خەڵەف   غەفور

خەڵەف غەفور

سۆسیۆپۆڵیتیک و هەواڵێكی دیكەی ناخۆش بۆ ئەردۆغان

1
بەگوێرەی دوایین راپرسیی ناوەندی راپرسی و لێکۆڵینەوەی سۆسیۆپۆڵیتیک پارتی داد و گەشەپێدان- ئەكەپە كە رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكێتی، لە هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماری توركیادا رێژەی 28.9٪ی دەنگەکان بەدەستدەهێنێت و پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی- مەهەپەش 6.1٪ی دەنگەکان بەدەستدەهێنن، واتە بەپێی یاسای هەڵبژاردنەكانی ئێستا ئەگەر بەربەستی 10% لانەبرێت، ئەوا مەهەپە ناگاتە پەرلەمان. ئەمە لە 10 رۆژی یەكەمی رەمەزاندا بۆ ئەردۆغان و باخچەلی، هەواڵێكی یەكجار ناخۆشە.

2
ئەكەپە و مەهەپە ماوەی چەند ساڵێكە هاوپەیمانن، بەو پێیەی بێ دەنگی مەهەپە ئەردۆغان نەیدەتوانی لە هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماری توركیا سەركەوتووبێت، بۆیە ئەردۆغان زۆر مەرجی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆكی مەهەپەی جێبەجێكردووە، لە سەرووی هەموویانەوە كۆتاییهێنان بە چارەسەركردنی هەوڵە سەرەتاییەكانی دۆزی كورد، فشارخستنە سەر پارتی دیموكراتی گەلان- هەدەپە و هەڵگرتنی پارێزبەندی لە پەرلەمانتارەكانیان، هەروەها رێگریكردن لە ئازادكردنی سەڵاحەدین دەمیرتاش و هاوڕێكانی، بەو شێوەیە مەهەپە براوەی هاوپەیمانێتییەكەیە لەگەڵ ئەكەپە.

3
لەو ماوەیەی ئەكەپە و مەهەپە پێكەوەن، توركیا لە زۆر رووەوە پاشەكشەی كردووە؛ دیموكراسی و رووبەری ئازادییەكان، مێدیا و چالاكییەكانی رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی و فشار، ئاڵۆزبوونی پەیوەندییەكانی توركیا لەگەڵ ئەمەریكا و وڵاتانی دەوروبەر، داڕووخانی ئابووری، جیابوونەوەی زیاتر لە ریزەكانی ئەكەپە، بەرزبوونەوەی دەنگی ناڕەزایی زۆر، زیندانیكردنی رۆژنامەوانان بە رێژەیەكی زۆر، سەرئەنجام ئەوە روویدا كە ئەردۆغان و ئەكەپە بەتەواوی لە دۆڕان و دووركەوتنەوەیان لە دەسەڵات نزیكببنەوە و بەوردیش كاری لەسەر دەكرێت.

4
وادەی ئاسایی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماری توركیا ساڵی 2023یە، لەگەڵ ئەوەی زۆرینەی پارتەكانی توركیا داوای ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە دەكەن، بەڵام نە ئەردۆغان و نە باخچەلی مل نادەن بۆ ئەو داوایە، بەڵكو سەرقاڵی هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی توركیان بەشێوەیەك لە بەرژەوەندیی خۆیان بێت.
وەكو ئەكەپە، مەهەپەش مەترسی گەورەی لەسەرە، راپرسییەكەی ناوەندی راپرسی و لێکۆڵینەوەی سۆسیۆپۆڵیتیک دەریدەخات مەهەپە رێژەی 6.1%ی دەنگەكان بەدەستدەهێنێت، ئەگەر یاسای هەڵبژاردن هەموارنەكرێتەوە ئەوا پێویستی بە دەنگی 10% هەیە، لە ئەگەری هەمواركردنەوەیشیدا پێشنیازی ئەوە كراوە بۆ 7% كەمبكرێتەوە، بۆیە لەهەردوو ئەگەرەكەدا مەترسیی گەورە لەسەر مەهەپە هەیە و ئەوەش مەترسییەكان لەسەر ئەردۆغان گەورەتر دەكات.

5
هەوڵی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری توركیا بۆ ئەوەیە هەڵبژاردنی 2023 بەهەر نرخێك بووەوە بباتەوە، ئەوە دوا دەرفەتی ئەوە بۆ تەواوكردنی بەشێكی زیاتر لە پرۆژەكەی، هەروەها لە ئەگەری سەرنەكەوتنیدا ئەوا مەترسیی گەورەی لەسەر دروستدەبێت و لەئێستاوە سەدان دۆسییەی یاسایی لەسەر ئامادەكراوە.
ئەكەپە و ئەردۆغان رێڕەوی سیاسییان بەرەو كۆتایی تۆنێلەكە دەچێت، بارودۆخی لەو شێوەیە تەنها ئەردۆغان لێیی بەرپرسە، بەكاوەخۆ لە راستەڕێكە دووركەوتەوە و ئێستا چارەسەرەكە دەزانێ، بەڵام مەترسییەكانی سەری بەشێوەیەكی دیكە دەردەكەونەوە.

6
سەركەوتنی ئەردۆغان لە سێ دۆسییەدا وایانكرد لە 2003ەوە تائێستا لە لوتكەی دەسەڵاتی توركیادا بێت؛ پێشخستنی كەرتی ئابووری، هەنگاونان بۆ چارەسەركردنی دۆزی كورد و پێشكەشكردنی نموونەی پارتێكی پاشخان ئیسلامیی گونجاو لەگەڵ عەلمانیەت و دیموكراسیدا.
ئێستا: ئابووریی توركیا داڕووخاوە، كۆتایی بە چارەسەركردنی دۆزی كورد هێنراوە و ئەكەپەش بووەتە نموونەی پارتێكی دەسەڵاتخوازی ئیسلامی توندڕەو.
ئەوەش هۆكاری نزیكبوونەوەی ئەردۆغان و ئەكەپەیە لە كۆتایی حوكمڕانییان.

خ.غ
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan