فەرهاد عەلائەدین
سەدر دەسەڵات لەسەر سینییەکی زێڕ پێشکێشی دژبەرەکانی دەکات
ئەگەر هەفتەیەک لەمەوبەر ناونیشانێکی لەم جۆرەمان بۆ وتارێک نووسیبا، هەمووان پێیانوادەبوو کە بیرکردنەوەیەکی شێتانەیە، کەچی ئەمڕۆ ئەمە بووەتە راستی. موقتەدا سەدر، سەرۆکی رەوتی سەدر، بەم بڕیارە هاوپەیمانەکانی خۆی، پێش دژبەرانی تووشی شۆک کرد، بە بەجێهێشتنی پرۆسەی سیاسی و کێشانەوەی پەرلەمانتارانی فراکسیۆنەکەی لە پاش پێشکێشکردنی دەستلەکارکێشانەوەکانیان بە سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران، کە بە قسەی خۆی "بە سوێوە" رەزامەندیی لە سەری دەربڕی، بەڵام دوای نەخست.
دەرچوونی رەوتی سەدر لە ئەنجوومەنی نوێنەران، کە یەکەمین جارە لە 2003ـەوە روودەدات یەکەمین پێشینەی لەم جۆرەیە، کە پێشتر ئەم رەوتە خووی بە کشانەوە لەو حکومەتانەوە گرتبوو کە بە شێوەیەک لە شێوەکان لە ساڵانی 2010 و 2014دا دەستی لە پێکهێنانیاندا هەبووە، بەڵام کشانەوەی ئەمجارەی لە ئەنجوومەنی نوێنەران بە تەواوییە و ئەو هاوکێشە سیاسییەی ئێستا سەرەوژێر دەکات و بگرە کار لە پێگە و کاریگەریی سەدر لە گۆڕەپانەکە دەکات.
لەگەڵ راگەیاندنی بڕیارە لە ناکاوەکەدا زۆر نیشانەی پرسیار دروست بوون و گەلێک پرسیاری تووند لەبارەی ئەو هۆکارانەی پاڵیان بە سەدرەوە ناوە بۆ هەڵهێنانی ئەو هەنگاوەی بەبێ گەڕانەوە بۆ هاوپەیمانەکانی لە هاوپەیمانییە سێقۆڵییەکەدا دروست بوون و، سەرسامبوونی نزیکەکان پێش کەسانی دیکە زمانی زۆرینەی لە شەقامی عێراق شکاند سەرباری چاودێران و دەستەبژێرەکانی کۆمەڵگە، کە بە دوای وەڵامێکدا وێڵن بۆ لێکدانەوەی ئەوەی تا ئێستا شی نەکراوەتەوە.
رۆژی 26ـی ئایاری رابردوو، یاسای بە تاوانناساندنی پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل تێپەڕێندرا، سەدریش ئەوەی بە سەرکەوتنێکی گەورە بۆ فراکسیۆنەکەی هەژمارکرد، لە تویتێکی پەیوەست بەو بابەتەدا سوپاسی خودا و ئەندامانی فراکسیۆنەکەی کرد بۆ ئەو دەستکەوتە، دوای ئەوە تویتێکی دیکەی لە 28ـی ئایاردا کرد، داوای تێپەڕاندنی یاسای ئاسایشی خۆراکی کرد کە تائێستاش مایەی مشتومڕە، ئەمانەش ئاماژە بوون بۆ بەگەڕکەوتنی ماکینەی پەرلەمانیی رەوتی سەدر بە سەرکردایەتیی جێگری یەکەمی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران، حاکم زاملی و، سەرۆکی لیژنەی دارایی، حەسەن کەعبی و، لە پشتیانەوە دەستەی سیاسیی رەوتەکە، بە مەبەستی جێبەجێکردنی ویستی سەرۆکەکەیان.
ئەوان بە کردەنی توانییان بەربەستەکانی سەر رێگەی یاساکە لابەرن و بە زۆرینەیەکی باش لە 8ـی حوزەیراندا تێیپەڕێنن، ئەمەش وای لە سەدر کرد لە تویتێکی هاوشێوەدا بە سەرکەوتنی بژمێرێت "پەسەندکردنی یاسای ئاسایشی خۆراک لەلایەن پەرلەمانەوە سەرکەوتنێکی دیکەی خێوەتگەی چاکسازییە و، بەهێزیی پەرلەمانی بە جۆرێک کە لە ساڵانی رابردوودا هاوشێوەی نەبووە، بۆ هەمووان سەلماند".
