کوردستانی

کامێراکانی هاتوچۆ رووداوەکان کەمدەکەنەوە؟

مەودا میدیا - سلێمانی |


کامێراکانی هاتوچۆ رووداوەکان کەمدەکەنەوە؟
مەودا میدیا- سازگار ئەحمەد

رۆژ بە رۆژ رووداوەکانی هاتوچۆ لە هەرێمی کوردستان روو لە هەڵکشان دەکەن، سەرۆکی رێکخراوی ترافیکیش لە سلێمانی رایدەگەیەنێت هەرسێ لایەنی کوالێتی ئۆتۆمبێل و هۆشیاری شۆفێر و رێگەبانەکان فەرامۆشکراون، ئەمانەش هۆکارن بۆ رووداوەکانی هاتوچۆ، ئاماژە بەوەشدەکات ئەگەر پارەی کامێراکانی خێرایی بۆ کۆمپانیابێت هیچ سوودی نابێت.

دیلمان حەمە نادر، سەرۆکی رێکخراوی ترافیک بە مەودا میدیای راگەیاند "بە گشتی رووداوەکانی هاتوچۆ هۆکاری یەکەمی گیانلەدەستدانی مرۆڤن لە هەرێمی کوردستان کە لە وڵاتانی جیهان بە حەوتەمین یان هەشتەمین هۆکاری گیانلەدەستدانی مرۆڤ دادەنرێت، ئەمەش وایکردووە رووداوەکانی هاتوچۆ لە هەرێم ببێتە تیرۆری سپی کە ساڵانی هەزاران کەس بە رووداوەکانی هاتوچۆ گیانلەدەستدەدەن و دەیان هەزاریش کەمئەندام دەبن".

ئاماژەی بەوەشکرد "هەرسێ لایەنی کوالێتی ئۆتۆمبێل و هۆشیاری شۆفێر و رێگەبانەکان فەرامۆشکراون، سەیردەکەین لە کوردستان سیستمی پێشکەوتوو بۆ پێدانی مۆڵەت نییە، هەروەها ساڵانێکی زۆرە رێگەوبانەکان نۆژەنەکراونەتەوە و دیزانی تازەیان بۆ نەکراوە، هۆکارێکی دیکەش  بۆ رووداوەکانی هاتوچۆ هێنانی ئۆتۆمبێلی بێ کوالێتییە بۆ هەرێمی کوردستان کە مەرجی تووندوتۆڵی تیادا نییە".

سەرۆکی رێکخراوی ترافیک وتی "ئێستا کاتییەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاوڕی جدی لە بابەتی هاتوچۆ باتەوە و بودجەی تایبەتی بۆ تەرخانبکرێت و هەوڵ بدرێت بۆ کەمکردنەوەی رووداوەکانی هاتوچۆ".

لەبارەی کارپێکردنی کامێرا جێگیرەکان ناوبراو ئەوەی خستەڕوو "هۆکاری رووداوەکانی هاتوچۆ لە جیهاندا بەهۆی خێراییەوە لە 25% کە لەم رێژەیە تێپەڕناکات، راستە خستنەکاری ئەم کامێرایانە کاریگەری دەبێت، بەڵام بەشێوازێت بێت ئەو پارەیەی لە کامێرای خێرایی دەستدەکەوێت بۆ خزمەتکردنی لایەنی سەلامەتی و دروستکردنی رێگەبانی نوێ و نۆژەنکردنەوەی بێت نەک بۆ کۆمپانیا بێت".

س.ر
Qaiwan
Qaiwan