کوردستانی

پارتی مەرجەکانی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە ئاشکراکرد

مەودا میدیا - سلێمانی |


پارتی مەرجەکانی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە ئاشکراکرد
مەودا میدیا-


مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگه‌یاند، لەپێناو ئەنجامدانی پڕۆسەی چاکسازی و گۆڕانکاری راستەقینە و باشترکردنی بارودۆخی ئێستای عیراق دەتوانرێت رێککەوتن بکرێت لەسەر ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پێشوەختە دوای ئەوەی ھەموو لایەنەکان رێکبکەون.

ئەمڕۆ شەممە لە راگەیەندراوێکدا مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی کوردستان ئاماژەی بەوەکرد "سەبارەت بە بارودۆخ و ئاڵۆزیە سیاسییەکانی ئەم دواییەی عیراق پارتی دیموکراتی کوردستان ناڕەزایی و ناڕەحەتی خۆی لە ھەمبەر بارودۆخ و تەنگژەی سیاسی ئێستای عیراق دەردەبڕێت، روونە کە ھەر لە سەرەتای راگەیاندنی ئەنجامەکانی ھەڵبژاردنی عیراق کە لە ئۆکتۆبەری ساڵی 2021 ئەنجامدرا و ئەو دەرھاوێشتە و کێشە و ئاڵۆزی و پێشھاتانەی دوای ھەڵبژاردن بوونە تەگەژەیەک لە ھەمبەر دامەزراندنی حکومەتی نوێی عیراق لەسەر بناغەیەکی دەستووریی باوەڕپێکراو و لەسەر بنەمای سیستمی سیاسیی ئێستای عیراقدا لەئاکامدا وڵات گەیشتە لێواری باردۆخێکی سیاسیی داخراو".
 
لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەوەدا هاتووە "لە روانگەی ھەستکردن بەوپەڕی بەرپرسیارەتی و لەپێناو بەرژەوەندی وڵاتدا و بۆ پاراستنی عیراق لەو مەترسیانەی کە لەقۆناخی ئێستایدا رووبەڕووی دەبێتەوە داوا لە سەرجەم سەرکردە ساسییەکانی سەر گۆڕەپانی عیراق دەکەین کە لە ئاست بەرپرسیارێتی قۆناخی ئێستادابن و داواش لە ھەموو لایەنەکان دەکەین ھەنگاوی جیدی و پێویست و بەپەلە بگرنە بەر بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆیەکی بەرھەمدار و سەرکەوتوو لەسەر بناغەی پشت بەستن بەبنەماکانی دەستووری عیراق بۆ رزگارکردنی وڵات لەو دۆخە چەقبەستوویەی ئێستایدا". 
 
لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا مەکتەبی سایسیی پارتی جەختدەکاتەوە "لەپێناو ئەنجامدانی پڕۆسەی چاکسازی و گۆڕانکاری راستەقینە و باشترکردنی بارودۆخی ئێستای عیراق دەتوانرێت رێککەوتن بکرێت لەسەر ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پێشوەختە دوای ئەوەی ھەموو لایەنەکان رێکبکەون و بەڵێنی ئەوەش بدەن کە بەئەنجامی کۆتایی ھەڵبژاردنەکان رازیدەبن وەک خۆی و ئەزموونی ھەڵبژاردنەکانی رابردووی عیراقیش دووبارە نەبێتەوە".

ر. ئ
 
Qaiwan
Qaiwan