خەڵەف   غەفور

خەڵەف غەفور

توركیا و ئەردۆغان لە تەمەنی 19 ساڵیدا

1
ساڵی 2001 پارتی داد و گەشەپێدان- ئەكەپە دامەزرا، ساڵی 2002 هەڵبژاردنی پەرلەمانی توركیای بردەوە و بوو بە پارتی یەكەم، ساڵی 2003 رەجەب تەیب ئەردۆغان بوو بە سەرۆك وەزیرانی توركیا، بەم شێوەیە ئێستا تەمەنی ئەردۆغان و توركیا رێك 19 ساڵ دەكات، توركیا هەم رەنگی ئەردۆغانی گرتووە و هەمیش یاساكانی ئەو 19 ساڵە، بەپێی بیركردنەوە و ئایدۆلۆژیاكانی ئەردۆغان دەركراون.

2
بۆ توركیا، ئەگەر دۆزی كوردی لێ بهێنیتە دەرەوە "لە پەرەگرافەكانی دواتری ئەم وتارەدا تیشك دەخەمە سەری"، ئەوا رەجەب تەیب ئەردۆغان زۆر شتی بۆ توركیا كرد، بۆ نموونە تا ئەندازەیەكی زۆر توركیای لە وابەستەیی بە ئەمەریكا و وڵاتانی رۆژئاوەوە رزگاركرد و پەیوەندییەكەیانی لە ئاستی بەزەییەوە بردە قۆناغی ركابەرییەوە. ئابووریی توركیای هەڵساندەوە و ئەو قەرزە زۆرانەی بانكی نێودەوڵەتیی دایەوە، بەشێوەیەك توركیا بووە خاوەنی ئابوورییەكی گەشەسەندوو و ئەندامی كۆمەڵەی G20ی وڵاتە پیشەسازییەكانی جیهان، ئەگەر گرفتیش دروست نەبووایە، ئەوە ئەردۆغان بەرنامەی هەبوو ببێتە ژمارە 10 لەو كۆمەڵەیەدا.
ئەردۆغان هەیمەنەی سوپای لەسەر دەسەڵاتی مەدەنی و كاریگەریی دەوڵەتی قووڵی تائەندازەیەك كەمكردەوە، بەكورتی ئەردۆغان تا ساڵانێك بۆ توركیا بووە خێروبێر.

3
ئەردۆغان سێ خولی یەك لەدوای یەك بووە سەرۆك وەزیرانی توركیا، خولی یەكەم سیاسەتێكی دروستی پەیڕەوكرد، لە خولی دووەمیدا كەوتە جێبەجێكردنی ئەندێشەكانی، ئەندێشەی بنیاتنانەوەی توركیا بە فۆرمی خۆی، گەڕانەوە بۆ سوڵتانیزم، لێرەدا ئیتر توركیایەكی دیكە دەبینی، توركیای ئەردۆغان، توركیای ئەتاتورك وردە وردە رەنگی كاڵدەبێتەوە بێ ئەوەی لەسەر ئاستی گوتار ئەردۆغان بوێری ئەوەی هەبێت ئەمە بڵێت.

4
لە خولی سێیەمی سەرۆك وەزیرانێتیدا، ئەردۆغان بە تەواوەتی لە هەموو شتێك هەڵدەگەڕێتەوە، تەنانەت لە خۆشی، پشتدەكاتە بەڵێنەكانی كەوا لە ساڵی 2005 و لە شاری ئامەد بۆ چارەسەركردنی دۆزی كورد بە خەڵكی دا، پشتدەكاتە هاوپەیمانە دێرینەكەی، مەبەستم فەتحوڵڵا گویلەنە، وردە وردە سەركردە كارێزمییەكانی نێو پارتەكەی بە بەرنامە دەردەپەڕێنێ وەكو عەبدوڵڵا گویل، ئەحمەد داود ئۆغڵو، بۆڵنت ئارێنچ، عەلی باباجان و دەیان سەركردەی دیكەیش.
ئەردۆغان ئازادییەكان قەتیس دەكات، سەركردە سیاسییە نەیارەكانی زیندانی دەكات، سوپا دەنێرێتە لیبیا و سووریا و هەرێمی كوردستان بۆ داگیركاری و شەڕ، خەڵك دەكوژێت و باكی نییە، وادەكات توركیا بۆنی ترس و خوێنی لێ بێت، ئیتر ئەردۆغان خوودئەڤین بووە و بەس خۆی بە راست دەزانێت، بەس خۆی لەسەر حەقە و جەهەپە و هەدەپە و ئەحمەد داود ئۆغڵو و عەلی باباجان و كەمال كڵیچدار ئۆغڵو و میراڵ ئاكشنەر،  هەموویان ناڕاستن و دەیانەوێت توركیا بڕوخێنن و ئەردۆغانیش رزگاركەری توركیایە، ئەم ئەندێشەیەی ئەردۆغان یەكجار زۆر ترسناكە، چیتر سوڵتان كەس قبووڵ ناكات.

5
پیربوون و مانەوە لە كورسیی فەرمانڕەواییدا، سیاسەتڤان تووشی بیركردنەوەی سەیردەكات، كرانەوە دەگۆڕێ بۆ داخران، رەتكردنەوە دەكاتە شوناسی سیاسی خۆی، هەموو پێشكەوتن و سەركەوتنەكان لە مانەوەی خۆیدا كودەكاتەوە، لە دۆخی ئاوادا تۆ سەرۆك نابینی، بەڵكو سوڵتان دێتە رێت، ئیشی سوڵتان گەڕانەوە نییە بۆ ناو خەڵك و خەون و ئەندێشەكانیان، بەڵكو پیرۆزكردنی كوشك و ئەندێشەكانێتی كە وای دەبینێت لەپێناو خەڵكدایە.

6
پارتی داد و گەشەپێدان- ئەكەپە ئیتر لە قۆناغی پیربوونی پرۆسەی فەرمانڕەواییدایە، بەهاكانی لەدەستداوە، بەڵێنەكانی سەرەتای فەرامۆشكردووە، پشتیكردووەتە ئاشتی و لە هەموولایەكەوە شەڕ بەرپادەكات، شەڕ لە دژی كورد و پارتە نەیارەكانی، شەڕ لەگەڵ ئەمەریكا و سوریا و ئیسرائیل و یۆنان و قوبرسی یۆنانی و چەندن كارەكتەری دیكەیش.
رەنگە شۆكهێنەر نەبێت ئەگەر ئەردۆغان لە تەمەنی 19 ساڵیدا، بەهۆی نەخۆشیی درێژخایەنی دەسەڵاتەوە لە كۆشكی چانكایا بمرێ.

خ.غ

Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan