چاوپێكەوتن

بەهیە حامید بەگ: دەبێت بە جلی کوردییەوە بمنێژن

مەودا میدیا - سلێمانی |


بەهیە حامید بەگ: دەبێت بە جلی کوردییەوە بمنێژن
مەودا میدیا-

خانمێکی هەڵکەوتووی نەتەوەی کورد، نازدارێک لە خێزانێکی پاشازادە، سەرەڕای قوربانیدانی زۆر لە پێناو خێزان و کەسە نزیکەکانی، بەهۆی کار و چالاکییەکانییەوە لە بواری رۆشنبیری و کۆمەڵایەتیدا، دەیان خزمەتی کۆمەڵگەی کوردیشی کردووە...

ناوی تەواوی بەڕێزتان؟
بەهیە حامید بەگی مەجید بەگی وەسمان پاشای جاف.

لە کوێ لە دایک بوویت؟
لە 20ی کانوونی دووەمی 1925 لە شاری هەڵەبجە لە گەڕەکی پیرمحەمەد لە دایک بووم.

سەرگوزشتەی چوونە بەر خوێندنت چۆن بوو؟ 
لەو کاتەی حامید بەگی باوکم قائیمقامی هەڵەبجە بوو، هەوڵی کردنەوەی خوێندنگەی داوە لە شاری هەڵەبجە، هەوڵەکەش لەگەڵ هەندێک بەرپرسی تر سەریگرتووە، هەر کە خوێندنگە کرایەوە، باوکم دەستی گرتم و بردمیە بەر خوێندن. کوڕ و کچ تێکەڵ بوون. سەرەتا تا پۆلی سێ سەرەتایی هەبوو، ساڵ بە ساڵ پۆلی تازە دەکرایەوە. تا پۆلی شەشی سەرەتاییم بە سەرکەوتوویی بڕی و هەموو ساڵێک بە یەکەم دەردەچووم. پۆلی شەش لە هەڵەبجە نەبوو، دەبوایە بچمە سلێمانی و خانەخوێشم نەبوو لە سلێمانی بۆ ئەوەی وەک کچێک بچم، ئیتر وازم لە خوێندن هێنا و جلی کوردیم لەبەر کرد و لە ماڵەوە سەرقاڵی کاری ماڵ بووم، بەڵام لە خوێندنەوە بەردەوام بووم.

باوکت تا کەی قائیمقامی هەڵەبجە بوو؟
یەکەم جار ئەحمەد موختار بەگی جاف تا ساڵی 1924 قائیمقام بوو، لە دوای ئەو باوکم کە برازای ئەحمەد موختارە، بوو بە قائیقام تا کۆتایی ساڵی 1932.

وتت لە خوێندنەوە دانەبڕاوم، زیاتر چ جۆرە نووسین و کتێبێک دەخوێنیتەوە؟
وەک وتم، وازم لە خۆپەروەردەکردن و خوێندنەوە نەهێنا، گۆڤاری گەلاوێژ و گۆڤاری عەرەبییان بۆ دەهێنام، هەروەها رشتەی مرواری (عەلادین سەجادی) و یادگاری لاوانی (ئیبراهیم ئەحمەد)م دەخوێندەوە، ئەمە جگە لە کتێبی شیعری شاعیرانی ئەو سەردەمە، کە بەردەوام لەبەردەستمدا بوون و ئەو شیعرانەی بەدڵم بوون هەموویم لەبەر کردبوو، تا ئێستاش زۆربەیانم لەبیرە.

کام شاعیر زیاتر دڵخوازی تۆ بوو؟
مەولەوی و بێسارانی...
زاراوەی هەورامیت دەزانی؟ چونکە تێگەیشتن لە شیعری ئەو شاعیرانە زەحمەتە و دەبێت هەورامییەکی باش بزانیت...
ماڵی ئێمە هەموومان هەورامیمان دەزانی، چونکە نەنکی باپیرم، واتا خێزانی وەسمان پاشا، خوشکی سوڵتان جاف بووە و هەورامی بوو، وایان کردبوو هەموومان هەورامی بزانین. 

لەو سەردەمە ژنان تا چەندێک ئازاد بوون؟
ژنانی جاف بەگشتی و خێزانەکانی پاشا و بەگزادەکانی جاف تا رادەیەکی زۆر ئازاد بوون لە هەڵسوکەوت و مامەڵەکردن، نەک تەنیا لە نێوان خۆمان، بەڵکوو لەگەڵ بێگانەش هەر ئازاد بووین.

چەند خوشک و برا بوون؟
حەوت خوشک و حەوت برا بووین لە سێ بەرە، واتا باوکم سێ ژنی هێناوە. لە ژنی یەکەم یەک کچی هەبوو بەناوی (تەلعەت). لە ژنی دووەم (دایکم)، دوو کچ و کوڕێکی هەبوو؛ من و ئەختەر خان و ئەکرەم جاف. لە ژنی سێیەمیش، شەش کوڕ و سێ کچی هەبوو. ئێستا تەنیا من و هەتاو ماوین، کوڕەکانیش: 

بورهان؛ لە کاتی شەڕی عیراق - ئێران دووەم تۆپی خومەینی بەر ماڵی ئەوان کەوت و شەهید بوو.
جەلال؛ سکرتێری دووەمی مەلیک فەیسەڵ بوو، لە باڵەخانەی پاشایەتی دەژیا. بە نەخۆشیی شێرپەنجە کۆچی دوایی کرد.
د. ئەکرەم جاف؛ لە ئەمەریکا دکتۆرای لە بواری کشتوکاڵدا بەدەست هێنا، لە ساڵی 1965 ماوەیەکی کەم وەزیری کشتوکاڵی عیراق بوو، وازی هێنا، وتی: "گەلەکەم لەشەڕدایە لەگەڵ رژێم، بۆیە نابێت من وەزیر بم." ماوەیەکی دوورودرێژ بەرپرسی ئەنجومەنی ئیدارەی توتن بوو. دواتر بوو بە باڵیۆزی عیراق لە نەتەوە یەکگرتووەکان و لە رێکخراوی (FAO) کاری دەکرد کە بارەگاکەی لە رۆمایە. هەروەها چەندین بەرپرسیارێتی گرنگی تری لە ئەستۆ بووە.

بێباک؛ بەڕێوەبەری گشتیی دەستەی گەشتوگوزار بوو.
مستەفا؛ لە ئەمەریکا خوێندویەتی، دووەم کەس بوو لە عیراق کە نەخشەسازیی شارستانی خوێند. ئەویش لە زۆر شوێن لەگەڵ رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان کاری کردووە. هاوسەری نازەنین قەفتانە بوو. 
دوو براشم (سەڵاح و دیاری)، عەشایەر بوون. لە هەڵەبجە لەسەر موڵکی باوباپیرانمان بوون، ماڵەکەیان بووبوو بە لانە و شوێنی شاردنەوەی پێشمەرگە، ئەمە جگە لە دابینکردنی کەلوپەل بۆ هێزەکانی پێشمەرگە. 

