کوردستانی

حکومەت لەبارەی پێشینەکانەوە بڕیاریدا

مەودا میدیا - سلێمانی |


حکومەت لەبارەی پێشینەکانەوە بڕیاریدا
مەودا میدیا-

فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاشکرایکرد داشکاندنی 15% بۆ تەواوی پێشینەکان لە هەرێمی کوردستان دەکرێت.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە "وەکو هەولێک بۆ ئاسانکاری لە دانەوەی قەرزەکانی هاووڵاتییان لە پێشینەکانی خانووبەرە، سندوقی نیشتەجێبوون، هاوسەرگیری، قەرزی بچووك، کشتوکاڵ، پیشەسازی و گەشتیاری حکومەتی هەرێمی کوردستان داشکاندنی ١٥%ی بۆ تەواوی ئەو قەرزانە و لێخۆشبوونی تەواو بۆ سزاکانی دانەوەی پێشینەکانی دەکرێت".

ئاماژە بەوەشکراوە "لەلایەکی دیکەوە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند کە داشکاندنی رێژەی 15% بۆ پابەندە داراییەکان بەردەوام دەبێت لە بواری شارەوانییەکان و گەشتوگوزار و ئاودا".

ئەوەشی خستەڕوو "هەروەها سزای دارایی دواکەوتنی قەرزی پارەی بەشدارییەکانی دەستەبەری کۆمەڵایەتی هەڵدەگیرێت، ئەگەر خاوەنکار پارەی کەڵەکەبووی بەشداربووان بە یەکجار و بەشێوەی نەختی بدات، لە هەمان کاتدا لێخۆشبوونی تەواوی سزای دواکەوتن و سوود لەسەر باج و رەسمی کەڵەکەبووەکان وەرناگیرێت، بەمەرجێک ئەو هاووڵاتییە تەواوی باج و رەسمی کەڵەکەبووەکە بداتەوە".

هەر لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە "بەڕێوەبەرایەتی گشتی باج ئاماژە بەوە دەکات کە ئەو داشکاندنە تاوە 20ی ئەیلولی ئەمساڵ دەبێت".

س.ر
Qaiwan
Qaiwan