کوردستانی

بەرهەم ساڵح: کۆمەڵکوژی ئێزدییەکان ترسناکترین تاوانی مێژووی هاوچەرخە

مەودا میدیا - سلێمانی |


بەرهەم ساڵح: کۆمەڵکوژی ئێزدییەکان ترسناکترین تاوانی مێژووی هاوچەرخە
مەودا میدیا-

سەرۆک کۆماری عیراق له‌ په‌یامێكدا له‌ هەشتەمین ساڵیادی کۆمەڵکوژی ئێزدییەکان، رایگه‌یاند، بەسزا گەیاندنی تاوانبارانی ئەو تاوانە قێزەونە ئەرک و مافە، بۆیە دووپاتدەکەینەوە لە گرنگی بەردەوامبوونی هەوڵەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ ئەوەی هەموو ئەو کەسانەی تێوەگلاون لەو تاوانەدا دژ بە مرۆڤایەتی راپێچی بەردەم دادگە بکرێن.

د. بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عیراق ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ له‌ په‌یامێكدا لە هەشتەمین ساڵیادی کۆمەڵکوژی ئێزدییەکان، رایگه‌یاند "بە ئازارێکی زۆرەوە ساڵیادی کۆمەڵکوژی ئێزدییەکان دەکەینەوە کە چەتەکانی داعش دژ بە رۆڵەکانمان ئەنجامیدا و مەرامیان بوو ناسنامەی ئێزیدییەکان بە یەکجاری بسڕنەوە، ئەو تاوانە لاپەڕەیەکی خەمبار و ویژدانی مرۆڤایەتی هەژاند، چونکە تیرۆرستان جیاوازییان نەکرد لەنێوان پیاو، ژن، منداڵ و بەساڵاچووان، بۆیە بەیەکێ لە ترسناکترین تاوانەکانی مێژوی هاوچەرخ پێناسە دەکرێت".

باسی لەوەشکردووە، بەسزا گەیاندنی تاوانبارانی ئەو تاوانە قێزەونە ئەرک و مافە، بۆیە دووپاتدەکەینەوە لە گرنگی بەردەوامبوونی هەوڵەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ ئەوەی هەموو ئەو کەسانەی تێوەگلاون لەو تاوانەدا دژ بە مرۆڤایەتی راپێچی بەردەم دادگە بکرێن و بە سزای دادپەروەرانەی خۆیان بگەن، هەروەها جەختدەکەینەوە لە ئاشکراکردنی پێشێلکارییەکان و بە دۆکیومێنتکردنی، تاوەکو وەک بەڵگەیەکی حاشاهەڵنەگر بمێنێتەوە بۆ نەوەکانی داهاتوو.

ئاماژەی بەوەشکردووە "پەسەندکردنی یاسای رزگاربوانی ئێزدییەکان ئەرکێکی بچوک بوو ئەنجامماندا، بۆیە پێویستە بەردەوام بین لە کارکردن بۆ قەرەبووکردنەوەی قوربانیان، هەروەها چڕکردنەوەی هەوڵەکان بۆ گەڕانەوەی ئێزدییەکان بۆ زێدی خۆیان و ئاوەدانکردنەوەی شنگال".

ئه‌وه‌شی خستوه‌ته‌ڕوو "دووپاتدەکەینەوە لە پتەوکردنی هەوڵە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان بۆ ئاشکراکردنی چارەنووسی 2700 کوڕ و کچ، کە تاوەکو ئێستا چارەنوسیان نادیارە و شادکردنەوەیان بە کەسوکاریان".

ئەوە لەکاتێکدایە بەرەبه‌یانى 3ی ئابی 2014 چەکدارانی داعش هێرشیان کردە سەر شنگال و ئه‌و به‌یانییه‌ى هاوشێوه‌ى كۆڕه‌وى ملیۆنى كوردان، سه‌دان هه‌زار ئێزیدى رێگەى هه‌ڵاتنیان له‌ ئاگرى شه‌ڕى داعش گرته‌به‌ر و هه‌زارانیان رفێندران و بێسه‌روشوێن كران.

ر. ئ

Qaiwan
Qaiwan