دوای یەک رۆژ لەم سەرکەوتنەی سەدرییەکان، دۆخی چاوەڕواننەکراو لە رێگەی گوتارێکی تەلەڤزیۆنیی سەرۆکی رەوتی سەدر، لە ئێوارەی 9ـی حوزەیران، راگەیێندرا، کاتێک سەدر لە تیڤییەکان دەرکەوت و پاش هێرشێکی تووند بۆ سەر نەیارە سیاسییەکانی، فەرمانی بە پەرلەمانتارانی فراکسیۆنی سەدر کرد "دەستلەکارکێشانەوەکانیان لە ئەنجوومەنی نوێنەران بنووسن بۆ ئەوەی لە رۆژانی داهاتوودا کاتێک فەرمانیان بۆ دێت، پێشکەشی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی بکەن".
ئەو دەرکەوتنەی سەدر و ناوەڕۆکی وتارەکەی و فەرمانەکەی بۆ نوێنەرەکانی بۆ ئەوەی دەستلەکارکێشانەوەکانیان بنووسن، بووە مایەی سەرسوڕمان لە ناوەندە جیاجیاکاندا، بەڵام ئەوەی گەورەترین بوو و هەرگیز چاوەڕوانکراو نەبوو بڕیارەکەی سەدر بوو لە رێی تویتەکەی لە 12ـی حوزەیرانەوە کاتێک داوای لە سەرۆک و ئەندامانی فراکسیۆنی سەدر کرد دەستلەکارکێشانەوەکانیان پێشکێش بکەن و داوای لە سەرۆکی پەرلەمان کرد پەسندیان بکات و، گوتی: "ئەم هەنگاوە قوربانیدانێکە لەلایەن منەوە لەپێناو نیشتمان و گەل بە مەبەستی رزگارکردنیان لە چارەنووسێکی نادیار، وەک چۆن پێشتر لەپێناو رزگارکردنی عێراق و سەروەری و ئاسایش و یەکێتی و سەقامگیرییەکەیدا قوربانیمان دا".
رەوتی سەدر بەرەو کوێ؟
چەندین پرسیار بە مێشکی سیاسەتڤانان و چاودێراندا هاتن، لەوانە: چی وای لە سەدر کرد ئەم بڕیارە لەناکاوە بدات؟ ئایا هەنگاوی دیکەی لەناکاو هەن لە داهاتوودا؟ پلانەکانی بۆ قۆناخی داهاتوو چین؟ چ قازانجێک لەم بڕیارەی دەکات؟ سەدر چ پلانێک لە رووبەڕووبوونەوەی نەیارانیدا پەیڕەو دەکات؟ ئایا خوێندنەوەیەکی روونی هەیە وای لێکردبێت بەر لە هەرەسهێنانی پرۆسە سیاسییەکە، پێش کێبڕکێکەرانی بکەوێت و لێی دەرچێت؟ سەرچاوەی گشت ئەم پرسیارانە و پرسیاری دیکەش گۆڕانی ریشەیی هەڵوێستی سەدرە. ئەو پاش راگەیاندنی سەرکەوتنەکەی لە تێپەڕاندنی یاسای بەتاوانناساندنی ئاساییکردنەوە لە 26ـی ئایار و یاسای ئاسایشی خۆراک لە 8ـی حوزەیران و ئەژمارکردنی ئەمەی دوایی بە "سەرکەوتنێکی دیکەی خێوەتگەی چاکسازی" هەڵوێستی گۆڕی و دەستلەکارکێشانەوەی پەرلەمانتاران و کشانەوەی سیاسیی تەواوی لە پەرلەمان راگەیاند. سەرباری فراوانبوونی بازنەی باس و مشتومڕ لەبارەی هۆکارەکانی ئەم وەرچەرخانە، ئەوانەی گرینگی بە بابەتی سیاسی دەدەن یان چاودێرانی نزیک لە شیکردنەوەی سیاسەتەکانی سەدر و هەڵوێستەکانی نەیتوانی وەڵامێکی قایلکەر بۆ پاڵنەرەکانی ئەم هەنگاوەی دوایی بدۆزنەوە. رەنگە وەڵامەکەیش تا کاتێکی نادیار بە ناڕوونی بمێنێتەوە.
سەدر تەنیا بە کشانەوەی پەرلەمانتارانی رەوتەکەی نەوەستا و فەرمانی داخستنی هەموو نووسینگەکانی رەوتەکەیشی راگەیاند، جگە لەوانەی کاروباری مەرقەدەکان و بنکە گرینگەکانی رەوتەکە بەڕێوەدەبەن شانبەشانی نووسینگەی تایبەتی خۆی. هەر چۆنێک بێت، بڕیاری کشانەوەکە لێکەوتەی زۆری لەسەر رەوتی سەدر دەبێت، کاتێک لە فراکسیۆنێکی پەرلەمانەوە کە تا رادەیەکی زۆر هەژموونی خۆی بەسەر دیمەنی حوکمڕانیی سیاسیی شیعەدا سەپاندبوو، بووە فراکسیۆنێکی بەرهەڵستی میللیی دەرەوەی پەرلەمان. بەمەیش هەموو ئیمتیازە سیاسی و ئابوورییەکانی بەدەستهاتوو لە ساڵانی رابردوودا لە رێی ئەو هەژموون و ئامادەییە سیاسییە کاریگەرەی ساڵانی رابردوو، لە دەستدەدات.
چاودێران پێیانوایە نزیکترین لێکدانەوە لە واقع و سرووشتی دوایین جووڵەی سەرۆکی رەوتی سەدر دوو رووی دژبەری هەیە. رووی یەکەم، پێیوایە بڕیاری کشانەوەکە هەڵەیەکی ستراتیژی بوو و باجێکی قورس دەدات، چونکە دژبەرانی بەوپەڕی هێزەوە کار بۆ ئەوە دەکەن هەڵەکانی رابردوو دووبارە نەکەنەوە هەلی گەڕانەوە و سەپاندنی هەژموونی پێ نەدەن و، کار بۆ لاوازکردنی قەوارەکانی رەوتی سەدر دەدەن بەتایبەتیش سەرایای سەلام و دەسکەوتە ئابوورییەکانی لەڕێی دەسەڵاتە جێبەجێکارییەکانیەوە و سنووردارکردنی پێگەکانی لە حکومەت.
رووی دووەم، بریتییە لەو رووەی لایەنگرانی بانگەشەی بۆ دەکەن و، دەڵێن سەدر باش لەوە تێگەیشتووە ئەم سیستمە سیاسییەی ئێستا درێژەناکێشێت و روو لە لەناوچوونە و حیزبەکانی دەسەڵات یەک لەدوای یەک یان هەموو پێکەوە دەڕووخێن، ئەو کات ئەو دەبێتە فریادڕەس و لەڕێی بزووتنەوەی میللییەوە کار بۆ خێراکردنی رژێم دەکات و رژیمێکی جێگرەوە دەهێنێتە لایەوە لەگەڵ واقیعی عێراق گونجاوتر بێت، تەنانەت هەندێکیان باس لەوە دەکەن سەدر کار بۆ پەیڕەوکردنی سیستمی سەرۆکایەتی بکات لە بری ئەم سیستمە پەرلەمانییەی لە بەڕێوەبردنی کاروباری وڵات لە دوو دەیەی رابردوودا شکستی خواردووە.
بەمدواییە، سەختی پێشبینیکردن بە هەنگاوەکانی داهاتووی رەوتی سەدر و سەرۆکەکەی لە رۆژانی داهاتوودا پەرەیانسەند و، رەنگە هەندێکیان لە واقعەوە نزیک بن:
- بەرهەڵستیی میللی: زۆرینەی چاودێران پێیانوایە سەدر پەنا بباتە بەر بەرهەڵستیی گەلی دژ بە سیستمی سیاسی و داوای گۆڕینی بکەن. سەدر زۆر لە ئۆپۆزیسیۆنەوە دوور نییە و لە رابردوودا وەبەرهێنانی لە ئۆپۆزیسیۆن و بزووتنەوەی میللیدا کردووە بۆ بوونە سەرکەوتووی یەکەمی هەڵبژاردنەکان و گرینگترین فاکتەری سیاسی لە گۆڕەپانەکەدا، بەڵام خۆپێشاندان و بزووتنەوەی میللی ئاسان نابن و رێگەی سەرکەوتنیان بێ گرێ و گۆل نابێت، چونکە ئەگەر کێبڕکێکارەکانی، حکومەت پێکبهێنن، دەتوانن تواناکانی دەوڵەت بۆ قایلکردنی شەقام بە جۆرێک لە جۆرەکان بەکاربهێنن، بەتایبەت ئەگەر هەندێک چاکسازی بکرێن و پاکێجێکی پرۆژە جێبەجێبکەن، ئەوکات بژاردەی خۆپێشاندان پێشوازیلێکراو نابێت چونکە کاریگەریی نەرێنی لەسەر توێژێکی گەورەی هاونیشتمانییان دەبێت، لە پێشەوەیشیاندا کاسبکاران و خاوەن دووکان و بازاڕەکان، ترسی شەقامیش لە داڕمانی دۆخی ئاسایش دەچێتە پاڵ ئەمە و، بەردەوامیی خۆپێشاندانەکان بۆ ماوەیەکی درێژدەبێتە مایەی بێزاری و رەتکردنەوەی توێژێکی گەورەی کۆمەڵگە کە بە ژمارە لە پشتیوانان و بەشداربووان زیاترن.
گۆشەگیربوون: پاش ئەوەی لە رابردوودا سەدر پەنای بردە بەر گۆشەگیری، رەنگە جاڕێکی دیکە ئەم بژاردەیە هەڵبژێرێت و بچێتەوە بەر خوێندن لە حەوزە بۆ تەواوکردنی پێویستییەکانی بەدەستهێنانی بڕوانامەی حەوزە تاوەکو لە داهاتووی نزیکدا ببێتە مەرجەع. لەو ماوەیەشدا لایەنگران و ئەندامانی رەوتەکەی دەگەڕێنەوە ژیانی ئاسایی رۆژانەیان و چاوەڕێی رۆژی گەڕانەوەی چاوەڕوانکراوی سەدر بۆ ژیانی سیاسی یان رێگەدان بە دووبارە جووڵانەوەیان دەدات. گۆشەگیریش هەل بۆ رێکخستنەوەی بزووتنەوەی سەدری دەدات لە چاوەڕوانیی هەلی گونجاودا پاش تێپەڕبوونی ماوەیەک کە بەلای کەمەوە چەند مانگێک دەخایەنێت. زۆرن ئەوانەی پێیانوایە هەر حکوومەتێک ئێستا پێک بێت سەرکەوتوو نابێت و رەنگە جەماوەر پەنا ببەنە بەر خۆپێشاندان و ئەمەیش پاڵ بە رەوتی سەدرەوە دەنێت بە بیانووی پشتیوانیی خۆپێشاندانەکانەوە بگەڕێتەوە بۆ گۆڕەپانەکە و داوای گۆڕینی ریشەیی رژێمەکە بکات.
دوورکەوتنەوە: دوور نییە سەدر دوورکەوتنەوە لە ژیانی سیاسی هەڵبژێرێت و روو لە خوێندنی حەوزەیی بکات و دەست لە کاری سیاسی هەڵبگرێت. ئەم ئەگەرە لەوانەیە ئەستەم بێت، بەڵام هەندێک سەرچاوەی نزیک لەوەوە ئاماژەیان بۆ ئەوە کردووە، کە ئەو جاروبار بیر لەو جۆرە سیناریۆیە دەکاتەوە، بۆیە ئەمە شتێک نییە تەنیا لە خەیاڵدا هەبێت.
پاشگەزبوونەوە: ئەندامێکی فراکسیۆنی تەقەدوم لە ئەنجوومەنی نوێنەران دەستلەکارکێشانەوەی خۆی پێشکێشی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران کرد و ئەویش پەسندی کرد. نووسراوی ئەو دەستلەکارکێشانەوەیە و رەزامەندییەکە دزەی کرد، بەڵام پەرلەمانتارەکە پاشگەز بووەوە و کێشەکەی نێوان ئەو و سەرۆکی هاوپەیمانی تەقەدوم چارەسەر کرا و پەرلەمانتارەکە گەڕایەوە سەر کاری خۆی. هەرچەندە ئەم بابەتە زۆر لە دەستلەکارکێشانەوەی رەوتی سەدر دوورە، بەڵام لە رووی رواڵەتەوە هاوشێوەن، بۆیە رەوتی سەدر دەتوانێت لە دەستلەکارکێشانەوەکان پاشگەز ببێتەوە بەو پێیەی دەنگ بۆ جێگرەوەکانی نەدراوە و پێشکێشکردنی دەستلەکارکێشانەوە و پاشگەزبوونەوە لێی، مافێکی کەسییە، ئەگەر شوێنپێیەکی یاسایی بەجێنەهێشتبێت و شوێنپێیە یاساییەکە لێرەدا پڕکردنەوەی جێگەی پەرلەمانتارەکەیە. لەوانەیە دەستبردن بۆ ئەم بژاردەیە زۆر قورس بێت چونکە دەبێتە مایەی لەدەستدانی متمانە و شکستێکی راگەیاندن، بەڵام زیانەکەی بۆ رەوتی سەدر لە دەرچوون لە کۆی پرۆسە سیاسییەکە کەمترە.
