کوردستانی

نرخی هەندێک لە بەرهەمە خۆراکییەکان دادەبەزێت

مەودا میدیا - سلێمانی |


نرخی هەندێک لە بەرهەمە خۆراکییەکان دادەبەزێت
مەودا میدیا- رێبین ئەشرەف

رێککەوتنی ئۆکرانیا و رووسیا لەسەر هەناردەی دانەوێڵەی ئۆکرانیا بۆ وڵاتان و لابردنی باج لەسەر خواردەمەنی و شمەک و دابەشکردنی بەشەخۆراک لەکاتی خۆیدا کاریگەری هەبووە لەسەر دابەزینی نرخی هەندێک جۆری خۆراک و پێداویستی دیکەی ژیانی رۆژانەی خەڵک، بەڕێوەبەری چاودێری بازرگانیی سلێمانی دەڵێت "پێشبینی دابەزینی زیاتر دەکەین".

لەوبارەیەوە ئەمڕۆ شەممە شەشی ئابی 2022 سۆران غەفور، بەڕێوەبەری چاودێری بازرگانیی سلێمانی لە لێدوانێکدا بە مەودا میدیای راگەیاند "نرخی هەر فەردەیەک ئارد لە بازاڕەکاندا دوو بۆ سێ هەزار دینار دابەزیوە، چاوەڕواندەکرێت لە چەند رۆژی داهاتوودا دابەزینی زیاتر بەخۆیەوە ببینێت".

بەڕێوەبەری چاودێری بازرگانیی سلێمانی دەشڵێت "هاوکات نرخی چەند جۆرە زەیت و برنجێکیش تاڕادەیەک دابەزیوە، کە  بەڕاستی لابردنی باج لەسەر ئەو بەرهەمانە و هاوکات ئەوەی ئەمساڵ مانگانە بەشێوەیەکی باشتر لە ساڵانی رابردوو بەرهەمە خۆراکییەکان لەڕێگەی بریکارەکانەوە دابەشکراوە، کاریگەری خۆی هەبووە".

سۆران غەفور ئاماژەی بەوەشکرد" سێ هۆکار هەیە بۆ دابەزینی نرخی خۆراک و شمەک، یەکەمیان لە ماوەی رابردوودا حکومەتی هەرێم، باجی لەسەر 167 بەرهەمی جوانکاری و پێداویستی ناوماڵ و مۆبیلیات هەڵگرتووە، دووەم دابەشکردنی بەشەخۆراکی هاوڵاتییان لەکاتی خۆی و بە کوالێتییەکی باشتر، سێیەم رێککەوتنی رووسیا و ئۆکرانیا لەسەر هەناردەی دانەوێڵە بۆ وڵاتان".

ر. ئ

Qaiwan
Qaiwan