کوردستانی

دوو تونێلی نوێ دروستدەکرێت

مەودا میدیا - سلێمانی |


دوو تونێلی نوێ دروستدەکرێت
مەودا میدیا-

وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی حکومەتی هەرێمی کوردستان دروستکردنی دوو تونێکی لە قەزای دەربەندیخان راگەیاند، ئاماژەی بەوەشکراوە کە هەوڵەکانیان بەردەوامە بۆ تەواوکردنی پرۆژەی دووسایدکردنی دەربەندیخان - سلێمانی.

لە راگەیەندراوەکەی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی حکومەتی هەرێمی کوردستان هاتووە "دوێنێ شەممە 20ی ئابی 2022 بەشێک لە ھاونیشتیمانیان لە دەربەندیخان و سنووری ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان خۆپیشاندانیان کرد بۆ داواکردنی چاککردنی رێگەی سەرەکی نێوان دەربەندیخان- سلێمانی و رێگەی سەرەکی دەربەندیخان – کەلار کە لەساڵی2013ەوە کارکردن تیایدا دەستیپێکردوە".

ئاماژە بەوەکراوە "وەک وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن وێڕای دوپاتکردنەوەی پشتیوانی بۆ داوا رەواکانی ھاونیشتیمانیان، ھاوکات جەخت دەکەینەوە کە لە ھەوڵەکانمان بەردەوامین بۆ تەواوکردنی رێگای دوسایدی دەربەندیخان کەلار و ھەر لێرەوە رایدەگەیەنین کە ھەفتەی داھاتو بە بەشداری نوێنەری ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی پلاندانان گفتوگۆکردن لەگەڵ کۆمپانیایەکی پسپۆڕ دەستپێدەکات بۆ دروستکردنی دوو تونێلی نوێ بۆ دەربەندیخان".

ئەوەشخراوەتەڕوو "جگەلەوەش، لەچوارچێوەی ھەنگاوە خێراکان بۆ کارئاسانی ھاتوچۆی ھاوڵاتییانی سنوورەکە، بڕیاردراوە بە قیرتاوکردنی رێگەی ناوتاق و کارکردنیش بەردەوامە بۆ تەواوکردنی رێگەی دووسایدی وارماوا - دەربەندیخان.

باس لەوەشکراوە "دووپاتدەکەینەوە لەسەرەتای دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەم، وەزیری ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن بایەخی تایبەتی بە رێگەوبانی سنوورەکە داوەو زیاتر لە حەوت جار بەشێوەیەکی مەیدانی رێگاوبان و پڕۆژەکانی سنورەکەی بەسەرکردووەتەوەو وێڕای ئەنجامدانی ژمارەیەک پرۆژە، ھاوکات لە چۆنێتی ئەنجامدانی پڕۆژەکان و کارکردن بۆ تەواوکردنی پڕۆژەی دووسایدی دەربەندیخان - کەلاری کۆڵیوەتەوە، بەجۆرێک کە لە تەمەنی ئەم کابینەیەدا رێژەی ئەنجامدراوی پرۆژەی دەربەندیخان - کەلار گەیشتوەتە زیاتر لە 55%، لەکاتێکدا پێشتر رێژەی ئەنجامدراو 15%کەمتر بووە".

ئەوەش هاتووە "ھەر لە چوارچێوەی ھەوڵەکاندا، لەسەر داوای وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن دوای ئاراستەکردنی نووسراو و دەرخستە، وەزارەتی دارایی بە نوسراوی ژمارە (8343) و بە واژۆی بەڕێز وەزیری دارایی، رەزامەندی بۆ تەرخانکردنی بڕی 187 ملیۆن و828  هەزار دینار دەربڕی بۆ پڕۆژەی چاککردن و نۆژەنکردنەوەی تونێلی دەربەندیخان، بەمەبەستی چاککردنەوەی تونێلەکە و کارئاسانیکردن بۆ هاتوچۆی هاوڵاتییان".

س.ر
Qaiwan
Qaiwan