چوارچێوەی هاوئاهەنگی و خەونی گەڕانەوە بۆ پێشەنگایەتی
سەرچاوەیەکی ئاگادار ئاشکرای کردووە هەندێک سەرکردەی چوارچێوە رۆژی 9ـی حوزەیران لە نیوەڕۆخوانێکدا لە جادرییە لە نێوەڕاستی بەغدا بە ئامادەبوونی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران کۆبوونەتەوە، لە پڕ ئامادەبووان بینییان سەدر لە تیڤییەکان دەرکەوت و داوای لە پەرلەمانتارانی رەوتەکە کرد دەستلەکارکێشانەوەکانیان بنووسن، بەمەیش نیوەڕۆخوانەکە بووە دانیشتنێک بۆ باسکردنی لێکەوتەکانی ئەم بڕیارە، بەڵام هیچ یەکێک لە ئامادەبووان لەو بڕوایەدا نەبوو سەرۆکی رەوتی سەدر لەو بڕیارەیدا جددی بێت و پێیانوابوو تەنیا مانۆڕێکی نوێی ئەوە.
چوارچێوەکە لە باشترین دۆخیشدا خەونی بەو بڕیارە ناکاوەوە نەدەبینی، کە بە شەووڕۆژێک لە سێیەکێکی پەکخەری نێو پەرلەمانەوە ببێتە گەورەترین فراکسیۆنی بێ رکابەر و دیدار و گفتوگۆ لەبارەی پێکهێنانی حکوومەتە چاوەڕوانکراوەکەوە بکات.
سەدر لەسەر سینییەکی زێڕ دەسەڵاتی پێشکێشی کێبڕکێکارانی کرد، ئەمەیش وای لێیانکرد لە رۆژی راگەیاندنی پێشکێشکردنی دەستلەکارکێشانەوەکاندا (12ـی حوزەیران) بێدەنگ ببن و چاوەڕی بن رۆژی پاشتر کۆبوونەوەیەک بکەن و بەیاننامەیەک دەرچوێنن و رایبگەیێنن، کە رێز لە بڕیارەکەی سەدر دەگرن و جەخت بکەنەوە، کە ئامادەن لە پێکهێنانی حکومەت وەک شایستەیەکی دەستووری بەردەوام ببن.
سەرچاوەیەک لە سەرکردایەتیی چوارچێوە گوتی: پێش کۆبوونەوەی چوارچێوەکە دیدارێک لە پشت پەردە و دوور لە چاوی راگەیاندن لەگەڵ سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران هەبووە و گەیشتووەتە ئەوەی هاوپەیمانیی سەروەری لەگەڵ چوارچێوە بەشدار ببێت بەو مەرجەی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی نوێنەران بۆ سەروەری بێت و سەرۆکی هاوپەیمانیی تەقەدوم، محەمەد حەلبووسی، سەرۆکی ئەنجوومەنەکە بێت و، چوارچێوە ئەو بەڵێنەی داوە.
بێگومان چوارچێوەی هاوئاهەنگی هەلێکی دووبارەنەبووی دەستکەوت و، سەرکردایەتییەکانی ئەم هەلە لە دەستی خۆیان نادەن و چارەسەر دەدۆزنەوە و نیسابی دانیشتنی هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار تەواو دەکەن و، چاوەڕوان دەکرێت دانیشتنی سوێندخواردنی پەرلەمانتارە جێگرەوەکان هەفتەی داهاتوو یان هەفتەی دواتر بکرێت کە دانیشتنێکی نائاسایی دەبێت و چوارچێوە داوای دەکات، بە تایبەتیش کاتێک دانیشتنی هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار یەکسەر پاش کۆتاییهاتنی پشووی یاسادانان دەبێت.
دیمەنی کورد و سوننە
دیمەنی سوننە هێشتا وەکو خۆیەتی و سەرکردایەتیی هاوپەیمانیی سەروەری ئاگاداری رووداوەکانە و بە ژمارە ئامادەییەکی بەهێزی دەبێت، چوارچێوەیش لە پێکهێنانی حکومەتدا پێویستی پێیان دەبێت، بۆیە سەرکردەکانی چوارچێوە لەگەڵ سەروەری رێککەوتوون حەلبووسی وەک سەرۆکی پەرلەمان بمێنێتەوە. لە هەمان کاتدا دەبێت لەگەڵ فراکسیۆنەکانی دیکەی سوننەدا رێک بکەوێت بە تایبەتی هاوپەیمانیی عەزم بە سەرۆکایەتیی موسەننا سامەڕایی، بۆ بەشکردنی پۆستە وەزارییەکان و لیژنەکانی پەرلەمان.
دیمەنەکەی کورد بە جۆرێک لە جۆرەکان گۆڕانی بەسەردا هات، پارتی دیموکراتی کوردستان هێشتا لە دیدی هەندێک چاودێردا گەورەترین زەرەرمەندی کشانەوەی رەوتی سەدرە و کەوتووەتە بەر جەختی چوارچێوەی هاوئاهەنگی و دەبێت بچێتە نێو دانوستاندنە چاوەڕوانکراوەکە. بۆیە پارتی گۆڕانکارییەکی گرنگی لە تیمە دانوستاندنکارەکەیدا کرد و وەزیری دەرەوە فوئاد حوسێن و وەزیری پێشووی ئاوەدانکردنەوە بەنگین رێکانیی هێنایەوە پێشەوە، کە پەیوەندیی ناوازەیان لەگەڵ سەرکردەکانی چوارچێوە هەیە و لە توانایانە تەنگژەکە گەمارۆ بدەن دانوستاندن بۆ پاراستنی مافەکانی حیزبەکەیان بکەن. ئەم گۆڕانکارییە پراگماتییەی پارتی دەربڕینی قایلبوونیەتی بە واقعە نوێیەکە و مامەڵەکردنی ئەرێنیی لەگەڵیدا.
شانسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان زیاتر بوو، پاش ئەوەی وەک بەشێک لە سێیەکی پەکخەر پشتی چوارچێوەیان گرت و پەرلەمانتارەکانیان لە 26ی ئادار نەچوونە دانیشتنی هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار و بوونە هۆکاری بنەڕەتیی تەواونەکردنی نیسابەکە، هەر ئەمەیش وایکرد سەرۆکی یەکێتی بافڵ تاڵەبانی بە پەلە بە شاندێکەوە خۆی بگەیەنێتە بەغدا بە مەبەستی کۆبوونەوە لەگەڵ لایەنەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی و هاوپەیمانیی عەزم لە بارەی هێڵە گشتییەکانەوە.
بابەتی هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار بە هەڵپەسێردراوی دەمێنێتەوە، بەڵام چوارچێوە داوای لە یەکێتی کردووە لەگەڵ پارتی راوێژ بکات بۆ دۆزینەوەی چارەسەری هاوبەش بۆ ئەم بابەتە، بەڵام هێشتا روون نییە تا چەند ئەمەی دوایی بەدەنگەوە دەچێت و نەرمی بەرامبەر بەربژێری یەکێتی پێشان دەدات، بە پێچەوانەیشەوە هاوشێوەی ساڵی 2018 هەر یەکێکیان بە بەربژێری خۆیەوە دەچێتە دانیشتنەکەی ئەنجوومەنی نوێنەران.
هەندێکیش هەن پێیانوایە کورد و سوننە، بە تایبەت هاوپەیمانیی سەروەری و پارتی، بە هاوکاریی هەندێک فراکسیۆنی بچووک و سەربەخۆکان سێیەکی پەکخەر پێک بهێنن و رێگە لە دانیشتنەکەی هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار بگرن، بەڵام ئەم ئەگەرە ئێستا لە ئارادا نییە، چونکە کورد و سوننەیش پێویستیان بە ئەنجامدانی ئەو دانیشتنە هەیە. هەندێک لە چاودێرانیش پێیانوایە لە بەرژەوەندی ئەماندا نەبێت بەربەست بخەنە سەر رێی گەورەترین فراکسیۆنی شیعە دوای ئەوەی رەوتی سەدر کشایەوە، بە تایبەتیش لە کاتێکدا کە سەرۆکی پەرلەمان یەکەمین قوربانیی تێکچوونی پەیوەندی لەگەڵ چوارچێوەی هاوئاهەنگی دەبێت.
هەوڵەکانی پێکهێنانی حکومەت
چوارچێوەی هاوئاهەنگی هیوای لەسەر دانیشتنی هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار دوای تەواوبوونی پشووی یاسادانان هەڵچنیوە، بۆ ئەوەی دوای ئەوە بەربژێری گەورەترین فراکستۆن بۆ پێکهێنانی حکومەت راسپێردرێت. لەوانەیە دەستنیشانکردنی بەربژێرێک بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران سەختترین و ئاڵۆزترین بابەت بێت بەهۆی زۆریی بەربژێرەکان و کێبڕکێکاران بۆ ئەو پۆستە و زۆربەیشیان لە سەرکردەکانی چوارچێوەکەن.
لە کاتێکدا هێشتا میکانیزمی دەستنیشانکردنی بەربژێری سەرۆکایەتیی حکومەت دیاری نەکراوە، باسی زۆر ناو دەکرێت، سەرکردایەتیی چوارچێوەیش باش لە سەختیی دەستنیشانکردنی ئەم یان ئەو بەربژێر گەیشتوون. جگە لەمەیش پێویستە ئەم بابەتە بەشێوەیەک لە نێو چوارچێوەدا یەکلابکرێتەوە، کە مایەی پەسەندکردنی سوننە و کورد و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بێت. هەڵبژاردنی کەسێکی لەم شێوەیەیش لەم رۆژگارەدا کارێکی ئاسان نییە. ئالنگارییەکانی بەردەم حکومەتی داهاتوویش ئاڵۆزتر دەبن، چونکە رەنگە رەوتی سەدر ببنە بزووتنەوەیەکی میللیی بەرهەڵستکار و ئەم بزووتنەوەیەیش سەرسەخت دەبێت و حکومەت رووبەڕووی دۆسیەگەلی سەخت دەکاتەوە، ئەمەیش بێگومان دەبێتە مایەی ماندووکردنی حکومەت. بۆیە دەبێت حکومەتە نوێیەکە بە شێوەیەک دەستبەکار ببێت وەک ئەوەی لە کێبڕکێیەکی سەخت و تاقەتپڕووکێندا بێت، لە چەقی بەردەوامیی تەنگژەکانی کارەبا و خۆراک و بێکاری و هەژاری و خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەکان و بڵاوبوونەوەی بازرگانی بە ماددە هۆشبەرەکان و زۆری دیکە لە سایەی دۆخگەلی شڵۆقی سیاسیدا.
دەستلەکارکێشانەوی پەرلەمانتارانی گەورەترین فراکسیۆن و گواستنەوەی رەوتە سەدرییەکەی لە کاری پەرلەمانییەوە بۆ بزووتنەوەی میللی، بێگومان دەبێتە هۆی دروستبوونی واقعێکی نوێی نامۆ کە سەختە پێشبینیی مەوداکان و کاردانەوەکان و گۆڕاوەکانی لە ساتێکەوە بۆ ساتێکی دیکە بکرێت. لەمەیش گرنگتر، ئایا شێوەی پرۆسەی سیاسی بەبێ ئەم رەوتە میللییە گەورە و کاریگەرە چۆن دەبێت و، کاردانەوەی شەقامی شیعە بە گشتی بەرامبەر گەڕانەوەی هەڵۆکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی بۆ دەستبەسەرداگرتنی دیمەنە سیاسییەکە و نەمانی بنەمای هاوسەنگی لەنێوان هێزە جۆراوجۆرە شیعەکان و هەمەجۆرییان چی دەبێت.
دەکرێت بگوترێت قۆناخی داهاتوو سەختترینی قۆناخەکانی رابردوو دەبێت و هەر بەربژێرێک بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران دەبێت پێشەوایەتیی حکومەتێک بکات کە توانای رووبەڕووبوونەوەی ئەم لافاوی تەنگژانەی هەبێت و باش لە قەبارە و مەترسیی بەرپرسیارییەتییەکەی سەر شانی گەیشتبێت بۆ ئەوەی رێگەی خۆی بەرەو رزگارکردنی وڵات لە هەڕەشەکانی سەر بوونی لە ئێستا و داهاتوو بدۆزێتەوە.
ک. ر.
ک. ر.