کوردستانی

وەزارەتی دارایی لە کێشەی کارگەکان دەکۆڵێتەوە

مەودا میدیا - سلێمانی |


وەزارەتی دارایی لە کێشەی کارگەکان دەکۆڵێتەوە
مەودا میدیا-

وەزارەتی دارایی هەرێم رایگەیاند، ئاوات جەناب نووری، وەزیری دارایی و ئابووری بەدواداچوونی کردووە بۆ کێشە و گرفتی کارگەکان لە رووی باج و رسوماتەوە و بڕیاریداوە هەموو کارئاسانییەکیان بۆ بکات، بۆ ئەو مەبەستەش بڕیاریداوە لیژنە بۆ لێکۆڵینەوە لە کێشەی کارگەکان پێکبهێنێت.

لە راگەیەندراوێکدا وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەکردووە، ئەمڕۆ دووشەممە لە دیوانی وەزارەت بەسەرپەرشتی ئاوات جەناب نووری، وەزیری دارایی و ئابووری و بە ئامادەبوونی کوێستان محەمەد، وەزیری بازرگانی و پیشەسازی بەوەکالەت، کۆبوونەوەیەکی هاوبەش بەڕێوەچو، کۆبوونەوەکە سەبارەت بە دۆخی کارگەکان و کێشە و گرفتەکانیان لە رووی باج و رسوماتەوە بوو، تیایدا بڕیار درا کار ئاسانیان بۆ بکرێت، لە پێناو پەرەپێدانی کەرتی پیشەسازی و بەرهەمهێنانی ناوخۆیی. 

باس لەوەشکراوە، لە میانی کۆبوونەوەکە بەوردی باس لە گرفتی کارگەکان کرا لە هەرێمی کوردستان لە رووی وەرگرتنی باج و رسومات کەوا ئاستەنگی بۆ کارکردنیان دروستکردووە، بۆ ئەم مەبەستە، وەزیری دارایی و ئابووری پشگیری تەواوی خۆی دەربڕی کە هاوکاربێت بۆ کار ئاسانیکردن لە کەمکردنەوەی گرفتی کارگەکان، لە کۆتاییدا بڕیار درا لەڕێگەی دروستکردنی لیژنەیەکی هاوبەش بەدواداچوونی چڕ بۆ کارگەکان بکرێت تابتوانن کێشەکانیان چارەسەربکرێن.

لە کۆبوونەوەکەدا، هەریەک لە ساماڵ عبدولڕه‌حمان، بەڕێوەبەری گشتیی گومركی هه‌رێم، كمال ته‌یب، بەڕێوەبەری گشتیی باج و خانوبه‌ره‌ی میری، عەلی عوسمان، بریکاری وەزارەتی پیشەسازی، فەرهەنگ خالد بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی بازرگانی، کۆڤان جلال بەڕێوەبەری گشتی پەرەپێدانی پیشەسازی ئامادەبون. 

ر. ئ
Qaiwan
Qaiwan