کوردستانی

هاتوچۆی سلێمانی رۆتین کەمدەکاتەوە

مەودا میدیا - سلێمانی |


هاتوچۆی سلێمانی رۆتین کەمدەکاتەوە
مەودا میدیا-

بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی سلێمانی ژمارەیەك بڕیاری چاكسازیی بۆ ئاسانکاریی هاوڵاتییان لە تەواوکردنی مامەڵەکانیاندا دەركرد و سەردانیكردنی ژوورەكان لەكاتی مامەڵەدا كەمدەكاتەوە.

ئەمڕۆ سێشەممە لە راگەیەندراوێكدا هاتوچۆی سلێمانی ئاماژەی بەوەکرد، پاش ئەوەی لە ماوەی رابردوودا لۆدێکی زۆر لەسەر بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی سلێمانی دروستبووبوو کە بەهۆیەوە مامەڵەی هاوڵاتییان دوا دەکەوت و کاتێکی زۆرتریان پێ دەچوو تا بتوانن مامەڵەکانیان تەواو بکەن، لەم روانگەیەوە بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی سلێمانی دوای داڕشتنی پلانی وورد توانرا میکانیزمێک بدۆزرێتەوە بۆ ئاسانکاری هاوڵاتییان لە تەواوکردنی مامەڵەکانیاندا بەشێوەیەکی خێراتر.

لەو پلانانەی کە هاتوچۆی سلێمانی لە ئێستادا پەیڕەوی دەکات بریتین لە:

1. نەهێشتنی ڕۆتینی نووسراوەکان لە ئیمزاو سەردانیکردنی ژوورەکان.

2. کەمکردنەوەی هەنگاوەکانی مامەڵە و یەکخستنی ژوورەکان کە وا دەکات هاوڵاتیی بە یەکجار نۆرەگرتن چەند کارێک تەواو بکات و هەروەها لەبری ئەوەی لە چەند ژوورێک هاوڵاتییەکە پسووڵە ببڕێت لە یەک شوێندا دەتوانێت بەشی پسوڵە تەواو بکات.

3. رێکخستنەوە و دابەشکردنەوەی ئەفسەر و کارمەندان و پێدانی دەسەڵات بە ئەفسەرەکان لە ڕێگەی شۆڕکردنەوەی دەسەڵاتەکانی بەڕێوەبەری هاتوچۆی پارێزگای سلێمانی بۆ بەڕێوەبەری بەش و هۆبەکان.

4. رێکخستنی کاری کۆمپانیاکان و لابردنی سنووردارکردنی مامەڵە، هەروەها درێژکردنەوەی ماوەی کارپێکردنی پشتگیری کۆمپانیاکان.

5. زۆرکردنی لیژنەکانی پشکنین لە (٣) لیژنەوە بۆ (٩) لیژنە و بڵاوەپێکردنیان بەسەر تاقیگەکانی پشکنینی ئوتومبیلدا.

لە بەشێكی دیكەی راگەیەندراوەكەدا هاتووە "ئەگەر وەک نموونە ژمارەی تەواوکردنی مامەڵەی هاوڵاتییان وەربگرین لە چەند رۆژێکی مانگەکانی رابردوو و ئێستادا دەبینین کە پلانەکە سەرکەوتوو بووە و مامەڵەی هاوڵاتییان زیاتر تەواو دەکرێت و بە کاتێکی کەمتر".

ر. ئ
Qaiwan
Qaiwan