چاوپێكەوتن

ئەمەل جەلال: کۆتای ژنان بۆ قۆناغێکی راگوزەر پێویستە

مەودا میدیا - سلێمانی |


ئەمەل جەلال: کۆتای ژنان بۆ قۆناغێکی راگوزەر پێویستە
مەودا میدیا- چاوپێکەوتن، کاروان رەسوڵ

بەرنامەی رۆژێک لەگەڵ، یەکێکە لە بەرنامەکانی ماڵپەڕی مەودا میدیا کە کۆمەڵێک ئەڵقەی لی تۆمارکراوە، ئەم بەرنامەیە هەر جارەو لەگەڵ کەسایەتێیەکی کورد ئەنجامدەدرێت، ئەم بەرنامەیەش لەگەڵ ئەمەل جەلال، سەرۆکی دەستەی گشتیی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان تۆمارکراوە لەلایەن ۆژنامەنووس کاروان رەسوڵەوە، لەم بەرنامەیادا ئەمەل جەلال تیشکی تەواو دەخاتە سەر قۆناغەکانی ژیانی و تاو ئەو پۆست و پلەیەی تێدایەتێ.

سڵاو ئەمەل خان، چۆنیت ئەحواڵت باشیت؟
 ئەمەل جەلال: سڵاو بەخێربێیت، بەیانیت باش، بەخێر بێیت سەرچاوان

پیرۆزبایی دەستبەکاربونیشت لێدەکەم لە سەرۆکی دەستەی گشتیی گەشتوگوزار.
ئەمەل جەلال: بەخێربێیت یاخوا، زۆر سوپاس زۆر سوپاس بەخێربێیت، سەرچاوانم بەخێربێیت سەرچاو.
هیوای سەرکەوتنت بۆ دەخوازم، خۆشحاڵم و سوپاست دەکەین ئەمڕۆ لەم بەرنامەیە لەگەڵماندا بیت.
 ئەمەل جەلال:سەرچاوانم بە خێربێن.

سوپاست دەکەم ئەمەل خان، پێمخۆشە بزانم ئەمەل جەلال، ئەمەل جەلالی لانەی منداڵانە یان موڵکی خانمان، رێکخراوەکان، موڵکی گەشت و گوزارە کە ئێستا سەرۆکی دەستەکەیت؟
ئەمەل جەلال: زۆر بەخێربێن، سوپاس بۆ مەودا میدیا کە بەردەوام لە هەموو وێستگەکانی کاری سیاسی، رێکخراوەیی، حکومی و هەر ئەو قۆناغانەی کارم تیدا کردووە بەردەوام پاڵپشتم بوون، هاوکاری من بووە هەم لە بڵاوکردنەوەی چالاکییەکان و بەرنامەکان، هەم بووە بە بەشێک لە بە بازاڕکردنی هەموو ئەو بەرنامە و بەرپرسیارێتیانەی کە هەمە.
وەڵڵا من خۆم بە موڵکی گشتی دەزانم، واتا هەم موڵکی رێکخراوەکان بووم، چونکە قۆناغەکانی ژیانی کارگێڕی و سیاسی من یان رێکخراوەیی من هەریەک لەوانە پێگەیەک یان فێرگەیەک بووە بۆ من و فێر بووم تێیدا و پەروەردە بووم، زانیاریم کۆکردوەتەوە و ئەزمونم پەیدا کردووە، بۆیە ئەمەلی رێکخراوەکان...

سێ بوارت بڕیووە، بوارێکیانت ماوە، لەو سێ بوارە کامیان بۆتۆ خۆشبوو؟
 ئەمەل جەلال: وەڵڵا هەموویان، بۆ من بابڵێن مەکتەبی رێکخراوە دیموکراتییەکان و رێکخراوی لانەی منداڵانی کوردستان دوو وێستگەی گرنگی ژیانی سیاسی من بوون، وەکو ناسینی ئەمەل بە کۆمەڵگەی کوردستان و هەم بۆ بەستنەوەی پەیوەندییەکانم و ئاشنابوونم بە دامەزراوە سیاسی و رێکخراوەیی و پیشەییەکان.
من پێم خۆشە ئەمەل خان لە زمانی خۆتەوە ئەمەل جەلال بە ئـێمە و بە بینەرانی مەودا میدیا بناسێنیت؟
ئەمەل جەلال: من لە ساڵی ١٩٦٦لە شاری (حللە) ی باشوری عیراق لەدایک بووم، بەهۆی بارودۆخی سیاسییەوە خوالێخۆشبوو باوکم دوور خراوەتەوە لە کوردستان و لەوێ ژیانیان بەسەربردووە، بۆیە لە دایکبوونم لەوێیە، دواتر لە ساڵانی حەفتاکاندا گەڕاوینەتەوە بۆ کوردستان، دایکم و باوکم خەڵکی شارباژێڕن، من بەشێکی تەمەنم و خوێندنم لە ماوەت بووە و لەوێ گەورە بووم دواتر هاتوینەتە سلێمانی، بەشە زۆرکەی ژیانم و قۆناغەکانی تری خوێندنم وەک ناوەندی ئامادەیی و قۆناغەکانی دیکەی خوێندنم لەوێ بووە، پاشان خانەی پێگەیاندنی مامۆستایانم تەواوکردووە و لە ساڵی ٢٠٠٧کۆلێژی یاسا و رامیاریم لە زانکۆی سلێمانی تەواو کردووە، ئەندامی مەکتەبی رێکخراوە دیموکراتییەکان بووم، لەساڵی ١٩٨٢ لە پەیوەندییەکانی کۆمەڵەی رەنجدەرانی کوردستان بوومەتە ئەندام.
 من دایکم و خاوەنی چوار منداڵم سێ کچ  وکوڕێکم هەیە، ئێستا نەنکم و سێ نەوەشم هەیە.

بوویت بە نەنکیش؟
 ئەمەل جەلال: ئێستا دوو منداڵم لەگەڵدا ماوە، دوو کچە گەورەکەم هاوسەرگیریان کردووە چونەتە ماڵی خۆیان.
لە ساڵی ١٩٩٤ەوە رێکخراوی لانەی منداڵانی کوردستانم دامەزراندووە، بارەگای سەرەکی لە سلێمانی بووە و ئۆفیسێکی هەیە لە گەرمیان، یەکەمینجار لە کۆیە و راپەڕین و شارەکانیتر ئیشمان کردووە، لەگەڵ کاری سیاسیدا لە کاری رێکخراوەییدا لە رێکخراوە ناحکومییەکان ئیشم کردووە. هەم دەنووسم لە بواری مافەکانی ژن و بواری منداڵان. بەکورتی بەشداریکردنی من هەم بەشداری سیاسییە هەم بەشداری رێکخراوەییە. بەرپرسی بەشی کچان و ژنان بووم لە مەکتەبی رێکخراوی دیموکراتییەکان کە خۆم ئەو بەشەم دامەزراند واتا ئێستا.

ئامانجت چیی بوو لە کردنەوەی ئەو بەشە ئەمەل خان؟
ئەمەل جەلال: بەو پێیەی کە خۆم ئەندامم لە رێکخراوی یەکێتیی ژنانی کوردستان و ئەوێش یەکێکە لە رێکخراوە تێکۆشەرەکان و پرۆژە و بەرنامەکانی ئەو لەو بواری یاسا مەدەنییەکان، مافەکانی ژن، مافە کۆمەڵایەتی و مافەکانی دیکەی، بەڵام ئەوەی تێبینم کرد  بۆشاییەک هەیە لە بابەتی بەشداری سیاسیی ژن لە کوردستاندا، بۆیە بەشی کچان و ژنانم دامەزراند و هاوکات بەشێک لە هاوڕێیان لەگەڵمدا بوون، ئەم بەشە کاری لەسەر بەهێزکردنی پێگەی ژن لە ناوەندەکانی بڕیاردا کرد کە یەکەم پرۆژەی منە لەو بەشە کە سەرپەرشتیکردن و داڕشتنی کۆنفڕانسێکی گەورەمان کرد کە لەسەر ئاستی کوردستان یەکەم کۆنفرانس بوو لە دهۆک ئەنجامدرا، دواتر هاتینە هەولێر،کەرکوک، گەرمیان و دواتر کۆنفرانسی دایک لە سلێمانی  بەسترا.

کردنەوەی بەشێک بە ناوی کچان و ژنان لە رێکخراوە دیموکراتییەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، پاشان چوون بۆ ئەنجومەنی باڵای کاروباری خانمان، ئەم دوو کارە هاوبەست و نزیکن لە یەکەوە، ئەم ئیشە وای لێکردیت بێیتە ئەنجومەنی کاروباری خانمان؟

 ئەم پۆستە کە وەرتگرت داواکاری خۆت بوو یان پێت بەخشرا؟
 ئەمەل جەلال: بەدڵنیاییەوە تەواوکەری یەکترە کاتێک من باس لە بەشداری سیاسیی ژن دەکەم باسم تەنها لەناو پارتی سیاسی نەکردووە، باسم لەوە کردووە کە بەشداری سیاسیی ژن واتا بەشداریکردنی ژن لە پێگەکانی بڕیاردان، واتا دەسەڵاتەکانی هەرێمی کوردستان، واتا دەسەڵاتی بڕیاردان کە سیستمی کۆتامان هەیە بە رێژەی لە ٣٠٪، دەبێت ئەم ٣٠٪ یە بێتە خوارەوە بۆ دەسەڵاتی جێبەجێکردن کە حکومەت و وەزارەتەکانە، دەسەڵاتی دادوەرییە کە دەسەڵاتی دادوەری و پێگەکانی ژنە لە پێگەی یاسایی، واتا دادوەرەکان و داواکاری گشتی و تا دوایی، بەشداری ژن لە ناوەندەکانیتر وەکو کەرتی تایبەت، ناوەندە میدیاییەکان و ناوەندە سیاسییەکان. بۆیە بوونی ئەو ئەزمونە زۆرەم لەناو رێکخراوە ناحکومییەکان وەکو بەڕێوبەرێک و دواتر ئەندام مەکتەب لە مەکتەبی رێکخراوە دیموکراتییەکان و کارکردن بۆ پرۆژەکانی کە پەیوەندی بە لایەنی پیشەیی و سەندیکاکانەوە هەبووە، دواتر بابەتی ژن لەناو سەندیکاکان و لەناو رێکخراوەکان بوو بە بنەمایەک کە ئەمەل بناسێنرێت لەلای کۆمەڵگە و پارتە سیاسییەکان. 
لەناو حزبەکەی خۆشم وەکو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کە پاڵ پشتم بووە لەوەی وەکو ژنێکی سەرکردە کە خاوەنی هەڵگری پرۆژەیەکم و دەمەوێت ئەم پرۆژەیە بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە و کاری بۆ بکەم لە رووی ستراتیژ و رامیارییەوە، بۆیە لە کابینەی شەش لەدوای کۆنگرەی سێیەوە من خۆم داوای ئەوەمکرد کە بچمە ناو حکومەتەوە.
 داواکاری من یەکەم ئەوە بوو راوێژکاربم لەسەرۆکاییەتیەکان بۆ کاروباری ژن و منداڵ، بەڵام دواتر لە کابینەکە بڕیاردرا ببم بە بەڕێوەبەری گشتی لە سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران، دواتر من بۆخۆم یەکێک بووم لە دامەزرێنەرانی پرۆژەی ئەنجومەنی باڵای کاروباری خانمان.

لەپێناو چ ئامانجێکدا دروستبوو، یان ئەوانەی بۆ ژنانتان کردووە چی بوون؟
ئەمەل جەلال: بابەتی ژن بابەتێک نەبووە تەنها رەهەندی کۆمەڵایەتی وەربگرێت، واتا بەس تەنها ژن لە توندوتیژی بپارێزرێت، بەڵکو کێشەی ژن کێشەیەکی دامەزراوەییە، کێشەیەکی نیشتمانییە و پێویست دەکات لە روی یاسایی، ئابووری، کۆمەڵایەتی و پەروەدەییەوە و لە هەموو بوارەکانی تەندروستی، کولتووری فەرهەنگییەوە پێدا چونەوە بکرێت بە سیاسەتی حکومەت، کار بکرێت بەوەی سیاسەت و ستراتیژی حکومەت خوێندنەوەی قوڵتری بۆ بکرێت، لە ئەنجامی خوێندنەوە و بەدواداچوون و هەڵسەنگاندنی ئەم سیاسەت و ستراتیژە دەبێت سیاسەتێکی تەندروست دابڕێژرێت، دەبێت ئەم سیاسەتە بە قازانجی گشتی بێت، واتا جیاکاری و توندوتیژی و پەراوێزخستنی تێدا نەبێت، هەموو ئەمانە وادەکات حکومەت و دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان بەرپرسریار بکات لەوەی کە چۆن زەمینەسازی یاسایی، ئابووری، پەروەردەیی و ژینگەیی بڕەخسێنێت، تاکو بتوانێت کچان و ژنان لە شوێنەکانی کارکردنیان و لە بازاڕی کار لەناوەندەکانی سیاسی و بڕیاردان و لەناو هەموو ئەمانەدا رۆڵی هەبێت، بۆ ئەمەش پێویستمان بە دامەزراوەیەک بوو، ئەم دامەزراوەیە کاری ئەوە بێت کە بەرچاو روونی بدات بە حکومەت و پەرلەمان و لایەنە سیاسییەکان کە ژن کارەکتەرێکی گرنگە لەناو کۆمەڵگە و وزە و تواناو هێزێکی گەورەیە نابێت پەراویز بخرێت و بخەوێنرێت.

ئەمەل خان بەو پێگانەی جەنابت کارت تێدا کردووە، یان ئەو وێستگانەی ژیانت کارت تێدا کردووە بەشێکی زۆری پەیوەندیدار بووە بە بابەتی ژنان و ئافرەتانەوە لە ئەنجومەنی باڵای کاروباری خانمانی رێکخراوە دیموکراتییەکان، بەڵام دەنگێکی پیاوانی ناڕازی بەرانبەر بە ئێوە دروست بووە، یان قسە دەکرێت لە سۆشیاڵ میدیا و لە هەر شوێنێکیتر کە دەڵێن ژنتان کردووە بە پاشای ماڵ یان ژنتان گەورە کردووە و واتان، لێکردوون زاڵ بێت و قسەی زیاتر بکەن بەرانبەر بە پیاو و خێزان، وەڵامت بۆ ئەم جۆرە لە پیاو و قسانە چییە؟
 ئەمەل جەلال: من بەر لەوەی باس لە کاری خۆمان بکەم هەمیشە جەنابی مام جەلال هەزار رەحمەتی لێبێت رۆحی شاد بێت هەمیشە رێنمایی دەکردین کە ئامۆژگاری دەکردین دەیوت دەنگ بەرزبکەینەوە هاوار بکەن بەرانبەر بەو نادادپەروەری و بەو  پیشێلکارییانەی رووبەرووتان دەبێتەوە، ئەمە ئەو رێنماییە کە بەردەوام وەکو ژنان بەردەوام گوێمان لێیەتی و سەرکردایەتیی سیاسی ئێمە پێمان دەڵێت دەنگ بەرز بکەنەوەو داوامان لێبکەن مافەکانتان بخەنە روو هۆشیاری بدەن بە کۆمەڵگە و کە مافەکانتان چییە ببن بە بەشێک لە خزمەتکردن و لە بنیاتنانەوەی وڵات، ژنێکی شەرمن و بێدەنگ بە مانا سادەکەی وڵاتی ئێمە کەدەڵێن دەبێت ئاقڵ بێت، ئەو ئاقڵییە ئەوەیە کە باس لە ئەقڵ دەکەین کەواتە ئەزمونکردنێکی شیاو لە روی پێشکەشکردنی باشترین خزمەت گوزاری بۆ هاوڵاتییان جا ئەم هاوڵاتییە کچە، کوڕە، ژنە، منداڵە، بەساڵاچووە، کوردە، عەرەبە یان هەرکەسێکە لە کوردستان، ئێمەی ژنان داوا دەکەین کە ئازادی فەراهم بێت بۆ کەسەکان  وەک یەک، سنور هەبێت بۆ ئازادی و ئەو سنورەش بە یاسا رێکبخرێت، ئەو یاسایەش بۆ ژن و بۆ پیاو وەکو یەک بێت، نەک بۆ پیاو تەواو رەها بێت و بە ئارەزووی خۆی چی بوێت بیکات، بەڵام بۆ ژن سنوردار بێت، نەخێر دەبێت سنورداربێت بۆ هەمووان، ئێمە پاڵپشتی لە هیچ ژنێک ناکەین کاری خراپ بکات یان ستەمکار بێت و زاڵ بێت بەسەر پیاوەکەیدا، نەخێر ئێمە دەمانەوێت ژن و پیاو بەخۆشی بژین، خێزان بە بەختەوەری بژی، چونکە سەقامگیری خێزان سەقامگیری کۆمەڵگەیە.

