خەڵەف   غەفور

خەڵەف غەفور

مەرجەكانی هەدەپە بۆ بوون بە ژمارە حەوت

گردبوونەوەی شەش پارتی توركی بۆ دروستكردنی هاوپەیمانێتییەك و گەیشتنە رێككەوتن لەسەر یەك بەربژێری هاوبەش بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری توركیا، قۆناغی باشی بڕٍیوە، بەڵام هێشتا رێككەوتنی لەسەر نەكراوە، لێرەدا چەند هۆكارێكی سەرەكی هەیە كەوا سەرەكیترینیان پەیوەندی بە دیاریكردنی بەربژێری سەرۆك كۆمار و چۆنیەتی مامەڵەكردن لەگەڵ دۆزی كوردەوە هەیە، هێشتا لەبارەی ئەو دوو مەسەلەیەوە نەگەیشتوونەتە دیدگایەكی روون و هاوبەش.

پارتەكانی دەیانەوێت هاوپەیمانێتی پێكبهێنن بریتین لە "پارتی گەلی كۆماری- جەهەپە، ئیی پارتی، پارتی ئاییندە، پارتی دێڤا، پارتی سەعادەت و پارتی دیموكرات". بەگشتی ئەگەر سیاسەتێكی روون و ریالیستیان هەبێت و رێككەوتن لەگەڵ كورد بەهەند وەربگرن، ئاراستەی سیاسەتیان روو لە سەركەوتن دەبێت، ئەگەری ئەوەش هەیە لەگەڵ پارتی دیموكراتی گەلان- هەدەپە نەگەنە رێككەوتن و دەنگی كورد نەبەن، لە دۆخی وادا ئەگەری سەركەوتنیان بەسەر رەجەب تەیب ئەردۆغاندا زۆر كەمدەبێتەوە.

پارتی دیموكراتی گەلان- هەدەپە چۆن دەڕوانێتە هاوپەیمانێتی ئەو شەشە لایەنەی ئۆپۆزیسیۆن و ئایا ئەگەری بەشداریكردنی هەیە؟ مەرجەكانی چین و پێدەچێت لە بەرژەوەندیی دۆزی كوردبن؟

ساڵی 2019 هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی توركیا ئەنجامدرا، بەگشتی هەدەپە پشتیوانیی پارتی گەلی كۆماری- جەهەپە بوو، بەتایبەت دەنگی هەدەپە لە گەورە شارەكانی وەكو ئەنقەرە و ئیستانبوڵ هۆكاری سەركەوتنیان بوو، بەڵام هەدەپە لەوەدا زیانی زۆری كرد: یەكەمیان، پشتیوانیی لە جەهەپە نەبووە هۆی پێشخستنی دۆزی كورد. دووەمیشیان، بووە هۆكاری ئەوەی پارتی داد و گەشەپێدان- ئەكەپە و ئەردۆغان فشاری زیاتر بخەنە سەر سەركردە و كادر و ئەندامانەكانیان و بەشێوەی جۆراوجۆر ئازاریان بدەن.

بۆ چوونە نێو هاوپەیمانێتی شەش لایەنە ئۆپۆزیسیۆنەكە، پارتی دیموكراتی گەلان مەرجی هەیە كە بریتییە لە واژۆكردنی رێككەوتنی نووسرا بۆ پێكهێنانی هاوپەیمانێتییەكە، ئەوەش وەك وەرگرتنی پەند و ئەزموونە لە نەبوونی رێككەوتنی رەسمی لەگەڵ جەهەپە لەكاتی هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی توركیا كە بە زیان بۆ سەری شكایەوە.

دەنگی هەدەپە بۆ شەش لایەنەكە یان ئەردۆغان و پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی- مەهەپەی هاوپەیمانی گرنگە، هەدەپە ژمارەیەكی قورسە و توانای خستن یان سەرخستنی هەریەك لەو دوو هاوپەیمانێتییەی هەیە، بەڵام نابێت ئاسان خۆی رادەستی مەرجەكانیان بكات.
خستنەڕووی مەرجی رێككەوتنی نووسراو و هەوڵدان بۆ چارەسەركردنی دۆزی كورد لەلایەن هەدەپەوە سیاسەتێكی دروستە، ئەگەرچی رێككەوتن هێزی جێبەجێكاری كاریگەری لەپشتەوە نەبێت، هەر دەتوانرێت جێبەجێ نەكرێت، بەڵام وەكو بەڵگەیەكی مێژوویی دەمێنێتەوە و دەبێتە پاڵپشتێكی مێژوویی لە چوارچێوەی خەباتی ئازادیخوازیی هەدەپە و كورددا.

خ.غ

Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan