چاوپێكەوتن

گونجاوترین تەمەن بۆ روواندنەوەی قژ تەمەنی سەروو 25 ساڵیە

مەودا میدیا - سلێمانی |


گونجاوترین تەمەن بۆ روواندنەوەی قژ تەمەنی سەروو 25 ساڵیە
مەودا میدیا-سازگار ئەحمەد

رووتانەوە یاخود هەڵوەرینی  قژ لە پیاوان و ژناندا هەیە ئەمەش هەندێک کات کاریگەری نەرێنی دەکاتە سەر دەروونی کەسەکە بەوەی کە ناشرین بەشێک لە جوانی لەدەست دەدات ئەمەش زیاتر لە پیاواندا بوونی هەیە، پەنا دەبەنە بەر رواندنەوە یاخود دانانەوەی قژ.

مەودا میدیا بۆ ئەو مەبەستە چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ دکتۆر یوسف جەمال گوڵەیی، دکتۆرا "بۆرد" لە نەخۆشیەکانی پێست و جوانکاری ئەنجام داوە بە مەبەستی خستنەڕووی هۆکارەکانی هەڵوەرینی قژ و زانیاری زیاتر لەسەر رواندنەوە یاخود دانانەوەی قژ.

ئەمەش دەقی چاوپێکەوتنی نێوان دکتۆر یوسف جەمال و مەوداپرێس-ە

هۆکارەکانی رووتانەوەی قژ لە پیاوان و ژناندا چیە؟
دکتۆر یوسف: هۆکارەکانی رووتانەوەی قژ لە پیاواندا بە زۆری هۆرمۆنیە، چونکە هۆرمۆنی نێرینە دەورێکی سەرەکی تێدا دەبینێت وە رووتانەوەکەشت بۆ دیاری دەکات کاتێک پزیشکەکە دەیبینێت یەکسەر دەزانێت رووتانەوەیەکی هۆرمۆنیە، بەڵام لە ژناندا هۆکارەکانی زۆرە راستە هۆکاری هۆرمۆنی لەوانیشدا دەور دەبینێت و یەکێکە لە هۆکارەکان، بەڵام سەرەکیترین هۆکار کەمی خوێن و رێژەی ئاسنی خەزنکراوە لە لەشدا وە هەندێکیش لە ژنان لەدوای دووگیانی قژیان دەوەرێت، هەروەها فشاری دەروونی و قەلەقیش دەوری هەیە.

ئایا خواردن کاریگەری هەیە لەسەر رووتانەوەی قژ؟
دکتۆر یوسف: بەڵێ خواردنی ناتەدروست یەکێکە لە هۆکارەکان کە دەوری هەیە لە هەڵوەرین و رووتانەوەی قژ لە ژنان و پیاواندا.

رواندنەوەی قژ یاخود دانانەوەی قژ بۆ کێ دەکرێت؟
دکتۆر یوسف: روواندنەوەی قژ بە زۆری لە پیاواندا دەکرێت بە رێژەیەکی زۆر، هەروەها هەندێک لە پیاوان بۆ ریشیشیان روواندنەوە ئەنجام دەدەن، بەڵام لە ژناندا بە رێژەیەکی کەم دەکرێت ئەوان زیاتر بۆ برۆیان کاری روواندنەوە دەکەن.

رواندنەوەی قژ لە چ تەمەنێکدا گونجاوە؟
دکتۆر یوسف: بۆ رواندنەوەی قژ واباشترە کەسەکە تەمەنی لە 25 ساڵ زیاتر بێت، چونکە لەو تەمەندا رووتانەوەی قژ جێگیر دەبێت بۆ دکتۆرەکە دەردەکەوێت چاندنەوەکە لە کوێدا بکات.

ئەو کەسانە کێن کە نابێت قژ بروێنەوە؟

دکتۆر یوسف: بۆ تەمەنی منداڵ ئەو کارە ناکەین واتە لە تەمەنی 20 ساڵ بەرەو خوار، هەروەها کەسێک نەخۆشی خوێن بەربوونی لەگەڵ بێت نابێت کاری دانانەوەی قژی بۆ بکرێت وە هەندێک نەخۆش هەیە لەژێر چارەسەردایە ناتوانێت دەرمانەکانی رابگرێت بۆ نمونە وە حەبی "ئەسپرین" ئەو کاتە ناتوانرێت کار بۆ ئەو کەس بکرێت، هەروەها ئەو کەسانەی نەخۆشی درێژ خایەنیان هەیە قژ چاندنەوەیان بۆ ناکرێت راستە هەندێک کات بۆیان دەکرێت، بەڵام کارێکی ئەستەمە هەندێک کات توشی خوێن بەربوون دەبن، ئەو کەسانەشی ماددە کحولییەکان بەکار دەهێنن کردنی ئەو کارە بۆیان قورسە.

کاریگەرییە ئەرێنیەکانی یاخود باشەکانی دوای قژ رواندنەوە چین؟
دکتۆر یوسف: کاریگەرییەکەی پیوەستە بە کەسەکەوە واتە شێوازی قژ رواندنەوەکە جوان دەربچێت ئەویش، یەکەم ئەوەیە کەسە خۆی واتە بانکی قژی کەسەکە تابانکی قژی بەهێزتربێت رواندنەوەکە جوانتر دەردەچێت و ژمارەی قۆناغەکانیشی بۆ کەم دەکاتەوە، چونکە هەندێک کەس بە چەند قۆناغێک رواندنەوەکەی بۆ ئەنجام دەدرێت، دووەم ئەو کەسەی کارەکەی بۆ دەکات واتە دەبێت ئەو پزیشکە بڕواپێکراوبێت و شارەزایی باشی هەبێت ستافەکەشی شارەزایان هەبێت، سێیەم شێوازی جێبەجێکردنی رێنماییەکانی دوای رواندنەوەکە.

ئایا ئەو کەسانەوەی روواندنەوە دەکەن قژیان دەوەرێتەوە؟
دکتۆر یوسف: مووی رواندنەوەکە ناوەرێت لەبەر ئەوەی ئەو مووانە لە لە شوێنێک وەردەگیرێن هۆرمۆنی نێرینە کاری تێ ناکات، بەڵام هەندێک هۆکار هەیە بۆ ئەوەی بوەرێت ئەویش جێبەجێنەکردنی رێنماییەکانی دوای رواندنەوەکە بەباشی یان شوێنی رواندنەوەکە توشی هەوکردن دەبێت و مووەکان دەمرن.

قژ رواندنەوە چەند جۆری هەیە؟

دکتۆر یوسف: روواندنەوەی قژ لە ئێستادا دوو جۆرە جۆری یەکەم "FUT" لەگەڵ جۆری دووەم "FUE" ، بەڵام جۆری یەکەم زۆر کاری پێناکرێت چونکە پێستەکە دەبڕێت لەبەر ئەوە زیاتر ئیش بە جۆری دووەم دەکرێت نوقتە بە نوقتە مووەکان دەر دەهێنرێت.

کاریگەرییە نەرێنییەکانی دوای روواندنەوەی قژ چین؟
دکتۆر یوسف: زۆربەی زۆری ئەو کەسانەی رواندنەوەیان بۆ دەکرێت سەریان هەڵدەئاوسێت لەبەر ئەوەی بە بە نیو بەنج کارایان بۆ دەکرێت ئەمەش ئاساییە نەخۆشەکە دەبێت سەری بەرزبێت و میز رانەگرێت هەڵئاوسانەکە زوو دائەبەزێت، هەروەها هەندێک کات ئەو کەسەی ئەو شوێنانەی مووەکەی لێوەرگیراوە یان مووەکەی تێدا روێندراوەتەوە تووشی هەوکرد دەبێت ئەمەش چاکبوونە پەیوەستە بە پاکوخوێنی و بەکارهێنانی دەرمانەکان بە باشی وە دوای رواندنەوەکە نەخۆشەکە ئازاری دەبێت، بەڵام ئازارەکە لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی دیکە دەگۆڕێت ئەویش بە دەرمانی ئازارشکێن چارەسەری دەکات.

ئەو تەمەنانە کێن کە زیاتر کاری رواندنەوە ئەنجام دەدەن؟

دکتۆر یوسف: زۆرترین تەمەن کە لە ئێستادا زیاتر کاری رواندنەوەی قژیان دەکەن لە نێوان تەمەنی 30 بۆ 40 ساڵیدان.

ئەو پشکنینانەی پێویستە پێش ئەنجامدانی کاری رواندنەوەی قژەکە بکرێت چین؟

دکتۆر یوسف: دەبێت ئەو کەسە پشکنینی رێژەی خوێن و ڤایرۆساتی بۆ دەکرێت، چونکە پشکنینی ڤایرۆسات زۆر گرنگە و هیچ نەخۆشێک کاری بۆ ناکرێت بێ ئەو پشکنینە، هەروەها هەندێک نەخۆش دەبێت پشکنینی شەکرە ئەنجام بدات وە بۆ هەندێک نەخۆشیش رێنمایی پزیشکی پسپۆڕی دڵ و هەناوی وەردەگرین بۆی ئینجا کارەکەی بۆ ئەنجام دەدەین ئەمەش زیاتر بۆ ئەو کەسانەتە کە تەمەنیان هەیە.

ئایا هیچ نەخۆشێک بە بەنجی گشتی بۆی دەکرێت؟

دکتۆر یوسف: نەخێر هیچ نەخۆشێک بە بەنجی گشتی بۆی ناکرێت لەبەر ئەوەی کاتەکەی زۆرە هەندێک کات بە دوورۆژ کاری نەخۆشەکە تەواو دەبێت.

ئایا دوای رواندنەوەی قژەکە خۆشۆردن کاریگەری دەبێت؟

دکتۆر یوسف: ئێمە هەرگیز خۆشۆردن قەدەغە ناکەین، بەڵام هەفتەی یەکەم نابێت قژەکە بشۆرێت بەڵکو تەنها دەبێت پشتی سەری واتە ئەو شوێنەی مووەکەی لێ وەردەگیرێت دەشۆرێت، وە ئەو شوێنەی مووەکەی لێ دەروێنرێتەوە بە موغەزیەک بەکار دەهێنرێت کە دەکرێتە پەمپێکەوە رۆژانە قژکەی پێ تەڕ دەکرێت.

جۆری دووەمی روواندنەوەی قژ "FUE"
Qaiwan
Qaiwan

زۆرترین خوێندنەوە

بیروڕا


News

کوشتنی ژنێک و راچڵەکینی کۆمەڵگەیەک

لەلایەن میهرەبان حسێن


News

کورد چاو لە عەرەب و ئەفغان بکات

لەلایەن بەهێز حسێن


News

ئیتر براکان دەستی یەکتر ناگرن

لەلایەن سۆزان حەمەتاتە