لێدانی ژنێک لەلایەن پیاوەکەیەوە یان خێزانەکەیەوە کە توندوتیژی بەرانبەر دەکرێت چی لە لای تۆ دروست دەکات؟
ئەمەل جەلال: بێگومان ئەوە جۆرێک لە ترس و تۆقاندن، پەراوێزخستن، پێشێلکردنی مرۆڤ و رۆحی مرۆڤێکە ئیتر ئەوە ژن بێت یان پیاو بێت دژی هەموو توند و تیژییەکم، جا ئەم توندوتیژییە ژن بیکات یان پیاو بیکات، دژی هەموو توندوتیژییەکم نەک بەرانبەر بە مرۆڤ، بەرانبەر بە ئاژەڵ، پەلەوەر، ژینگە و تەواوی پێکهاتەکان، بۆیە ئەنجومەنی خانمان و منیش لە رێکخراوە دیموکراتییەکان و هاوڕێکانیشم لە ژنان و پیاوانی ئازدیخواز لەم وڵاتە خەباتمان بۆ ئەوەیە کۆمەڵگەیەکی سەقامگیر و ئاشتی پێکەوەژیان بەرهەم بهێنین، ئەمەش بەقسە ناکرێت، دەبێت هەر کەسێک لە خۆی و خێزانەکەیەوە دەست پێبکات، لە منداڵ و هاوڕێکانی خۆی دەست پێبکات لەناو فەرمانگەکەی و لە شوێنەکانیتر، چونکە توندوتیژی توندوتیژی بەرهەم دەهێنێت. کاتێک پیاوێک توندوتیژی لەگەڵ ژنێک دەکات یان ژنێکی کۆیلەی وابەستە دروست دەکات کە بێدەنگە و خۆی دەخواتەوە، یان ژنێک دروست دەکات کە کاردانەوەیەکی خراپ دروست دەکات، سەرنجام خۆی رووبەڕووی توندوتیژی دەبێتەوە،کاتێک توندوتیژی توندوتیژی بەرهەم هینایەوە یەکەم کەس پیاوەکەیە کە رووبەڕووی سزای یاسای دەبێتەوە، بۆیە ئێمە نامانەوێت بگەینە ئەوخاڵە خراپە، دەمانەوێت بە ئاشتی بەیەکەوە بژین، چونکە لە ئاشتەوایی خێزاندا منداڵان بەهرەمەند دەبن بە خۆشەویستی و سەرنجام نەوەیەکی ئارام و تەندروست بەرهەم دەهێنین کە کۆمەڵگە سوودی لێ دەبینێت لەڕووی ئاوەدانی و لەڕووی بنیاتنانەوە و پێکەوە ژیانەوە، خۆشەویستی بکەینە بنەمای پێکەوەژیانی خێزانەکان و ئەو حاڵەتە خوازراوانەی بەداخەوە ئێستا کە لە کوردستان دەبینرێت خیانەتی نێوان هاوسەرەکانە، خۆکوشتنە، بەکارهێنان، دەستدرێژی، هەراسانکردن و پەراوێزخستنە، هەمووی دەرئەنجامی ئەو کارە نەخوازراوە کەڵەکەبوانەیە لەناو کۆمەڵگە بەداخەوە، بابەتی ژن نابێت بەتەنها ئەنجومەنی خانمان و یەکێتیی ژنان و ئافرەتان  بەرپرسیاریبن .

ئەمەل خان ئەو وێستگانەی ژیانت کە پێشکەشی ئێمەت کرد هەست دەکەم وێستگەیەکی ژیانی تۆی یاخود هەنگاوێکی تۆی تێدا نییە کە خۆ کاندید کردنت بوو بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق و دەرنەچویت، ئایا پێت خۆش نییە لەبەر ئەوەی دەرنەچویت باسی نەکەیت، بۆ باست نەکرد؟
 ئەمەل جەلال: وەڵڵا دەرچوون و دەرنەچوونەکەم جێگەی گومانە، من و هاوڕێی خۆشەویستم شەوبۆخان لەگەڵ وەزیرە جەلال خوشکی شەهید ئارام، ئێمە زۆرترین دەنگمان نەک لە کوردستان، لەسەر ئاستی عیراق هێنا، ئەو لیستەی ئێمە کاندیدی بووین من ژمارە یانزە بووم لەگەڵ شەوبۆخاندا من نزیکەی ٨ هەزار دەنگم هێنا ساڵی ٢٠١٠، شەوبۆخانیش زیاتر لە ١٠ هەزار دەنگی هێنا، وەزیرە خانیش زیاتر لە ٧ هەزار دەنگی هێنا، هاتنی ئەم دەنگانە لە لیستی عیراقدا شەوبۆخان ژمارە ١٨یە و من ژمارە ١٩م، من پرسیارەکە بۆ مێژوو بەجێدەهێڵم، ئایا ئـێمە بەڕاست دەرنەچووین یان گۆڕانکاری بەسەردا کرا.

پێتوایە ستەم لە ئەمەل جەلال کراوە؟
ئەمەل جەلال: نەک ستەم، بەڵام ئەوکاتە لیستی کوردستانی بوو بە بڕوای من ئەم  دڵنیا نیم لەوەدا، بەڵام داب و نەریتێک و رێکەوتنێک هەبوو لە ناو حزبە سیاسیەکاندا...

خۆت لەگەڵ کۆتای ژناندایت بمێنێت؟
 ئەمەل جەلال: بۆ قۆناغێکی راگوزەر بەڵێ، نابێت ژنان لەسەری بخەون، بۆیە لە کاندیدبوونی ئێمە نەخێر بیرم نەبوو باسی بکەم ئەگینا یەکێکە لە وێستگەکانی ژیانی من کە لێرەوە رێز و خۆشەویستم بۆ دادە هێرۆ کە ئەو کاندیدی کردم. دەمەوێت ئەمە بۆ مێژوو بڵێم بەر لەوەی کاندیدبم بۆ پەلەمانی عیراق من خۆم سیڤیم بۆ پەرلەمانی کوردستان پێشکەش کردبوو کە لیستی داخراو بوو، جۆرێک لە رەزامەندیش درابوو کە لەناو لیستە داخراوەکەدابم بۆ پەرلەمانی کوردستان، بەڵام ئەوکاتە مەکتەبی رێکخراوە دیموکراتییەکان و بەتایبەتیش جەنابی کاک مەلا بەختیار زۆر جەختی لەوە دەکردەوە کە مادام من وەکو ژنێکی سیاسی دەرکەوتووم بۆ سەرکردایەتیی یەکێتی زۆر گرنگە ببم بە ئەندامێکی سەرکردایەتی.

ئەمەل خان باسی کۆنگرەتکرد، کۆنگرەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەڕێزت بەشداری چەند کۆنگرەیەکت کردووە نازانم لەوپێش، بەڵام بەشداری کۆنگرەی چواری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانت نەکردووە، یەکێک لە هاوڕێ نزیکەکانی ئەمەل جەلال دەڵێت ئەمەل جەلال توڕە بووە بۆیە بەشداری ئەو کۆنگرەیەی نەکردووە و ئاشتیان کردووەتەوە بەوەی کە کردویانە بە سەۆرکی دەستەی گشتیی گەشتو گوزاری هەرێمی کوردستان؟
ئەمەل جەلال: دوای ئەوەی ئەو دەنگەم نەهێنا کە بچمە سەرەوە و ببمە سەرکردایەتی، لەو ٢٠٪ی جەنابی مام جەلال هەیبوو بۆ ئەنجومەنی ناوەند لەناو ئەو ٢٠ کەسەکەدا من یەکێک بووم لە کاندیدەکانی جەنابی مام جەلال بۆ ئەندامی ئەنجومەنی ناوەند، بەڵام ئەوکاتە من زۆر دڵشکاو بووم، لەبەر ئەوەی هەستم دەکرد خۆم یەکێک بووم لەوەی شایستەی ئەوەبووم لەناو سەرکردایەتیی یەکێتیبم بە هۆی ئەزمونم و مێژووی کارکرنم و دڵسۆزی و تواناکانم و ئەو پۆژانەی کە هەشم بوو لەناو سەرکردایەتیدا کە دەتوانم چیبکەم بۆ خزمەتکردنی بەرنامەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان وەکو حزبێکی سۆسیاڵ دیموکرات، بۆیە داوامکرد کاتێک چوومە یەکەم کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ناوەند و دەنگم دا بە جەنابی کاک بەکری حاجی سەفەر هەزار رەحمەتی لێبێت، دواتر من وازهێنانی خۆم راگەیاند و داوام کرد بچمە ناو حکومەت و  داوای ئەوەمکرد لە حکومەت کاربکەم.

پێمخۆشە سەرنجی بەڕێزت بزانم سەبارەت بە کابینەکانی رابردوو بەڕیز سەرۆکی ئەم دەستەیە لە پێشوودا تاچەنێک گرنگیان بە گەشتوگوزار داوە، تا چەنێک کردوویانە بە یەکێک لەو فاکتەرانەی حکومەتی هەرێم بتوانێت بیکاتە سەرچاوەیەکی داهات لە هەرێمی کوردستان؟
 ئەمەل جەلال: من لێرەوە ریز و  سڵاو  و سوپاسم بۆ هەموو ئەوانەی کە پێش من کاریان کردووە، بەتایبەت جەنابی کاک مەولەوی کە پێش من سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزار بووە و ماندوو بووە وەکو ئەندازیارێکی پێشکەوتوو کە هاوکار بووە و بەرنامەیەکی زۆری داناوە، تێگەیشتنێکی باش هەبووە لەناو دەستە و بەرپرسیارێتی دەستەی گەشتوگوزار بۆ ئەوەی سەرنجی گەشتیار رابکێشێت، بەڵام ئەمە لێرەدا تەواو نابێت، بەچی دەتوانیت دەستەی گەشتوگوزار بکەیت، وەکو لەئێستادا رایەکی گشتی وەرگرتووە، لە رابردوودا دەستەی گەشتو گوزار هەبووە کاری زۆر باشی کردووە، بەڵام هێشتا لەچاو ئێستادا کە حکومەت بەیەکێک لەکاری لە پێشینەی خۆی داناوە و وەکو سێکتەرێکی سەرەکی لە کابینەکانی پێشوو لەگەڵ ئەوەی پاڵ پشتی ماددی کراوە، بەڵام نەتوانراوە لە رووی دامەزاروەیی و سستم لە دۆخی گشتدا و لە راکێشانی سەرنجی گەشتیار لە بوونی بە رایەکی گشتی کۆمەڵیگەیی کە گەشتوگوزار رابکێشێت کە یەکێکە لە بنەماکانی پێشخستنی وڵات، بەمە ئێستا ئێمە گەشتوینەتە ئەو قۆناغەی جۆرێک لە رایگشتی وەرگرتووە، بەمەش من لێرەوە سوپاسی کەناڵەکانی راگەیاندن و دامەزراوە میدیاییەکان دەکەم زۆر بەباشی ناوچە گەشتیارییەکانی ئێمە پیشان دەدەن، گەشتیار لە وەرزە جیاوزەکاندا پیشان دەدەن و چالاکییەکانی ئێمە بڵاو دەکەنەوە و ئێمە بانگهێشت دەکەن، ئەمە بۆ خۆی وایکردوە جۆرێک لەئێستادا گرنگی زیاتر بە گەشتوگوزار و دەستەی گەشتوگوزار بدەن. 

بەشێک دەستخۆشی و بەشێکیش رەخنەگرتنە لەتۆ لەسەر دانیشتنێکت لەگەڵ شێخ نەهرۆی کەسنەزانی و باسکردن لە پڕرۆژەیەکی گەورەی گەشتوگوزار کە لە رێگەی ماڵی ئەوان و گۆڕی باوکییەوە یاخود لە رێگەی هەر بابەتێکەوە بێت بۆ شاری سلێمانی، ئێستا لەسەر ئەو قسانەی خۆت ماویت؟ وەڵامت چییە بۆ ئەو کەسانە و چییان پیدەڵێیت؟
ئەمەل جەلال: من ئەو کارەی کە کردوومە وەکو بەرپرسیارێتی کردوومە نەک ئەوەی وەک ئەمەل جەلال، من بۆ خۆم ژنێکم باوەڕم بە ئازادی رادەربڕین و سەربەستی هەیە، خەبات و مێژووی من شاهیدی ئەوەن لەسەر بابەتی مافی مرۆڤ، مافی ژن، مافی پێکهاتەکان و تەواوی کۆمەڵگە کارم کردووە، بۆیە کارکردنی من لەدەستەی گەشتوگوزار بەرپرسیارم دەکات لەوەی کە لەدەرەوەی باوەرەکانی خۆم دەبێت هەڵگری ئەو بەرپرسیارێتییەبم و کار بکەم بۆ پەرەپیدان و بەهێزکردنی ئەو بنەمایانەی کە گەشتوگوزار پێشدەخات لە کوردستان، سەردانی ئێمە بۆلای جەنابی کال شێخ نەهرۆ سەردانێکی ئاسایی بوو، بەداخەوە میدیا شێواندی من بەر لەوەی باس لە بابەتی گەشتوگوزاری ئاینی بکەم بۆ جەنابی شێخ نەهرۆ، وەکو میواندارییەک کە دامەزراوە میدیاییەکان زۆربەیان لەوێ بوون و شاهیدی ئەوە دەدەن بۆ من کە باسم لەوەکردووە کوردستان لەبەردەمی مەتریسییەکی گەورە دایە و ئاماژەی خراپ خراپ پیشانی ئێمە دەدرێت کە ئەویش ئەوەیە کوشتن، سوتان، خۆسوتان و خۆکوشتن و ئەمانە زیادیکردووە، باسم لەوەکردووە لەساڵی ٢٠٢٠دا زیایتر لە ١٥٠ گەنج و پیاو خۆیان کوشتووە، کە ئەمە ئاماژەیەکی ترسناکە لە شێوازی تێکچوونی شیرازەی خێزان و کۆمەڵگەکەدا، بۆیە داواملێکرد بەڕیزیان هەڵگری ئەو بەرپرسیارێتیەبن لە بابەتی رزگارکردنی کچانی ئێزدی و نۆژەنکردنەوەی فێرگەی ئایینی ئێزدییەکان و هەموو ئەو بابەتانەی کە پەیوەندیدران بەباتی ئایینەوە و بە ئاشتەوایی کۆمەڵایەتییەوە.

