د. ھاوڕێ  مەنسوربەگ

د. ھاوڕێ مەنسوربەگ

پەتای کورتبینی، وڵاتی (دانمارک)یشی گرتەوە

 ساڵی 2020 حکومەتی دانمارک بڕیاری دا کە چیتر  کار بۆ دۆزینەوەی نەوت و گاز نەکات و تا ساڵی 2005 هەموو جۆرە چالاکییەکی پشکنین و دەرهێنانی نەوت و گاز لە دەریای باکووری دانمارکیدا کۆتایی پێبهێنێت. 

یەکێک لە کۆمپانیا هەرەگرنگەکانی دانمارک و ئەوڕوپا (مێرشک) لە ساڵی 2017دا کرایە قوربانی و فرۆشرایە کۆمپانیای تۆتالی فەرەنسی.
هەموو وڵاتانی ئەوروپا پشتئەستوور بوون بە پرۆژەی نۆردستریم2 کە گوایە گازێکی خاوێن و بێ کێشە لە رووسیاوە دێت و هیچ پێوستییان بە سیاسەتی وزەی لۆکاڵیی خۆیان نابێت.

دیارە ئەو جۆرە سیاسەتانە لەژێر فشاری پارتەکانی دۆستی ژینگە دادەڕێژرێن. خەیاڵپڵاویی وزەی (ئەلتەرناتیڤ و نوێبووەوە)ش لەولاوە بوەستێت کە هەمیشە سیاسەتوانانی ئەوروپا لە کاتی هەڵبژاردنەکاندا وەک کارتێک گەمەی پێدەکەن و بەڵێنی ئاڵ و واڵا بە جەماوەرەکانیان دەدەن  گوایە ’’سەردەمی نەوت و گاز بەسەر دەچێت و جیهان دەپارێزن لە هەڕەشەی لەناوچوون بەهۆی گەرمبوونەوەی زەوی!’’ بەڵام پەلاماری رووسیا بۆ ئۆکرانیا، ئەوروپاییەکانی تووشی شۆکێکی گەورە کرد و لە پێش هەمووشیانەوە دانمارکی لە خەوێکی قووڵدا راچڵەکاند.

رووسیا، دانمارک و وڵاتانی ئەوروپای ئاگادار کردۆتەوە کە تا کۆتایی ئەم مانگە دەبێت بە رۆبڵی ڕووسی پارەی گازی هاوردەکراو لە رووسیاوە بدەن نەک بە دۆلار و یۆرۆ... دەنا مۆسکۆ چیدیکە گاز نانێرێت. 

لە لوتکەی جیهانیی دوبەی بۆ وزە، کە لە کۆتایی مانگی سێی ئەمساڵدا بەسترا، عەبدولعەزیز بن سەلمان، وەزیری نەوتی سعودی گوتی: " ئەرێ خێرە لەوەتەی جەنگی ئۆکرانیا دەستیپێکردوە، کەس باسی ژینگە ناکات؟  دەبێ بزانین، بە بێبوونی ئاسایشی وزە، نە گەشەی ئابووری، نە پاراستنی ژینگە، هیچیان دەستەبەر نابن".

دوای سەد ساڵ لە بەڵێنی سیاسەتمەداران و سەد ساڵ لە توێژینەوەی زانستیی تۆقێنەر دەربارەی مەترسییەکانی بەکارهێنانی خەڵووز، کەچی تائێستا مرۆڤایەتی نەیتوانیوە بە تەواوەتی دەسبەرداری خەڵووز بێت، نەخاسمە نەوت و گاز. تا ئەمڕۆش خەڵووز بۆ چەندین وڵاتی گرنگ بە ئەمەریکایشەوە، یەکێکە لە کاڵا ستراتیجییەکانی دابینکردنی وزە.

بۆیە پێموایە دەبێت حکومەتی دانمارک بە بڕیارە کورتبینەکەی خۆیدا بچێتەوە و دەست بکاتەوە بە دۆزینەوەی نەوت و گاز لە سنوورە دەریاییەکانی خۆیدا.
بە دڵنیاییەوە دەڵێم تا پەنجا ساڵی دیکەش، سەرچاوەی سەرەکیی وزەی جیهان نەوت و گاز دەبێت. 

ک. ر.
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan