کوردستانی

هەڵبژاردن دوادەکەوێت و خولی پێنجەمی پەرلەمان درێژدەکرێتەوە

مەودا میدیا - سلێمانی |


هەڵبژاردن دوادەکەوێت و خولی پێنجەمی پەرلەمان درێژدەکرێتەوە
مەودا میدیا- سازگار ئەحمەد

ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستان رایدەگەیەنێت  بابەتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان پەیوەندیدارنەبوو بە دۆخی عیراقەوە لە رابردوودا، ئاماژە بەوەشدەکات دۆخی ئێستای هەرێم و بەغدا پێیان دەڵێت هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ساڵێک بۆ دوو ساڵی دیکە دوادەکەوێت.

ئەبوبەکر هەڵەدنی، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لەبارەی دۆخی عیراق و بڕیاردان لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بە مەودا میدیای راگەیاند " بابەتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان پەیوەندیدارنەبوو بە دۆخی عیراقەوە، بەڵام رابردوودا دەرفەتی زۆر لەدەستدرا".

ئاماژەی بەوەکرد "ئەگەر لایەنە سیاسییەکان و سەرۆکایەتیی پەرلەمان بە تایبەتی لە خەمی ئەوەدا بوونایە کە هەڵبژاردن لە وادەی خۆیدا بکرێت دەیانتوانی چارەسەری ئەو کێشانە بکەن کە پەیوەندیدارە بە کۆمسیۆن و یاسای هەڵبژاردن، بەڵام لە سەرەتای ئەم خولەوە لە پەرلەمانتارانی دەسەڵاتمان دەبیست کە ئەم خولە تاوەکو 2024 درێژدەکرێتەوە".

ئەو ئەندامەی پەرلەمانی کوردستان لەبارەی دواخستنی هەڵبژاردنەوە  وتی "سەرباری کێشەکانی ناوخۆی هەرێم کێشەکانی بەغداش زیادیکردووە، بۆیە ئەم دۆخە پێمان دەڵێت ساڵێک بۆ دوو ساڵی دیکە هەڵبژاردن دوادەکەوێت".

رۆژی 24ی شوباتی 2022 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان رۆژی 1ی 10ی 2022ی بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاریکرد.

س.ر
Qaiwan
Qaiwan