راپۆرت

مانگی هەنگوینی پارتی- سەدر، كەی و چۆن كۆتایی دێت؟

مەودا میدیا - سلێمانی |


مانگی هەنگوینی پارتی- سەدر، كەی و چۆن كۆتایی دێت؟
مەودا میدیا- كاروان رێبین جاف

رێككەوتنی پارتی و حەلبووسی و سەدر شتێكی چاوەڕواننەكراو نەبوو، بەڵكو ماوەیەكی زۆرە ئاماژەكانی دەركەوتوون، بگرە بە كردەیی چووشبوونە بواری جێبەجێكردنەوە و تەنها لەسەر كاتی ئەنجامدانی یەكەمین كۆبوونەوەی خولی پێنجەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق وەستابوو، ئەگەرچی بۆ ئەو سێ لایەنە شەوێكی خۆش و پرۆسەیەكی سەركەوتوو بوو، بەڵام دیار نییە لە عیراقی جەنجاڵ و پڕ لە كێشەی ناوخۆی- دەرەكیدا، ئەو مانگە هەنگوینییە تاكوێ بڕدەكات؟

سەدر لەنێوان یار، نەیار و ماردا

موقتەدا سەدر هیچ بەشدارییەكی راستەوخۆ و كاریگەریی لە بزووتنەوەی رزگاریخوازیی خەڵكی عیراق و رەتكردنەوەی ستەمی سەر شیعەكانی عیراق نەبووە، بەڵكو كاریزمی سەدر پەیوەندیی بە دنەدانی بیرەوەرییەكانی شیعەكانەوە هەیە لەبارەی باوكییەوە، بەردەوام وێنەیەكی باوكی شەهیدكراوی لە پشت سەریەوەیە و ئەوەشی لە زۆر كات و بۆنەدا بۆ چووەتە سەر، دواترینیان سەركەوتنی بوو لە هەڵبژاردنی پێشووی عیراق كە 73 كورسی بەدەستهێنا.

موقتەدا سەدر بەوە ناسراوە زوو زوو هەڵوێستەكانی دەگۆڕێت، بێ پرس و راوێژ بە دەورەبەرەكەی بڕیارەكان وەردەگرێت، ئەو زیاتر لە مەرجەعێكی ئایینی دەچێت نەك سەركردەیەكی سیاسی، لەگەڵ ئەوەشدا خوێنی باوكی و ستەمی سەر مەزهەبەكەی بەكارهێناوە بۆ كۆكردنەوەی خەڵكێكی زۆر لە دەوری خۆی، تەنانەت زۆرینەی لایەنگرانی وەكو پەیامبەرێكی شیعی لێ دەڕوانن و بێ هیچ سەرنج و پرسیارێك فەرمانەكانی جێبەجێ دەكەن.

لەكاتی خۆپیشاندانەكانی گۆڕەپانی تەحریر لە بەغدا، سەدر بە تەواوی پشتیوانیی كردن و چەند جارێك چووە ناوچەی سەوز و لەژێر خێمەی تایبەتدا لەگەڵیان مایەوە، تا ئەوكاتەی حكومەتەكەی عادل عەبدولمەهدی ناچار بەدەستلەكاركێشانەوە كرد، دواتریش بەدڵی ئەو مستەفا كازمی كرایە سەرۆك وەزیرانی عیراق، ئەمەش چانسی سەدری بۆ سەركەوتن زیاتر كرد كاتێك شەقامی شیعی بینیان سەدر لە چەند مانۆڕی سیاسیی یەك لەدوای یەكیدا بەسەر نەیارەكانیدا سەركەوت.
ئایا سەدر عیراقیانە بیر دەكاتەوە؟

هەندێك بۆچوون دەربارەی ئەوە هەیە كەوا موقتەدا سەدری زیاتر شیعەیەكی عیراقییە و دژی دەستتێوەردانی ئێرانە، ئەمە ئەگەر بەراوردی بكەی بۆ نموونە بە كەسێتییەكی وەكو قەیس خەزعەلی و نوری مالیكی و هادی عامری، ئەوا راستیی تیادایە، لەگەڵ ئەوەشدا موقتەدا سەدر لەگەڵ بوونی پەیوەندییەكی زۆر توندوتۆڵە لەگەڵ كۆماری ئیسلامیی ئێران و خودی خۆیشی زوو زوو سەردانی ئەو وڵاتە دەكات، هەروەها سەدر سەبارەت بە كردنە دەرەوەی هێزەكانی ئەمەریكا لە عیراق زۆر ئێرانیانە بیریدەكردەوە و تائەوپەڕی فشاری لەسەر حكومەتی عیراق دروستكرد هێزەكانی ئەمەریكا لە عیراق دەربكەن.

بەپێی هۆكارەكانی ئایین- مەزهەب و جوگرافیا هیچ سەركردەیەكی شیعی توانای ئەوەی نییە بچێتە سەنگەری دژایەتیكردنی ئێرانەوە، سەدر هەم لە شاری قوم خوێندوویەتی، هەمیش ساڵانێكی زۆر لەو وڵاتە ژیاوە، پەیوەندییەكی باشیشی لەگەڵ گەورە پیاوانی شیعی ئەو وڵاتە هەیە و لایەنی سیاسیشی وادەكات پەیوەندییەكی باشی هەبێت، بەڵام لە هەندێك هەڵوێستدا جیاواز لە پرۆ- ئێرانییەكان بیردەكاتەوە و ئەوەش وایكردووە وای لێبڕوانن، دەنا سەدان خاڵی هاوبەشی لەگەڵ ئێران هەیە.
سەدر و پارتی... رێكەوتنی بێ گرەنتی

بۆ یەكتربینین و گۆڕینەوەی بیروڕای سیاسی جارێك موقتەدا سەدر سەردانی هەولێری كرد و لەگەڵ بارزانی كۆبووەوە، دوای شكستهێنانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستانیش بەماوەیەك، مەسعود بارزانی سەردانی شاری نەجەفی كرد و لەگەڵ موقتەدا سەدر كۆبووەوە، ئیتر وردە وردە سەرەتای پەیوەندییەكی سیاسی لەنێوان ئەو سەركردە و رەوتە سیاسییەدا هاتەكایەوە.

پێش ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختەی عیراق زانیاری ئەوە هەبووە پارتی و رەوتی سەدر دەبنە هاوپەیمانی یەك و بە یەك لیست دادەبەزن، بەڵام چەندین هۆكار رێگربوون لەو پرۆژەیە، سەدر 73 كورسی و پارتی 31 كورسی بەدەستهێنا و ئەوەش بووە هۆی زیاتر نزیكبوونەوەیان.

زۆر هۆكار هەن پارتی و رەوتی سەدر و حەلبووسی بەو شێوەیە سەرۆكایەتیی پەرلەمانیان هەڵبژارد:

یەكەم: حكومەتی زۆرینەی سیاسی دڵمەندی هەرسێ لایەنەكەیە، بەتایبەت موقتەدا سەدر.

دووەم: پارتی و رەوتی سەدر بڕوایان بە كرانەوەی سیاسی زۆر نییە، بەڵكو دەیانەوێت بڕیارە سیاسییەكان لەدەست خۆیان بێت و ئەوەی دەیانەوێت بێ كێشە جێبەجێی بكەن، واتە بڕێكی زۆر دژی دیموكراسین.

سێیەم: بۆ نموونە نوری مالیكی چەند بۆی كرابێت دژی سەدر و پارتی و سوننەكان كاری كردووە، سەدر و پارتی بێهێزبوونی ئێستای مالیكی و عامری و خەزعەلی بەهەل دەزانن و دەیانەوێت تۆڵەی خۆیان بكەنەوە.

چوارەم: سەدر زۆرترین مەرجەكانی بەسەر پارتیدا دەسەپێنێت و پارتیش ئەوە قبووڵ دەكات، چونكە بەدوای تۆڵەدا دەگەڕێت لە رێگەی سەدرەوە.
ئێران و ئەمەریكا و زۆرینەی سیاسی

ئەمەریكا ئەو هەنگاوانەی موقتەدا سەدری پێخۆشە و ئێران رەتیدەكاتەوە، وڵاتانی كەنداو تائەندازەیەك پشتیوانیی ئەو شێوە سیاسەتكردنەی سەدر دەكەن، چونكە دەیانەوێت لەدوای پێكهێنانی حكومەتی نوێی عیراقەوە رۆڵیان لە عیراق فراوانتر بكەن.

بۆ ئێران ئاسانە سەقامگیریی سیاسی تێكبدات لە چەندین رێگەوە، بۆ نموونە جووڵاندنی میلیشیاكانی نزیك خۆی، وروژاندنی شەقام، فشاری ئابووری و ئەمنی و سیاسی لەسەر عیراق و حكومەتەكەی موقتەدا سەدر، تەنانەت دوور نییە شەڕی مەزهەبیش لە عیراق هەڵبگیرسێت.

سەدر تەنها بە پشتیوانی پارتی و حەلبووسی ناتوانێت حكومەتی داهاتووی عیراق پێكبهێنێت، مەگەر بەشێك لە پرۆ- ئێرانییەكان لەو زۆرینەی سیاسییە بەشداری پێبكرێن و هەروەها دەستەبەری پاراستنی میلیشیا شیعەكانیش بكات، ئەمە یەكێكە لەو خاڵانەی سەدر داوای لابردنیان دەكات و لای ئێرانیش هێڵی سوورە.
یەكێتی، كارتی لەدەست ماوە؟

دووركەوتنەوەی پارتی و یەكێتی لەنێو ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لەیەكتر كارێكی نەرێنییە و زیانی بۆ بەرژەوەندییەكانی خەڵكی كوردستان دەبێت، بەتایبەت ئەگەر لەسەر یەكلاییكردنەوەی پرسی سەرۆك كۆمار رێكنەكەون و پارتی مەرجی هەبێت لەكاتێك یەكێتی دانانی مەرج لەلایەن پارتییەوە بە بیانوو و كاری ئەوان نازانێت.

دانانی سەرۆك كۆماری و سەرۆك وەزیران تەنها پەیوەندیی بە سەدر و حەلبووسی و پارتییەوە نییە، بەڵكو مافی زۆرینەی لایەنەكانە قسەی تیادا بكەن، هەروەها ئەمەریكا و ئێران و وڵاتانی كەنداویش رۆڵیان تیایدا دەبێت.

یەكێتی 18 كورسی پەرلەمانی عیراق هەیە، ئەوە ژمارەیەكی كەم نییە و توانای یەكلاییكردرنەوەی زۆر پرسی ناو پەرلەمانی هەیە، هەروەها ئەمەریكا هیچ ڤیتۆیەكی لەسەر بەربژێری یەكێتی كە بەرهەم ساڵحە نییە، لەگەڵ ئەوەشدا بەرهەم ساڵح پەوەندییەكی باشی لەگەڵ ئێران هەیە، رەنگە سەدر لە هەنگاو یەكەمدا سەركەوتوو بووبێت، بەڵام ئەگەر بەردەوام بێت تاكلایەنە بڕیاردان و رێككەوتن تەنها لەگەڵ یەك لایەنی كوردی، ئەوا ریسەكەی لێدەبێتەوە بە خوری.

پارتی و سەدر تاكەی پێكەوە دەبن؟

پارتی و سەدی لە چەند روویەكەوە جیاوازی زۆریان لە یەكتر هەیە وەكو:

یەكەم: پارتی لەسەر ئاستی گوتار، كوردستانی بەهێزی دەوێت، بەڵام سەدر ئەمە رەتدەكاتەوە و تەنانەت هەرێمێكی كوردستان وابەستەی تەواوەتی بە بەغداوە دەوێت، ئەو پرۆژەیە قابیلی پێكدادانە.

دووەم: موقتەدا سەدر دژی پێشمەرگەیە و وەكو میلیشیایەك ناوی دەبات و داوای هەڵوەشاندنەوەی دەكات. 

سێیەم: پارتی لەناو سیاسەتی ئەمەریكیدا لە عیراق خۆی دەبینێتەوە و تۆمەتبار دەكرێت بە بوونی پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل، سەدرییەكان بەتەواوی دژی ئەمەن.

چوارەم: پارتی و توركیا پەیوەندیی زۆر تۆكمەیان هەیە، ئەوە هەم ئێران و هەم سەدریش دژی دەوەستنەوە.

پێنجەم: سەدر بەرژەوەندیخوازە و هەر رۆژە و لەسەر پەتێ‌ یاری دەكات، بۆیە هاوپەیمانێتی پارتی- سەدی چاوەڕوانی سەركەوتنی گەورەی لێناكرێ و زۆر نابات هەڵدەوەشێتەوە.

ب.ع

Qaiwan
Qaiwan

زۆرترین خوێندنەوە

بیروڕا



News

خاک و هۆکارەکانی پیسبوونی

لەلایەن نەرمین عوسمان


News

ئاماژەکانی ئەدای ژینگەیی

لەلایەن نەرمین عوسمان