ئامانجت لە مە بۆ زیادکردنی داهاتە بۆ هەرێمی کوردستان؟
 ئەمەل جەلال: دمەوێت ئەوە بڵێم بۆیە داوام لە شێخ نەهرۆ کرد کە ئێمە بۆئەوەی ئاشتەوایی بەرجەستە بکەین پێویستمان بەوەیە لە هەر پەرستگایەکی ئایینی پێویست دەکات مۆزەخانەیەکی تایبەت بەخۆی هەبێت و هۆڵ هەبێت بۆ دیالۆگی ئایینی و میوانخانە و چێشتخانە هەبێت بۆ گەشتیار، کاتێک دەروێشیک یان گەشتیارێکی ئایینی سەردانی تەریقەتی قادری یان نەقشبەندی دەکات، ناوەندە پیرۆزەکانی ئەم شوێنانە پارێزراوبن.

هەروەها من بۆ باسی ئێزدییەکانم کرد، چونکە دەمەوێت پەرستگای لالش بکەنە پەرستگایەک لەسەر ئاستی جیهان سەرنجی گەشتیاری پێرابکێشین و مۆزەخانەی تایبەت بە خۆیان هەبێت کە ٧٤جار جینۆسایدکراون، بەس کوا مۆزەخانەیەک شوناس و شوێنەواری ئایینی ئێزدییەکان پیشان بدات، بەهەمان شێوەش بۆ تەریقەتی قادری، نەقشبەندی، مەسیحی، کاکەیی، جوەکان، بەهائییەکان، سابیئەکان، زەردەشتی و هەموو پێکاهتەکان .

رەخنەیەکیتر لەدەستەکەی جەنابت دەگیرێت و دەڵێن پارێزگای هەڵەبجەی بە پارێزگای فەرمی نەناساندووە، واتا بەرێوبەرایەتییەکی گشتی بەفەرمی لەوشارە نەکردووەتەوە، ئەمە بۆ؟
ئەمەل جەلال:ئەوەمن نیم، بە پێچەوانەوە من لەو رۆژەوەی هاتووم بە سوپاسەوە لەگەڵ جەنابی کاک ساسان وەزیری شارەوانی گفتوگۆمان کردووە و هەوڵەکانمان بۆ ئەوەیە بەم نزیکانە بەڕێوبەرایەتیی گشتی لە پارێزگای هەڵەبجە بکەینەوە کە بەشێوەیەکی گشتی جەنابی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار زۆر خۆشحاڵ بوو، ئێمە لەسەردانەکەمان بۆ پارێزگای هەڵەبجە وتمان هەوڵەکانمان بۆ ئەوە دەبێت، بۆیە داوامان کردووە پێداویستیەکانی بوون بە بەڕێوبەرایەتیی گشتی دابین بکەین و نووسراومان بۆ وەزارەتی شارەوانی کردووە، ئومێد دەکین بەم نزیکانە بتوانین مژدەی ئەوە بدەین بە پارێزگای هەڵەبجە کە بەڕێوبەرایەتیی گشتی گەشتوگوزار، چونکە هەڵەبجە بۆخۆی ناوچەیەکی گەشتیارییە و دوو بەڕێوەبەرایەتی داوامان کردووە تەوێڵە و بیارە ببێتە و بەرێوبەرایەتیی گەشتو گوزار.

 ئەمەل خان من پێمخۆشە لە بابەتی گەشتوگوزار دووربکەوینەوە و بابەتی بەشداریکردنی ژنان لە دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، تۆ وەک ژنێک ئەو بەشدارییەی ئێستا کە هەیە یان ئەو رێژەیەی کە لە دامودەزگاکانی حکومەت بگرە تاوەکو پەرلەمانیش لێی رازیت؟
 ئەمەل جەلال: ئەگەر بەراوردی بکەین بە کابینەکانی پێشوو بەدڵنیاییەوە بۆ ئێستا و بۆ ئەم قۆناغە بەراوردی بکەین بە دەوڵەتی عیراقی و بەراوردی بکەین بە هەندێک وڵاتانیتر، هەرێمی کوردستان قۆناغی گەورەی بڕیووە و جۆرێک لە ورەیەکی سیاسی هاتۆتە کایەوە کە دەیەوێت کچان و ژنان هەنگاوی باشتر بچنە پێشەوە و هاوکاربن، لە رووی کاندیکردنەوە دەبینم ژمارەیەکی زۆر لەناو پارتە سیاسییەکان بۆ پۆستە باڵاکان و پلە تایبەتەکان کچان و ژنان بەشدارن، بەڵام لەڕووی ماف و یاسا و دەستوورەوە نەخێر هێشتا لە ئاستی ئەوە نییە کە دەستووری عیراق و  و رەشنووسی دەستوری هەرێمی کوردستان و یاسا بەرکارەکانی هەرێمی کوتدستان و عیراق جەخت لە سەر بەشداری وەک یەکی دەکەنەوە بەهاوبەشی.

ئەمەل خان بابەتێکیتر هەیە بەناوی لەشفرۆشی کە باس دەکرێت، بەشێکی دەیگەڕێننەوە بۆ ئەو شوێنانەی کە ماساجی لێدەکرێت یان بەشێک لەو کافتریا و شوێنە گشتیانەی کە بەناوی کافتریاوە دانراوەن و ئەم کارەیان تێدا دەکرێت ؟
ئەمەل جەلال: بە دڵنیاییەوە من بەداخەوەم ئەگەر هەر حاڵەتێکی وا رووبدات، ئەمە دژی هەموو مافەکانی مرۆڤە و دژی هەموو بنەماکانی پاراستنی مرۆڤە، من بۆخۆم دژی هەموو ئەو هەڵسوکەوت و هەموو ئەو شێوزانەم لە کارکردندا، ئێمە بەهیچ شێوەیەک مۆڵەت...

