کاروان 	 عەلی شامار

کاروان عەلی شامار

دوا بژاردە لە بەردەم یەکێتیدا

ھەرێمی کوردستان لەبەردەم تەحەدیات و گۆڕانکاریی گەورەدایە، ژیان و گوزەرانی ھاوڵاتییان بە دۆخێکی سەخت دژواردا تێپەردەبێت کە ھیچ کات لە رابردوودا بەوجۆرە نەبووە، لێکەوتەکان ھێندە زۆر و گشتگیرن نەک ھەر ھاوڵاتییانی سڤیل بگرە ئەو بەرپرسانەشی کە باگراوند و خەباتی شۆرشگێریان ھەیە نارەزاین لە شێوازی حکومرانی و لەوپەڕی نا ئومێدیدان، ھەموو ئەمانەش ئاماژەی خراپن بۆ تەقینەوەی جەماوەری و تێکچوونی قەوارەی ھەرێم. 

گومان لەوەدا نییە بەشێکی زۆر لە ھێزە سیاسیەکانی ھەرێمی کوردستان، لە ئاست داوا و خواستی خەڵکی کوردستاندا نەبوون و نابن، وەلێ بارتەقای زیاتر لە ھەموو ھێزەکانی تر پارتی نموونەیەکی حوکمڕانییەکی خراپی پەیڕەو کردووە کە لە ھیچ شوێنێکی دنیادا نموونەی نەبووە و نابێ، ئەم ھێزە نە لەڕابردوو نە لە ئێستادا خزمەتی ھاونیشتیانییان نەکردووە، بەڵکو زیاتر لەبەرژەوەندی خۆیان کاریان کردوە ،ئەمەش وایکردوە لەھەرکوێ بەرژەوەندی تەسکی پارتی کەوتبێتە مەترسیەوە ئەوا لەو شوێنەدا ئامادەیی ھەموو سازش و سازانێک بووە لەگەڵ نەیارەکانی نەتەوەکەماندا! 

چەن ساڵێک پێش ئێستا بوو بە ئەنجامدانی ریفراندۆم ھەستی ھاونیشتمانییانی بە دروشمی قەبەو قەومی موزەیەف جۆشدابوو، کەچی ئەمڕۆ کار بۆ یەکریزی خاکی عیراق دەکات و وەک عیراقیەکی عەیارە بیست و چوار سەرسەختانە بەرگری لە عروبە دەکات!

ھەنوکەش مەترسییە گەورەکە لەوەدایە، کە پارتی سەرباری مۆنۆپۆلکردنی تەواوی سێکتەرە گرنگەکانی حکومەتی ھەرێم و پەراوێزخستنی لایەنەکانی تر، لە ھەوڵی بەدەستھێانی پۆستی سەرۆک کۆمار دایە و تاکە ئامانجی سەرکیشی لەوەرگرتنی ئەو پۆستە، بەمەرجەعکردنی بارزانییە، بەجۆرێک کە بۆ تەواوی پرس و بڕیارە چارەنووسازەکان سەری رەش دوا وێستگەبێت، ئەمە جگەلەوەی  پارتی دەیەوێ لەم رێگەیەوە شەرعیەتی تەواو وەربگرێ لە بۆ فرۆشی نەوت و بەردەوامیدان ئەو تاڵانیەی کە سالانێکە بە ناوی ئابووریی سەربەخۆوە دەستی داوەتێ، پاشان دەیەوێ دەستتێوەردان و زەحفی زیاتر بکا بەرەو دەڤەری سەوز!

خولاسە، تاکە بژاردەیەك لەبەردەم یەکێتیدا مابێ ئەوەیە ھەرچی زووە ناوماڵی خۆی رێکبخاتەوە و پاشان لەگەڵ ھێزە سیاسییەکانی دەرەوەی پارتیدا بەرەیەکی فراوانی نیشتیمانی پێکبێنێ و ئامانجی سەرەکی ئەم بەرەیەش رێگریکردن بێ لە ھەموو ئەو نادادیانەی کە رۆژانە لە ھەمبەر ھاونیشتمانییاندا دەکرێ، ئەم بەرەیە دەبێ وەک ئەلتەرناتیڤێکی بەھێزی پارتی لە شەقامی عیراقی خۆی مانفێست بکا، بۆ ئەم ئاکتەش لە ئێستادا چاوەکان زیاتر لەسەر (یەکێتییەکی بەھێز و یەکگرتووە)، یەکێتییەک کە دەبێ وەک کۆلەکەیەک دژی ھەموو ئەو سیاسەتە چەوتانەی  پارتی بوەستێ کە خەریکە ھەرێم دەرگیر بە ریسک و مەترسیی گەورە دەکەنەوە. 

خەڵکی کوردستان بێزاربوون لە دروشم و دروشمبازی و لەدوی ھەنگاوی کرداری و دۆخێکی مەوزوعین کە کۆتایی بە نەھامەتیەکانیان بێنێ، بۆیە گرنگە یەکێتی بەوردی خوێندنەوە بۆ ئەم بارودۆخە نوێیە بکات و بەوردی و ئاگایی ھەنگاو بنێت ، چونکە ئەگەر  یەکێتیی بەم میتۆدەی ئێستای سیاسەت بکا ئەوا دوور نییە لەئەگەری ھەر ڕووداو و  پێشھاتێکی مەترسیدار زیانمەندی یەکەمی ناوچەکە بێت.

ک. ر.
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan