عارف قوربانی
ئه‌گه‌ر سه‌در سازش نه‌كات
بۆ هه‌ر كه‌سێك له عێراق سیاسه‌ت بكات، یان چاودێری دۆخی سیاسیی عێراق بكات، ده‌بێت له‌و راستییه تێگه‌یشتبێت، ئێران به‌هیچ جۆرێك ده‌ستبه‌رداری ئه‌و ده‌رفه‌ته زێڕینانه نابێت، كه ئه‌مریكا به رووخاندنی سه‌دام له عێراق بۆی ره‌خساندووه. به‌درێژایی نزیكەی 20 ساڵی رابردوو، ئه‌گه‌ر قورسایی زیاتری له‌سه‌ر عێراق نه‌بووبێت وه‌ك له وڵاته‌كه‌ی خۆی، به‌هه‌مان ئه‌ندازه‌ی به‌ڕێوه‌بردنی خودی ئێران، خۆی بۆ به‌ڕێوه‌بردنی عێراقیش ته‌رخانكردووه.
هه‌موو ئه‌و هه‌نگاوانه‌ی له عێراق گیراونه‌ته‌به‌ر بۆ رێگه‌خۆشكردن بۆ بهشیعیكردنی عێراق، له ناوه‌نده ستراتیژییه‌كانی ئێرانه‌وه به‌ڕێوه‌براون. وه‌ك ده‌ستپێكی پاکكردنه‌وه‌ی ناوچه شیعییه‌كان له مه‌سیحییه‌كان له به‌سره و ناوچه‌كانی خوارووی عێراقه‌وه بۆ به‌غدای پایته‌خت، تا هه‌ڵمه‌ته‌كانی كوشتنی فڕۆكه‌وان و ئه‌فسه‌رانی سوننه، دكتۆر و ئه‌ندازیار و مامۆستایانی زانكۆ، پاشان تیرۆری هه‌ڕه‌مه‌كییانه‌ی گه‌نجانی سوننه له ناوچه شیعه‌نشینه‌كان و به‌غدا، هه‌مووی به پلانی وردی قۆناخ به قۆناخی ئه‌و وڵاته به‌ڕێوه‌چووه.
گواستنه‌وه‌ی هه‌ژموونی شیعی بۆ ناوچه سوننی و كوردییه‌كان، داهێنانی ده‌سته‌واژه‌ی (كوردی و سوننی و مالیكی) وه‌ك جۆرێك له رێگه‌خۆشكردن بۆ وابه‌سته‌كردنی كاره‌كته‌ر و هێزه سیاسییه‌كانی ئه‌م دوو پێكهاته‌یه به ناوه‌ندی ده‌سه‌ڵاتی شیعه‌وه، تا هاتنی داعش و خۆشكردنی زه‌مینه‌ی دروستكردنی حه‌شدی شه‌عبی و چه‌سپاندنیان له ناوچه سوننییه‌كان و به‌شێك له خاكی كوردستان، هه‌موو ئه‌و وێرانكارییانه‌ی ناوه‌نده‌كانی سوننه‌نشین و ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنه‌وه‌ی نیوه‌ی جوگرافیای كوردستان، له مه‌تبه‌خی ئێران ئاماده‌كراون و له‌ژێر چاودێریی راسته‌وخۆی فه‌رمانده‌كانی سوپای قودس و پاسداران جێبه‌جێكراون.