زانیارییەتیان هەیە شتێکی وا هەبێت؟
 ئەمەل جەلال: ئێمەش دەیبیستین لە کەناڵەکانی راگەیاندنەوە، بەڵام وەکو بەڵگە هیچ بەڵگەیەکی وامان لەبەردەستدا نییە و هیچ سکاڵایەک بە فەرمی نەهاتۆتە لای ئـێمە و هیچ بەڵگەیەکی فەرمی پیشانی ئێمە نەدراوە، جگە لەوەی لە سۆشیاڵ میدیا و کەناڵە میدیاییەکانەوە دەیبینین، ئەوەی کە ئێمە مۆڵەتی پێدەدەین چێشتخانەکانە، واتا من بۆ خۆم دەمەوێت هەڵسوکەوت لەگەڵ رووداوی رۆژادا بکەین، هەموو ئەو بابەتانەی کە جۆرێک لە رای گشتیان وەرگرتووە رێکی بخەینەوە بە رێنمایی و بە دەرکردنی بڕیار.

لەگەڵ ئەم هەموو ماندوبوونەدا کە دەڕۆیتەوە لە رووی خواردن ئامادەکردن بۆ مداڵەکان چۆن ئەو بابەتە بە رێدەکەیت، خۆت خواردن ئامادە دەکەیت یان منداڵەکان بۆت دەکەن؟
ئەمەل جەلال: وەڵڵاهی کەس نییە لەماڵەوە خزمەتمان بکات، خۆمان خزمەتی خۆمان دەکەین و خۆمان چێشت لێدەنێین، بەس بەدڵنیایی کاکە لاوک و سروشت خانیشم لەگەڵدایە لەماڵەوە هاوکارم دەبن لە ئامادەکردن و بە یەکەوە ئەو خواردنەی پێویستە بیخۆین ئامادەی دەکەین، هەردوو کچە گەورەکەشم کە دێن بۆ هەولێر بۆلام زۆر شتم بۆ ئامادە دەکەن و دەیخەینە بەفرگرەوە و دایدەنێین، هەندێک لەو خواردنانەی کە تایبەتن و پێویست دەکات خێزان بەیەکەوە کۆ بینەوە رۆژانی هەینی و شەممان ئەگەر کارێکمان نەبێت لەدەرەوە لە ماڵەوە ئەو خواردنە تایبەتانە دەخۆین بەیەکەوە کە خۆمان حەزمان لێیەتی و ئامادەی دەکین، چونکە منداڵەکانیش خوێندکاری زانکۆن و زۆر کات هەیە بەیەکەوە نان ناخۆین لەبەر ئەوەی کاتی دەوامی ئەوان جیاوازە لەگەڵ مندا.

بەکارهێنانی سۆشیاڵ میدیا چەنێک بە پیویست دەزانیت بۆ تاکەکان؟ 
 ئەمەل جەلال: زۆر زۆر گرنگە، من سۆشیاڵ میدیا بە یەکێک لە وێستگە گرنگەکانی وشیارکردنەوە و ناساندن و گەیشتنی دەنگی نارازی و کەم و کوڕییەکانی خەڵک و پێشاندانی ئەو پێویستیانەی کە هەیە دایدەنێم، سۆشیاڵ میدیا دەنگی هەموو ئەو کەسانەیە کە پەراویزخراون و پێوستیان بە هاوکاری و کۆمەکە، سۆشیاڵ میدیا توانیویەتی خزمەتیکی زۆر باش بکات، لە کاتێکیشدا ئەگەر سەرنج و گلەییمان لە سۆشیاڵ میدیا هەبێت مانای وایە ئێمە خراپ بەکاری دەهێنین، ئەوە بەکارهێنەرەکەیەتی کە زیان بە سۆشیاڵ میدیا دەگەیەنێت.

تۆ خۆت چەنێک سۆشیاڵ میدیا بەکار دەهێنیت و کام تۆڕەیان زیاتر بەکار دەهێنیت لە تویتەر، فەیسبووک یاخود ئینستگرام ؟
ئەمەل جەلال: من تەنها تویتەر و فەیسبووکوم هەیە و هیچ شتێکیترم نییە، فەیسبووکەکەم و ئەو پەیجەی کە هەمە لەگەڵ تویتەر هەرسێکی بەباشی بەکاردەهێنم، ،بەڵام دیارە فەیسبووک و تویتەر دوو پێگەی جیاوازن لە تویتەردا زیاتر لایەنە سیاسییەکان یان هەندێک بابەتی هونەری زۆرتر دەبینیتەوە، بەڵام لە فەیسبووکدا هەمە چەشنە و هەموو شتێک کە بەدوایدا دەگەڕێیت دەست دەکەوێت، هەردووکی بەکاردە‌ینم، بەڵام بەهۆی کارەکەمەوە ئێستا هەست دەکەم وەکو پێویست ناتاوانم بەردەوام لەسەر خەتبم لەگەڵیدا و زۆرجار هەست دەکەم تەنها دەتوانم هەندێک بەشدرای بە چالاکییەک یان شتێک بڵاو بکەمەوە .

