کوردستانی

هۆکاری رەتکردنەوەی دانانی کامێرای هاتوچۆ لە سلێمانی ئاشکرابوو

مەودا میدیا - سلێمانی |


هۆکاری رەتکردنەوەی دانانی کامێرای هاتوچۆ لە سلێمانی ئاشکرابوو
مەودا میدیا-

ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بڕیاری دانانی کامێرای هاتوچۆ لە شەقامەکانی پارێزگەی سلێمانی رەتدەکەنەوە و ئەم هەفتەیە ئەو بڕیارە دەخەنە دەنگدانەوە.

هۆشیار ئیسماعیل، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی سەبارەت بە پرسی کامێراکانی هاتوچۆ لەسەر شەقامەکانی سلێمانی تایبەت بە مەودا میدیای راگەیاند "رۆژی سێشەممە 23ی ئابی 2022 ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لەسەر هەڵوەشانەوەی دانانی کامێرای هاتوچۆ لەسەر شەقامەکان کۆدەبێتەوە و دەنگدەدات".

وتیشی "زۆربەی ئەندامانی ئەنجومەن دەنگ لەسەر هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکە دەدەن، چونکە لە بەرژەوەندیی هاوڵاتییاندا نییە و هاوڵاتی تێیدا زەرەرمەندی یەکەمە".

ئاماژەی بەوەشکرد "ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی ناوخۆ بڕیاری جێگیرکردنی ئەو کامێرایانەیان داوە، بۆیە دوای مشتومڕ و دەنگدان بڕیارەکەی ئەنجومەنی پارێزگا رەوانەی ئەنجومەنی وەزیران دەکرێت".

لە درێژەی قسەکانیدا ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ئەوەشی خستەڕوو "ئەنجومەنی پارێزگا و ئەندامەکانی ئەنجومەن لەگەڵ کۆنترۆڵکردنی شەقامەکاندان، بۆیە داوا دەکەن کامێراکانی هاتوچۆ لەلایەن حکومەتەوە بەڕێوەببرێت نەک بدرێت بە کەرتی تایبەت، چونکە لە حاڵەتێکی ئاوادا بەرژەوەندیی تایبەت خۆی دەسەپێنێت".

س،ر
Qaiwan
Qaiwan