کوردستانی

ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی داوای گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ كەركوك دەكات

مەودا میدیا - سلێمانی |


ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی داوای گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ كەركوك دەكات
مەودا میدیا-

ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانیی كوردستان بە توندی ئیدانەی پەلاماری تیرۆریستان دەكات بۆ سەر گوندی چەخماخەی سەر بەقەزای دووبز لە پارێزگای كەركوك، كە بەو هۆیەوە چوار هاووڵاتی مەدەنی شەهیدبوون و دوو هاووڵاتی دیكەش برینداربوون.

لە راگەیەندراوێكی ئەنجومەنى سەركردایەتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان كە وێنەیەكی بە مەودا میدیا دراوە هاتووە "ئێمە لە كاتێكدا پرسەو سەرەخۆشی خۆمان ئاڕاستەی كەسوكاری شەھید و قوربانییەكان دەكەین و هیوای زوو چاكبوونەوە بۆ بریندارەكان دەخوازین، تەئكید دەكەینەوە پێویستە هەرچی زووە كاری جددی بكرێت بۆ ئاساییكردنەوەی بارودۆخی كەركوك و  پڕكردنەوەی ئەو بۆشاییە ئەمنییەی لەو ناوچانە بەھۆی  نەبوونی هێزی پێشمەرگەی كوردستانەوە  دروست بووە و بۆتە هۆی مەترسیی بۆ سەر گیان و ژیانی رۆژانەی هاووڵاتیان".

باس لەوەشكراوە "پێویستە حكومەتی فیدرال بەرپرسیارێتیی نیشتمانی و رەسمی سەرشانی خۆی بەرامبەر دانیشتووانی ناوچەكە جێبەجێبكات كە بەهۆی ناكارایی ئیدارەی پارێزگاكە و نەگونجانی لەگەڵ ئیرادەی فرە رەنگی دانیشتوانییدا دروست بوو، پێویستە هەنگاوی جددی و پێویست بنرێت بۆ رێكەوتن لەگەڵ هێزی پێشمەرگە وەك بەشێك لە مەنزومەی ئەمنی و سەربازی عیراق".

ئەوەش خراوەتەڕوو "ھێزی پێشمەرگە لە نەبەردی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریستانی داعشدا، بەكردەوە و بە خوێن خەڵكی كەركوك و ناوچە دابڕاوەكانی ھەموو نەتەوەكانی پاراستووە، ئێستاش دەتوانێت بە هەماهەنگیی لەگەڵ ھێزە ئیتحادییەكان ئارامی و ئاسایش بەرقەرار بكاتەوە تاوەكو بەھەموو لایەك رێ لە پشێوی ئەمنی و تەرھیب و تەعریب بگیرێت".

لە كۆتایشدا روونیكردوەتەوە "ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتیی نوێنەرانی یەكێتی لە ئەنجومەنی نوێنەران و تێكڕای نوێنەرانی كەركوك لە  ھەموو ئاراستە و پێكھاتەكان كە بەدەنگ و متمانەی خەڵكی كەركوك و ناوچە دابڕاوەكان ھەڵبژێرداون ھان دەدا و رایان دەسپێرێ ھەموو توانای خۆیان لە پێناوی گەڕانەوەی ئارامی و ئاسایش بخەنەگەڕ و بیكەنە ئەولەویەتی كارەكانیان كە ئێمە لەو ھیمەتەیان دڵنیاین و لە پاڵپشتی گەرم و دەستوبردی یەكێتی نیشتمانی كوردستانیش، لەھەموو ئاستەكان، دڵنیایان دەكەینەوە .

هەروەها "ھەماھەنگی حكومەتی ئیتحادی،  كە ئێستا زیاتر سەرقاڵی دۆخی بەغدایە، لەگەڵ ھێزی پێشمەرگەی كوردستان   باشترین چارەسەرە بۆ رێگە گرتن لە دزەكردنی تیرۆریستان".
Qaiwan
Qaiwan

زۆرترین خوێندنەوە

بیروڕا



News

خاک و هۆکارەکانی پیسبوونی

لەلایەن نەرمین عوسمان


News

ئاماژەکانی ئەدای ژینگەیی

لەلایەن نەرمین عوسمان