ئەمەل خان سۆشیاڵ میدیا تۆی ئازار داوە، دەتوانین بە واتایەکیتر بڵێین رۆژێک لە رۆژان پۆستێک کراوە لەسەر ئەمەل جەلال و زۆرت پێ ناخۆش بووبێت؟
 ئەمەل جەلال: تەنها لەم ماوەیەدا بوو، من سوپاس بۆ خوا لەوەتی هەم هەتا ئێستا پارێزرام لەوە، چونکە هەنگاوەکانم و ئەو رەفاتارنەی کە کردوومە ئازاری کەسم نەداوە، بۆیە زۆر بە وریاییەوە مامەڵەم لەگەڵ سۆشاڵ میدیا کردووە، هەمیشە یەکێکم لە هاوکارەکانی کەناڵەکانی راگەیاندن، میدیا کارن هەمیشە خۆیان  بە سوپاسەوە دەلێن تۆ یەکێکیت لەوانەی زۆر بەدەنگمانەوە دێیت و هەست دەکەین وەکو میدیاکارێک وایت، بەڵام لەم ماوەیەی کۆتاییدا لەسەر بابەتی  ئەوەی کە سەردانی جەنابی شێخ نەهرۆمان کردبوو هەندێک قسەی ناخۆش و هەندێک بەراوردکاری ناشرین کرا و بۆ ساتێک دڵگارن بووم لەوە، چونکە من خۆم دەناسم و دەزانم چەند بە باوەڕەوە مامەڵە لەگەڵ ئەو بابەتانەدا بکەم، کەسێکم هەمیشە ئاگام لەخۆم بێت بێرێزی و قسەیەکی ناخۆش نەکەم بەرانبەرەکەم بریندار بکەم، کە من بۆخۆم وام، بەڵام بۆچی دەبێت خەڵک وابێت و ئەو کەسایەتیانە هەڵنەسەنگێنێت، ئەمەش تەنها بۆ من نییە، کاتێک تۆ کەسایەتییەک دەشکێنێت ئەو کەسە دایکە، باوکە، بەرپرسیارە و خێزان و کەسی هەیە ئەوانیش بریندار دەکەیت، لەبەر ئەوە بۆ ماوەیەکی کاتی کەم دڵگران بووم، بەڵام پەشیماننیم لەو هەنگاوانەی دەینێم، چونکە هەنگاوێکن لە خزمەتی خەڵک و هاوڵاتیان دایە، بۆیە زۆر جار کەسی بەرپرسیار دەبێتە قوربانی، ئەم قوربانییەش بۆ قۆناغێکە لەوانەیە دڵگرنی بکات، بەڵام گەردنی هەموو ئەوانە ئازاد دەکەم، تەنها چاوەڕێی ئەوەم خەڵک رەخنە بگرێت سەرنجی باش بدات و هاوکار و پاڵپشتیمان بن کە قسەیەک پێویست دەکات لەڕێگەی سۆشیاڵ میدیاوە بکرێت چاوەڕێ دەکەم بە نامە یان بە تەلەفۆن و بە هەرشتێکیتر بێت پێمان بڵێن.

ئەمەل خان بەڕێزت گۆشەیەکت هەبوو لە کوردستانی نوێ کە هەفتانە دەتنووسی ئێستا گۆشەکەت نەماوە یاخود لەگەڵ خوێندنەوەدا بەینت چۆنە، دەخوێنیتەوە؟
ئەمەل جەلال: بەدڵنیاییەوە دەخوێنمەوە و خوێنەرێکی خراپ نیم، بەڵام گۆشەکەم بەداخەوە ئەم سەرقاڵیی بەرپرسیارێتیەم وای لێکردووم گۆشەکەم بۆ ماوەیک وەستاوم، دەست پیدەکەمەوە بەڵام نازانم کەی دەستپێدەکەمەوە، ساڵانیکی زۆرە لە سایتەکان بەگشی و رۆژنامەی کوردستانی نوێ وتارم هەبووە، ئێستاش دەمەوێت تایبەت بەو بەرپرسیارێتیەی ئێستا هەمە لەگەشتوگوزار قسەیەکم هەبێت، بەڵام جارێ نوێم و دەمەوێت زیاتر لە بابەتی گەشتوگوزار قوڵ ببمەوە، بۆیە بەستنەوەی سیاسەت و بەستنەوەی مافەکان و بەستنەوەی ژینگە و گەشتوگوزار و کەرتە جاوازەکانی کۆمەڵگە چۆن بەیەکەوە گرێ دەدەینەوە ئەوە ببێتە بابەتی داهاتووم، بەڵام جارێ نازانم کەی دەبێت.

 نێوانت لەگەڵ وەرزش چۆنە؟
ئەمەل جەلال: خراپ نیم، خۆم وەرزشکاری دێرینم من لەساڵانی هەشتاکان یاریزانی تۆپی دەست بووم لە یانەی سلێمانی، ئەندامی هەڵبژاردەی یانەی سلێمانی بووم، گرووپێکمان هەیە بەناوی وەرزشکاری دێرینەوە، دووساڵ لەمەوبەر جەنابی کاک قوباد رێزلێنانی بۆ کردین، وەکو وەرزشکارێکی دێرین هەمیشە پەیوەندیم هەیە لەگەڵ گرووپە وەرزشییەکان و لەگەڵ ئەوەی ئێستا وەکو وەرزشوان یاریزانی ناکەم، بەڵام رۆژانە وەرزش دەکەم.

 ئەمەل جەلال بە چ ژنێک سەرسامە ئەگەر لە بواری کارگێڕیدا بێت یاخود سیاسی و هونەری، چ ژنێک کاریگەری لەسەر تۆ دروست کردووە؟
چەند ژنێک لە ناوخۆی کودستاندا کاریگەریان لەسەرم دروستکردووە ئەوانیش دادە هێرۆ، کافییە سلێمان، پەخشان زەنگەنە، ئەوانە ئەو ژنانەن کە بۆ من وەکو مامۆستایەک و وەکو وێنایکی جوانی ژنی کورد هەمیشە سەرسام بووم پێان بە ئارامی و پشوو دریژی و وانەکانیان و ئەزمون و خەباتیان، یەکێک بوون لە هاوکار و رێنوێنیکاری من، تەمەنای تەمەن درێژی و تەندروستی باش بۆ هەرسێکیان دەخوازم. 

ک. ر.
Qaiwan
Qaiwan

زۆرترین خوێندنەوە

بیروڕا


News

جەلەوە و مسک الخیتام

لەلایەن عیماد ئەحمەد


News

وڵاتانی ناوچەكە كامیان هەڵدەبژێرن؟

لەلایەن ئه‌رسه‌لان په‌رۆش


News

کوشتنی ژنێک و راچڵەکینی کۆمەڵگەیەک

لەلایەن میهرەبان حسێن


News

کورد چاو لە عەرەب و ئەفغان بکات

لەلایەن بەهێز حسێن