کوردستانی

تائێستا بڕیار لە تۆمارکردنی ئۆتۆمبێلە بێ سەرەتاکان نەدراوە

مەودا میدیا - سلێمانی |


تائێستا بڕیار لە تۆمارکردنی ئۆتۆمبێلە بێ سەرەتاکان نەدراوە
مەودا میدیا- سازگار ئەحمەد

 نوێنەری خاوەن ئۆتۆمبێلە بێ سەرەتاکان لە سلێمانی رایدەگەیەنێت لەئێستادا هیچ بڕیارێکی نوێ نییە بۆ تۆمارکردنی ئۆتۆمبێلە بێ سەرەتاکان، ئاماژەی بەوەشکرد کێشەیان زۆرە و ئۆتۆمبێلیان زۆر گیراون.

ئومێد محەمەد، نوێنەری خاوەن ئۆتۆمبێلە بێ سەرەتاکان لە سلێمانی بە مەودا میدیای راگەیاند "لەئێستادا هیچ بڕیارێکی وانییە کە دڵخۆشکەربێت بۆ ئێمە، ماوەی چەند مانگێکە چاوەڕێی حکومەتی هەرێمی کوردستانین بۆئەوەی بڕیارێکی دڵخۆشکەر بدات".

ئەوەشی خستەڕوو "کێشەمان زۆرە و ئۆتۆمبێلمان زۆر گیراون، هەروەها لە زۆربەی بازگەکان ئۆتۆمبێلەکان دەگیرێت بە تایبەت بازگەی دوکان، چەند جارێکیش داوامان لەلایەنی پەیوەندیدارکردووە ئەم کێشەیەمان بۆ چارەسەربکرێت، بەڵام وەڵاممان نەدراوەتەوە".

نوێنەری خاوەن ئۆتۆمبێلە بێ سەرەتاکان لە سلێمانی وتی "لەئێستادا کاتی ئەوە نییە فشار زۆر دروستبکەین، بۆیە چاوەڕێین حکومەت خۆی بڕیاری گونجاو بدات، هەروەها ئێمەش دەتوانن بڕێکی دیاریکراو پارە بدەین بۆ تۆمارکردنی ئۆتۆمبێلەکانمان کە ئەمەش لە بەرژەوەندیی حکومەتی هەرێمە".

سەبارەت بە نرخی ئۆتۆمبێلە بێ سەرەتاکان ناوبراو وتیشی "بازاڕی ئەو ئۆتۆمبێلانە مام ناوەندە، ئەو خەڵکەی کە پێشتر کڕیویەتی لەئێستادا لە زیاندایە، چونکە پێشتر کە دەنگۆی ئەوە بڵاوکرایەوە ئەو ئۆتۆمبێلانە تۆماردەکرێن نرخیان بەرزبووەوە، بەڵام ئێستا دابەزیوە نرخیان".
 
س.ر
Qaiwan
Qaiwan