کوردستانی

لەبارەی یەکپۆشی زانکۆی سلێمانی بڕیاردەدات

مەودا میدیا - سلێمانی |


لەبارەی یەکپۆشی زانکۆی سلێمانی بڕیاردەدات
مەودا میدیا- پرژە عەتا

یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆی سلێمانی، لەبارەی یەکپۆشی زانکۆی سلێمانی راپرسییەکی ئۆنلاینی بۆ خوێندکاران داناوە تاکو لەوێوە بڕیاربدەن بە بەڵێ یان نەخێر.

پێشڕەو حەمە جان، یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆی سلێمانی بۆ کاروباری خوێندکاران رایگەیاند "خوێندکاران نوێنەرایەتی چێنێک دەکەن کە قورسایی زانستی و رۆشنبیری خۆیان هەیە، کە ئامانجی سەرەکییان دەستکەوتی زانستییە نەک بابەتی جۆر و مۆدێل و رەنگی پۆشاک، لەم روانگەوە زانکۆکانی کوردستان بە ئاراستەی یەکپۆشی هەنگاو دەنێن، لەو چوارچێوەیەدا زانکۆی سلێمانی راپرسییەکی ئۆنلاینی بۆ خوێندکاران داناوە تاکو پشت بەست بە (بەڵێ) و ( نەخێر)ی زۆرینە بڕیاربدرێت".

باسی لەوەشکرد، یەکپۆشی خوێندکارانی زانکۆ چەندین سوودی سایکۆلۆجی، کۆمەڵایەتی، ئابووری و زانستی هەیە، وەک کەمکردنەوە جیاوازی چینایەتی و نەهێشتنی دڵەڕاوکێ و گاڵتەجاڕی لە جیاوازی پۆشاک و بەدەستهێنانی جۆرێک لە یەکسانی و دادپەروەری لە پۆشاکدا کە ئەمەش رق، توندوتیژی، ناکۆکی و هەستیاری لەنێوان خوێندکاران کەمدەکاتەوە.

روونیشیکردووەتەوە "یەکپۆشی کات و هەوڵ بۆ خوێندکار دەگێڕێتەوە کە لەدەستی بدات بۆ هەڵبژاردنی رەنگی مۆدێل و رەنگی پۆشاک و ململانێی مۆدێلات و شانازیکردن بە پۆشاکەوە، هەستکردنی خوێندکار بە کەسێتی زانستی و ناسنامەی زانکۆیی خۆی زیاتر دەکات.

ناوبراو باسی لەوەشکرد، لەگەڵ هەموو باشییەکان هەندێک پێیان وایە یەکپۆشی دژی ئازادی تاکەکەس و ئازادی رادەربڕین و نەهجی دیموکراتیەتە، رەچاوی ئەو جیاوازی و فرەییەناکات کە سروشتی مرۆڤن و خەرجی زیادە و رۆتینات و بێزاری و تووندی تێدایە بۆ خوێندکار، لەگەڵ ئارەزووی هەندێک خوێندکار یەکناگرێتەوە وە هەندێک ترسیان لە توانای پابەندبوونیان هەیە، کاری لیژنەی بەرزەفتەکردنی کۆلێجەکان زیاتر دەکات.

ر. ئ
Qaiwan
Qaiwan