تۆ کچێکی شۆخوشەنگ و نازدار بوویت، پێیان دەوتیت نازدارەکەی جاف، لەبەر چی هاوسەرگیریت نەکردووە؟
چەندین هۆکار هەبوون کە بوونە رێگر و بواری شووکردنم نەبووە. هەر کە گەورە بووم دایکم نەخۆش کەوت، ئیتر من خەریکی کاروباری ناوماڵ بووم، دواتر براکانم چوون بۆ بەغدا بۆ خوێندنی زانکۆ و لە ساڵی (1943)ەوە ماڵیان دانا، منیش بووم بە بنەوانەیان. دوای ئەوانیش باوکم نەخۆش کەوت و لە تەمەنی (102) ساڵی و دوو ساڵ لەسەر یەک تاک قەنەفە بەدیاریەوە مامەوە و خزمەتم کرد. لە سەروو هەموو ئەمانەوە، ئەختەری خوشکم هاوسەری سەرۆک عەشیرەتێک بوو، هەر بە گەنجی مرد و دوو کچی لە پاش بەجێما بەناوەکان (بەیان و شیرین) کە زۆر منداڵ بوون، تەمەنیان سێ ساڵ و پێنج ساڵ بوو. منیش پیاوێکم بە کرێ گرت، هەردوو کچەکەیان بۆ هێنام و وەک دایک بەخێوم کردن، هەر ئەوانیش منیان هێنا بۆ لەندەن. ئیتر وەک وتم، خەریکی خزمەتکردنی دایک و باوک، خوشک و براکانم بووم و ماوەم نەبوو بیر لە هاوسەرگیری بکەمەوە، کە تەمەنیش تێپەڕی، شووکردن بەلامەوە ئەستەم بوو. 

لەو سەردەمەی ئێوە خوێندەوار زۆر کەم بوو، چۆن ئێوە وا هەمووتان بایەختان بە خوێندن داوە؟
هەموو ئەو فەزلە دەگەڕێتەوە بۆ باوکم، هەرچەندە باوکم کەسێکی عەشایەر بوو، بەڵام خوێندەواریی زۆر لا گرنگ بوو، بۆیە هاندەری سەرەکی بوو بۆ خوێندنمان بۆ تەواوکردنی زانکۆ و بەدەستهێنانی پلەی باڵا، بەتایبەتی کوڕەکان.

دەزانم هۆنراوە دەنووسیت، ئایا هیچ دیوان یان چاپکراوێکت هەیە؟
نەخێر، بە چاپکراو نیمە، بەڵام هەموویانم لەبەر کردووە.

دەتوانیت لێرەدا یەکێک لە هۆنراوەکانتم بۆ بڵێیت؟
بەڵێ بەسەرچاو:

شاری خوێناوی، هەڵەبجەی جوانم

نیشتمانەکەی باوباپیرانم

سوێند بێ بە خاکی پاکی پیرۆزت

بە کانی شێخ و رێی کوڵەبۆزت

سوێندت بۆ دەخۆم هەتاکوو ماوم

فرمێسکت نەبڕێ لە هەدوو چاوم

سوێندت بۆ دەخۆم

بە باخی میر و کانیی حەمەتایی

کانیی سۆفی خدر رۆی بەخۆڕایی

بە باخچەی تەکیە و کانیی نەواڵە

خوێنی شەهیدە ئێستاکە ئاڵە

رێی عەبابەیلێ و کارێزی ناجی

شاخی شنروێ بووە بە تاجی

بە کانیی قوڵکە، جادەی رێی عەنەب

کیماوی لێی دا هەر بەبێ سەبەب

رێی حەمەوغان جێگەی تەیارە

جێگە و مەڵبەندی ئەحمەد موختارە

بە باخی یاروەیس، چەمی غەزێنە

هیچ کەس نەیدیوە جوانیی بەم وێنە

بە پیرمحەمەد و پردی پیرۆزی

کە یادگاری دایکە پیرۆزی

بە کانی ئاشقان، دەشتی مۆرزانە

لە باوەکوچەک شین و گریانە

شاری خۆنەفرۆش، ناوچەی کوردستان

شاری مەولەوی، ناتق و گۆران

شاخی هەورامان ئەگریێ لە دوور

بۆ هەڵەبجەی بووکی شارەزوور

بەڵێن بێ هەتا کوردێک بمێنێ

حەقت نەفەوتێ تۆڵەت بستێنێ

ناوت گەیشتووەتە پلەی ئاسمان

لاپەڕەی تاریخ تەرخانە بۆتان

لە هۆنراوەکەدا باست لە پردی پیرۆز کردووە، دەتوانی چیرۆکی ئەو پردەم بۆ باس بکەیت؟
پردی پیرۆز؛ نەنکی گەورەی ئێمە کە ناوی پیرۆز بووە، دروستی کردووە. دەسەڵاتی هەبووە، موڵک و ماڵی هەبووە، کرێکاری گرتووە و ئەو پردەیان دروست کردووە.
نەنکە پیرۆز، ژنێکی نەخوێندەوار بوو، ژنی حەمە پاشای جاف بوو. لە هۆزی شاتری، یەکەم هۆزی گەورەی جاف بوون، کۆچەری بوون، مەڕوماڵاتیان بەخێو کردووە و شوانێتییان کردووە. جارێکیان کە لە تەمەنی (10 – 12) ساڵی دەبێت، لە گوێئاگردان خەولی لێ دەکەوێت و خەونێک دەبینێت، کە هەڵدەستێت بۆ باوکی دەگێڕێتەوە و دەڵێت "لە خەوما سواری کەر بووبووم، کۆپانی پێوە بوو، مانگ لەسەر شانێک و رۆژیش لەسەر شانەکەی ترم بووە." باوکی مانای خەونەکەی پێ دەڵێت "کەر؛ تەختە. کۆپان؛ بەختە و مانگ و رۆژیش بزانە چ بەختێکە." دوای ماوەیەک حەمەد بەگی جاف دەنێرێت بۆ داوای دایکە پیرۆز، دایکە پیرۆز دوو کوڕی دەبێت (وەسمان پاشا و مەحمود پاشا)، نەوەی ئەوان کەیخوسرەو بەگیان پێ دەڵێن.

هۆنراوەکانت زیاتر لە بارەی چییەوەن؟
هۆنراوەم زۆرە، ئێستاش زۆر جار کە قسە دەکەم وەک هۆنراوە دەردەچێت، زۆربەی هۆنراوەکانم نەتەوەیین و باسی کولتوور و خواردنی کوردین.

وەک بیستوومە هەندێک جار لە کاتی چالاکییەکانی ئاهەنگی نەورۆز لە بەغدا، هاتوونەتە لای تۆ بۆ قەرزکردنی جلوبەرگی کوردیی، ئەمە چۆن بوو و هیچ یاردەوەرییەکت هەیە لەوبارەیەوە؟
بەڵێ وابوو، من جلی کوردیی جوانم هەبوو و زۆریش بایەخم پێ دەدان، بەردەوامیش بە جلی کوردییەوە دەڕۆیشتمە دەرەوە و هاتوچۆم دەکرد. کاتێک کە دەهاتن بۆ جلی کوردی، بە خۆشحاڵییەوە هەموو جلەکانم دەخستە بەردەمیان و هەڵیاندەبژارد، بەشێک لەو جلانەم هەر وەرنەگرتووەتەوە، لە هەموو ئەو جلانەی کە وەرمنەگرتوونەتەوە، دانەیەکیانم لە دڵ دەرناچێت، ئەویش کۆڵوانەیەکی بەزیو نەخشێنراو بوو، بردیان و بۆیان نەهێنامەوە، بەڵام گەردنم ئازاد کردووە.

وا باو بوو ئەو کەسانەی لە ناوچەکانی کوردستانەوە بۆ چارەسەر یان بۆ کارێک دەچوونە بەغدا، لەوێ دەچوونە ماڵی خزم و ناسیاو ئەگەر هەبوایە، یان ماڵی کەسایەتییە دیارەکان کە لەوێ بوون، کەمتر دەچوونە ئوتێل، لە بەغدا کەس دەهاتە ماڵی ئێوە بۆ ئەو مەبەستانە؟
بەڵێ بێگومان، کاتێک لە بەغدا بووم، هەر کەسێک لە هەڵەبجەوە بهاتایە بۆ ماڵی حامید بەگ بۆ چارەسەر، من دەمبرد بۆ نەخۆشخانە و هاوکاری دەبووم و بەدیاریەوە دەمامەوە. سوپاس بۆ خوا، خەڵکی هەڵەبجە زۆر پێزانینیان هەیە بۆ ئەو کارانەم.

کەی چوویت بۆ هەندەران؟
لە ساڵی 1990 بە هاوکاریی شیرین و بەیان بەرەو هەندەران رۆیشتم و چوومە لەندەن.

لەوێ وەک کەسێکی ئاسایی مایتەوە یان بەشداریی چالاکییە رۆشنبیری و سیاسییەکانی کوردانی تاراوگەت دەکرد؟
بەڵێ، هەر زوو تێکەڵاوی چالاکییەکان بووم و یەکێکم لە دامەزرێنەرانی مەڵبەندی رۆشنبیریی کورد لە لەندەن، دواتریش یانەی خانزادمان بۆ خێزانە کوردەکانی بەریتانیا دروست کرد.

بیرۆکەی ئەو یانەیە لە چییەوە دروست بوو؟
ئەو ژنانەی کە لە مەڵبەندی رۆشنبیریی کورد بووین لە لەندەن، کە ئەوسا هاوار حاجی بەرپرسمان بوو، بیرۆکەی ئەو یانەیە هاتە گۆڕێ، دواتر کاتێک ویستیان یەکێک وەک بەرپرس دەستنیشان بکەن، نەزەند بەدرخان پێشنیازی منی کرد و بووم بە سەرۆکی یانەکە. 

کار و چالاکیی ئەو یانەیە چی بوو؟
لە ئاهەنگ و بۆنەکاندا بەیەکەوە دەبووین و بۆنە نیشتمانییەکانمان یاد دەکردەوە. هەروەها کۆمەڵێکمان هەموو سێشەممە و هەینییەک کۆدەبووینەوە، جگە لە باسوخواس و هەواڵەکان و کار و چالاکییەکانمان، هەوڵی گەیاندنی دەنگی نەتەوەکەمان دەگەیاندە لایەنەکانی دەرەوە و پارتەکانی بەریتانیا.
هەندێک جاریش لەو ئاهەنگانەدا بڕیارمان دەدا هەر ناوچەیەک بە چ خۆراکێک بەناوبانگە ماڵەکە بیکەن و بیهێنن بۆ ئەوێ، ئیتر لەوێ بەیەکترمان دەوت کە ئەو خواردنانە چۆن دروست دەکرێن. 

ئێوە وەک جاف، بە چ خواردنێک بەناوبانگن؟
ئێمە بە چەند شتێک ناسراوین، بۆ نموونە؛ حەڵوای گوڵەزەردە، هەروەک عەلادین سەجادی دەڵێت "حەڵوای گوڵەزەردی ژێر دەواری بەگزادەی جاف"، هەروەها بە قبووڵی سوور و تریت و چەند خواردنێکی تر..

دەتوانیت باسێکی ئەو تریتەم بۆ بکەیت؟
شلەیەکی تەماتەی خەست دروست دەکەین، دواتر قاپێکی کەمێک قووڵ دەهێنین و کولێرەی لەتکراوی تێدا ریز دەکەین و ئەو شلە تەماتەیەی بەسەردا دەکەین، پاشان باینجانی سوورەکراوی لەسەر دادەنێین و ماست دەشڵەقێنین و بەسەریدا دەکەین، ئینجا بە کەرەوز و دەنکەهەنار دەیڕازێنینەوە.

دەتوانیت یەکێک لەو سەردان و چالاکییانەم بۆ باس بکەیت کە یانەکە ئەنجامی داوە؟
وەک وتم ئێمە سەردانی زۆر لایەنمان دەکرد. دوای رزگارکردنی عیراق لە دەستی رژێمی بەعس، گرووپێک ژن بووین چووین بۆ سەردانی تۆنی بلێری سەرۆک وەزیرانی ئەوکات، لە بارەگای سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا پێشوازی لێ کردین. ئێمە بۆ مەبەستی دەستخۆشی و سەرەخۆشیی لەو قوربانیانەی هێزی سوپای بەریتانیا دابوویان لەو پرۆسەیەدا. تۆنی بلێر دەستی گرتم و بەری نەدا تاکوو داینیشاندم.

