمۆنیستی زۆر بوون). دوای ئەوەی دەستگیر کران، لە ساڵی 1971 دوو ساڵ و نیو سزای زیندانییان بەسەر یەڵمازیشدا سەپاند. 

پاش ئەوەی لە زیندان دەرچوو، لە ساڵی 1974 بۆ دەرهێنانی فیلمێک چووین بۆ ئەدەنە. لە کاتی دەرهێنانی فیلمەکە؛ رۆژێکیان هەموو کارمەند و ئەکتەرەکان و منیش لە رێستۆرانتێکی شاری یومورتالیک کۆبووبووینەوە، دادوەری دادگای ئەو شارە هاتە رێستۆرانتەکە و جنێوی راستەوخۆی بە یەڵماز و بە کۆمۆنیستەکان دەدا. خەڵک ویستیان پەلاماری بدەن، یەڵمازیش ویستی فیشەکێک بە ئاسماندا بتەقێنێت بۆ هێورکردنەوەیان، دادوەرەکە پەلاماری دا و بەبێ مەبەست فیشەکەکە بەر سەری دادوەرەکە کەوت و کوژرا. دوای ئەوە دیسانەوە یەڵماز گیرایەوە، بە حوکمی عورفی دادگایی کرا و 19 ساڵ زیندانییان بەسەریدا سەپاند.

دوای بەسەربردنی ماوەی سێ ساڵ لە زیندان، کودەتای سەربازی کرا و جارێکی تر حوکمی عورفی لەسەر ئەو نووسینانەی کە لە زیندانەوە بڵاوی دەکردنەوە و داکۆکی لە سیستمی دیموکراسی و سۆسیالیستی و پرسی کوردایەتی دەکرد، (101) ساڵ زیندانییان بەسەردا سەپاند.

ئەو کاتانەی یەڵماز لە زیندان بوو، چۆن گوزەرانتان دابین دەکرد؟ هیچ کارێکت دەکرد؟
ماڵی باوکم هاوکارییان دەکردم. بەهۆی شووکردنم بە یەڵماز، نەمتوانی کۆلێج تەواو بکەم، هەر بەهۆی ئەوەوە لەلایەن دەزگاکانی میرییەوە کێشەیان زۆر بۆ دروست دەکردم. ویستم کارێک بکەم و دیزانی ماڵان بکەم لە گەڕەکە دەوڵەمەندەکان، بەڵام یەڵماز وتی: "دەچیت ماڵی بۆرژوازەکان چاک دەکەیت!" ئەوکات یەڵماز لە زینداندا بوو، کە وایوت، ئیتر کارەکەم نەکرد.

لەگەڵ هاوڕێیەکم رۆمانێکمان لە زمانی ئیتاڵییەوە بۆ سەر زمانی تورکی وەرگێڕا، ئیتر ویستم دوای ئەوە کاری وەرگێڕان بکەم، دیسانەوە یەڵماز نەیهێشت. داوام کرد وەک یاریدەدەری دەرهێنەری فیلمێک بەشدار بم و دواتر بەشداریشم کرد. 


ئاشکرایە دوای ئەوە لە زیندان هەڵات، ئەمە چۆن روویدا؟
دوای حەوت ساڵ و نیو مانەوە لەنێو زیندان، بڕیاری هەڵاتنی دا. لەو ماوەیەدا بۆ شەش شار و زیندانی جیاواز گواستیانەوە، منیش بەدوایدا دەڕۆیشتم. 

پاش ئەوەی پلانی هەڵاتنی یەڵماز دادەڕێژرێت بە هاوکاریی (ئیدی هوبشمید)ی هاوکاری یەڵماز لە بەرهەمهێنانی فیلمی (یۆڵ – رێگە)، زۆر بە زەحمەت و لە رێگەی یۆنانەوە بەرەو سویسرا دەربازیان کرد. پاشان هەر بەو فیلمە بەشداریی فێستیڤاڵی (کان)ی کرد و وەک یەک فیلمی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەو خەڵاتە بردەوە.

دوای ئەوەی خەڵاتی چڵە خورمای زێڕینی لە فێستیڤاڵی سینەمایی کان بردەوە، بووە هۆی ئەوەی سەرنجی سیاسییەکانی فەرەنسا رابکێشێت و بە ئاسانی مافی پەناهەندەییمان پێ بدەن. 

چ کاتێک زانیتان کە یەڵماز تووشی نەخۆشیی شێرپەنجە بووە؟
جێی داخە، نەماندەزانی کە یەڵماز لە زینداندا تووشی نەخۆشیی شێرپەنجە بووە، ئەمەیش وای کرد وردە وردە نەخۆشییەکەی تەشەنە بستێنێت، تا ئەوەی لە 9ی ئەیلولی 1984 لە تەمەنی 47 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.

لە فیلمەکانیدا هیچ رۆڵێکت بینیوە؟
نەخێر، ئەو کاتەی نەخۆش بوو، وتی: "ئەگەر چاک ببمەوە دەتکەم بە دەرهێنەری فیلمەکانم یان هەر فیلمێکی تر کە تۆ پەسەندی بکەیت."

هیچ کاتێک لەجیاتی یەڵماز ئامادەبوویت بۆ وەرگرتنی خەڵاتەکانی؟
بەڵێ، چەندین جار خەڵاتەکانیم وەرگرتووە. لە ساڵی 1975 لە فێستیڤاڵی ئیستەنبوڵ سێ خەڵات هەبوو، هەر سێ خەڵاتەکە درا بە یەڵماز، ئەوسا ئەو لە زیندان بوو، لە کاتی وەرگرتنی خەڵاتەکان وتەم هەبوو، فاشیەکان دەیانوویست لەناو هۆڵی فێستیڤاڵەکە ئاژاوە بنێنەوە، بەڵام من لە قسەکردن نەوەستام و داوام لە ئەکتەر و دەرهێنەرانی بواری سینەما کرد ئەوانیش راستییەکان بڵێن دەربارەی ئەو هەموو تاوانانەی کە دەرهەق بە میللەت دەکرێت.

نامەکانی یەڵمازت لاى خۆت پاراستووە؟
بەڵێ، هەر هەموویم پاراستووە، ئەوانەی لە زیندانی سەلیمە نووسیونی، لە کتێبێکدا بەناوی "نامەکانی سەلیمە" چاپمان کردووە.

وتت کە رۆمانێکتان لە زمانی ئیتاڵییەوە وەرگیڕاوە بۆ سەر زمانی تورکی، ئەی خۆت هیچ کتێبێکت نەنووسیوە؟
بەڵێ، خۆم خاوەنی رۆمانێکم، ناوەکەیم لە وتەیەکی فیلمێکی یەڵمازەوە وەرگرتووە "پەنجەرەکان بشکێنن و باڵندەکان ئازاد بکەن".

نەرمین عوسمان و فاتووش گونەی لەكاتی ئەنجامدانی چاوپێكەوتنەكەدا


ئێستا بە چییەوە سەرقاڵیت؟
زیاتر لە 20 ساڵە رێکخراوێکم هەیە بەناوی (دامەزراوەی یەڵماز بۆ رۆشنبیری و هونەر)، بەڵام دەوڵەت بەردەوام رێگریم لێ دەکات و بەڕێوەبردنی بەبێ سەرمایەیش زۆر ئەستەمە.

داوام کردووە کە وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی هەرێم هاوکاریم بکەن بۆ ئەوەی هەموو نووسین و کارەکانی یەڵماز وەربگێڕدرێن بۆ سەر زمانی کوردی بەشێوەزاری کوردیی سۆرانی، هەروەها کتێبەکەی خۆیشم داونەتێ و بەڵێنیان پێ داوم وەریبگێڕن، بەڵام نازانم تا چەند ئەو کارە ئەنجام دەدرێت.

لە کۆتاییدا دەمەوێت بزانم کە ئایا پەشیمان نیت لە هاوسەرگیریت لەگەڵ یەڵماز، بەتایبەتی کە تۆ تەمەنت تەنها 32 ساڵ بوو کە ئەو کۆچی دوایی کرد؟
نەخێر، تەنانەت بۆ چرکەساتێکیش، شانازیی دەکەم کە ژنی ئەو پیاوە مەزنە بووم. جێی داخە، لە ماوەی (16) ساڵی هاوسەریمان، تەنها چوار ساڵ بەتەواوی بەیەکەوە بووین.

 *ئەم چاوپێكەوتنە بەڕێز (نەرمین عوسمان) لە چوارچێوەی پرۆژەی نووسینەوەی مێژووی بەشداریی ژنی كورد لە بوارە جیاوازەكاندا سازیكردووە. 
Qaiwan
Qaiwan

زۆرترین خوێندنەوە

بیروڕا


News

رێنوسی تابلۆی ئۆتۆمبێلەكانی هاتوچۆی هەرێم هەڵەن

لەلایەن ئه‌رسه‌لان په‌رۆش


News

پارستنی ئاو وەکو ئەرکێکی بنەڕەتیی ژیان

لەلایەن د.مونیرە ئەبوبەکر


News

بۆ ناهێڵن عەرەبە ئاوارەکان بگەڕێنەوە؟

لەلایەن خەڵەف غەفور


News

نەرمین عوسمان؛ خەباتگێڕێکی کۆڵنەدەر

لەلایەن هیوا محەمەد