لێدان له كه‌سایه‌تییه سیاسییه دیاره‌كانی سوننه‌ی وه‌ك تارق هاشمی و رافع عیساوی و بنه‌ماڵه‌ی نجێفی، دوورخستنه‌وه‌ی كه‌سایه‌تییه كۆمه‌ڵایه‌تییه كاریگهرهكانیان له‌ناو هۆز و عه‌شیره‌ته‌كانی سوننه له دیاله و سەلاحه‌دین و ئه‌نبار و نه‌ینه‌وا، هه‌روه‌ها لێدان له به‌شێك له پێگه‌ی كه‌سایه‌تی و هێزه سیاسییه‌كانی كورد و ئه‌و درز و ناكۆكییه سیاسییانه‌ی ناو ماڵی كوردیش به‌شێك بووه له‌و ستراتیجه‌ی بۆ بهشیعیكردنی عێراق داڕێژراوه. بۆیه هه‌ركه‌سێك پێی وابێت به ئاسانی یا له رێگه‌ی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن و دیموكراسییه‌وه ده‌توانێت پاڵ به ئێرانه‌وه بنێت و له هاوكێشه‌ی سیاسیی عێراق بیخاته كه‌ناره‌وه، به هه‌ڵه‌دا چووه.
ده‌رئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌ی عێراقیش له 10/10/2021 ئه‌و راستییه‌ی زیاتر ده‌رخست، كه ئێران نه‌ك ده‌سته‌به‌رداری رۆڵ و پێگه‌ی خۆی نابێت، ته‌نانه‌ت رێگه نادات هێزه وابه‌سته و دۆسته‌كانیشی له ده‌سه‌ڵات په‌راوێز بخرێن. ئه‌و گوشارانه‌ی له دوای ده‌رئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كانه‌وه له‌سه‌ر كورد و سوننه بوون بۆ ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ سه‌در هاوپه‌یمانێتی نه‌به‌ستن، ته‌نیا له‌پێناو پێگه‌ی هێزه وابه‌سته‌كانی ئێران‌دا بوو نه‌ك ئه‌وه‌ی ئێران پێی وابێت كورد و سوننه ده‌توانن لێی یاخی بن. كاتێك گوێیان به ئێران نه‌دا و هاوپه‌یمانێتیی سێقۆڵییان دروستكرد، چه‌ند هه‌وڵێكی دیكه‌ی ئێران هه‌بوو بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی كه تێگه‌یشت له‌و رێگه‌یه‌وه ناتوانێت دڵنیایی سازشی به‌ره‌ی (سه‌در، بارزانی، حه‌لبوسی) بۆ هێزه وابه‌سته‌كانی ده‌سته‌به‌ربكات، له‌سه‌ر چه‌ندین ئاست كه‌وته گوشار دروستكردن به‌تایبه‌ت بۆ سه‌ر پارتی، چونكه به هه‌وێنی یه‌كڕیزیی سوننه‌كانیشی ده‌زانی. هه‌موو بڕیاره‌كانی دادگەی فیدراڵی، مووشه‌كه‌كانی سه‌ر هه‌ولێر، گوشاره‌كان بۆ سه‌ر كاندیدەكانی پارتی بۆ وه‌رگرتنی پۆستی سه‌رۆككۆمار، نه‌هێشتنی ده‌سته‌به‌ركردنی نیسابی یاسایی بۆ هه‌ڵبژاردن و به‌ڕێوه‌چوونی رێگە ده‌ستوورییه‌كان بۆ پێكهێنانی حكومه‌تی نوێی عێراق، هه‌ر به‌و ئامانجه‌یه كه ناهێڵێت هێزه وابه‌سته‌كانی ئێران له په‌راوێزی حوكمڕانیی عێراقدابن.
هێشتا ئه‌و گوشار و رێگه و ئامرازانه‌ی ئێران به‌كاری بردوون، هه‌موو كارته‌كانی ده‌ستی ئێران نین، كارت و رێگەی دیكه‌ی زۆر له به‌رده‌ست ماوه، بۆ ئه‌وه‌ی ئاراسته‌ی رووداوه‌كان به ئاقارێكدا به‌رێت حكومه‌تێك له سێبه‌ری تاران بێنێته ئاراوه. دوای ئه‌وه‌ی ماڵی كوردی به‌یه‌كجاری لێك دوورخسته‌وه، تازه‌ترین كارتیشی بۆ تێكدانی ناو ماڵی سوننی له‌لایه‌ك ئازادكردنی (رافع عیساوی)ه له زیندان، كه پێشتر و له سه‌رده‌می نووری مالیكی، جێگری سه‌رۆكوه‌زیران و وه‌زیری دارایی بوو، به‌ڵام به‌هۆی ئه‌وه‌ی ئه‌وكات له‌گه‌ڵ ئه‌و شه‌پۆله ناڕه‌زایه‌تییه‌ی سوننه بوون، دژ به هه‌ژموونی شیعی و داوای هه‌رێمی سوننییان ده‌كرد، به‌تۆمه‌تی گه‌نده‌ڵی و بوونی په‌یوه‌ندی به تیرۆره‌وه ناچار به هه‌ڵهاتن و دواتر هێنایانه‌وه و خستیانه زیندانه‌وه. هه‌روه‌ها هێنانه‌وه‌ی (عه‌لی حاته‌م سلێمان) سه‌رۆكی هۆزی گه‌وره‌ی دلێمی ئه‌نبار كه ئه‌میش به‌هه‌مان شێوه دوای ئه‌وه‌ی سه‌ركردایه‌تی پێكهێنانی هێزی چه‌كداری سوننه‌ی كرد بۆ پارێزگاری له ناوچه‌كانی خۆیان و پشتیوانی پێكهێنانی هه‌رێمی سوننه بوو، به‌هه‌مان شێوه تۆمه‌تی تیرۆریان دایه پاڵ و ناچاریان كرد ناوچه‌كانی ئه‌نبار جێبهێڵێت. ئێستا زه‌مینه‌ی گه‌ڕانه‌وه‌یان بۆ خۆشكرد و له دوو سێ رۆژی رابردوودا بردیانه‌وه بۆ به‌غدا. به‌مه‌ش پێش هه‌ر شت ده‌یانه‌وێ وه‌ك به‌دیل بۆ (حه‌لبووسی و خه‌میس خه‌نجه‌ر) بیانكه‌نه‌وه بە رووی سوننه‌كان، چونكه له واقیعیشدا دوای لێدان له هاشمی و بنه‌ماڵه‌ی نوجێفی و عیساوی دوورخستنه‌وه‌ی عه‌لی حاته‌م دلیمی، زه‌مینه‌ی هاتنه‌پێشه‌وه بۆ حه‌لبووسی و خه‌نجه‌ر ره‌خسا، هێنانه‌وه پێشه‌وه‌ی ئه‌و كاره‌كته‌ر و بنه‌ماڵانه‌ی دیكه راسته‌وخۆ كارده‌كاته سه‌ر پێگه‌ی ئه‌وانه‌ی ئێستا نوێنه‌رایه‌تی سوننی ده‌كه‌ن.
ئه‌وه‌ی ئێران به‌رانبه‌ر به پارتی و ئێستای سوننه ده‌یکات، به راسته‌وخۆ لێدانیشه له سه‌در، كه سه‌ركردایه‌تیی ئه‌و ئاراسته‌یه ده‌كات (هاوپه‌یمانیی رزگاركردنی نیشتمان)یان پێكهێناوه. ده‌یانه‌وێ له‌م رێگەیانهوه گوشاره‌كانیان له‌سه‌ر سه‌در زیاتر بكه‌ن بۆ سازشكردن بۆ (چوارچێوه‌ی هاوئاهه‌نگی شیعه‌كان) كه ئه‌م به‌ره‌یه راسته‌وخۆ له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه ئاراسته ده‌كرێن و قائانی، فه‌رمانده‌ی سوپای قودس له هه‌ر هاتنێكیدا بۆ به‌غدا سه‌رۆكایه‌تیی كۆبوونه‌وه‌كانیان ده‌كات. ئه‌گه‌ر سه‌در بكه‌وێته ژێر كاریگه‌ریی ئه‌م كارته تازانه‌ی ئێرانه‌وه و بكه‌وێته سازش بۆ داخوازییه‌كانی چوارچێوه‌ی هاوئاهه‌نگی، ئه‌وه ئه‌گه‌ری به‌هێز ئه‌وه‌یه دوای جه‌ژنی ره‌مه‌زان و له ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی گفتوگۆی لایه‌نه سیاسییه‌كان به‌ره‌و پێكهێنانی حكومه‌تێكی ته‌وافوقی بڕۆن.
ئه‌گه‌ر سه‌در ئاماده‌ی هیچ سازشێك نه‌بێت و موكڕبێت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی حكومه‌ت ئه‌و سێ لایه‌نه‌ی هاوپه‌یمانیی رزگاركردنی نیشتمان پێكی بهێنن، دوای ئه‌وه‌ی ئێران رافع عیساوی له زیندان هێنایه ده‌ره‌وه و رێگه‌ی به گه‌ڕانه‌وەی عه‌لی حاته‌م دلێمی دا بگه‌ڕێته‌وه بۆ به‌غدا و ئه‌نبار، ئه‌وه به دڵنیاییه‌وه رێگه‌ی دووه‌م ده‌گرێته‌به‌ر به‌ره‌و سه‌رله‌نوێ ئه‌نجامدانه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردن. له ئه‌گه‌ری ئه‌نجامدانه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردنیشدا ئه‌مجاره لایه‌نه دۆڕاوه‌كانی شیعی به‌هه‌ر جۆرێك بێت ته‌کبیری حاڵی خۆیان ده‌كه‌ن، كه نه‌بنه كه‌مینه. ئه‌و یه‌كڕیزییه‌ی ناوماڵی سوننیش وه‌ك خۆی ناهێڵنه‌وه، به‌هۆی ئه‌و ناكۆكییانه‌ی له‌نێوان به‌ره‌ی (حه‌لبووسی و خه‌نجه‌ر) و (عه‌لی حاتم دلیمی و عیساوی) هه‌یه، هاوكێشه‌كانی سوننه به‌جۆرێك ده‌گۆڕێن كه هیچ كه‌س نه‌توانێ دڵنیایی ئه‌وه بدات سوننه‌كان ده‌توانن پێكه‌وه‌بن. به‌وه‌ش دڵنیایی ئه‌وه ده‌سته‌به‌ر ده‌بێت كه دوای ئه‌مجاره‌ی هه‌ڵبژاردن ئه‌و سێ به‌ره‌یه‌ی هاوپه‌یمانی رزگاركردنی نیشتمان پێكه‌وه بمێننه‌وه و ده‌بێت به‌جیاجیا بكه‌ونه‌وه ژێر هه‌ژموونی شیعه‌وه.
بۆیه بۆ سه‌در وه‌ك هێزی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ی ناو په‌رله‌مان و هاوبه‌شه‌كانی كه ئێستا زۆرینه‌ی په‌رله‌مانیان هه‌یه و ده‌توانن له رێگه‌ی په‌رله‌مانه‌وه هه‌ژموونی خۆیان به‌سه‌ر حكومه‌تدا بهێڵنه‌وه، باشتر وایه رێگەی سازان له‌گه‌ڵ چوارچێوه‌ی هاوئاهه‌نگی بگرنه‌به‌ر بۆ دانانی سه‌رۆككۆمار و پێكهێنانی حكومه‌ت، به حوكمی ئه‌و زۆرینه‌یه‌ی هه‌یانه هێشتا ده‌رفه‌تی ئه‌وه‌یان هه‌یه زۆر له داخوازییه‌كانیان بسه‌پێنن، به‌ڵام ئه‌نجامدانه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردن له به‌رژه‌وه‌ندیی به‌ره‌ی ئێرانه و پێگه‌ی سه‌در و هاوپه‌یمانێتییه‌كه‌ی وه‌ك ئێستا ناهێڵێته‌وه.
ک. ر.
ک. ر.