شاندەکە کێ بوون؟
گەلاوێژ خان، شاناز، من و چەند خانمێکی تر بووین.
هەروەها جارێکی تریش بۆ مەبەستی ناساندنی کیمیابارانی هەڵەبجە بە جینۆساید، چووین بۆ لاى سەرۆکی پەرلەمانی بەریتانیا، کە گەیشتم لە شوێنی خۆی دابەزی و زۆر موجامەلەی کردین. 

بەداخەوەم کە ئەم پرسیارەت لێ دەکەم، بەڵام دەمەوێت بزانم بەهۆی چییەوە بیناییت لەدەست داوە؟
لە ساڵی 1980 چاوێکم تووشی پەرتبوونی تۆڕی چاو (ئینفیساڵی شەبەکی) بوو، بەڵام لە کۆڕەدا چاوێکم ئێجگار خراپ بوو، لە تەوێڵەوە گەڕامەوە بۆ سلێمانی، پزیشک وتی "هیچ نییە"، دواتر چووم بۆ ئێران و چووم بۆ کەرکوک و بەغدا، بەڵام سوودی نەبوو. وتیان ئەو چاوەت لەدەست داوە، کە چاوی راستم بوو، بەڵام چاوی چەپم باش بوو. بۆ چارەسەر سەردانی لەندەنیشم کرد، هەر سوودی نەبوو. دواتر لە لەندەن ئەو چاوەی تریشم بەهۆی ماندووبوون و بەکارهێنانی زۆرەوە لەدەست دا. ئێستاش کە بیناییم نەماوە، بەدەوام گوێبیستی هەواڵم و بەدوایدا دەگەڕێم.

هۆی چییە تۆ بە کەسێکی نەتەوەیی ناسراوی؟
بەڵێ، من زۆر کوردپەروەرم، رۆحم بە لای وڵات و خاکی کوردستانەوەیە، هەر بۆیە وتوومە دەبێت بە جلی کوردییەوە بمنێژن. کولتووری خۆمانم زۆر خوش دەوێت، دەڵێم بە کوردیی ژیام و بە کوردیی دەمرم، بەڵام داخەکەم نەگەیشتمە ئاوات و سەربەخۆیی کوردم نەبینی.

سەرەڕای ئەوەی ژیانێکی دژوار و تاڵت هەبووە، بەڵام لێرەدا دەمەوێت باسی بیرەوەرییەکی خۆش بکەیت بۆمان...
هێندە ژیانێکی زەحمەت و نامرادم هەبووە، خەریکە بڵێم خۆشیم نەدیوە، بەڵام دەتوانم بڵێم چوونم بۆ لەندەن، وایکرد لەو چوارچێوەیە بێمە دەرەوە و دەربکەوم و ببمە کەسێکی چالاک. لێرە هەندێک لە هاوڕێیان پێم دەڵێن ناوبانگی (حامید بەگ و بەگزادەی جاف) تۆیان دەرنەخست، بەڵکوو خۆت خۆتت دەرخست.

*ئەم چاوپێكەوتنە بەڕێز (نەرمین عوسمان) لە چوارچێوەی پرۆژەی نووسینەوەی مێژووی بەشداریی ژنی كورد لە بوارە جیاوازەكاندا سازیكردووە.

ک. ر.
Qaiwan
Qaiwan

زۆرترین خوێندنەوە

بیروڕا


News

جەلەوە و مسک الخیتام

لەلایەن عیماد ئەحمەد


News

وڵاتانی ناوچەكە كامیان هەڵدەبژێرن؟

لەلایەن ئه‌رسه‌لان په‌رۆش


News

کوشتنی ژنێک و راچڵەکینی کۆمەڵگەیەک

لەلایەن میهرەبان حسێن


News

کورد چاو لە عەرەب و ئەفغان بکات

لەلایەن بەهێز حسێن